پیازخۆر و زه‌مبیل گه‌وره‌

ته‌یراوه‌ ... هه‌ر به‌پیاسه‌ - 36

له‌ حه‌ساره‌كه‌ى خوار ماڵێمان، كه‌ به‌ ده‌یان خێزانى كه‌مده‌رامه‌ت و سه‌رگه‌ردان و داماوى تیادا نیشته‌جێ بوون، به‌ ژیانێكى مه‌مره‌ و مه‌ژى رۆژانه‌ به‌ ڕه‌نجى شانى خۆیان قووتى ماڵ و منداڵیان په‌یدا ده‌كرد، هه‌ر خێزانه‌ و ژوورێك و به‌ هه‌مووانیش یه‌ك به‌لووعه‌ى ئاو، كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستى حه‌وشه‌ ملى قیت كردبووەوه‌ و بۆ یه‌ك توالێتیش ژن و پیاو و گه‌وره‌ و گچكه‌ سڕه‌یان دەگرت.


ئێواران كه‌ له‌به‌ر ده‌رگاى حه‌سارێ خڕ ده‌بووینه‌وه‌، ئێمه‌ى منداڵانى گه‌ڕه‌ك هیچ نه‌بێت یه‌ك و پێنج یان ده‌ فلسمان له‌ باخه‌رێ بوو، ده‌چووین كێكێك یان عه‌سه‌لیات، یاخود گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ یان شه‌عرولبه‌نات، ئه‌گه‌ر هه‌رنا شیشێك فاته‌ڕه‌شمان ده‌كڕى و به‌ده‌م یارى و قسه‌ و فشقیات كاتمان به‌سه‌ر ده‌برد. كه‌چى منداڵه‌كانى حه‌سارێ، چونكه‌ نه‌بوویی بوون، كێشتانێ زوو له‌گه‌ڵ باوكیان ده‌چوونه‌ ئیشێ، ئێوارانیش هه‌ركه‌ ده‌هاتنه‌وه‌ ماندى و شه‌قى، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان له‌ده‌ست ده‌هات به‌ ژه‌مه‌ خواردنێكى وه‌ك ته‌ماته‌ و روونێك داسه‌كنێن و شوكرى خواش بكه‌ن.


له‌و حه‌ساره‌ى مام ده‌روێشێك هه‌بوو، سرقه‌سۆرێكى پرچ درێژ، ده‌یانگۆت "له‌سه‌ر ده‌ستى بابه‌ شێخ عه‌بدولكه‌ریمى كه‌زى سۆرى داره‌خورما تۆبه‌ى كردییه‌ و بوویته‌ ده‌روێش"، په‌نگران به‌ هه‌ردوو ده‌ستان هه‌ر ده‌گرى و له‌ ده‌مى ده‌كات و كرم كرم به‌ ددان وردوخاشیان ده‌كات و قووتیان ده‌دا، نه‌ ده‌سته‌كانى و نه‌ ناوده‌م و قورگیشى به‌راى خوایان ناگاتێ!


ئه‌و مام ده‌روێشه‌ سرقه‌سۆره‌ كوڕێكى هاوته‌مه‌نى ئێمه‌ى هه‌بوو ناوى (سه‌دره‌دین) بوو، ئه‌و كوڕه‌ پرچێكى چه‌ور و لووس و به‌ بریقه‌ى هه‌بوو، زۆر كه‌شخه‌یى پێ لێ ده‌دا و خۆى پێ باده‌دا. هه‌ر كه‌ پاش عه‌سران له‌گه‌ڵ مام ده‌روێشى باوكى له‌ ئیشێ ده‌هاته‌وه‌، ده‌چووه‌ ناو حه‌سارێ و پاش كه‌مێك ئیسراحه‌ت و جلك گۆڕین ده‌هاته‌ ده‌رێ، وه‌تده‌زانى ئه‌وه‌ كوڕه‌ پاشایه‌، نه‌خێر كوڕى ئه‌حمه‌د چه‌له‌بییه‌ و به‌ غه‌ره‌تى كه‌تیته‌ ئه‌و حه‌ساره‌ى كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ى هه‌موو برسى و ره‌ش و رووتن، ئێمه‌ش هه‌ر هه‌موومان حه‌سوودیمان پێ ده‌برد.


