مێرده‌زمه‌ چييه‌؟

هۆشیاریی سێکسی.. پرسیار و وەڵام

بينينى خه‌ون به‌گشتى و خه‌ونى ناخۆش، يان ترسناك، شتێكى سروشتييه‌ له‌ ژيانى مرۆڤدا، به‌ڵام دووباره‌بوونه‌وه‌ى خه‌ونى ترسناك، يان وه‌ڕسكه‌ر و دانانى كاريگه‌ریى نه‌خوازراو له‌سه‌ر ده‌روون و ژيانى ڕۆژانه‌، سروشتى نييه‌، به‌تايبه‌تى ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌يه‌كى زۆر درێژه‌ بكێشێ.

پ: مێرده‌زمه‌ چييه‌؟
و: بريتييه‌ له‌ بينينى خه‌ونى كورت و هه‌ندێ جار پچڕ پچڕ، به‌ڵام جاڕسكه‌ر و ناخۆش، هه‌ندێ جاريش ترسناك. يان خه‌ونى سێكسیى ناماقوڵ و نه‌شياو. ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ له‌ خه‌و ڕاده‌په‌ڕێ، به‌ زه‌حمه‌ت خه‌وى لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌. هه‌روه‌ها خه‌ونه‌كه‌ زۆر له‌ ڕاستى ده‌چێ و ئه‌و كه‌سه‌ كه‌ به‌ئاگا دێته‌وه‌ شپرزه‌ ده‌بێت و ده‌ترسێ، ماوه‌يه‌كى پێ ده‌چێ تا دێته‌وه‌ سه‌ر خۆى. پاشان تووشى دڵه‌ڕاوكێ و نائارامى ده‌بێت، به‌تايبه‌تى كاتێك، كه‌ خه‌ونه‌كه‌ په‌يوه‌ندیى به‌ ژيانى خۆى يان خێزانه‌كه‌يه‌وه‌ ده‌بێت، بۆ نموونه‌، كاتێ خه‌ونه‌كه‌ جۆرێ له‌ هه‌ڕه‌شه‌ يان مه‌ترسى ده‌گه‌يه‌نێ، يان په‌يوه‌ندى به‌ مردن و ژيانى خێزان و كه‌سانى نزيك له‌ خه‌ونبينه‌وه‌ هه‌يه‌.

پ: له‌ چ ته‌مه‌نێكدا ڕوو ده‌دات؟
و: منداڵ و گه‌وره‌ هه‌ردووكيان تووشى مێرده‌زمه‌ ده‌بن. ده‌شێ منداڵى سێ ساڵيش بيبينێ، به‌ڵام نازانێت وه‌سفى بكات، ته‌نيا به‌ گريان و هاواره‌وه‌ خه‌به‌رى ده‌بێته‌وه‌ و په‌نا بۆ باوه‌شى دايكى ده‌بات. هه‌روه‌ها بابه‌تى خه‌ونه‌كانيش له‌ گه‌وره‌ و منداڵدا جياوازه‌. له‌ ده‌ ساڵيدا كه‌متر ده‌بێته‌وه‌، به‌پێى ئاماره‌كان، كچانى هه‌رزه‌كار زياتر له‌ كوڕان تووشى بينينى خه‌ونى مێرده‌زمه‌يى ده‌بن.
ده‌شێ ئه‌م جۆره‌ خه‌ونانه‌ دره‌نگ دره‌نگ ڕوو بده‌ن، يان زوو زوو، بۆ ماوه‌يه‌كيش درێژه‌ بكێشێ. ته‌نانه‌ت له‌وانه‌يه‌ له‌ ماوه‌ى شه‌و و ڕۆژێكدا چه‌ند جار ئه‌و كه‌سه‌ بخه‌وێ، ئه‌وه‌نده‌ جار ڕوو بدات. تا مرۆڤيش به‌ ته‌مه‌ندا بچێت ئه‌م خه‌ونانه‌ كه‌متر ده‌بنه‌وه‌، ده‌شێ ئه‌مه‌ په‌يوه‌ندیى به‌ كه‌مبوونه‌وه‌ى فشار و ئه‌سته‌مييه‌كانى ژيانه‌وه‌ هه‌بێت.

