لە خانەخوێییەوە بۆ ئاوارەیی

من و کەرکووک - 12

نه‌فه‌سی ئازادیی کەرکووک، ته‌مه‌نێكی ئه‌رخه‌وانیی هەبوو. هه‌رچه‌نده‌ له‌ دیرۆكی كوردیدا به‌ شكۆوە وەک رووداوێکی بێ وێنه هه‌ژمار ده‌كرێت، وه‌لێ ئازادییه‌كه‌ی ڕاپه‌ڕینی ئاداری ساڵی 1991 له‌ كه‌ركووك زۆری نه‌خایاند و ورده‌ ورده‌ پێشمه‌رگه‌كانی به‌ره‌ی كوردستانی پاشه‌كشێیان ده‌ست پێ كرد. ماجەرای رووداوەکانم له‌ زاری پێشمه‌رگەی پوورزام‌ فه‌رهمی زێوێیی بیست كه‌ باسی لە هۆکارەکانی كشانه‌وه‌ی ئەو رۆژانەی هێزی پێشمه‌رگەی‌ كرد لە کەرکووک، وه‌ك ئەو گێڕایه‌وه‌، ئەو کشانەوەیە چەند هۆکارێکی لەپشتەوە بوو، له‌وانه؛‌ پاراستنی سه‌روماڵی خه‌ڵكی سڤیل، شه‌كه‌تی و ماندووبونی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕه‌ یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانی ئەو رۆژانە، كه‌میی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و نابه‌رامبه‌ری له‌ هێزدا، هێرشی په‌یتا په‌یتای سوپای رژێمی عێراق به‌ چه‌كی قورس و فڕۆكه‌وه‌، ‌ مه‌ترسیی كیمیاباران و ئه‌نفالێكی تر... خۆ ڕەنگە هۆکاری بەرژەوەندیی نێودەوڵەتی و زلهێزانی دونیاش هەبووبێت، بەڵام ئەو رۆژگارە لەنێو کوردستانیاندا زانیاریی ئەوتۆ لەسەر ئەو هۆکارەیان نەبوو. 

من یه‌كێك بووم له‌وانه‌ی كه‌ زۆر خولیای گوێگرتن بووم، هه‌ر دانیشتنێك باسی شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌ و داستانه‌كانی تێدا بکرایه، وه‌ك منداڵێكی ژیر گوێم لێ ده‌گرتن و خۆم له‌ناو ئه‌و دیمه‌نانه‌دا ده‌بینییه‌وه‌ كه‌ ده‌یانگێڕانه‌وه‌، بۆیه‌ تا ئێستاش لە یادگە و له‌ناو هزرمدا ون نابن.


فه‌همیی پوورزام پێشمه‌رگه‌یه‌كی ماندوونه‌ناس و خه‌باتكارێكی رێگه‌ی نیشتمان بوو، لەو رۆژگارەدا زۆربه‌ی رووداوەکانمان لە زاری ئەوەوە دەبیست،‌ دوا ساتی كشانه‌وه‌یان له‌ كه‌ركووك، شه‌ڕی نێوان هێزی پێشمه‌رگه ‌و ڕژێمی به‌عس له‌ ناوچه‌ی چیمه‌نی سه‌ر به‌ پارێزگای كه‌ركووك كه‌ به‌سه‌ختترین شه‌ڕ باسی لێوه ‌كرا.


ده‌گەڕێمه‌وه‌ بۆ به‌ره‌به‌یانی ئه‌و ڕۆژه‌ سه‌ختانه‌ی كه‌ كه‌سوكارمان کەرکووکی زێدی خۆیان به‌جێ هێشت و بەئاوارەیی هاتن بۆ سلێمانی. سه‌ره‌تا نه‌نكم و پووره‌كانم هاتن، وەک گوتیان لەبه‌ر ترسی هێرشی ڕژێم و ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر شه‌رەف و نامووسی كورد هه‌ڵهاتوون، ئەوان کە چەند رۆژێک لەوەوبەر خانەخوێی دەست و دڵکراوەی پێشمەرگەکان بوون، ئەو رۆژە ئاوارە بوون و به‌ په‌شۆكان و خه‌مێكی زۆره‌وه‌ به‌سه‌رهات و رووداوه‌كانی ئەو رۆژانەی کەرکووک و ڕێگەوبانه‌كانیان ده‌گێڕایه‌وه‌ كه‌ چۆن خه‌ڵكی دووچاری سه‌رگه‌ردانی و په‌ڕاگه‌نده‌یی بوون له‌ ترسی گه‌ڕانه‌وه‌ی زوڵم و زۆری داموده‌زه‌گاکانی ڕژیمی به‌عس.


