گه‌شه‌ی توندوتیژی له گه‌شه‌ی ده‌روونیی تاکدا

بۆ ئه‌وه‌ی له کاراکتەری تاک تێبگه‌ین، پێویسته قووڵ بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌رده‌می پێشینه‌ی منداڵی. کاتێک سه‌رنج له هه‌ڵسوکه‌وتی تاکێکی گه‌ییو، یاخود پێگه‌یشتوو ده‌‌درێت، ئه‌وا له ڕێگای هه‌ڵسوکه‌وتیه‌وه ده‌رده‌که‌وێت، که گه‌شه‌ی ده‌روونیی پێشینه‌ی منداڵیی چۆن بووه. له‌م ڕێگایه‌شه‌وه ئه‌و مه‌ترسییانه ده‌رده‌که‌ون، که تاک چ له‌سه‌ر خۆی و چ له‌سه‌ر ده‌وروبه‌ر هه‌یبێت. بۆ تێگه‌یشتن له کاراکتەری تاک، پێویستمان به سه‌فه‌رێکی درێژه بۆ ڕابردوو. ئه‌م سه‌فه‌ره‌ش، سه‌ره‌تا له ده‌موچاوه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات، واته سه‌رنج له ده‌موچاوی تاک بده و بۆ وه‌ڵام بگه‌ڕێ.

ئالبه‌رت شڤایتسه‌ر، یه‌کێک بوو له که‌سایه‌تییه دیاره‌کانی کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده و بیستی ئه‌وروپا. ئالبه‌رت شڤایتسه‌ر فیلۆسۆف بوو، دکتۆری مێدیسن بوو، تیۆلۆگ بوو، زانای موسیک بوو. یه‌کێک له تێزه هه‌ره گرنگه‌کانی، که له زانستی ده‌روونناسییدا هه‌تاوه‌کوو ئێستا به به‌رده‌وامی چ قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌کرێت و چ له تیۆری گه‌شه‌ی ده‌روونیی تاکدا به‌کار دێت، بریتییه له: له ته‌مه‌نی بیست ساڵیدا تاک خاوه‌‌نی ده‌موچاوێکه، که خودا پێی داوه، له ته‌مه‌نی چل ساڵیدا خاوه‌نی ده‌موچاوێکه، که ژیان پێی داوه، لێ له ته‌مه‌نی شه‌ست ساڵییدا خاوه‌نی ده‌موچاوێکه، که شیاویه‌تی.

لێره‌دا من خودا له تێزه‌که‌ی شڤایتسه‌ر ده‌ردێنم و ئه‌رکه‌که ده‌خه‌مه سه‌ر شانی تاک خۆی. تاک له له‌دایکبوونییه‌وه به کۆمه‌ڵێک قۆناغی گه‌شه‌ی ده‌روونییدا تێده‌په‌ڕێت، ئه‌م قۆناغانه تاک ده‌کات به‌وه‌ی که هه‌یه، ده‌موچاوێکی ده‌داتێ، که به‌رهه‌می خۆیه‌تی نه‌ک خودا. لێره‌دا من سێ تیۆری ناوداری سێ ده‌روونناس به نموونه ده‌هێنمه‌وه، که هه‌تاوه‌کوو ئێستا له ده‌‌روونناسییدا کاریان له‌سه‌ر ده‌کرێت و له کلینیکه‌کانی نه‌خۆشانی ده‌روونیدا، له پسیشیاتریدا پراکتیزه ده‌کرێت، که ئه‌وانیش بریتین له تیۆری مۆدێلی که‌سایه‌تی له‌لای زیگمۆند فرۆید، تیۆری گه‌شه‌ی ده‌رووونیی تاک، یاخود قۆناغه‌کانی گه‌شه‌ی ده‌روونیی تاک له‌لای ئێریک ئێریکسۆن، پاشان تیۆری به‌ستنه‌وه، یاخود په‌‌یوه‌ندیی نێوان منداڵ و دایک له‌لای جۆن بۆڵبی.

پێش ئه‌وه‌ی بچمه ناو ئه‌م سێ تییۆرییه‌وه، به پێویستی ده‌زانم که سه‌ره‌تا قسه له‌سه‌ر که‌سایه‌تی بکه‌م. له کولتووری کوردیدا، لانیکه‌م له باشووردا کاتێک قسه له‌سه‌ر که‌سایه‌تی ده‌کرێت، من پێم وایه به ده‌گمه‌ن خه‌ڵک هه‌یه، که بزانن که‌سایه‌تی چییه، که‌چی به‌رده‌وام قسه له‌سه‌ر که‌سایه‌تییش ده‌که‌ن. بۆ نموونه، به عه‌ره‌بی ده‌ڵێن، فڵان که‌س شه‌خسییه‌ته، خاوه‌نی شه‌خسییه‌تێکی گه‌وره‌یه. فڵان که‌س شه‌خسییه‌ته، به‌رده‌وام جلی جوان و خاوێنه، قات و بۆینباخ له‌به‌ر ده‌کات، کراس و عه‌زیی گران له‌به‌ر ده‌کات، مکیاژی گرانبه‌ها ده‌کڕێت...هتد. ئه‌مانه له‌لای زۆرینه‌ی تاکی کورد بنه‌ماکانی که‌سایه‌تیین. بیهێنه به‌رده‌می خۆت، به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی تێکچوونی که‌سایه‌تیین، که سایکۆپاتن، خه‌ڵکانی قات و بۆینباخ له‌به‌رن، ئارایشتکه‌رن..هتد.

با بێین بزانین، که که‌سایه‌تی چییه و چۆن دروست ده‌بێت، ئه‌گه‌ر که‌سایه‌تییه‌ک شێوا، ئه‌وا تاک چی به‌سه‌ردێت؟ بۆ ئه‌وه‌ی بزانین که‌سایه‌تی چییه، پێویسته بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مۆدێله پێنج فاکتۆرییه‌که. ئه‌م مۆدێله، که به (زه بیگ فایڤ ناسراوه The Big Five)، یارمه‌تیمان ده‌دات، که شیکاری که‌سایه‌تی بکه‌ین، که‌سایه‌تییه‌کی ته‌ندروست. ئه‌م مۆدێله له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌وه له‌لایه‌ن فیلۆسۆفانه‌وه به‌رهه‌م هاتووه و کاری له‌سه‌ر کراوه، پاشان له ساڵی ١٩٣٠ه‌وه بووه به مۆدێلێکی ده‌روونناسی له ئه‌نالیزه‌کردنی که‌سایه‌تیی تاکدا. که‌سایه‌تییه‌کی ته‌ندروست خاوه‌نی پێنج دیارده‌یه، ئه‌م دیاردانه ده‌یکاته خاوه‌نی کاراکتەرێکی ته‌ندروست، که ئه‌وانیش بریتیین له:
1- کراوه‌یی.
2- ویژدان.
3- کۆمه‌ڵایه‌تیبوون. یاخود سۆسیالبوون
4- هه‌ست به به‌رپرسیارێتیکردن و پێکه‌وه‌کارکردن و ئیمپاتی.
5- نۆیرۆتیسموس، یاخود نۆیرۆتیزم، ئه‌مه‌ش به واتای خاوه‌نی هه‌ستێکی توندوتۆڵ و هه‌مان کاتیش بریندار. لێره‌دا مه‌به‌ست له‌وه‌یه، که تاک توانای زاڵبوونی به‌سه‌ر هه‌سته‌کانیدا هه‌بێت، له‌ کاتی تووڕه‌بووندا پراکتیزه‌ی تووڕه‌یی نه‌کات، به‌ڵکوو کۆنتڕۆڵی بکات. هه‌مان کاتیش کاتێک هه‌ستی بریندار ده‌بێت، کۆنتڕۆڵی هه‌ستی بکات و بەتووڕه‌یی و زیانخستنه‌وه کاردانه‌وه‌ی نه‌بێت، کاتێک هه‌ستی بریندار ده‌کرێت.

