بیرەوەرییەكانى كچەکەی ستالین

12

هه‌ر كه‌سێك پیاسه‌یه‌كى به‌نێو كووچه‌ و كۆڵانه‌كانى گونده‌كه‌دا بكردایه‌، به‌ڕوونى هه‌ستى به‌وپه‌ڕى هه‌ژارى و داماوى و ده‌ستكورتیى خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌كرد. سڤێتلانا بڕیارى دا بڕێك پاره‌ بۆ دروستكردنى بنكه‌یه‌كى ته‌ندروستى له‌و گونده‌ بچووك و به‌شبڕاوه‌ دابین بكات. هه‌ڵبه‌ت به‌و مه‌رجه‌ى رێگه‌ى پێ بدرێ له‌ هیندستاندا بمێنێته‌وه‌ و ده‌ستنووسی كتێبه‌كه‌یشى بفرۆشێ. (كانۆل) هێشتا ده‌ستنووسه‌كانى بۆ نه‌ناردبوو، ئه‌مه‌یش بووبووه‌ مایه‌ى دڵگرانیى سڤێتلانا. بۆیه‌ نامه‌یه‌كى بۆ (لۆباكراسین) هاوژینى (ئیدمۆند داستى) له‌ پاریس نووسی. داستى هه‌مان ئه‌و رۆژنامه‌نووس و چاپخانه‌داره‌ فڕه‌نساییه‌ بوو، كه‌ پێشتر چوار جار له‌ مۆسكۆ سه‌ردانى كردبوو. سڤێتلانا له‌ نامه‌كه‌دا به‌ (لۆبا كراسین)ی گوت، ئه‌و ئێسته‌ له‌ هیندستانه‌ و به‌نیاز نییه‌ جارێكی تر بگه‌ڕێته‌وه‌ سۆڤیه‌ت، كتێبێكى نووسیوه‌ و لێی پرسی، ئایا ئه‌وان ده‌توانن له‌ فڕه‌نسا كتێبه‌كه‌ى بۆ چاپ بكه‌ن؟ ناردنى ئاوها نامه‌یه‌ك مه‌ترسیدار بوو، به‌ڵام وا دیار بوو سڤێتلانا زیاتر له‌ هاوڕێ هیندییه‌كانى متمانه‌ و بڕواى به‌ هاوڕێ فڕه‌نسییه‌كانى هه‌بوو. چه‌ند رۆژێك دواتر، سڤێتلانا برووسكه‌یه‌كى كورت و نهێنیئامێزى پێ گه‌یشت: "به‌ڵێ، ده‌توانین".


هێشتا هه‌فته‌یه‌ك له‌ هاتنى سڤێتلانا بۆ گوندى (كالاكانكار) تێنه‌په‌ڕیبوو، كه‌ (سرۆڤ) سكرتێری دووه‌مى باڵوێزخانه‌ى یه‌كێتیى سۆڤیه‌ت له‌ هیندستان خۆى به‌ره‌و كالاكانكار كه‌وته‌ ڕێ، به‌و نیازه‌ى سڤێتلانا له‌گه‌ڵ خۆیدا بگه‌ڕێنێته‌وه‌ دێلهی، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له‌ رازیكردنى ئه‌و تا له‌گه‌ڵى بچێته‌وه‌ دێلهى. سرۆڤ به‌ته‌نیا و ده‌ست له‌ پێیان شۆڕتر، به‌بێ سڤێتلانا گه‌ڕایه‌وه‌ دێلهی. هاوكات (خاتوو گاندى) وه‌ك له‌ پێشتر به‌رنامه‌ى بۆ داڕێژرابوو، ده‌بوو بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژى 16/ی كانوونى دووه‌م سه‌ردانى گوندى كالاكانكار بكات. سڤێتلانا بڕیارى دا چاوى به‌ خاتوو ئەندێرا گاندى بكه‌وێ. به‌ڵام له‌پڕێكدا چه‌ندین نامه‌ و په‌یامى به‌دواى یه‌ك له‌لایه‌ن (كانۆل)ی پێ گه‌یشت و داواى لێ ده‌كرد خێرا و ده‌ستبه‌جێ بگه‌ڕێته‌وه‌ دێلهى. (دینیش)یش پێچه‌وانه‌ى پێشتر، خولق و خووى سڤێتلاناى نه‌ده‌كرد. سڤێتلانا هه‌ستى به‌وه‌ كرد كه‌ هۆكارى پشت تێكردن و ڕوو وه‌رگێڕانى كانۆل و دینیش هه‌ر ئه‌وه‌یه كه‌ باڵوێزخانه‌ى یه‌كێتیى سۆڤیه‌ت پێی خۆش نییه‌ ئه‌و چاوى به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى هیندستان (خاتوو ئه‌ندێرا گاندی) بكه‌وێ. سڤێتلانا نامه‌یه‌كى تووڕه‌ى بۆ كانۆل نارد و تێیدا نووسی: "بۆ هێشتا ده‌ستنووسه‌كانمت بۆ نه‌ناردووه‌؟ نه‌كا راده‌ستى باڵوێزخانه‌ى سۆڤیه‌تت كردبێ"؟ ئه‌مه‌ شێواز و سروشتى ئاسایی سڤێتلانا بوو. هه‌ر كاتێ گومانى بكردایه‌ مۆسكۆ له‌ دژى ئه‌ودا خه‌ریكى پیلانگێڕی و گه‌نه‌كارییه‌ ده‌هرى ده‌بوو، تووڕه‌یی خۆى به‌سه‌ر هه‌ر گومانلێكراوێكدا هه‌ڵده‌ڕشت. كانۆل دڵى له‌ سڤێتلانا ئێشا و به‌نابه‌دڵى و گرژى وه‌ڵامى نامه‌كه‌ى سڤێتلاناى دایه‌وه‌. پێ ده‌چوو كانۆل كه‌سێكى پاك و راستگۆ بێ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌رپرسانى باڵوێزخانه‌ى سۆڤیه‌ت ئه‌وه‌یان زانیبا، كه‌ ده‌ستنووسه‌كانى سڤێتلانا لاى ئه‌وه‌، بێ ئه‌ملاوئه‌ولا ئه‌ویان له‌ هیندستان ده‌رده‌كرد و ده‌یاننارده‌وه‌ سۆڤیه‌ت.


