خیانه‌ت له‌ حكوومه‌تی سالاری

خیانه‌ت له‌ مێژووى كورددا له‌ به‌ره‌به‌یانی مێژووەوه‌ تا 16ی ئۆكتۆبه‌ر - 15

(حكوومه‌تی سالاری) دووه‌مین ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌یی و خۆجێیه‌تیی كوردی بوو له‌ سه‌ده‌كانى ناوه‌ڕاستدا، كه‌ له‌لایه‌ن (موحه‌ممه‌دى كوڕى موسافیرى ده‌یله‌مى) له‌ ساڵى (330ك/ 941ز) دامه‌زرا. سه‌ره‌تا له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كى سنووردارى به‌رى خۆرهه‌ڵاتى ئازه‌ربایجان فه‌رمانڕه‌وایه‌تیى كرد، به‌ڵام دواتر شاره‌كانى (زه‌نجان، ئه‌رده‌بیل، ته‌ورێز)ى یه‌ك له‌دوای یه‌ك خسته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى خۆیه‌وه‌. دواتر كه‌وته‌ رێكخستنى كاروباره‌كانى ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى و دروستكردنی سوپایه‌كی به‌هێز بۆ داكۆكی له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی و پاراستنی شكۆی حكوومه‌ته‌كه‌ى. كۆتایی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ش ساڵی (490ك/ 1096ز) ڕووی دا، كاتێك به‌هۆی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ناوخۆیی و شاڵاوی ده‌ره‌كیی كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی هێنا و ڕووخا. دیارترین هۆكاریش خیانه‌تی ناوخۆیی بوو. یه‌كه‌مین ڕووداویش، كه‌ زه‌مینه‌ی خیانه‌تی ڕه‌خساند، ئه‌و ناوكۆكییه‌ بوو له‌نێوان بنه‌ماڵه‌ی سالاریی ڕه‌وادییه‌كاندا ڕووی دا. ئه‌وه‌ش كاتێك (سالارى مه‌رزبان/941-956ز) دامه‌زرێنه‌ری حكوومه‌تی سالاری و به‌هۆی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یبوو، حكوومه‌تی ڕه‌وادی و میره‌كه‌ی (ئه‌بولهیجا كوڕى حوسێنی ڕه‌وادی/ 955-897ز)) ناچار كرد، ساڵانه‌ (په‌نجا هه‌زار) دینار بداته‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی. به‌وه‌ش ده‌سه‌ڵاتێكی كوردی، هۆكاری لاوازی و ملكه‌چی ده‌سه‌ڵاتێكی كوردی تر بوو! كاتێكیش (سالارى مه‌رزبان) له‌ ساڵی (956ز) كۆچى دوایى كرد، (ئه‌بولهیجا) لاوازی (واهسوزان كوڕی سالاری مه‌رزبان/ 956-965ز)ى قۆسته‌وه‌ و پێدانی باجی به‌ حكوومه‌تی سالاری ڕه‌ت كرده‌وه‌. ته‌نانه‌ت وه‌ك تۆڵه‌كردنه‌وه‌یه‌ك له‌ بنه‌ماڵه‌ و حكوومه‌تی سالاری، ده‌ستى خسته‌ نێو كاروبارى حكوومه‌تى سالارى و هه‌وڵی لاوازكردنی دا، تا جارێكی تر بیر له‌ سه‌پاندنی باج به‌سه‌ر حكوومه‌ته‌كه‌یاندا نه‌كه‌نه‌وه‌. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ناكۆكیی نێوان ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی قۆسته‌وه‌ ‌و بۆ لێدانی (واهسوزانى كوڕى سالارى مه‌رزبان) دووه‌م میری سالاری (جستان كوڕى موحه‌ممه‌د/ 956-965ز)ى له‌به‌رامبه‌ر قیت كرده‌وه‌ و پشتیوانیی خۆی و حكوومه‌ته‌كه‌ی بۆ ڕاگه‌یاند. به‌وه‌ش له‌ ماوه‌ی (یازده‌) ساڵى حكوومه‌تی سالاریدا (دوو) ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌ی سالاری فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی حكوومه‌ته‌كه‌یان له‌ یه‌ك كاتدا كرد!