خاڵی پێنجه‌م، که قسه له‌سه‌ر کۆنترۆڵکردنی هه‌سته‌کان ده‌کات، سانا له‌ناو زۆرینه‌ی تاکی کورددا به‌ده‌ر ده‌که‌وێت. من چه‌ندین جار گوێبیستی هونه‌رمه‌ندان بووم، به‌شێک له نووسه‌ر و سیاسییه‌کان بووم، کاتێک لێیان ده‌پرسرێت، که ئاخۆ ئه‌وان تووڕه‌ ده‌بن؟ له وه‌ڵامدا هه‌موویان گوتوویانه، من که‌سێکی زۆر نه‌رم و ئارامم، به‌ڵام که تووڕه ده‌بم ده‌ته‌قمه‌وه. ئیدی لێره‌وه بیهێنه به‌رچاوی خۆت، که ته‌قینه‌وه‌ی هه‌موو بۆمبێک چه‌ند زیان ده‌خاته‌وه.
زیگمۆند فرۆید قسه له‌سه‌ر شه‌ش فازه ده‌کات، که تێیدا تاک کاراکتەری خۆی، یاخود که‌سایه‌تیی خۆی له‌سه‌ر دروست ده‌کات. (تێبینی: وێڕای ئه‌وه‌ی، که خه‌ڵکانێک قسه له‌سه‌ر شه‌خسییه‌ت ده‌که‌ن، خه‌ڵکانێکی تریش هه‌ن قسه له‌سه‌ر کاراکتەر ده‌که‌ن، لێ پێیانوایه، که کاراکتەر جۆرێکه له ڕۆڵبینین وه‌ک ئه‌کته‌رێک له کۆمه‌ڵدا. لێ به‌ڵێ کاراکتەر ڕۆڵبینین نییه، به‌ڵکوو ئینستانسێکی ده‌روونییه).

مۆدێلی ئه‌نالیزه‌کردنی کاراکتەر له‌لای فرۆید
فازه‌کانی فرۆید بریتیین له:
1- فازه‌ی ئۆراڵ، که هه‌تا ته‌مه‌نی یه‌ک ساڵی ده‌ڕوات.
2- فازه‌ی نارسیزم، که له یه‌ک ساڵی هه‌تا ته‌مه‌نی دوو ساڵی ده‌ڕوات.
3- فازه‌ی ئه‌ناڵ، که له ته‌مه‌‌نی دوو هه‌تا سێ ساڵی ده‌ڕوات.
4- فازه‌ی فال، یاخود ئۆدیپووس، که له ته‌مه‌نی چوار هه‌تا پێنج ساڵی ده‌ڕوات.
5- فازه‌ی لاتێنت، که له ته‌مه‌نی شه‌ش هه‌تا دوازده ساڵی ده‌ڕوات.
6- فازه‌ی گێنیتاڵ، که له ته‌مه‌نی سێزده ساڵییه‌وه هه‌تاوه‌کوو هه‌ژده بۆ بیست ساڵی ده‌ڕوات. دروستبوونی ته‌گه‌ر له هه‌ر فازه‌یه‌کدا ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی شێواندنی کاراکتەر، یاخود تێکچوونی که‌سایه‌تی.
ئێریک ئێریکسۆن، وه‌ک فرۆید هۆکاره‌کانی شێواندنی کاراکتەر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ پێشینه‌ی گه‌شه‌ی منداڵیی. ئێریکسۆن خاوه‌نی هه‌شت فازه‌یه له تیۆرییه‌که‌یدا.

قۆناغه‌کانی گه‌شه‌ی ده‌روونیی تاک له‌لای ئێریک ئێریکسۆن:
1- فازه‌ی باسالی پێشینه‌یی و تێکچوونی باسال، که له‌نێوانی سفر هه‌تاوه‌کوو یه‌ک ساڵی ده‌خایه‌نێت. (باسال، به واتای سه‌رچاوه، یاخود بناغه سه‌ره‌کییه‌کان) لێره‌دا ئه‌گه‌ر هاتوو منداڵ بووه خاوه‌نی هه‌موو ئه‌و پێداویستییه فیزیکی و ده‌روونییانه‌ی، که پێویسته هه‌یبێت، ئه‌وا ته‌ندروست ده‌بێت و پێچه‌وانه‌که‌یشی ده‌یشێوێنێت.

2- فازه‌ی ئاوتۆنۆمی و شه‌رم، که له‌نێوان یه‌ک بۆ سێ ساڵی ده‌خایه‌نێت، لێره‌دا منداڵ هه‌وڵ ده‌دات خۆکار بێت، بۆ نموونه ئاو بخواته‌وه، خواردن بخوات، دابنیشێت، هه‌ڵبستێت و بڕوات. ئه‌گه‌ر منداڵ چاودێریی فیزیکی و ده‌روونیی نه‌کرێت و پشتگیریی نه‌کرێت، ئه‌وا تووشی شێواندن ده‌بێت و دوودڵ ده‌بێت له خۆی و له تواناکانی، هه‌ست به خه‌تا ده‌کات و ده‌ترسێت له نه‌گه‌یشتنی به گه‌شه‌کانی، بۆ نموونه خۆی خواردن بخوات و هه‌ڵبستێت و بڕوات.

3- فازه‌ی قووڵبوونه‌وه و هه‌ست به خه‌تاکردن، له‌نێوان سێ بۆ شه‌ش ساڵییدا. ئه‌م فازه‌یه ناسک و گرنگ و مه‌ترسییداره، وه‌ک فازه‌ی ئۆدیپووسی فرۆید، چونکه له‌م فازه‌یه‌دا منداڵ پێویسته فێرەبێت ئیدێنتیفیسیره‌ی خۆی بکات، واتا خۆی بناسێته‌وه، که ئه‌و کێیه و ڕۆڵه‌کانی پیشانی ده‌وروبه‌ر بدات. منداڵ لێره‌دا پێویستی به زۆرترین به‌ته‌نگه‌وەچوونه، چونکه ده‌یه‌وێت وه‌ک که‌سێکی تایبه‌ت و هه‌ڵبژێردراو ته‌ماشا بکرێت، لێ ئه‌گه‌ر هاتوو به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه نه‌کرا، ئه‌وا هه‌ست به خه‌تایه‌کی زۆر ده‌کات، که خه‌تای ئه‌وه، ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی نادرێتێ، که ده‌یه‌وێت وه‌ری بگرێت. له‌م ته‌مه‌نه‌دا، ئه‌گه‌ر هاتوو دایک منداڵێکی تری ببێت، ئه‌وا منداڵی یه‌که‌م هه‌ست به دڵپیسییه‌کی گه‌وره ده‌کات و پێی وایه، که خه‌تای ئه‌وه دایک و باوکی منداڵێکی تریان هێناوه‌ته دونیاوه، چونکه ئه‌م باش نه‌بووه، ئه‌گه‌ر باش بوایه، که منداڵێکی تر په‌یدا نه‌ده‌بوو.

4- فازه‌ی به‌رهه‌مهێنان و پێچه‌وانه‌که‌ی، ئه‌م فازه‌یه له شه‌ش ساڵییه‌وه هه‌تاوه‌کوو ته‌مه‌نی هه‌رزه‌یی ده‌ڕوات، واته تا سێزده ساڵی. لێره‌دا منداڵ ده‌چێته قوتابخانه، یان ئه‌وه‌تا خۆی ده‌گونجێنێت، یان ئه‌وه‌تا نابه‌خته‌وه‌ر ده‌بێت. منداڵ هه‌وڵ ده‌دات په‌سه‌ند بکرێت، ئه‌ویش له ڕێگای چالاکییه‌کانیه‌وه و هه‌وڵ ده‌دات کریاتیڤ بێت. لێ سه‌رنه‌که‌وتن له‌م هه‌وڵه‌دا، منداڵ تووشی پێچه‌وانه‌که‌ی ده‌بێت.