سڤێتلانا به‌ (دینیش سینگ)ی گوت، به‌نیازه‌ هه‌تا 20/ی كانوونى دووه‌م كه‌ ڤیزاكه‌ى كۆتایی دێ له‌ هیندستاندا بمێنێته‌وه‌، ئه‌وسا به‌ یه‌كه‌م فڕۆكه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ مۆسكۆ، به‌ڵام چونكه‌ له‌ هه‌فته‌یه‌كدا ته‌نیا یه‌ك گه‌شتى فڕۆكه‌ له‌ دێلهییه‌وه‌ بۆ مۆسكۆ هه‌بوو، به‌روارى گه‌ڕانه‌وه‌ى سڤێتلانا ده‌كه‌وته‌ 26/ی كانوونى دووه‌م. ئه‌ندێرا گاندى، به‌گوێره‌ى به‌رنامه‌ى له‌ پێشتر راگه‌یانراو، رۆژى 16/ی كانوونى دووه‌م بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن گه‌یشته‌ گوندى كالاكانكار، سڤێتلانا به‌ هاوڕێیه‌تیى (پراكاش)ی هاوژینى سۆریش سینگ، دیداریان له‌گه‌ڵدا کرد. كاتێك سڤێتلانا نیازى خۆى بۆ مانه‌وه‌ له‌ هیندستان پێ راگه‌یاند، سه‌رۆك وه‌زیران حه‌په‌سا، به‌ڵام ئاره‌زووى به‌خته‌وه‌ریى بۆ كرد. سڤێتلانا ئه‌و راستییه‌ى بۆ روون بووه‌وه كه‌ (دینیش) یه‌ك وشه‌ى له‌باره‌ى داواكارییه‌كه‌ى ئه‌و نه‌گه‌یاندووه‌ته‌ سه‌رۆك وه‌زیران. هه‌روه‌ها ئه‌م بابه‌ته‌یشی بۆ روون بووه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌رپرسانى سۆڤیه‌ت ره‌زامه‌ندى نه‌ده‌ن بۆ مانه‌وه‌ى ئه‌و له‌ هیندستان، ئه‌وا ئه‌و وڵاته‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ نابێ له‌پێناو یارمه‌تیدانى ئه‌و، په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى سۆڤیه‌ت بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. سه‌روبنى بابه‌تى (چاوپێكه‌وتن و دیدارى له‌گه‌ڵ گاندى) جۆرێك بوو له‌ نماییش و هیچی تر. سڤێتلانا له‌م كاته‌دا بڕیارى دا ئه‌و فاكته‌ره‌ بخاته‌ ڕوو كه‌ ئه‌و هاووڵاتییه‌ سۆڤیه‌تییانه‌ى بۆ بینینى و سه‌ردانى كه‌سوكاریان گه‌شتى ده‌ره‌وه‌ى وڵات ده‌كه‌ن، به‌گوێره‌ى ئه‌و یاسایه‌ بۆیان هه‌یه‌ مۆڵه‌تى ڤیزاكه‌یان بۆ دوو یان سێ مانگ درێژ بكه‌نه‌وه‌. ئه‌و كاغه‌ز و قه‌ڵه‌مێكى به‌ده‌سته‌وه‌ گرت بۆ ئه‌وه‌ى نامه‌یه‌ك بۆ كاسیگین بنێرێ.