٣٠\٣\١٩٩١، ئه‌و ڕۆژه‌م هەرگیز له‌یاد ناچێت كه‌ هێزی پێشمه‌رگه به‌ته‌واوی له‌ کەرکووک كشانه‌وه‌، بەو پێیەی کەسوکار و خزمانێکی زۆرمان لە کەرکووک هەبوو، ئەندامانی ماڵه‌وه‌مان خەمی ئازیزانیان بوو.


نه‌نكم و پووره‌كانم لە ڕێی ئاوارەبوونیان بە چاوەکانی خۆیان رووداوی زۆر دڵته‌زێن و توقێنه‌ر و سه‌رسامکەریان بینیبوو و هەموویان بۆ گێڕاینه‌وه، رووداوەکانی‌ له‌مه‌ڕ به‌رخودانی پێشمه‌رگه ‌و شه‌ڕ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان، بێڕه‌حمی و زاڵمیی هێرشی به‌عسییه‌كان هەمبەر بە‌ خه‌ڵكی و دلۆڤانی و میهره‌بانیی پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌هاناوه‌چوونی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌.


به‌م شێوه‌یه‌ میوان ده‌هاتن و ده‌ڕۆیشتن و ئه‌م باس و سه‌رگوزشتانه‌ وه‌ك وێردی سه‌رزمان هه‌ر باس ده‌كران. دەبێ بڵێم: خه‌می هه‌ره‌ گه‌وره‌ی ئێمه‌ به‌جێمانی پوورێكم و باپیرم (حەسیب خه‌یات) بوو، چونكه‌ ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری کەرکووک بوو، ماڵه‌كه‌شی وەک لەمەوپێش باسم کرد، بووبووه‌ لانكه‌ و شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه،‌ بۆیه‌ لەو باوەڕەدا بووین کە ژیانیان زۆر له‌ مه‌ترسیدایه‌.


ئه‌و رۆژه‌ تێپه‌ڕی تا رۆژی دواتر، له‌ خه‌م و چاوه‌ڕوانی و چاو له‌ڕێگەی هاتنی باپیرم و پووره‌ به‌یانمدا بووین، خۆشبه‌ختانه‌ پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دوایی ئه‌وانیش دوای فه‌لاكه‌ت و ماندووبوونێکی زۆر و بڕینی ڕێگەیه‌كی ترسناك و دوورودرێژ، گه‌یشتنه‌ ماڵی ئێمه‌ له‌ سلێمانی، ئه‌و رۆژه‌ نه‌ لە بیرەوەریی من و نه‌ له‌ هی كه‌سوكاردا ناسڕێتەوە (٣٠\٣\١٩٩١)، پاشه‌كشه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ و شه‌ڕە گه‌وره‌كه‌ی چیمه‌ن، هێنده‌ باس دەکران، وردەکاریی رووداوەکانم وه‌ك ناوی خۆم له‌به‌رم كرد.‌ كاتێك پووره‌ به‌یانم له‌گه‌ڵ باپیرم گه‌یشتنه‌ ماڵ و دوای پشوودانێك، پاشان ده‌ستیان كرد به‌ گێڕانه‌وه‌، ئیدی وەک چۆن دوو ڕۆژنامه‌نووسی ورد و بەسەلیقە و به‌توانا گوێ لە کەسانێک دەگرن کە رووداوێکی گرنگیان بۆ دەگێڕنەوە، ئێمه‌ش ئاوها ئه‌ڵقه‌مان به ‌دەوریاندا به‌ست و یه‌ك له‌سه‌ر یه‌ك پرسیارمان لێ ده‌كردن و ئه‌وانیش ڕووداوه‌كانیان بەوردی بۆ باس ده‌كردین، ئه‌وه‌ی زۆر مایه‌ی دڵته‌نگی و ڕۆح هه‌ژان بوو، باسی گێڕانه‌وه‌ی شه‌ڕێكی قاره‌مانانەی پێشمه‌رگه‌ بوو كه‌ به‌ (داستانی چیمه‌ن) ناو ده‌برێت و به‌ خوێنی پۆلێك پێشمەرگە و گەنجانی خۆبەخشی کورد تۆمار کرا.


پوورم باسی ئەوەی کرد کە هه‌ندێك شت هه‌ن نه‌ له‌ به‌رچاو ون ده‌بن و نه‌ له‌ هزریشدا ده‌سڕێنه‌وه،‌ ئه‌و گوتی: دوایین مه‌فره‌زه‌ی پێشمه‌رگه‌ لە کەرکووک له‌ ماڵمان بوون، منیش خه‌ریكی ئامادەکردنی پارووە نانێک بووم بۆیان، دوای نان خواردن و پشوویەکی كورت، پاسێکی كۆسته‌ر هاته‌ به‌رده‌رگا، پڕ بوو له‌ پێشمه‌رگه،‌ فه‌رمانی ئه‌وه‌یان پێ كرا به‌ره‌و شه‌ڕگه‌یه‌ك له‌ شه‌ڕگه‌كان بڕۆن.