5- فازه‌ی پێنجه‌م، فازه‌ی ئیدێنتیتێت و له‌ناوچوونی بینینی ڕۆڵێکه له ژیاندا. ئه‌م فازه‌یه له سه‌ره‌تای هه‌رزه‌ییه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات، واتا له ته‌مه‌نی سێزده ساڵییه‌وه. لێره‌وه منداڵ تووشی گومان له هه‌موو شت ده‌بێت، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی، که هه‌تا ئێستا فێری بووه له دایک و باوکه‌وه، له کۆمه‌ڵگاوه، له قوتابخانه‌وه. لێره‌دا بیۆلۆگیی منداڵ به‌و پرۆسه‌ کیمیاوییانه‌دا، که پێیدا تێده‌په‌ڕێت، کاراکتەری ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه. له‌م قۆناغه‌دا ئه‌گه‌ر هاتوو منداڵ به‌ شێوه‌یه‌کی باش جووڵایه‌وه و له‌گه‌ڵ ئه‌و قه‌یرانه کیمیاوییه‌دا مامه‌ڵه‌ی کرد، که پێیدا تێده‌په‌ڕێت، ئه‌وا له‌دوای ئه‌وه‌وه ئیدێنتیتێتی خۆی ده‌سه‌پێنێت، ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وا منداڵ هه‌ست ده‌کات که ئه‌و ئه‌وه‌‌یه که نایه‌وێت ببێت، یان ئه‌و، ئه‌و نییه. بۆ نموونه، له‌م ته‌مه‌نه‌دا تاک ئه‌گه‌ر کوڕ بوو، ئه‌وا ده‌توانێت تووشی هه‌ستێک بێت، که ئه‌و کچه و له له‌شی کوڕێکدا زیندانه. یان کچه و له له‌شی کوڕێکدا زیندانه.

6- فازه‌ی شه‌شه‌م، ئینتیمیتێت و ئیسۆلاسیۆن، یاخود بەکوردی سێکسوالیتێت و خۆجیاکردنه‌وه. له‌م فازه‌یه‌دا گه‌نج له بارودۆخێکدایه که هه‌ست به به‌رپرسیارێتییه‌کی ته‌واوی هه‌سته‌کانی ده‌کات، هه‌ست ده‌کات که پێویسته به‌رپرسیارێتیی سیاسیی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌سته‌ی نه‌بێت، ئه‌وا مه‌ترسییه‌کی گه‌و‌ره‌ی ئیسۆلاسیۆنی له‌سه‌ره، مه‌ترسیی گه‌وره‌ی خۆجیاکردنه‌وه‌ی له‌سه‌ره، مه‌ترسیی دووره‌په‌رێزی له‌سه‌ره.

7- فازه‌ی حه‌وته‌م، فازه‌ی خه‌می نه‌وه‌ی ئاینده‌یه و پێچه‌وانه‌که‌یشی خه‌مساردی به‌رامبه‌ر نه‌وه‌ی ئاینده. ئێریکسۆن قسه‌ له‌سه‌ر گێنه‌راتیڤیتێت ده‌کات، به واتای له خه‌می نه‌وه‌ی ئاینده‌دا بوون، لێره‌دا تاک که‌سێکی پێگه‌یشتووه و له ته‌مه‌نێکی نزیکبوونه‌وه له پیریدایه، لێره‌دا ئه‌گه‌ر تاک خاوه‌نی گه‌شه‌یه‌کی ده‌روونیی باش بووبێت، ئه‌وا له خه‌می نه‌وه‌ی ئاینده‌دا ده‌بێت، که ئه‌وانیش ژیانێکی باشیان هه‌بێت، پاره‌، که‌ره‌سته‌ی ژیان، دڵنیایی، ئاینده‌ و خۆشیی ژیانیان هه‌بێت. ئه‌گه‌ر تاک خاوه‌نی گه‌شه‌یه‌کی ده‌روونیی باش نه‌بووبێت، ئه‌وا تووشی ستێگناسیۆن ده‌بێت، به واتای ڕاوه‌ستان و خه‌مساردی به‌رامبه‌ر نه‌وه‌ی ئاینده.

8- فازه‌ی هه‌شته‌م، فازه‌ی ئیگۆ و ئاوێته‌بوون یاخود پێچه‌وانه‌که‌ی، دوودڵی. ئه‌م فازه‌یه کۆتایی قۆناغه‌کان و گه‌شته‌کانی ژیانه. لێره‌دا یان ئه‌وه‌تا تاک پێگه‌یشتووه و ئارام و له‌سه‌ر خۆیه‌، یان ئه‌وه‌تا نائارامه و ده‌ترسێت. ئه‌مه‌ش پابه‌نده به‌وه‌وه که ئاخۆ گه‌شه‌ی پێشینه‌ی منداڵیی تاک چۆن پێگه‌یشتووه. له‌م فازه‌یه‌دا ئه‌گه‌ر تاک گه‌شه‌یه‌کی ده‌روونیی باشی له پێشینه‌ی منداڵیدا هه‌بووبێت، ئه‌وا له‌‌گه‌ڵ پیربووندا ئاوێته ده‌بێت، ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وا له نائارامییه‌کی قورسدا ده‌ژی، نائارامییه‌ک، که به ترس کاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌موو شت ده‌بێت، بۆ نموونه، ترس له نه‌خۆشکه‌وتن، ترس له نه‌توانین ڕۆیشتن، ترس له مردن...هتد.

کاتێک به گه‌شه‌ی ده‌روونیی پێشینه‌ی منداڵیی تاکدا ده‌ڕۆین، پێویسته سه‌رنج له په‌یوه‌ندیی نێوان منداڵ و دایکیش بده‌ین. تاک له ته‌مه‌نی گه‌ییویدا، له په‌یوه‌ندییه‌کانیدا له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر، چه‌ندین نیشانه له سه‌رده‌می پێشینه‌ی منداڵیی خۆی نیشان ده‌دات. بۆ تێگه‌یشتن له‌م په‌یوه‌ندییه، پێویستمان به تیۆری په‌یوه‌ندیی جۆن بۆڵبی هه‌یه. بۆڵبی قسه له‌سه‌ر چوار جۆر په‌یوه‌ندیی نێوان منداڵ و دایک ده‌کات.

تیۆریی په‌یوه‌ندی له‌لای جۆن بۆڵبی
1- په‌یوه‌ندییه‌کی دڵنیا: منداڵ له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا، بۆ دایکی ده‌گه‌ڕێت، بانگی ده‌کات و ده‌گریێ. منداڵ هیچ که‌سێکی بێگانه په‌سه‌ند ناکات، کاتێک په‌یوه‌ندیی پێوه‌ ده‌که‌ن، لێ کاتێک دایکی ده‌رده‌که‌وێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه، خێرا ڕاده‌کات بۆ لای دایکی و باوه‌شی پێدا ده‌کات و ژیر ده‌بێته‌وه.

2- په‌یوه‌ندیی نادڵنیا: منداڵ له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا به‌دوای دایکیدا ناگه‌ڕێت، ناگریێ، بانگی دایکی ناکات. منداڵ که‌سێکی نامۆ په‌سه‌ند ده‌کات که په‌یوه‌ندیی پێوه ده‌کات، ئینجا ئه‌گه‌ر په‌روه‌رده‌کارێک بێت له باخچه‌ی منداڵان، بێگانه‌یه‌ک له بازاڕدا، دراوسێیه‌ک...هتد. له ‌کاتی ده‌رکه‌وتنه‌وه‌‌ی دایکیدا و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ لای منداڵه‌که، ئه‌وا منداڵه‌که په‌یوه‌ندیی پێوه ناکات و وا خۆی پیشان ده‌دات که دایکی هه‌ر لێره نییه. لێره‌دا منداڵ خاوه‌نی گه‌وره‌ترین و قورسترین فشاری هه‌سته، وێڕای ئه‌وه‌ی، که پیشانی نادات و دایکیش نایبینێت.

