هەڵگرتنی شوێنپێی مەولانا

 

١٦
وەکوو نهێنی
لەنێو دڵمدا، خۆت بشارەوە
هەر جێم مەهێڵە،
چش دەشمکوژی، بە ئازارەوە.

١٧
بەهەشت دەروازەی، ناخاتە سەر پشت
بۆ ئەو دڵانەی، لە ئەڤین خاڵیین،
سۆز و بەزەیی و، لێبوردنی خوا
بۆ ئەوانەیە، لە ئەڤین حاڵیین.

١٨
کە گڕی ئەڤین، لە دڵم بەربوو
شەرعم بەجێ هێشت، خووم دایە شیعر،
لە ئاسمانەوە، ئیلهامم بۆ دێ
دەڵێی پەیامی، خودایە شیعر.

١٩
ناوێرم زوو زوو، سەرنجی بدەم
نەوەک بژاکێ، گوڵی ڕووخساری
عاشق گێل نییە، ئەوانە گێلن
تێنەگەییشتوون، لە ئەڤینداری

٢٠
لەتاو دووریی یار، خەریکە دەمرم
بەدەم ئازار و، ژان و ئێشەوە،
عاشق خاوەنی، خودی خۆی نییە
فڵچەیە بە دەست، نیگارکێشەوە.

٢١
بگەڕێیتەوە، بە گڕی دڵم
ئاگر لە دڕکی، ڕێگەت بەر دەدەم
ناحەزی بەدگۆ، ڕاست ناکا، دەڵێ:
کاتی زێڕینت، بە هەدەر دەدەم.

٢٢
لە هیچ مەترسە!
دونیات دوژمن بێ، دۆستێکت بەسە،
بێ ئومێد مەبە!
لە زەریای قووڵی، خەمدا بڕەقسە!

٢٣
بولبولی عاشق، بەستەی بۆ دەڵێ
بۆیە ڕووی گەشە و، دڵی خۆشە گوڵ،
ڕوویەکی خۆشم، پیشان بدا ئەو
ڕەدووی دەکەوم، هەتا دوا مەنزڵ.

٢٤
دڵی ئەڤیندار، زەریای بەرینە
جێی خەمی دونیای، تیا دەبێتەوە،
پەپوولەیەکە، لە دەوری ڕووی یار
هەتا دەسووتێ، دەسووڕێتەوە

٢٥
ئایینی ئەڤین، بەحرێکە بێ بن
عاشق لە ناویا، تەواو سەرخۆشە،
دەڵێن دڵداری، هۆش لاواز دەکا
بەڵام کەی عاشق، حەوجەی بە هۆشە؟

٢٦
دەزانن بۆچی، ئەوی عاشق بێ
دەستکراوەیە،
ئاخر لە ناخی، هەر عاشقێکدا
خەزنەیەک هەیە.

٢٧
بە گڕی عیشقت، دونیا ڕووناکە
پێویستم نابێ، بە تیشکی هەتاو،
لە نزیک تۆوە، دونیا بەهەشتە
پێویستم نابێ، بە باخ و کانیاو.

٢٨
دەتوانی گوڵێ، چێ بکەی لە زێڕ
بەڵام بێ بۆن و، وشکوبرنگە
بۆ گوڵیش بێجگە، لە تەڕوبڕی
بۆنێکی خۆش و، هێمن گرنگە

٢٩
بەر قاپیی خودا، جێی مرۆڤێکە
ئەڤیندار بووبێ،
نەک جێی ئەو کەسەی،
ڕۆژی چەند جارێ
بۆ مزگەوت چووبێ.

٣٠
ئەوانەی لەڕێی، ئەڤیندا ناژین
جەستەی بێ گیانن،
تەنیا ئەوانەی، بۆ ئەڤین دەژین
هێژای ژیانن.

*

(*) دەستکراوە: بەخشندە، سەخی.
(**) هێژای: شایستەی، شایانی.