له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌شیان ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ کەرکووک به‌جێ بھێڵین، هەر خۆشیان ئۆتۆمبێلێکیان بۆ دابین کردین و تا چەمچەماڵی گەیاندین، لەوێوە ئیدی گوتیان خۆتان مشووری ئۆتۆمبێلێکی تر بخۆن تا بتانگەیەنێتە سلێمانی. وه‌ك ده‌یانگێڕایه‌وه، ئەو رۆژە‌ رەوشی چه‌مچه‌ماڵ ترسناك بوو، ئۆتۆمبێل‌ ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت، ئه‌و ئۆتۆمۆبێلانه‌شی كه‌ په‌یدا ده‌كران، هەر زوو بەزوو پڕ ده‌بوون له‌ خه‌ڵكی شار لێشیواو. ده‌بوو چه‌ند سەعاتێك چاوه‌ڕوان بووینایه‌ تا بەڕێکەوت ئۆتۆمۆبێلێكی تر تێدەپەڕی.


پووره‌ به‌یانم گوتیشی کە كاتێك ئەوان‌ له‌ چاوه‌ڕوانیدا بوون، چاویان به‌ هه‌ندێك له‌و پێشمه‌رگانه‌ ده‌كه‌وێت كه‌ پێشتر له‌ ماڵیان بوون، داوا له‌ پێشمه‌رگه‌كان ده‌كه‌ن كه‌ هاوكارییان بكه‌ن به‌ره‌و سلێمانی بیانبه‌ن له‌گه‌ڵ خۆیان، وه‌لێ مه‌خابن كه‌ ناتوانن هاوكارییان بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وان ژمارەیەکی زۆر شه‌هید و برینداریان له‌ناو ئۆتۆمۆبێله‌كه‌دا هه‌ڵگرتووه‌.


دواتر زانیمان کە یه‌كێك له‌و شه‌هیدانه‌ (شه‌هید جەلال حاجی محەمەد هه‌ڵه‌بجه‌یی) بووه‌، کە له‌گه‌ڵ پۆلێكی تری پێشمه‌رگه‌ چوونه‌ كاروانی نه‌مرانه‌وه،‌ ئه‌وه‌ی جێگەی داخ بوو كه‌ هاوسەری شه‌هید جه‌لال منداڵێكی بووبوو ئەو وەخت تەمەنی تەنیا 19 شه‌و بوو، به‌ڵام له‌به‌ر گه‌رمی و سەختیی شه‌ڕه‌كانی ئەو رۆژانە، شەهید جەلال بواری بۆ نه‌ڕه‌خسابوو بگه‌ڕێته‌وه‌ لای خێزانه‌كه‌ی و ئه‌و کۆرپە‌ ساوایەی‌ ببینێت، مەخابن کە ئەو کۆرپەیە بۆ ئه‌به‌د لە ناز و میهرەبانیی باوکی بێبەش بوو، شەهید جەلالیش بۆ ئەبەد لە بینینی جگه‌رگۆشه‌كه‌ی، دواتر زانیمان كه‌ ناوی منداڵه‌كه‌یان ناوه (جێگر) وه‌ك جێگره‌وه‌ی باوكی شه‌هیدی.


زۆر مه‌راقم بوو بزانم هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌وێ چۆن ڕووبەڕرووی ئەو هێرشە سەخت و فراوانەی سوپای بەعس بوونەوە، دیسان له‌ پوورزا فه‌همیم پرسی و ئەو وەڵامی دامەوە: هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌هۆی له‌ده‌ستدانی پێشمه‌رگه‌یه‌كی زۆر و كه‌میی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی، به‌رامبه‌ره‌كه‌شمان بە چەکی قورسەوە دڕنده‌ و هار بووبوون و بەردەوام په‌لاماریان ده‌دا.


گوتیشی: زانیمان كه‌ ئیتر ناتوانین رووبه‌ڕوویان ببینه‌وه‌ و کەرکووکمان له‌ده‌ست دا، ئەوەبوو له‌ قه‌ره‌هه‌نجیر خۆمان جێگیر کرد، دواتر بڕیارمان دا گوزه‌رێكی پارتیزانی لە هێزی دوژمن بوەشێنین و هێرش بكەینه‌ سه‌ر سه‌ربازگه‌ی به‌عسییه‌كان، ئیدی ئه‌و شه‌ڕه‌ی‌ چیمه‌نی لێ کەوتەوە و بووە هۆی شه‌هیدبوونی پۆلێك پێشمه‌رگەی ئازا و‌ دواتر پاشه‌كشەمان كرد...