3- په‌یوه‌ندیی نادڵنیایی ئه‌مبیڤالێنت: ئه‌مبیڤالێنت، واته دوو بۆچوون، مامه‌ڵه، بیرکردنه‌وه‌ی دژ به یه‌ک، بۆ نموونه ڕه‌ش و سپی، خۆشه‌ویستی و ڕق. له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا، کاتێک دایک له‌به‌رچاوی منداڵدا ده‌ڕوات، منداڵ هیچ کاردانه‌وه‌یه‌کی نابێت، لێ له‌ کاتی ده‌رکه‌وتنه‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌ی دایکدا بۆ لای منداڵ، ئه‌وا منداڵه‌که به‌ره‌وڕووی دایکی ڕاده‌کات، پاشان له‌ نیوه‌ی ڕێگادا ڕاده‌وه‌ستێت و هیچ په‌یوه‌ندیی به دایکییه‌وه ناکات، واته نه باوه‌شی پێدا ده‌کات و نه خۆی پێوه ده‌نووسێنێت، پاشان خۆی فڕێ ده‌داته سه‌ر زه‌وی و ده‌گریێ، پاش چه‌ند خوله‌کێک ژیر ده‌بێته‌وه و دیسان په‌یوه‌ندی به دایکییه‌وه ده‌کات.

4- په‌یوه‌ندییه‌کی ئۆرگانیزه‌کراوی نادڵنیا: له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا منداڵ خاوه‌نی گه‌وره‌ترین پله‌ی شترێسه و په‌یوه‌ندییه‌کی نادڵنیای به دایکییه‌وه هه‌یه. گفتوگۆی منداڵ له‌گه‌ڵ دایکدا، به‌شێوه‌یه‌ک هه‌سته‌کییانه شێواوه، که جارێک دایک سه‌رچاوه‌ی هێز و ژیانه و جارێکیش سه‌رچاوه‌ی دروستکردنی ترسه. منداڵ ژیانێک له په‌یوه‌ندییه‌کی پچڕاو له‌گه‌ڵ دایکیدا ده‌ژیێ، واته وێڕای ئه‌وه‌ی منداڵ لەته‌نیشت دایکییه‌وه دانیشتووه، له باوه‌شیدا دانیشتووه، که‌چی هه‌سته‌کییانه به دایکی ناگات، وه‌ک ئه‌وه‌ی دایکی هه‌ر لێره نه‌بێت وه‌هایه.

هه‌موو ئه‌م جۆره په‌یوه‌ندییانه له ته‌مه‌نێکی گه‌ییودا، تاک له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا پراکتیزه‌ی ده‌کات. بۆ نموونه، هه‌ندێک جار سه‌رنج له گفتوگۆی نێوان ژن و مێردێک ده‌ده‌‌ین و ده‌بینین که پیاوه‌که له‌ کاتی گفتوگۆکردن له‌سه‌ر بابه‌تێک له‌گه‌ڵ ژنه‌که‌یدا، تووشی به‌رزه‌په‌ستانی خوێن و شترێس ده‌بێت، به‌ شێوه‌یه‌ک که هه‌سته‌کانی کاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر قسه‌کردنی هه‌یه و قسه‌کردنی پیاوه‌که ته‌واو ده‌شێوێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی، که نه‌توانێت چ قسه بکات و چ هه‌سته‌کانیشی ده‌رببڕێت.

وه‌ک له سه‌ره‌تای ئه‌م تێکسته‌دا ئاماژه‌م به‌وه‌ کرد، که ئه‌م سه‌فه‌ره بۆ ڕابردوو له ده‌موچاوه‌وه ده‌ست پێده‌کات، هه‌ر ئاوهاش سه‌فه‌ره‌که دیسانه‌وه له ده‌موچاودا کۆتایی دێت. ئه‌م کۆتاییه‌ ڕاسته‌وخۆ له سه‌رده‌می پێشینه‌ی منداڵییه‌وه ده‌مانهێنێته‌وه بۆ ئێستا و ئالێره‌دا. بۆ نموونه، کاتێک ئێستا و ئالێره‌دا قسه له‌گه‌ڵ تاکێک ده‌که‌ین، که بۆ نموونه، ته‌مه‌نی له‌نێوانی چل بۆ په‌نجا ساڵێکدا ده‌بێت. ده‌موچاو خاوه‌نی ستراکتۆرێکی ئه‌تڵه‌سییه، ئه‌تڵه‌سێک له ده‌موچاودا که کاراکتەری تاک ئاشکرا ده‌کات.

بۆ نموونه که‌سێک، ئه‌گه‌ر سیاسییه‌، ئه‌گه‌ر نووسه‌ره، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌یه هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت، یان خاوه‌نی ده‌موچاوێکی (بیلیه‌س Bilious)ە، به واتای که‌سێک، که خاوه‌نی ده‌ربڕینێکی تیژه. تایبه‌تییه‌کانی ئه‌‌م ده‌موچاوه له‌وه‌دایه که چاڵی نێوان نێوچه‌وان و لووت ئاشکرا دیاره، نێوچه‌وانه‌که درێژه، لێ که‌مێک نه‌وییه، چاڵی نێوان نێوچه‌وان و لووت قووڵه، لووت ده‌رکه‌وتووه و ده‌م و چه‌ناگه کشاونه‌ته‌وه دواوه، ئه‌مه‌ش وه‌ها ده‌کات، که نێوچه‌وان له‌پێش چه‌ناگه‌وه بێت. هه‌موو ئه‌مانه به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌موچاوێکی خوێنگه‌رمه‌وه‌ن.

ده‌موچاوی خوێنگه‌رم خێرا تووڕه‌ ده‌بێت، زوو کاریگه‌ریی ئێمۆسیۆناڵی (هه‌سته‌کی)ی له‌سه‌ر دیار ده‌که‌وێت. نێوچه‌وانی خوێنگه‌رم چ درێژه و چ بڵنده، له‌کاتێکدا ده‌موچاوێکی بیلیه‌س نه‌ویتره. چاڵی نێوان نێوچه‌وان و لووت قووڵ و دیاره، لووت درێژتر چووەته‌ خواره‌وه و که‌مێک نه‌وییه، ده‌م چووەته‌ دواوه و چه‌ناگه ده‌رپه‌ڕیوه.

ده‌موچاوی نێرڤوس، یان شڵه‌ژاو، خاوه‌نی نێوچه‌وانێکی کورته و لووتێکی درێژ، چاڵی نێوان لووت و نێوچه‌وان که‌م قووڵه، لووت خاوه‌نی نووکێکی تیژه، ده‌م و چه‌ناگه له‌دواوه‌ن.

ده‌موچاوی لیمف، ناوه‌که‌ی له سیستێمی گه‌یاندنی شله‌مه‌نییه‌کانی له‌شه‌وه (سووڕی خوێن) هاتووه. ئه‌م ده‌موچاوه پانه، نێوچه‌وان کورت، چاڵی نێوان نێوچه‌وان و لووت دیاره و قووڵه، لووته‌که له نووکدا ڕووی له‌سه‌ره‌وه‌یه، ده‌م و چه‌ناگه له ئاستی نێوچه‌واندا له پێشه‌وه‌ن، تایبه‌تمه‌ندییه‌کی تری ئه‌م ده‌موچاوه، کورتیی مله.