سه‌رباری ئه‌و ڕووداوه‌ حكوومه‌تی سالاری ڕووبه‌ڕووی خیانه‌تێكی كوردی تر بووه‌وه‌. ئه‌وه‌ش كاتێك كورده‌ هه‌زبانییه‌كانى ئازه‌ربایجان له‌ سالارییه‌كان هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ و ئاماده‌ نه‌بوون ملكه‌چیی خۆیان بۆ سالارییه‌كان ڕابگه‌یه‌نن و ببنه‌ به‌شێك له‌ پێكهاته‌ی ئه‌و حكوومه‌ت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بۆ لێدانی سالارییه‌كان په‌نایان بۆ خێڵى حه‌مدانی عه‌ره‌بی شیعه‌ برد له‌ ناوچه‌ی مووسڵ، تا له‌ لێدانی بنه‌ماڵه‌ی سالارییه‌كاندا هاوكارییان بكات. ئه‌وه‌ بوو حه‌مدانییه‌كان به‌ده‌م داوای هه‌زبانییه‌كانه‌وه‌ هاتن و به‌ سوپایه‌كی به‌هێزه‌وه‌، شاڵاویان بۆ سنووری ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی سالاری هێنا. له‌ ‌ئه‌نجامیشدا چه‌ندین شار و گوندی ژێر قه‌ڵەمڕه‌وی حكوومه‌تی سالاریان داگیر كرد. ته‌نانه‌ت ئه‌و شار و گوندانه‌ی كه‌وتنه‌ به‌ر شاڵاوی حه‌مدانییه‌كان، تاڵان و وێران كران. له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕی ئه‌وان كورد و له‌سه‌ر ئایینزای سوننه‌ن و كوشتنیان ڕه‌وایه‌! كورده‌ هـه‌زبانییه‌كانیش له‌ژێر سـه‌ركردایه‌تیى (جه‌عفه‌رى كوڕى شكویه‌)ى فه‌رمانڕه‌واى شارى (سه‌ڵماس) هاوشانی حه‌مدانییه‌ عه‌ره‌به‌ شیعه‌كان، په‌لامارى سنوورى قه‌ڵەمڕه‌وى حكوومه‌ته‌ی سالاریان دا و چه‌ندین گوندی سه‌ره‌ڕێگایان سووتاند و چه‌ندین شارۆچكه‌یان تاڵان كرد. به‌وه‌ش حكوومه‌تی سالاری كه‌وته‌ به‌ر شاڵاو و هه‌ڕه‌شه‌ی دوو هێزی هاوپه‌یمانیی نه‌ته‌وه‌ و ئایینزا جیاواز، كه‌ هۆزی هه‌زبانی كوردی سوننه‌ و خێڵی حه‌مدانی عه‌ره‌بی شیعه‌ بوون!

ئه‌و خیانه‌ت و ڕووداوانه‌ى ئاماژه‌یان پێ درا، چه‌ندین كێشه‌ی بۆ حكوومه‌تی سالاری دروست كرد له‌وانه‌، حكوومه‌ته‌كه‌ى دووچاری نائارامیی سیاسیو داڕمانی ئابووریی كرد، چونكه‌ به‌رده‌وامیی شاڵاوی نه‌یاره‌كانی هه‌ر له‌ ده‌ستێوه‌ردانی میره‌كانی حكوومه‌تی ڕه‌وادی بۆ سه‌ریان له‌ به‌ری باكووری خۆرهه‌ڵات و خۆرهه‌ڵاتی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان، تا شاڵاوی هۆزی هه‌زبانییه‌كان له‌به‌ری باكوور و شاڵاوی خێڵی حه‌مدانی عه‌ره‌بی شیعه‌ له‌ به‌ری خۆرئاوایان، هۆكاری تاڵان و وێرانكردنی چه‌ندین گوند و شار و سووتاندنی چه‌ندین ڕه‌ز و باخ و كێڵگه‌ی كشتوكاڵی و له‌وه‌ڕگە بوون، كه‌ به‌ هه‌موویان كاریگه‌ریی خراپیان له‌سه‌ر دۆخی ئابووریی خه‌ڵك و بژێوی خێزانه‌كان و نائارامیی دۆخی سیاسی دروست كرد، تا گه‌یشته‌ په‌رته‌وازه‌یی خێزانی له‌نێو حكوومه‌تی سالاری و له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانى شیرازه‌ى بنه‌ماڵه‌یی و دواتر لاوازبوونی حكوومه‌تى سالاری. له‌پاڵ بڵاوبوونه‌وه‌ى پشێوی‌ و نائارامى، به‌تایبه‌ت له‌ سه‌رده‌می (ئیبراهیمى كورى واهسوزان)دا. هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌و دۆخه‌ش خیانه‌تی ناوخۆ بوو، نه‌وه‌ك به‌هێزی و دڕه‌نده‌یی نه‌یاره‌كانی. دیاره‌ ئه‌وانه‌ش جیاواز له‌ شاڵاوى به‌رده‌وامى ڕِووسه‌كان له‌به‌رى باكوور‌ و بوه‌یهییه‌كان له‌به‌رى خۆرهه‌ڵات و ده‌ستێوه‌ردانی به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تی عه‌باسی له‌ كاروباری حكوومه‌تی سالاری له‌به‌ری باشوور، ئه‌وه‌نده‌ی تر دۆخه‌كه‌یان خراپ و نائارامتر كرد، چونكه‌ هه‌ر یه‌ك له‌و هێز و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی سه‌رده‌مه‌كه‌ ڕۆڵیان له‌ به‌كرێگرتنی ده‌یان كه‌سایه‌تیی كوردی سالاری و ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی سالاری بینی، تا ده‌ست بخه‌نه‌ نێو كاروباری حكوومه‌ته‌كه‌ و هه‌وڵی لاوازبوون و دواتر ڕووخانی بده‌ن. دواجار ئه‌وه‌ی زیانی كرد و زیانی پێ گه‌یشت، ته‌نیا حكوومه‌تی سالاری نه‌بوو، به‌ڵكوو به‌شێكی خاكی كوردستان و شار و گونده‌كانی و ئاوارەبوون و ماڵوێرانی خه‌ڵكه‌كه‌ی بوو!

سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م باسه‌:
1. به‌ زمانى عه‌ره‌بی:
1.الطبري: تاریخ الطبري.
2. أبن الاثیر: الكامل فی التاریخ.
ب.به‌ زمانى كوردی:
3.محمد امین زه‌كی: خولاصه‌یه‌كی تاریخی كورد و كوردستان.
4.پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر، دكتۆر كه‌یوان ئازاد ئه‌نوه‌ر.