نیوه‌ی ڕێگا.. 39

بیره‌وه‌ريی كۆچبه‌رێكی كورد له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وروپا

دیمه‌ن و سه‌رگوزه‌شته‌ی زیندان، ته‌قیویی سه‌ر و لێك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی نێو په‌ل و ڕووشانی لای كڵاوه‌ی ئه‌ژنۆمی له‌یاد بردوومەته‌وه‌، له‌ كاتی خۆشۆرین و ده‌ستشۆرین و خه‌وتندا، ئازار ته‌واو ماندووی ده‌كردم، له‌دوای مانگێكی زیندان ئازاره‌كانم كه‌م بوونه‌وه‌ و ده‌متوانی له‌سه‌ر ده‌سته‌ڕاست بخه‌وم و سه‌ر دانێم! هه‌فته‌یه‌ك له‌دوای ئه‌و ڕۆژه‌ی وه‌رگێڕانم بۆ ئه‌فسه‌ره‌ سێ ئه‌ستێره‌داره‌كه‌ كرد، بانگی ئینته‌رڤیوو كراینه‌وه‌، له‌وێ پێیان ڕاگه‌یاندین، ده‌بێ دادگایی بكرێن! ڕۆژی دادگاییه‌كه‌ش سەعات دوازده‌ی دووی سێپتێمبه‌ره‌! كاتێ ئه‌و هه‌واڵه‌م به‌ كورده‌كان گوت، گوتیان: دڵنیابن‌ شه‌ش مانگت زیندانی بۆ داده‌نێن، لەدوای ئەو شەش مانگە، جارێکی دیکە دادگایی دەکرێیه‌وه‌، یا ئازاد دەکرێی یا شەش مانگی دیکە دەمێنێتەوە، لەدوای مانەوەی دوو شەش مانگی لە زیندان، دوا دادگایی دەکرێیتەوە، ئه‌وسا یا ئازاد دەکرێی یا شەش مانگی دیکە لە زیندان دەمێنیتەوە.


خه‌ریكه‌ خه‌ون و هیوا‌كانی ئه‌وروپای كۆشک و ته‌لار، خانمانی باڵابه‌رزی وێناكراو، ژنانی ددان زه‌ردبووی جگه‌ره‌كێش، ده‌بێته‌ هیوایه‌كی خۆڵه‌مێش، ئه‌و ئه‌وروپایه‌ی ئومێدم له‌سه‌ر هه‌ڵچنیبوو، ده‌مخواست له‌وێ درێژه‌ به‌ خوێندن بده‌م و ئه‌زموون و ژیانی وڵاتانی ئه‌وروپا بكه‌م، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌وروپاوه‌، ده‌خوازن دیپۆڕتی كوردستانمان بكه‌نه‌وه‌.


بیست و نۆی ئۆگه‌ستس، دوو پاسی گه‌وره‌ی پڕ كۆچبه‌ریان هێنایه‌ زیندان، ئێمه‌ی زیندانییان له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ سه‌یرمان كرد، زیاتر له‌ په‌نجا كۆچبه‌ر ده‌بوو! ئه‌و شه‌وه‌ ژماره‌ی زیندانییان زیادی كرد، زۆر گه‌نج و پێگه‌یشتووی کوردانی ئێزدی، ڕووه‌ و نهۆمی سه‌ره‌وەی زیندان به‌ڕێ كران، خاوانه‌واده‌ و هاوژینه‌كانیان له‌ نهۆمی دووه‌م دانا. دیمه‌نی منداڵانی ناو زیندان، زۆر ناخهه‌ژێن بوو، منداڵان له‌گه‌ڵ یه‌كدی یارییان ده‌كرد، داخۆ به‌خێوكردنی ئه‌و منداڵانه‌ له‌ زیندان چه‌ند ئه‌سته‌م بێ؟