من ئه‌م چوار جۆره‌م بۆیه هه‌ڵبژارد، چونکه تایبه‌تن و ڕۆژانه له هه‌ر کوێیه‌کی جیهاندا بین، ڕووبه‌ڕوویان ده‌بینه‌وه. له باشووری کوردستاندا هه‌مانشێوه تووشمان ده‌بن، بۆ نموونه له سیاسه‌ت و میدیادا. بۆ نموونه، دوو ده‌موچاوی خوێنگه‌رم به ڕێککه‌وت یه‌کتر ده‌بینن، لێ هه‌ریه‌که و خاوه‌نی کاراکتەرێکی تایبه‌ته. گریمان کاراکتەری ژماره یه‌ک و ژماره دوو. با ئێمه لێره‌دا کاراکتەری ژماره دوو هه‌ڵبژێرین، چونکه خاوه‌نی کاراکتەرێکه، که سه‌رنجمان ڕاده‌کێشێت.

ئه‌م ده‌موچاوه زۆر بهگه‌رمی ئاگای له‌ خۆیه، زۆر ئاسان هه‌ڵده‌چێت و تووڕه ده‌بێت، پڕ وزه‌یه بۆ جووڵه، بۆ کار، بۆ به‌رده‌وامیی له گفتوگۆدا، که له ڕێگایه‌وه هه‌وڵ ده‌دات به ویسته‌کانی بگات، هیوای زۆره که به ویسته‌کانی بگات. کاراکتەری ئه‌م ده‌موچاوه بڕیار له‌سه‌ر چۆنیه‌تی و چۆنایه‌تیی ژیانی ده‌دات. ئه‌گه‌ر هاتوو کاراکتەری تاکێکی وه‌ها، خاوه‌نی گه‌شه‌یه‌کی باش و ته‌ندروستی پێشینه‌ی منداڵی بوو، ئه‌وا له ئاینده‌دا نه ده‌بێته هۆی زیان بۆ ژیانی خۆی و نه زیانیش له ژیانی ده‌وروبه‌ردا ده‌خاته‌وه. خستنه‌وه‌ی زیان به ژیانی خود و ژیانی خه‌ڵکی، پابه‌نده به چۆنیه‌تیی کاراکتەری تاکه‌وه، واتا کاراکتەره‌که بڕیار له‌سه‌ر زیان ده‌دات.

​با لێره‌دا که‌یسێک دروست بکه‌ین، گریمان ئه‌و دوو ده‌موچاوه خوێنگه‌رمه‌ی، که پێشتر به نموونه هێنامانه‌وه، یه‌کێکیان میدیاکاره و ئه‌وی تریش سیاسی. ئه‌م دووانه وێڕای ئه‌وه‌ی خاوه‌نی ده‌موچاوی خوێنگه‌رمن، لێ خاوه‌نی دوو کاراکتەری جیاوازن و گفتوگۆ له‌سه‌ر ڕووداوه سیاسییه‌کانی کوردستان ده‌که‌ن. سیاسییه‌که وێڕای ده‌موچاوه‌که‌ی، خاوه‌نی کاراکتەرێکی تایبه‌ته، که له ڕێگای بیرکردنه‌وه و گفتوگۆیه‌وه، چه‌نده‌ها نیشانمان پیشان ده‌دات.

​جیهان و ڕه‌نگی به‌شێکی گه‌وره‌ی خه‌ڵکانی کاراکتەر شێواو، خه‌ڵکانی شیزۆفرێن، خه‌ڵکانی سایکۆپات، جیهانێکی تاریکه، ڕه‌نگێکی تاریکه. تاریکی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شێواندنی بیرکردنه‌وه و هه‌ستی تاکه. ده‌شێت له جیهانی هه‌ندێک مرۆڤدا، ڕه‌نگی تاریک، ڕه‌نگێکی سێکسی بێت، ڕه‌نگێکی ئێلێگانت بێت...هتد.

لێره‌دا سه‌رنج بده‌ینه تێزێک، که ده‌ڵێ، له‌ کوێ ڕووناکی هه‌بوو، سێبه‌ریش هه‌یه. له قرچه‌ی هاویندا، سه‌رنج بده دوو که‌س، یه‌کیان سه‌رتاپای به ڕه‌ش پۆشیوه و ئه‌وی تریشیان سه‌رتاپای به سپی پۆشیوه. ئه‌وه‌ی سپیپۆشه، که‌متر گه‌رمایه‌تی وه‌ک له‌وه‌ی که ڕه‌شپۆشه. هۆکاری ئه‌م فێنۆمێنه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که ڕه‌نگی سپی خاوه‌نی هه‌موو ڕه‌نگه‌کانه له خۆیدا، لێ ڕه‌ش خاوه‌نی هیچ نییه، هه‌ر بۆیه هه‌موو ڕه‌نگێک وه‌رده‌گرێت. ڕه‌ش وه‌ک چاوگه‌یه‌کی هه‌ڵمژ وه‌هایه، که هه‌رچی ئه‌نه‌رگیی هه‌یه بۆ خۆی هه‌ڵیده‌لووشێت. له زانستی فیزیکدا قسه له‌سه‌ر ئه‌نه‌رگیی ڕه‌ش ده‌کرێت. ئه‌نه‌رگیی ڕه‌ش، مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر گه‌ردوون، چونکه ته‌واوی ئه‌نه‌رگیی تر له گه‌ردووندا هه‌ڵده‌لوشێت. هه‌ندێک له زانایان هۆکاری کۆتایی گه‌ردوون له ئاینده‌دا به گه‌وره‌بوونی چاوگه‌ی ئه‌نه‌رگیی ڕه‌شه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه. ئه‌نه‌رگیی ڕه‌ش، پێکهاته‌یه‌که له چالاکیی بیلیارده‌ها ئه‌تۆمی بوونیه‌تێک، هه‌روه‌ک پارچه‌یه‌ک زه‌وی، به‌رد، به‌ڵام مرۆڤێکیش ده‌توانێت خاوه‌نی ئه‌م ئه‌نه‌رگییه ڕه‌شه بێت. له زانستی ده‌روونناسییدا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌نه‌رگیی ڤامپیه‌ر ده‌کرێت، که تاک هه‌رچی ئه‌نه‌رگیی به‌رامبه‌ر هه‌یه بۆ خۆی هه‌ڵیده‌لووشێت. هۆکاره‌که‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی، که تاک خاوه‌نی ئه‌نه‌رگییه‌کی ڕه‌شه له خۆیدا. له کولتووری کوردیدا قسه له‌سه‌ر چاوپیسی ده‌کرێت، هه‌مانشێوه، تاکی وه‌ها خاوه‌نی ئه‌نه‌رگیی ڕه‌شه له خۆیدا، هیچ په‌یوه‌ندیی به چاوه‌وه نییه. چاو ته‌نیا ئامڕازێکه بۆ بینین، تاک ته‌ماشای ئۆبیه‌کتێک، که‌سێک ده‌کات و بیر ده‌کاته‌وه، بیرکردنه‌وه‌که‌ی تاک بریتییه له ئه‌نه‌رگییه‌ک که کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ماته‌ری له ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا ده‌بێت، بیرکردنه‌وه‌که ده‌بێته هۆی هه‌ڵلووشینی ئه‌نه‌رگیی ئه‌و ئۆبیه‌کته‌ی، ئه‌و که‌سه‌ی که ته‌ماشا ده‌کرێت که بیری لێ ده‌کرێته‌وه، به‌م شێوه‌یه ئه‌نه‌رگیی ئۆبیه‌کتی به‌رامبه‌ر، مرۆڤی به‌رامبه‌ر که‌م ده‌کات، که‌میی ئه‌نه‌رگیش له ئۆبیه‌کتێکدا ده‌بێته هۆی باش کار نه‌کردنی ئۆبیه‌کته‌که. له گه‌ردووندا هیچ ئۆبیه‌کتێک، هیچ ماته‌رییه‌کی ڕه‌ق نییه، ئه‌وه‌ی وه‌ها ده‌کات، که ماته‌رییه‌ک ڕه‌ق بێت، بریتییه له چڕبوونه‌وه‌ی ئه‌نه‌رگیی ئه‌تۆمه‌کانی ناو ماته‌رییه‌که. بۆ نموونه، شووشه‌یه‌ک ده‌شکێت، موسکلێک، ئێسکێک، ئۆرگانێک ئازاری تێده‌که‌وێت.