هه‌ر واش بوو، به‌ڕاستى ئێمه‌ى كوڕانى گه‌ڕه‌ك حه‌سوودیمان پێ ده‌برد، وامان ده‌زانى ئه‌و كوڕه‌ به‌ هه‌ڵه‌ كه‌وتووەته‌ ناو خانه‌واده‌كه‌ى مام ده‌روێشه‌ سرقه‌سۆره‌ى له‌برسان مردى و رۆژێك دادێ چ منداڵه‌كانى ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى بێت، یاخود نه‌وه‌كانى خدرى پاشا، یان كوڕه‌ قۆزه‌ پرچ سووره‌كانى دزه‌ییان دێن و ده‌رێن: كاكه‌ سه‌دره‌دین كوڕ و جه‌رگى مه‌یه‌ و چاوى زه‌مانه‌ كوێر بێت به‌ غه‌ڵه‌تى كه‌تیته‌ كۆشى خێزانه‌كه‌ى مام ده‌روێشى، ده‌یبه‌ینه‌وه‌ لاى خۆمان!


ئێواره‌یه‌كیان، سه‌دره‌دین به‌ پرچى لووس و به‌ بریقه‌ى له‌ ده‌ركى حه‌سارێ هاته‌ ده‌رێ و بابۆڵه‌یه‌كى به‌ هه‌ردوو ده‌ستان گرتبوو، زوو زوو قه‌مپارى لێ ده‌دا، وه‌ها خۆى باده‌دا و قه‌مپارى داده‌گرت، ئێمه‌ وامانده‌زانى هه‌ر هیچ نه‌بێت پارووه‌كه‌ى ده‌ستى جگه‌ له‌ ته‌ماته‌ و خه‌یار پڕه‌ له‌ جگه‌رى سووره‌وه‌كراوى ناسكى به‌ لێوان خوراو، نه‌خێر خۆمان پێ ڕانه‌گیرا، (غازى)یه‌كمان له‌گه‌ڵ بوو، بیژى وه‌كوو خۆى له‌ هه‌موو دونیایێ قاتى بوو، له‌هیكڕا هه‌ر تاوى دایێ و بابۆڵه‌ى له‌ده‌ستى راپسكاند و هه‌ر به‌ هه‌مان گوڕوتین خۆى گه‌یانده‌وه‌ لاى خۆمان و پارووه‌كه‌ى كرده‌وه‌، چ ببینین؟! پارچه‌ نانێكى تیرى گه‌وره‌ و پانوپۆڕى پڕ له‌ پیاز! ئاوێ بێنه‌ و ده‌ستان بشۆ. له‌ هه‌ینێوه‌ سه‌دره‌دینى به‌دبه‌خت عه‌له‌مى شكا، باق و بریقى پرچ و بوكڵه‌ و قاقۆڵى نه‌ما و له‌قه‌بیشى بووه‌ (سه‌دره‌دینى پیازخۆر).


له‌ ته‌یراوه‌ى، زۆربه‌ى خێزانه‌كان ئه‌گه‌رچى زۆر هه‌ژار و داماو و كه‌مده‌رامه‌تیش بووین، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌مان هه‌بووه‌ رۆژه‌كه‌ى پێ به‌ڕێ بكه‌ین و گه‌ده‌ و ورگمان پڕ بكه‌ین، نه‌نكم گوته‌نى: "زگ پڕ بى، چ حه‌لوا بى چ قوڕ بى".


ژنه‌ سه‌لار و جوان و ئاقڵه‌كانى ته‌یراوه‌ى مه‌كرۆ و عه‌یار بوون، ده‌یانزانى له‌ناو هه‌مووان كێ پاره‌ى باشى پێیه‌؟ كێ زیاتر ده‌كڕى؟ كێ باشتر ده‌خوا؟ كێ جوانتر و پۆشته‌ و په‌رداختره‌؟


جار هه‌بووه‌، هه‌ر له‌و ته‌یراوه‌یه‌ى خۆمان، وا هه‌ڵكه‌وتووه‌ خانه‌واده‌یه‌ك باشتر بخۆن و جوانتر بپۆشن و زۆرتر بكڕن. هه‌ركه‌ ژنه‌ كابانى ماڵ ئه‌وه‌ى هاموشۆى ناو بازاڕى ده‌كرد و شمه‌ك و رزقى ماڵێى ده‌كڕى، ئه‌وه‌نده‌ زۆرى ده‌كڕى پێویستى به‌ زه‌مبیلێكى گه‌وره‌تر بوو له‌ چاو زه‌مبیلى ژنانى گه‌ڕه‌ك، بۆیه‌ به‌و جۆره‌ ماڵ و ژنانه‌یان ده‌گوت: ماڵه‌ زه‌مبیل گه‌وره‌كه‌.. یاخود ژنه‌ زه‌مبیل گه‌وره‌كه‌!