لۆبۆمێز، شارێكی بچووکی باشووری بولگاریایه‌، له‌ په‌نجه‌ره‌ی زیندانه‌وه‌ به‌ ده‌یان و سه‌دان خانووی پلاستیكیم وه‌به‌رچاو ده‌كه‌وت، دواتر بۆم ڕوون بووەوه‌، ئێره‌ شارێكی كشتوكاڵییه‌، دارستانی چڕی زۆر گه‌وره‌ی تێدایه‌ و له‌ سنووری توركیاوه‌ زۆر نزیكه‌. تاڕاده‌یه‌ك شارێكی دواكه‌وتوو بوو، ئێواران ئۆتۆمبێلی زۆر ناشیرین و كۆنی گزۆز دوكه‌ڵاوی به‌ شه‌قامی شیجنۆڤۆ ده‌هاتن و ده‌چوون، چاڵی و چڵی ڕێگاكانیان سه‌مای به‌ ئۆتۆمبێل ده‌كرد، شه‌وی دووی سێپتێمبه‌ر، مۆبایله‌كه‌ی ده‌ستی یوسف زه‌نگی لێ دراوه‌، وه‌ڵامی دایه‌وه‌، ئه‌لۆ! چ؟ چی؟ به‌په‌له‌ چووه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌دوای تاوێ گه‌ڕایه‌وه‌، ها یوسف ئه‌وه‌ چی بووه‌؟ هاوڕێیان، پێنج كۆچبه‌ریان له‌ سنووره‌وه‌ به‌ڕێ كردووه‌ بۆ سۆفیا، له‌و ڕێگا چاڵوچۆڵ و قۆڵتانه‌ وه‌رگه‌ڕان و داوای ژماره‌ی پۆلیسیان ‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ی به‌هانایانه‌وه‌ بچن. سه‌لامه‌تن؟ كه‌س نه‌مردووه‌؟ نا. به‌ڵام، هه‌ر پێنجیان بریندارن!


سبه‌ی دادگایی ده‌كرێم و یوسف هه‌واڵی وه‌رگه‌ڕانی ئۆتۆمبێلێكی پێ دراوه‌ و ته‌له‌فۆن بۆ سه‌باح كرا و ئه‌ویش دڵته‌نگ بوو.


سه‌باح: چی بووه‌، هه‌واڵی چییان پێ داویت؟ ڕووی له‌ نێچیر كرد، جه‌مشیدت بیره‌، ئه‌وه‌ی له‌ خه‌رمه‌لی له‌گه‌ڵمان بوو، خه‌ڵكی قوم بوو، باڵابه‌رزه‌یه‌كی ڕیشدار‌ بوو.


نێچیر: ئه‌ها، ئێ ئێ له‌بیرمه‌، چی لێ هاتووه‌؟


سه‌باح: پێنج ڕۆژه‌ له‌ خه‌رمه‌لی خۆی خنكاندووه‌، دوێنێ له‌ په‌نایه‌كی ناو كه‌مپه‌كه‌ دۆزیویانه‌تەوه‌.


نێچیر: بۆ خۆی خنكاندووه‌؟


سه‌باح: له‌ بێ ئومێدی و بێ هیواییدا.


له‌ده‌ره‌وه‌ی ژووره‌كه‌مان هاتوهاوار په‌یدا بوو، چووینه‌ ده‌ره‌وه‌ی ژوور، زۆربه‌ی زیندانییان له‌لای ژووری ٣٣٢ بوون و پۆل پۆل پۆلیسه‌ باڵابه‌رز و چوارشانه‌ییه‌كان و ورگنه‌كان به‌ره‌و ئه‌و ژووره‌ ده‌چن! ئه‌وه‌ چی بووه‌؟ چ خه‌به‌ره‌؟ شه‌هاب تارانی، گوتی: ئه‌فغانی و پاكستانی ناحه‌وێنه‌وه‌، به‌شه‌ڕ هاتوون، ده‌موچاوی یه‌كدییان شكاندووه. پۆلیسه‌كان وه‌دیار كه‌وتن و هاواریان كرد زیندانییه‌كان بچنه‌وه‌ ژووری خۆیان، ئه‌وسا دوو شه‌ڕكه‌ره‌كه‌یان به‌ده‌ست هێنا، چۆن په‌ڕوباڵی چۆله‌كه‌ لێ ده‌كه‌یته‌وه‌ و پشته‌ملی ده‌گری، ئه‌و پۆلیسانه‌ش ئاوا پشته‌ملی شه‌ڕكه‌ره‌كانیان گرتبوو و به‌ شه‌قان وه‌پێش خۆیانیان دان و بردیاننه‌ خواره‌وه، هێنده‌ی نه‌برد، پۆلیس هات و ته‌واوی ده‌رگای زیندانییانی كڵۆم دا.