لێره‌دا ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر کاراکتەرێکی شێواو، که نه‌ک به ته‌نها ستراکتۆری کاراکتەری شێواوه، به‌ڵکوو ستراکتۆری ئه‌تۆمه‌کانی پێکهاته‌ی بوونیشی شێواوه. بۆ نموونه، کاراکتەرێکی دیسسۆسیال، که له (ICD-10) پۆلێنکردنی نێونه‌ته‌وه‌یی نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌کاندا خاوه‌نی کۆدی (F60.2)ه. که‌سایه‌تییه‌که، نه‌ک به ته‌نها کاراکتەری به‌ڵکوو ته‌واوی ستراکتووری ئه‌تۆمه‌کانی پێکهاته‌ی بوونی شێواوه، ئه‌مه‌ش وه‌ها ده‌کات، که نۆیرۆنه‌کانی مێشکی که‌سێکی وه‌ها جیاوازتر وه‌ک له نۆیرۆنه‌کانی مێشکی مرۆڤێکی نۆمارڵ کار بکات.

​لێره‌دا سه‌رنج ده‌ده‌ینه که‌یسه‌که‌مان، ئه‌و دوو ده‌موچاوه خوێنگه‌رمه‌ی، که له که‌‌یسه‌که‌ماندا هه‌مانه. سیاسییه‌که له دانیشتن و گفتوگۆیدا پیشانمان ده‌دات، که
1- ​به ‌هیچ شێوه‌یه‌ک هه‌ستی به‌رپرسیارێتیی بۆ به‌رامبه‌ر نییه و هه‌میشه خه‌تا ده‌خاته سه‌ر شانی به‌رامبه‌ر.
2- خاوه‌نی ئیمپاتیی نییه بۆ به‌رامبه‌ره‌که‌ی و پێشێلی هه‌موو نه‌ریته کۆمه‌ڵایه‌تی و مۆڕاڵییه‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌کات.
3- توانای تۆله‌ریره‌کردنی (په‌سه‌ندکردنی) هه‌سته نیگه‌رانییه‌کانی نییه و تووڕه‌ییه‌کی زۆر نیشان ده‌دات، که ئاماده‌یه بۆ شه‌ڕ.
4- هه‌ست به خه‌تا ناکات و ئاماده‌ی فێربوونیش نییه له‌و ناخۆشییانه‌وه، که چ به‌سه‌ریدا هاتووه و چ به‌سه‌ر خه‌ڵکیشیدا هێناوه.
5- هه‌ستێکی گه‌وره بۆ خه‌تابارکردنی به‌رامبه‌ر.
6- درۆکردنێکی به‌رده‌وام.

کاراکتەری دیسۆسیال به چه‌ندین جۆری تر پێناس ده‌کرێن، وه‌ک که‌سایه‌تیی تێکچووی نامۆڕاڵ، که‌سایه‌تیی تێکچووی ئه‌نتی سۆسیال، که‌سایه‌تیی تێکچووی ناسۆسیال، که‌سایه‌تیی تێکچووی سایکۆپات، که‌سایه‌تیی تێکچووی سۆسیۆپات.

له هه‌ندێک کولتووردا ئه‌م کاراکتەرانه هێنده خۆیان ده‌شارنه‌وه، هێنده نایانه‌وێت ده‌ربکه‌ون، هه‌تا تاوانه‌کانیان ئاشکرا نه‌بێت، لێ له کۆمه‌ڵگای کوردییدا پێچه‌وانه‌‌یه، ئه‌م کاراکتەرانه زیاتر حه‌ز به ده‌رکه‌وتن ده‌که‌ن، چونکه دڵنیان له‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مان له‌سه‌روو ده‌سه‌ڵاتی یاساوه‌یه، هه‌ر بۆیه ناترسن. ئه‌م کاراکتەره دیسۆسیاله وه‌ک دڕنده‌یه‌ک وان له جه‌سته‌ی مرۆڤێکدا. مرۆڤی دیسۆسیال شیرین و ده‌م به خۆشیین وه‌ک جۆرج کلۆنی، درۆزنن وه‌ک عه‌بادی، فێڵکه‌رن، زاڵده‌ستن وه‌ک ئه‌ردۆگان، تووڕه و هه‌ڵچوون وه‌ک سه‌دام حوسێن. کاراکتەری دیسۆسیال هه‌رگیز به‌رپرسیارێتیی ناگرێته ئه‌ستۆی خۆی، کاتێک کارێک ده‌کات، کاره‌ساتێک ده‌نێته‌وه، که‌سێک ده‌کوژێت...هتد. هه‌روه‌کوو چۆن له شازدەی ئۆکتۆبه‌ردا هیچ که‌س به‌رپرسیارێتی ناگرێته ئه‌ستۆی خۆی. کاراکتەری دیسۆسیال هه‌رگیز توانای ئه‌وه‌ی نییه، که په‌شیمان بێت له کرده‌یه‌کی، یاخود هه‌ستی مرۆڤایه‌تی به‌رامبه‌ر به تاک و کۆ ده‌رببڕێت، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک به‌رپرسیارێتیی مرۆیی و مۆڕاڵییان نییه.

ئه‌م مرۆڤانه دژه کۆمه‌ڵن، هه‌ستیان بۆ به‌رامبه‌ر نییه، ئه‌وه‌ی ده‌ریده‌خه‌ن ته‌نیا ڕۆڵێکه ده‌یبینین. هه‌رچی نۆرمی کۆمه‌ڵایه‌تی و یاساییه ده‌یشکێنن، ترس و گرژیی هه‌ستیان نییه وه‌ک خه‌ڵکانی تر. به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک هیچ شتێک له ئه‌زموونی ڕابردووی خه‌ڵکی و خۆیان فێر نا‌بن، ئه‌مه‌ش وه‌ها ده‌کات که تاوان له‌دوای تاوان بکه‌ن. ئه‌مانه زۆرینه‌ی جار منداڵانی خێزانێکی شێواون. خێزانێکی شێواویش مه‌رج نییه خێزانێک بێت که بریتی بێت له دایک و باوکێکی ئه‌لکهۆلیکه‌ر و به‌دمه‌ست به مادده هۆشبه‌ره‌کانه‌وه، نه‌خێر خێزانێکی شێواو ده‌توانێت بریتیی بێت له دایک و باوکێکی خاوه‌ن کار و پۆشته و ڕێکپۆش و خاوه‌ن پۆست، لێ خاوه‌ن دوو کاراکتەری شێواو، که که‌متریین کاتیان بۆ منداڵ هه‌یه، خاوه‌نی په‌روه‌رده‌یه‌کی توندوتیژ و دیسپۆتن بۆ منداڵ. ئه‌م مرۆڤانه له منداڵییه‌وه خاوه‌نی سیمپتۆمی دیسۆسیالن، بۆ نموونه، له باخچه‌ی منداڵاندا توندوتیژن به‌رامبه‌ر به منداڵانی تر، که‌تن ده‌نێنه‌وه و له باخچه‌ی ساوایان و له قوتابخانه ڕاده‌که‌ن، خۆیان ده‌دزنه‌وه، به‌یانییان له ماڵ دێنه ده‌ر، لێ ناچنه قوتابخانه، له دوکان و بازاڕه‌کاندا دزی ده‌که‌ن، له قوتابخانه‌دا شه‌ڕفرۆشن، شه‌ڕ سه‌رچاوه‌یه‌کی گه‌وره‌ی پێدانی ئه‌نه‌رگییانه. ئه‌گه‌ر خۆیان شه‌ڕیان ده‌ست نه‌که‌وێت، شه‌ڕی خه‌ڵکانی تر ده‌که‌ن به هی خۆیان، بۆ نموونه، ده‌توانن به ناوی له‌سه‌رکردنه‌وه‌ی منداڵێکی تره‌وه شه‌ڕی منداڵانی تر بکه‌ن.