سڤێتلانا له‌ ماوه‌ى مانه‌وه‌ى له‌ گوندى كالاكانكار، له‌و به‌رهه‌یوانه‌ى ده‌یڕوانییه‌ رووبارى گۆنگ، زۆر كتێبی خوێندنه‌وه‌. یه‌كێك له‌و كتێبانه كه‌ له‌ كتێبخانه‌ى (سۆریش) ده‌ریهێنابوو خوێندییه‌وه‌ (راپۆرتى باڵوێز) بوو له‌ نووسینى (چیستێر بۆلێز) باڵوێزى ئه‌مه‌ریكا له‌ هیندستان. ئه‌و كتێبه‌ كاریگه‌رى و سه‌رسوڕمانییه‌كى زۆری له‌ناو مێشكیدا جێ هێشت. زانیارییه‌كانى (بۆلێز) له‌باره‌ى هیندستان و ئه‌و رێزه‌ بێ سنووره‌ى بۆ (مه‌هاتما گاندى) هه‌یبوو، بووبوونه‌ ئیلهامبه‌خش بۆ نووسینى ئه‌و كتێبه‌. سڤێتلانا به‌ راده‌یه‌ك كه‌وته‌ ژێر كاریگه‌ریى ئه‌و كتێبه‌، له‌دواى خوێندنه‌وه‌یدا بیرۆكه‌یه‌كى نوێ له‌نێو مێشكیدا چه‌كه‌ره‌ى كرد و بیرۆكه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى خێزانى (سورێش) تاوتوێ و گه‌نگه‌شه‌ كرد. كوڕى (سورێش) ئه‌ندازیار بوو له‌ (سیاتێل)"ی ئه‌مه‌ریكا كارى ده‌كرد. سڤێتلانا ئه‌وه‌ى به‌بیردا هات، قه‌یدی چی ده‌كات بچێته‌ ئه‌مه‌ریكا و دواى ئه‌وه‌ى ره‌گه‌زنامه‌ى هاووڵاتیبوونى ئه‌مه‌ریكى وه‌رده‌گرێ، بگه‌ڕێته‌وه‌ هیندستان.


سڤێتلانا له‌هیكڕا دڵه‌خورپێ گرتى و په‌شۆكا. ئه‌گه‌ر باڵوێزخانه‌ى سۆڤیه‌ت له‌ هیندستان پێ حه‌سابایه‌ بیرۆكه‌یه‌كى واى له‌ مێشكدایە، بێ هیچ گومانێك كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌یان تووش ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ هێشتا ته‌نیا بیرۆكه‌یه‌ك بوو. به‌ (سورێش) و هاوسه‌ره‌كه‌ى گوت، ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ كرده‌نى نییه‌ و ئه‌و هیچ كاتێ به‌نیاز نییه‌ كارێكى له‌م چه‌شنه‌ بكات، به‌ڵام ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ له‌ناو زه‌ینیدا جێگیر بوو و خۆزگه‌ى دەخواست بیتوانیبایه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ (چیستێر بۆلێز)ی باڵوێزى ئه‌مه‌ریكا له‌ هیندستان قسه‌ى بكردایه‌ و راوبۆچوونى ئه‌وی زانیبا. كه‌وته‌وه‌ یادی باڵه‌خانه‌ى باڵوێزخانه‌ى ئه‌مه‌ریكا، كه‌ مانگێك به‌ر له‌ ئێسته‌ له‌ دێلهى زۆر به‌ سوتفه‌ و رێكه‌وت به‌به‌رده‌میدا تێپه‌ڕیبوو. پاشان له‌مباره‌یه‌وه‌ نووسی: "ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ – دیدار و وتوێژ له‌گه‌ڵ باڵوێزى ئه‌مه‌ریكا – چه‌ندین جار و زۆر به‌ منجڕییه‌كى له‌ڕاده‌به‌ده‌ر ده‌كه‌وته‌ نێو زه‌ینم و ده‌یویست خۆى به‌سه‌ر مێشكمدا بسه‌پێنێ و بیكه‌م به‌ كردار".