پ: ئايا به‌رده‌وامبوونى هيچ مه‌ترسييه‌كه‌ى هه‌يه‌ بۆ سه‌ر ژيانى ئه‌و كه‌سه‌؟
و: هه‌ندێ جار به‌هۆى بيركردنه‌وه‌ له‌ ورده‌كاریى خه‌ونه‌كه‌، ئه‌و كه‌سه‌ ده‌كه‌وێته‌ گومان و دۆخێكى ده‌روونیى ناخۆشه‌وه‌، كه‌ ناتوانێت خه‌وى لێ بكه‌وێته‌وه‌. هه‌روه‌ها لێدانى دڵى زياد ده‌كات و ئاره‌ق ده‌كاته‌وه‌. كاتێ ئه‌م دۆخه‌ درێژه‌ ده‌كێشێ، بۆ نموونه‌ هه‌موو شه‌وێ ڕوو ده‌دات، يان هه‌فته‌ى چه‌ند جارێ، ئيدى ئه‌و كه‌سه‌ له‌ ڕۆژدا هه‌ست به‌ شه‌كه‌تييه‌كى زۆر ده‌كات و هيچ وزه‌ و حه‌وسه‌ڵه‌يه‌كى نامێنێ بۆ ئه‌نجامدانى چالاكى و كاره‌ پێويستييه‌كانى ژيانى ڕۆژانه‌ى، هه‌روه‌ها مه‌زاجى باش نابێت و ده‌شێ بێ هۆ تووشى هه‌ڵچوون ببێت.
هه‌روه‌ها ده‌شێ هه‌ندێ كێشه‌ى‌ ديكه‌ بۆ ئه‌و كه‌سه‌ دروست بكات، بۆ نموونه:‌
- ترس له‌وه‌ى به‌ ته‌نيا بخه‌وێت، يان ترس له‌ تاريكى.
- تووشبوون به‌ خه‌مۆكى.
- تووشبوون به‌ خه‌وزڕان، چونكه‌ ئه‌و كه‌سه‌ ده‌ترسێ له‌وه‌ى بخه‌وێ و هه‌مان خه‌ونى ناخۆش ببينێته‌وه‌.
- هه‌وڵى خۆكوشتن.

پ: بۆچى هه‌ندێ كه‌س تووشى ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌بن؟
و: وه‌ك ئاشكرايه‌، زۆربه‌ى خه‌ون كه‌ مرۆڤ ده‌يانبينێ، ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ژيانى ڕۆژانه‌ و بارى ده‌روونیى ئه‌و كه‌سه‌يه‌، مێرده‌زمه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌يه‌. به‌گشتى ئه‌م هۆكارانه‌ ده‌شێ ببنه‌ هۆى مێرده‌زمه‌ى شه‌وانه‌ و دووباره‌بوونه‌وه‌ى خه‌ونى ناخۆش:
- كێشه‌ى ده‌روونى به‌ هه‌موو جۆره‌كانييه‌وه‌. هه‌روه‌ها شۆكى ده‌روونى، به‌هۆى ڕووداوێكه‌وه‌.
- گيروگرفتى كۆمه‌ڵايه‌تى.
- فشارى ئابوورى، بۆ نموونه‌، قه‌رزى زۆر، يان پێويستبوونى پاره‌يه‌كى زۆر بۆ نه‌شته‌رگه‌رى.
- گواستنه‌وه‌ى شوێن، به‌تايبه‌تى له‌و بارانه‌دا كه‌ شوێنه‌كان زۆر جياوازن له‌ يه‌ك، بۆ نموونه‌ جێهێشتنى وڵات و شار و ماڵى خۆت و ده‌ستپێكردنى ژيانێكى ديكه‌ له‌ شوێنێكى ته‌واو جياواز.
- گۆڕان له‌ په‌يوه‌ندیى سۆزداريدا، وه‌ك چوونه‌ ژيانى هاوسه‌رێتى، يان جيابوونه‌وه‌.
- نه‌خۆشييه‌ جه‌سته‌ييه‌ قورسه‌كان، بۆ نموونه‌ تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌، هه‌روه‌ها بوونى ئازارى زۆر، يان دڵه‌ڕاوكێ و ترس له‌ ئه‌گه‌رى تووشبوون به‌ نه‌خۆشى، بۆ نموونه‌، له‌ حاڵه‌تى چاوه‌ڕوانى ده‌رچوونى ئه‌نجامى پشكنينێكى گرنگ بۆ نه‌خۆشييه‌كى ترسناك.
- مردنى هاوبه‌شى ژيان، يان كه‌سى نزيك، كه‌ له‌گه‌ڵيدا ژيابيت.
- چاوه‌ڕێكردنى ئه‌نجامى تاقيكردنه‌وه‌يه‌كى گرنگ، يان وه‌ڵامى ده‌ستكه‌وتنى ئيشێكى گرنگ.
- بارودۆخى سياسیى ناخۆش، بۆ نموونه‌ له‌ كاتى شه‌ڕدا، يان ئه‌و كه‌سه‌ خۆى به‌شداریى شه‌ڕى كردبێت و له‌ شه‌ڕ گه‌ڕابێته‌وه‌.