له ده‌روونناسیی قووڵدا، که کار له‌سه‌ر گه‌شه‌ی ده‌روونیی پێشینه‌ی منداڵی ده‌کات، قسه له‌سه‌ر شێواندانی ستراکتۆری کاراکتەر ده‌کرێت، به‌تایبه‌ت له سه‌رووی (من)دا. هه‌ندێک جار (من)ی ئیدیاڵ له شترێسێکی گه‌وره‌ و ئێکسترێمدایه، که بۆ خودێکی گراندیۆس به واتای نایاب و شاز ده‌گه‌ڕێت. تاک لێره‌دا ده‌ڵێ، ئه‌گه‌ر من له ژیانێکی نۆرماڵی کۆمه‌ڵایه‌تییدا نه‌توانم پێگه‌یه‌کم هه‌بێت، نه‌توانم ژماره یه‌کی کۆمه‌ڵ بم، ئه‌وا ده‌توانم له توندوتیژییدا پاڵه‌وان بم، وه‌ک کریمینێڵێک. لێره‌دا تاک هه‌موو شت به شه‌ڕ ده‌زانێت، وه‌رزشکردن، مه‌شقکردن، قسه‌کردن، ته‌نانه‌ت سێکسکردنیش به شه‌ڕ ده‌زانێت، هه‌موو شه‌ڕێکیش پێویسته ببرێته‌وه، چونکه دۆڕاندن جێگای په‌سه‌ندکردن نییه. ته‌نانه‌ت له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا، ئه‌گه‌ر پارتەکەی ئه‌م جۆره که‌سایه‌تییانه، ده‌نگێکی که‌م بهێنن، ئه‌وا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک په‌سه‌ندی ناکه‌ن و نایانه‌وێت وه‌ک دۆڕاوێک ته‌ماشا بکرێن.

کاراکتەری دیسۆسیال وێڕای ئه‌وه‌ی که خاوه‌نی که‌مترین هه‌ستن، که‌چی باشترین چاودێرکه‌رن، به‌م شێوه‌یه ئه‌وان زۆر سانا خاڵی لاوازی به‌رامبه‌ره‌که‌یان ده‌بینن و هه‌میشه وه‌ک ده‌روازه‌یه‌ک بۆ هێرش به‌کاری ده‌هێنن. بیهێننه به‌رچاوی خۆتان، ئه‌و شۆکه گه‌وره‌یه‌ی له کاره‌ساتی شازده‌ی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی ٢٠١٧دا تووشی کورد بوو، یان له سه‌روبه‌ندی دوا هه‌ڵبژاردنی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراقدا چه‌ند سیناریۆی سه‌یروسه‌مه‌ره‌مان بینی، گوێمان له چه‌ندین ڕێککه‌وتن بوو له‌نێوان لایه‌نه کوردییه‌کاندا و که‌چی له چرکه‌ساتێکدا هه‌مووان تووشی شۆک بووین. ئه‌م شۆکانه له‌سه‌ر ده‌ستی سیاسییه دیسۆسیاله‌کان دروست بوون، چونکه ئه‌وانه باشترین چاودێرکه‌رن و سانا خاڵی لاوازی به‌رامبه‌ر ده‌پێکن و له قازانجی خۆیاندا به‌کاری ده‌هێنن. هۆکاری نه‌بوونی یه‌کڕیزیی کورد له کوردستاندا به گشتی و له باشووردا به‌تایبه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌بوونی کاراکتەری دیسۆسیال له بڕیاره سیاسییه‌کاندا.

مێشکی کاراکتەرێکی دیسۆسیال جیاوازتر کار ده‌کات، وه‌ک له مێشکی کاراکتەرێکی نۆرماڵ، شێواندن له نۆیڕۆنه‌کانی سیستێمی لیمبیشدا هه‌یه که ده‌که‌وێته ده‌ستەچه‌پی مێشکه‌وه له ئاریاڵی تێمپۆراڵدا. ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆکاری ئه‌وه‌ی که سیاسیی ناو که‌یسه‌که‌مان هیچ هه‌ست به به‌رامبه‌ره‌که‌ی نه‌کات، کاتێک ئازاریان ده‌دات، کاتێک ژیانیان ناخۆش ده‌کات، کاتێک خه‌مباریان ده‌کات، ده‌غڵودانیان ده‌سووتێت، ماڵیان به‌سه‌ردا ده‌ڕووخێت، له ماڵ ده‌رده‌کرێن، زیندانی ده‌کرێن، ده‌ربه‌ده‌ر ده‌کرێن، تاوانبار ده‌کرێن...هتد. نه‌‌بوونی ئیمپاتی له کاراکتەری دیسۆسیالدا فێنۆمێنێکی دیاره، ئه‌مانه له منداڵییه‌وه هه‌ست به‌وه ده‌که‌ن، که جیاوازن، هه‌ر بۆیه هه‌موو هه‌وڵێک ده‌ده‌ن که له کۆمه‌ڵدا به‌و جیاوازییه ده‌رنه‌که‌ون، هه‌میشه کۆپیی دیارده ڕۆتینییه‌کانی کۆمه‌ڵ ده‌که‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک ئه‌وان ده‌ربکه‌ون. هه‌ندێک لەمانه ئاره‌زوویه‌کی گه‌وره‌ی سه‌ربازییان هه‌یه، چونکه له ڕێگای سوپاوه هه‌وڵی پراکتیزه‌کردنی ده‌سه‌ڵات ده‌ده‌ن، که سه‌ربازن، زۆر زوو هه‌وڵ ده‌ده‌ن پله‌کانیان به‌رز بکه‌نه‌وه و بگه‌نه پۆستێکی باڵا. ئه‌گه‌ر سه‌ربازێکی دیسۆسیال له شه‌ڕدا نه‌بێت، ئه‌وا شه‌ڕ بۆ خۆی له‌ناو سوپاکه‌ی خۆیدا له‌گه‌ڵ سه‌ربازانی تردا ده‌دۆزێته‌وه، ئه‌گه‌ر بۆی هه‌ڵنه‌که‌وت، ئه‌وا باڵنده‌یه‌ک، ئاژه‌ڵێک ده‌دۆزێته‌وه هه‌تاوه‌کوو به‌سه‌ریدا زاڵ بێت. یه‌کێک له گه‌وره‌ترین خه‌مه‌کانی هیتله‌ر له سه‌رده‌می گه‌نجێتیدا، ڕاوه‌ستانی جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌م بوو، چونکه هیوایه‌کی گه‌وره‌ی به‌وه هه‌بوو که له سوپادا بگاته پۆستێکی باڵا. گه‌یشتن به پۆست و ده‌سه‌ڵات، گه‌یشتنه به ماڵه‌وه بۆ کاراکتەرێکی دیسۆسیال، بۆ کاراکتەرێکی سایکۆپات، چونکه له پۆست و ده‌سه‌ڵاتدا ساناتر پراکتیزه‌ی ویسته‌کانی ده‌کات، به‌بێ گوێپێدانه هه‌ستی به‌رامبه‌ر. ئه‌و کاته‌ی کاراکتەرێکی دیسۆسیال ده‌گات به ده‌سه‌ڵات، ئه‌و کاته کاتی ئه‌وه‌یه یان ڕایبگریت یان ڕابکه‌یت، چونکه هیچ چاره‌یه‌کی ترت نییه.