له‌سه‌ر قه‌ڕه‌وێڵه‌ درێژ بووم و بیرم له‌ دادگاییه‌كه‌ی سبه‌ینێیه‌. بەیانی جلوبه‌رگی تاڕاده‌یه‌ك جوانم له‌به‌ر كرد له‌ كاتی خۆیدا ئێمه‌یان خسته‌ ‌نێو ئۆتۆمبێلێکی گه‌وره‌ی پۆلیسی زیندان و به‌ره‌و دادگا به‌ڕێ كه‌وتین، لە دادگا به‌ره‌و هۆڵێكی بچووك ده‌ڕۆین، سێ كۆچبه‌ر ئه‌مڕۆ دادگاییمانه‌. دادوه‌رێكی تووڕه‌ی سه‌ر پان دانیشتووه‌، دادگاییمان ده‌كا، چاومان له‌ بڕیار و ده‌می ئه‌وین، بزانین چیمان پێ ده‌ڵێ و ئاینده‌مان به‌ره‌و كوێ ده‌با! وه‌رگێڕێكی كوردی لێیه‌، قسه‌كانی ئێمه‌ بۆ دادوه‌ر ته‌رجه‌مه‌ ده‌كا و وه‌ڵامی دادوه‌ر بۆ ئێمه‌ی ڕه‌نگ گۆڕاو ته‌رجه‌مه‌ ده‌كاته‌وه‌، چه‌ند پرسیارێكی كرد، له‌مه‌ڕ ئه‌و ڕێگه‌ی پێیدا هاتووین و چه‌ند ماوینەته‌وه‌ و له‌كوێ ده‌ستگیر كراوین، وه‌رگێڕه‌كه‌ گوت:


+ بڕیاری شه‌ش مانگ زیندانیتان به‌سه‌ردا درا!


ئێمه‌ به‌ په‌له‌پروزێ: چۆن؟ له‌به‌رچی؟


+ ئه‌مه‌ دوا بڕیاره‌، ئێوه‌ سنووری ئه‌م وڵاته‌تان‌ به‌ نایاسایی بڕیوه.


هێنده‌ شه‌كه‌ت بووین، توانای خۆگرتنمان له‌سه‌ر قاچه‌كان نه‌بوو، له‌و كاته‌دا بیرم كه‌وته‌وه‌، ئێران له‌سه‌ر سنووری خۆی و ڕووسیا، تابلۆی هه‌ڵواسیوه‌ و نووسیویه‌تی: ”سنووری وڵات، نامووسی وڵاته‌كه‌یه، پێویسته‌ به‌ هه‌موومان بیپارێزین“، بولگاریاش ده‌یه‌وێ نامووسی وڵاته‌كه‌ی بپارێزێ! كه‌له‌پچه‌ له‌ ده‌ستمان كرایه‌وه‌ و به‌ لۆژه‌ لۆژ چووینه‌وه‌ نێو سه‌یاره‌كه‌؟