پ: ئه‌ى له‌ چ حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌رى بينينى مێرده‌زمه‌ زياد ده‌كات؟
و: له‌ هه‌ندێ حاڵه‌تى وه‌ك به‌كارهێنانى هه‌ندێ ده‌رمانى تايبه‌تى، بۆ نموونه‌ ده‌رمانى دژه‌ خه‌مۆكى، په‌ستانى خوێن، هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌رمانانه‌ى، كه‌ بۆ وازهێنان له‌ جگه‌ره‌كێشان به‌كار ده‌هێنرێن.
هه‌ندێ جار مادده‌ بێهۆشكه‌ره‌كان و خواردنه‌وه‌ى كهووليش ده‌بنه‌ هۆكار، له‌ حاڵه‌تى وازهێنان لێشيان هه‌مان حاڵه‌ت دروست ده‌بێت، تا ئه‌و كه‌سه‌ چاك ده‌بێته‌وه‌ و جه‌سته‌ى پاك ده‌بێته‌وه‌.
هه‌روه‌ها خواردنى قورس و خه‌وتن به‌سه‌ريدا ده‌شێ هۆكار بێت.

پ: بابه‌تى خه‌ونى مێرده‌زمه‌ چييه‌؟
و: ئه‌و شتانه‌ى له‌ كاتى مێرده‌زمه‌دا ده‌بينرێن وه‌ك خه‌ونى ئاسايى، له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكى ديكه‌ جياوازه‌، به‌ڵام هه‌ندێ بابه‌تيش هه‌ن كه‌ باون و زۆر دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌، بۆ نموونه‌، ده‌ته‌وێ له‌ مه‌ترسييه‌ك ڕابكه‌يت و ناتوانى، ده‌ته‌وێ له‌جێى خۆت هه‌ستيت و ناتوانى به‌رز بيته‌وه‌، له‌دواوه‌ ته‌قه‌ت لێ ده‌كه‌ن، سه‌گ، يان گياندارى ترسناك ڕاوت ده‌نێن، ئاگر له‌ چوارده‌ورته‌ و نازانى له‌ كوێوه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ناو ئاودايت و مه‌له‌ نازانيت...هتد.

پ: ئه‌ى چاره‌سه‌رى هه‌يه‌؟
و: وه‌ك گوتمان ڕوودانى هيچ مه‌ترسييه‌كى نييه‌، ئه‌و كه‌سه‌ خۆبه‌خۆ چاك ده‌بێته‌وه‌ و له‌و خه‌ونه‌ جاڕسكه‌رانه‌ ڕزگارى ده‌بێت، هه‌ر كه‌ بارى ده‌روونیى ئارام بووەوه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ باشترين شت هه‌وڵدانه‌ بۆ دۆزينه‌وه‌ى ئه‌سڵى كێشه‌ى ئه‌و كه‌سه‌ و دڵنه‌وايیكردنى و هه‌وڵدان بۆ يارمه‌تيدانى، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دووباره‌بوونه‌وه‌ى مێرده‌زمه‌ درێژه‌ى كێشا و كارى كرده‌ سه‌ر ژيان و ڕه‌فتارى ئه‌و كه‌سه‌، وا باشه‌ پزيشكى پسپۆر سه‌رپه‌رشتیى چاره‌سه‌ركردنى بكات.

پرسياره‌كانتان له ڕێى ئه‌م ئيمه‌يله‌وه‌ وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه:
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.