سه‌رئێشه‌ى په‌يوه‌ست به‌ سێکسەوە

هۆشیاریی سێکسی.. پرسیار و وەڵام

هه‌ندێ كه‌س له‌ كاتى په‌يوه‌ندیى سێكسيدا هه‌ست به‌ سه‌ريه‌شه‌يه‌كى توند ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ وايان لێ ده‌كات، له‌ په‌يوه‌ندیى سێكسى له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانيان سڵ بكه‌نه‌وه‌. ئه‌م سه‌ريه‌شه‌یە له‌گه‌ڵ زيادبوونى چالاكیى سێكسيدا زياد ده‌كات، يان له‌گه‌ڵ گه‌يشتن به‌ قۆناغى لوتكه‌ى چێژ ئه‌م سه‌ريه‌شه‌ كتوپڕ ده‌رده‌كه‌وێ، هه‌ندێ جاريش به‌ نزيكبوونه‌وه‌ له‌م قۆناغه‌ ده‌ست پێ ده‌كات و تا دواى ته‌واوبوونى په‌يوه‌ندييه‌كه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت.

پ: چۆن ئه‌م سه‌ريه‌شه‌يه‌ له‌ سه‌ريه‌شه‌ى ئاسايى جيا بكه‌مه‌وه‌؟
و: ئه‌م سه‌ريه‌شه‌يه‌ يان له‌ شێوه‌ى ئازارێكى تيژى كتوپڕ ده‌رده‌كه‌وێ، كاتێك ئه‌و كه‌سه‌ ده‌گات به‌ لوتكه‌ى چێژ واته‌ ئۆرگازم، يان ورده‌ ورده‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى په‌يوه‌ندیى سێكسيدا ده‌ست پێ ده‌كات، ده‌شێت ئازاره‌كه‌ به‌ره‌و مل شۆڕ بێته‌وه‌، هه‌ندێ جار له‌پڕ مل به‌گير ده‌وه‌ستێ، واته‌ ڕه‌ق ده‌بێت و ئه‌و كه‌سه‌ ناتوانێ مل وه‌رچه‌رخێنێ. ئه‌م سه‌ريه‌شه‌يه‌ له‌ چه‌ند ده‌قيقه‌يه‌كه‌وه‌ بۆ چه‌ند سه‌عاتێ ده‌خايه‌نێ. هه‌ندێ جار زياتر و ده‌شێ بيست و چوار سه‌عات بخايه‌نێ، له‌ هه‌ندێ كه‌سدا له‌هۆشچوون، يان ڕشانه‌وه‌شى به‌دوادا دێ.
ئه‌و كه‌سانه‌ى تووشى ئه‌م جۆره‌ سه‌ريه‌شه‌يه‌ ده‌بن، ده‌شێ تا مانگێك دواتر چه‌ند جارێ تووشى ئه‌م نه‌وبه‌ى سه‌ريه‌شه‌يه‌ ببنه‌وه‌، هه‌ندێ كه‌س بۆ ماوه‌ى شه‌ش مانگ چه‌ند جارێ دووچارى هه‌مان حاڵه‌ت ده‌بن. وه‌لێ هه‌ندێ كه‌س يه‌ك جار تووشى ده‌بن و تا ساڵێك دواتر هه‌ست به‌ هيچ نيشانه‌يه‌كى سه‌ريه‌شه‌ى له‌و جۆره‌ ناكه‌نه‌وه‌، پاشان جاروبار سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه‌، يان ده‌شێ ته‌نيا يه‌ك جار ڕوو بدات.