به‌ دڵێكی شكاوەوە ڕێگه‌ی زیندانمان گرته‌وه‌ به‌ر، سه‌رمان ژان دەکا. چاره‌ نییه‌، بەخەمباری چووینه‌وه‌ ژووری زیندانییان، تاقه‌تم نه‌بوو له‌ ژووره‌وه‌ بمێنمه‌وه‌، هاتمه‌ مه‌ڕمه‌ڕه‌كه‌ی نێو زیندان، زۆر به‌خێرایی دێم و ده‌چم و سه‌رم له‌ زه‌وی كردووه‌، له‌كۆتایی مه‌ڕمه‌ڕه‌كه‌ی زینداندا کاکۆ دەبینم.. چەند ڕۆژێکە بە داخێکی زۆرەوە، لەبەردەم پەنجەرەی زیندان ڕووەو دەرەوەی زیندان دادەنیشێ و ورد دەڕوانێ، چاو لە دوو باڵەخانە باڵابەرزە سپییە سەر سوورەکەی لای ڕاست دەکا، زیاتر لە سەعات و دوو سەعات دەڕوانێ، وەک بڵێی خەریکی پەرستن و پاڕانەوەیە. دواتر ڕوو دەسووڕێنێ و دەنۆڕێتە خانووە پلاستیکییە سپییە دە بە پەنجا مەترییەکان، لەناو دارە سەوز و بەتەمەنەکاندا کە پڕن لە میوەجاتی ژێر کەپر. دوای نیوەڕۆ، سەیری یاریگای تۆپی پێ و باسکە و تێنس دەکا، ئەو کچە شۆرت کورتەی تێنس لەگەڵ بۆی فرێندەکەی دەکا، سەرنجی ڕادەکێشێ، بینینی منداڵانی سپیی لۆبۆمێز فرمێسکی لە چاو دەھێنێتە خوار و بێھێز و ماندووتری دەکا و ئارامیی لێ دەبڕێ و بە دەنگی بەرز، دەڵێ: "فەک، فەک، فەک بولگاریا". کاکۆ، لە کەبابیانی شاری ھیراتی ئەفغانستانەوە، خۆی و ھاوژین و کوڕ و کچە بچووکەکەی، لە داخی دۆخی خراپی ئەفغانستان ڕێگەی ئەوروپایان گرتووەتە‌ بەر، لە تورکیاوە ڕووەو بولگارستان ھەنگاویان ناوە و لە پلۆڤدیڤ دەستگیر کران، لەدوای ھەفتەیەک گوڵئەفشایان لە زیندان ھێشتەوە و ھاوژین و دوو منداڵەکەیان ئازاد کرد.


بە بەردەوامی پرسیار دەکەین لەدوای ئەو دادگاییە ئایندەمان بە کوێ دەگا؟ ھیچ دیار نییە، ئەوەی ڕوونە مۆری دە پەنجەی بولگاریاتان ھەیە، ئەمە ئایندەی کۆچبەران بەرەو لێڵی دەبات و وڵاتانی ئەوروپی زۆر جەخت لەسەر پەنجەمۆر دەکەنەوە، چاو لە سەباح بکە، بەھۆی پەنجەمۆری ئێرەوە دوو جار دیپۆڕت کراوەتەوە، ھەردی بەھۆی پەنجەمۆرەوە دیپۆڕت کرایەوە، بە گشتی (تەبعە و سەبعە) بۆ کۆچبەران زۆر خراپە. سەباح، وەقسە ھات، برا من لە بەریتانیا بووم، چەندین کۆچبەرم دەناسی دینی خۆیان گۆڕیبوو، ھەموو ڕۆژێ دەچوونە کەنیسە و دەپاڕانەوە خۆیان پابەندی تەواوی بنەماکانی ئایینی مەسیحی کردبوو، چونکە پەنجەمۆری بولگاریایان پێ کرابوو، ترسیان لە دیپۆڕتکردنەوە بوو، بەم شێوەیە ھەوڵیان دەدا شوێنپێی خۆیان توند بکەن. ئەوە لەبەرچاو بگرە! با وەک من لەدوای خەرجکردنی نزیکەی بیست و سێ ھەزار دۆلار ھەر لە سەرەتای ڕێگا نەبیت. دۆخەکە زۆر خراپتر دەبێ! پەنجەمۆرمان پێ کراوە، شەش مانگ زیندانیی کراوین، لە ھەمان کاتدا پێیان ڕاگەیاندووین ئەگەر ناخوازن شەش مانگ لە زیندان بن، ئەوا دیپۆڕتی کوردستانتان دەکەینەوە.