وێنەی سەر تەلەڤزیۆنەکە

2

وێنەکەمان لەسەر تەلەڤزیۆنەکە دانا و ماڵەکەمان رەنگاوڕەنگ بوو. ژیان گەڕایەوە بۆ ناو خێزان و رووخساری هەمووان گەشایەوە، بە هەواڵی باشی و سەلامەتی کاکە ئاوات، ماڵ شێوازێکی تری وەرگرت، هەر دەهاتین و دەچووین و بۆ ساتێک لەبەردەم وێنەکەدا دەوەستاین، جار جار دایکمم دەبینی بەرامبەری دەوەستا و قسەی لەگەڵ دەکرد. دایکم ئەو ئێوارەیە خۆشترین خواردنی بۆ ئامادە کردین، تا شەوێکی درەنگ بە خۆشی و پێکەنین بەسەرمان برد. هەرچەندە جار جار باوکم زەنگێکی لێ دەدا، کە هیشتا هەر نابێ باوەڕ و متمانەتان بە هەموو کەس و هەموو شتێک هەبێت. شەوان پێش نووستن، ئەوە کاری دایکم بوو، کە دەرگاکانی دادەخست و کلیلیشی دەدان، پاش ئەوەی گڵۆپ کوژێنرایەوە و هەمووان کەوتینە خەوێکی قووڵی شیرینەوە، لە دەنگ و ناڵە و لێدانی دەرگا و شووشەی پەنجەرەکان داچەڵەکین، دەنگی باوکم لە گوێمدا دەزرنگایەوە: هەڵسن کوا، کوا کلیلەکان؟ هەر ئەوەندەم بیرە لەشکرێک لە سەربازی کڵاوبەسەری چەک لە شان، لەودیو پەردەی پەنجەرەکانەوە بەناو حەوشەکادا بڵا بوونەتەوە، ترسێکی زۆریان خستە دڵمانەوە، لە راکە ڕاکی باوکم و دایکم بەنێو ژوورەکاندا، گوێم لەم رستانە بوو: هەڵسن، نوێنەکان لابەن، قوات خاسەیە ، قوڕمان بەسەر، مەیکەرەوە، کوا کلیلەکان؟ لەم راکە ڕاک و دڵەڕواکێیەدا بووین، تا دەهات دەنگ و تەپە تەپی لێدانی دەرگا و پەنجەرەکان زیاتر دەبوو. باوکم دەرگای مەدخەلەکەی کردەوە، شاڵاویان هێنا و پاڵێکی قایمیان بە باوکمەوە نا، قەت ئەو دیمەنەم بیر ناچێتەوە، باوکم رەنگی زەرد بوو، قیژە و هاوار و گریانی ئێمە ماڵەکەی پڕ کردبوو، ناسیاوی برام بچووک بوو، دایکم گرتیە باوەشی، هەتا نەگری و نەترسێت، ئێمەش کچەکان هەموومان لە گۆشەیەکی ژوورەکەدا نووسابووین بەیەکەوە. جوانی خوشکم بچووک بوو، ئەو هێشتا لەناو جێگەکەیدا خەبەری نەبووبووەوە، پۆستاڵ لەپیێیەک زۆر بێشەرمانە بە کلکی کلاشینکۆفەکەی و پۆستاڵە ڕەشەکانی، لێفەکەی بەرز کردەوە، ئەویش بە حەپەساوی لە جێگەکەی بەرز بووەوە، بێ ئەوەی هیچ بڵێ. ئەوە یەکێک بوو لەو دیمەنە وەحشەتگەرایانەی، کە چەندەها جار لە چەندەها شوێن ئەنجامیان دابوو، خێرا بە ماڵەکەدا گەڕان، بەسەر نوێن و جێگاکاندا هەگاویان دەنا، ناو کەنتۆر و سەلاجە و دۆڵاب و هەموو کەرەستەکانی ماڵیان پشکنی، وێنەکەی کاکە ئاواتیان لەسەر تەلەڤزیۆنەکە هەڵگرت و بە باوکمیان گوت: کوا کوڕەکەت؟ دەبێ لە هەر کوێیەکە بچیت بیهێنیتەوە. باوکم زۆر بوێرانە گوتی: ئێوە دەسەڵاتن، من کوڕەکەم دیار نەماوە، ئێوە بچن بیدۆزنەوە و بۆم بێننەوە. زۆر گەڕان هیچیان دەس نەکەوت، دیار بوو ئەوان وا هەواڵەکەیان پێ گەیشتبوو، بێن ئاوات بگرن نەک وێنەکەی بەرن، ئیتر پاش چوونە دەرەوەیان، باوکم دوایان کەوت و دەرگاکانی داخست و هەموومان بە ترس و دڵەڕاوکێیەوە لە یەک ژووردا کۆبووینەوە، بەڵام لە هەمووی گرنکتر ئەوەبوو، کە باوکم نەگیرا. ئیدی سەدەها گومان و پرسیار؟ داخۆ ئەو ماڵەی کە نامەکەی لێوە هاتووە خەبەریان لێ دابین؟ چۆن بەم شەوە و بەتایبەت ئەمڕۆ ئەمە ڕووی داوە؟ پاشتر کە کاکە ئاوات هەواڵەکەی زانی، ئاگاداری کردین کە ئەو ماڵە ماڵێکی باوەڕپێکراون و پەیوەندییان بەم ڕووداوەوە نییە. ئەوەی جێی داخ بوو، ئەو کاتانە بیاندایە بەسەر هەر ماڵە پێشمەرگەیەکدا وێرانیان دەکرد. لە هەمووشی سەیرتر ئەوەبوو، پاش ئەوەی کە شەهید ئاوات گیرا و فەرمانی لەسێدارەدانی لە مووسڵ بۆ درا، ئێمە چەند جارێک سەردانمان کرد و لە یەکێ لە سەردانەکاندا بۆی باس کردین، یەکەم جار کە گیراوە ئەو وێنەیەیان نیشان داوە کە ئێمە لەسەر تەلەڤزیۆنەکە داماننابوو.