پ: له‌ كوێى سه‌ردا هه‌ستى پێده‌كرێت؟
و: سه‌باره‌ت به‌ شوێنى هه‌ستپێكردنى سه‌ريه‌شه‌كه‌ له‌ سه‌ردا، له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكى ديكه‌ جياوازه‌. هه‌ندێ كه‌س ته‌نيا له‌ لايه‌كى سه‌ر هه‌ستى پێ ده‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ شه‌قيقه‌دا لێيان تێكه‌ڵ ده‌بێت. يان له‌ هه‌ردوو لاته‌نيشتى سه‌ر ئازار هه‌يه‌، له‌م بارانه‌دا ئازاره‌كه‌ ورده‌ ورده‌ زياد ده‌كات، له‌وانه‌يه‌ له‌ دوا ئاستيشدا هێنده‌ توند نه‌بێت. وه‌لێ له‌گه‌ڵ به‌روپێشچوونى په‌يوه‌ندييه‌كه‌ و نزيك كۆتايى، ده‌شێ ئازاره‌كه‌ زۆر به‌هێز بێت و ئه‌و كه‌سه‌ به‌ته‌واوه‌تى بێزار ببێت. ئازارێكى ديكه‌ش هه‌يه‌، كه‌ تيژ و كتوپڕه‌ و له‌ خاڵێك، يان ناوچه‌يه‌كى دياريكراودا دێت و ده‌چێ، واته‌ وه‌ك بروسكه‌ به‌خێرايى نه‌خۆش هه‌ستى پێ ده‌كات و ته‌واو ده‌بێت، ده‌شێ له‌ هه‌ر شوێنێكى سه‌ردا ڕوو بدات.

پ: ئايا ئه‌م سه‌ريه‌شه‌يه‌ مه‌ترسیى هه‌يه‌؟
و: به‌پێى زۆربه‌ى حاڵه‌ته‌ تۆماركراوه‌كان، نه‌وبه‌ى سه‌ريه‌شه‌ له‌ كاتى سێكسدا هيچ مه‌ترسييه‌كى نييه‌، وه‌لێ وا باشتره‌ له‌ كاتى ڕوودانيدا ئه‌و كه‌سه‌ سه‌ردانى پزيشكى پسپۆرى ده‌ماخ و لووله‌كانى خوێن بكات، چونكه‌ ئه‌م نه‌وبه‌ى سه‌ريه‌شه‌يه‌ هه‌ندێ جار ئاماژه‌يه‌كى ئاگاداركه‌ره‌وه‌يه‌ بۆ بوونى كێشه‌ له‌ لووله‌كانى خوێن له‌ ده‌ماخدا، وه‌ك ڕوودانى خوێنبه‌ربوون له‌ خاڵێكى ده‌ماخدا. له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا واباشه‌ ئه‌و كه‌سه‌ به‌شێنه‌يى سه‌ردانى پزيشك بكات و هه‌موو ئه‌و پشكنينانه‌ بکات، كه‌ پزيشك ده‌ستنيشانیان ده‌كات.

پ: هۆكارى ئه‌م سه‌ريه‌شه‌يه‌ چييه‌، به‌تايبه‌تى له‌ كاتى سێكسدا؟
و: هۆكاره‌كان له‌ يه‌كێكه‌وه‌ بۆ يه‌كێكى ديكه‌ جياوازن و هه‌ندێ جاريش به‌ناديارى ده‌مێننه‌وه‌، به‌ گشتى ئه‌مانه‌ن:
- له‌ هه‌ندێ كه‌سدا هه‌موو چالاكييه‌كى سێكسى ده‌بێته‌ هۆى هاندانى ئه‌م جۆره‌ سه‌ريه‌شه‌يه‌، ئه‌مه‌ش ده‌شێ په‌يوه‌ندیى به‌ بنياتى جه‌سته‌يى ئه‌و كه‌سه‌وه‌ هه‌بێت.
- فراوانبوونى ديوارى خوێنبه‌ره‌كانى ناو كاسه‌ى سه‌ر.
- ڕوودانى خوێنبه‌ربوون له‌ناو خوێنبه‌ره‌كانى خوێن بۆ ده‌ماخ ده‌به‌ن.
- سه‌كته‌ى ده‌ماخ.
- بوونى نه‌خۆشى له‌ خوێنبه‌رى تاجيدا.
- به‌كارهێنانى حه‌بى دژه‌ منداڵبوون له‌ ژناندا.
- بوونى هه‌وكردن له‌ لووتدا.
- تووشبوون به‌ كه‌مخوێنى.
- جگه‌ره‌كێشان.
- دابه‌زينى ڕێژه‌ى شه‌كر له‌ خوێندا.
- تووشبوون به‌ هه‌ندێ نه‌خۆشیى چاو، له‌وانه‌ به‌رزبوونه‌وه‌ى په‌ستانى چاو.

پ: كێ زياتر تووشى ئه‌م سه‌ريه‌شه‌يه‌ ده‌بێت؟
و: هه‌رچه‌نده‌ ئاماره‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ ژن و پياو هه‌ردووكيان ده‌شێ تووشى ئه‌م نه‌وبه‌يه‌ ببن، وه‌لێ ڕێژه‌ى تووشبوونى پياوان له‌ ژنان به‌رزتره‌. ئه‌و پياوانه‌ى زياتر ئه‌گه‌رى تووشبوونيان هه‌يه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ بنياتى جه‌سته‌ييان لاوازه‌ و كێشيان كه‌مه‌، به‌زۆرى له‌نێو پياوانى 25 بۆ 35 ساڵیدا زياتره‌.
له‌ ژناندا به‌زۆرى له‌ سه‌ره‌تاى چله‌كاندا ڕوو ده‌دات، هه‌روه‌ها له‌دواى منداڵبوون به‌ شه‌ش بۆ حه‌وت هه‌فته‌ ئه‌گه‌ر په‌يوه‌ندیى سێكسى ئه‌نجام بدرێ، ده‌شێ ئه‌م نه‌وبه‌يه‌ ڕوو بدات. ئه‌و ژنانه‌ش، كه‌ فشارى خوێنيان به‌رزه‌، مه‌ترسیى تووشبوونيان زياتره‌.
ئه‌و كه‌سانه‌ش، كه‌ خۆيان جۆرێ له‌ سه‌ريه‌شه‌يان هه‌يه‌، بۆ نموونه‌ لاسه‌ريه‌ش (شه‌قيقه‌)، زياتر ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌يه‌ له‌ كاتى سێكسدا تووشى ئه‌م جۆره‌ سه‌ريه‌شه‌يه‌ ببن.

پ: چۆن خۆم له‌م سه‌ريه‌شه‌يه‌ بپارێزم؟
و: ئه‌سته‌مه‌ ڕێگه‌ له‌م سه‌ريه‌شه‌يه‌ بگيرێ ئه‌گه‌ر هێشتا تووشى نه‌بووبيت، چونكه‌ وه‌ك گوتمان هه‌ندێ جار كتوپڕ دێ و بێ هيچ ئاگاداركردنه‌وه‌يه‌ك، وه‌لێ ئه‌گه‌ر جارێ تووشى بوويت، له‌دواى دڵنيابوون له‌وه‌ى كه‌ هه‌موو شتێ ته‌واوه‌ و هيچ كێشه‌يه‌كت له‌ ده‌ماخ، يان لووله‌كانى خوێندا نييه‌، ئه‌و كاته‌ بۆ ماوه‌يه‌ك ده‌توانى به‌ر له‌ ده‌ستپێكردن به‌ په‌يوه‌ندیى سێكس، حه‌بێكى ئازار بخۆيت تا ماوه‌يه‌ك، پاشان تێبينیى خۆت بكه‌، بزانه‌ له‌و كاتانه‌دا هه‌ست به‌ هيچ جۆره‌ ئازارێ ده‌كه‌يت. هه‌روه‌ها وا باشه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بۆ ماوه‌يه‌ك زياتر به‌ئاگا بن له‌ كاتى ئه‌م په‌يوه‌ندييه‌دا و زۆر خۆيان ماندوو نه‌كه‌ن و شێوه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كه‌ش به‌ جۆرێ بگۆڕن، كه‌ ئه‌و هاوبه‌شه‌ى كێشه‌ى نه‌وبه‌ى سه‌ريه‌شه‌ى هه‌يه‌، له‌ دۆخى پاڵكه‌وتن و ڕاكشاندا بێت. خاڵێكى ديكه‌ش، كه‌ پێويسته‌ ڕه‌چاو بكرێ ئه‌وه‌يه‌، ئه‌و كه‌سه‌ى تووشى ئه‌م نه‌وبه‌يه‌ ده‌بێت، وا باشه‌ به‌ لايه‌نى كه‌مه‌وه‌ تا مانگێك هيچ په‌يوه‌ندييه‌كى سێكسى نەکات.

پرسياره‌كانتان له‌ ڕێى ئه‌م ئيمه‌يله‌وه‌ وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه‌:
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.