بگه‌ڕێینه‌وه بۆ که‌یسه‌که‌مان، ئه‌و دوو ده‌موچاوه خوێنگه‌رمه‌ی که له که‌‌یسه‌که‌ماندا هه‌مانه. میدیاکاره‌که زۆر زیاتر ده‌رده‌که‌وێت وه‌‌ک له سیاسییه‌که، چونکه سیاسییه‌که ناویه‌وێت ده‌موچاوی ببینین، نایه‌وێت چونکه ده‌ترسێت ڕاستیی له ده‌موچاویدا ببینین. ده‌شێت سیاسییه‌که ئاگاداری جیهانی خوێندنه‌وه‌ی ده‌موچاو بێت، هه‌ر بۆیه ده‌ترسێت له‌وه‌ی که له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیارێکدا ببینین، که درۆ ده‌کات. بۆ ئه‌وه‌ی قسه بکه‌ین، پێویسته بیر بکه‌ینه‌وه، بیرکردنه‌وه‌مان وشه به‌رهه‌م دێنێت، وشه واتای هه‌یه و واتاش کاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌ستمان دروست ده‌کات، به‌م شێوه‌یه هه‌ست و بیرکردنه‌وه له‌سه‌ر یه‌ک هێڵی ته‌ریب به هه‌مان تێمپۆ (خێرایی) ده‌ڕۆن، ئه‌گه‌ر بێتو که‌سه‌که ڕاستگۆ بێت، ئه‌گه‌ر ڕاستگۆ نه‌بێت، ئه‌وا بیرکردنه‌وه پێش هه‌ست ده‌که‌وێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی جووڵه‌ی تایبه‌ت. بۆ نموونه، هه‌ست ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی، که کاریگه‌ریی هه‌بێت له‌سه‌ر سووڕی خوێن، به‌م شێوه‌یه خوێنێکی زیاد ڕوو له ده‌موچاو ده‌کات، ئه‌م زۆریی خوێنه یان ده‌بێته هۆی سوورهه‌ڵگه‌ڕانی ده‌موچاو، یاخود خوێنێکی زۆر ڕوو له دڵ ده‌کات، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی که‌مبوونه‌وه‌ی خوێن له ده‌موچاودا، که قسه‌که‌ر لێره‌دا ڕه‌نگی ده‌بزڕکێت، یان سپی هه‌ڵده‌گه‌ڕێت. یاخود خوێنێکی زیاد ده‌چێته تووره‌که‌کانی لووته‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی، که لووت گه‌رم بێت، که گه‌رم بوو ده‌خورێت، لێره‌دا قسه‌که‌ر که درۆ ده‌کات ده‌ست بۆ لووتی ده‌بات و ده‌یخورێنێت. یاخود خوێنێکی زۆر ڕوو ده‌کاته زمان، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی، که قسه‌که‌ری درۆکه‌ر زمانی بەخێرایی ده‌ربێنێت، هه‌ندێک جار خێرا لێوی پێ ده‌سڕێت، چونکه لێوی وشک ده‌بێت. هه‌ندێک جار قسه‌که‌ر لێوه‌کانی ده‌کرۆژێت، قسه‌که‌ر سه‌ری ده‌خورێت، قسه‌که‌ر بزه‌یه‌کی شاردراوه له‌سه‌ر ڕوومه‌تیه‌تی. ئه‌مانه هۆکارن بۆ ئه‌وه‌ی سیاسیی ناو که‌یسه‌که‌مان، که نه‌یه‌وێت له هه‌موو قسه‌کردنێکدا ده‌موچاوی له پێشه‌وه‌ی کامێرادا بێت. یاخود سیاسییه‌که ڕاسته‌وڕاست ڕوو ناکاته کامێرا، به‌ڵکوو ته‌نیا لایه‌کی ده‌موچاوی ده‌رده‌خات.

ده‌موچاو خاوه‌نی ئه‌تڵه‌سێکی ده‌روونییه و بۆ ده‌ربڕینی هه‌ر وشه‌یه‌ک چل و سێ موسکل له ده‌موچاودا ئیش ده‌که‌ن. ئه‌تڵه‌سی ده‌موچاو به‌رهه‌می کاری چل ساڵی گه‌وره ده‌روونناسی ئه‌مێریکیی پاوڵ ئێکمانه. پاوڵ ئێکمان خاوه‌نی چه‌نده‌ها تیۆریی نایابه له ده‌روونناسیدا، من پراکتیزه‌ی تیۆرییه‌کانی ئێکمان له هه‌ردوو کتێبی (خوێندنه‌وه‌ی هه‌سته‌کان و ده‌زانم، که تۆ درۆ ده‌که‌یت) بۆ کاراکتەره سیاسییه‌که‌ی ناو که‌یسه‌که‌مان به‌کار دێنم.

گریمان میدکاره‌که له سیاسییه‌كه‌مان ده‌پرسێت، که ئاخۆ پراکتیزه‌ی هیچ توندوتیژییه‌کی کردووه؟ له وه‌ڵامدا سیاسیه‌که ده‌ڵێ: نه‌خێر. لێ ئه‌تڵه‌سی ده‌موچاوی سیاسییه‌که له چه‌ند شوێنێکدا ئه‌کتیڤه. بۆ نموونه، له ده‌ستەڕاستی ده‌موچاوییه‌وه، له سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی ده‌میه‌وه موسکلێک ده‌جووڵێت و چاڵێکی تیژ ده‌کاته سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی ده‌میه‌وه. گرژبوونی ئه‌م موسکله خه‌تێکی لار ده‌کاته نێوان سه‌ره‌وه‌ی ده‌می و سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی ده‌می، خه‌ته‌که له سه‌ره‌تای کونی لووتیه‌وه ده‌ست پێده‌کات و له سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی ده‌میه‌وه کۆتایی دێت. چاوه‌کانی وێڕای ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ ته‌ماشای میدیاکاره‌که ده‌که‌ن، لێ که‌مێک ڕوو له خوارن. خوێنێکی زۆر به کوڵمه‌کانیدا تێده‌په‌ڕێت و بریسکه له کوڵمه‌کانیدا په‌یدا ده‌کات.

له پرسیارێکی تری میدیاکاره‌که‌دا که سیاسیی ناو که‌یسه‌که‌مان دیسان به درۆ وه‌ڵام ده‌داته‌وه، زمانی بەخێرایی ده‌ردێنێت و به سه‌ری زمان لێوی ته‌ڕ ده‌کات. ئه‌م جووڵانه له خێرایی میلی چرکه‌که‌دان، که ئه‌گه‌ر بێتو زۆر سه‌رنج له سیاسییه‌که نه‌ده‌یت، ئه‌وا ده‌شێت هه‌ر نه‌یبینیت. له پرسیارێکی تردا، که به درۆ وه‌ڵام ده‌داته‌وه، ده‌ست بۆ لووتی ده‌بات و ده‌یخورێنێت، چونکه خوێنێکی زۆر له تووره‌که‌کانی لووتیدا کۆبووەته‌وه و گه‌رم بووە، ئه‌م گه‌رمبوونه وا ده‌کات که لووت بخورێت، هه‌ر بۆیه سیاسییه‌که ناچار ده‌بێت لووتی بخورێنێت. کاتێک میدیاکاره‌که قسه له‌سه‌ر یه‌کڕیزی و ته‌بایی و برایه‌تی ده‌کات، سیاسییه‌که زۆر به گه‌رموگوڕی پێداگری له‌سه‌ر یه‌کڕیزی و خۆشویستنی یه‌کتری ده‌کات، به‌م شێوه‌یه بیرکردنه‌وه‌ی پێش هه‌سته‌کانی ده‌که‌وێت، کاتێک له ده‌ربڕینی ئه‌قڵانیی وشه‌کانی ته‌واو ده‌بێت، ئینجا هه‌ست ده‌گاته ئه‌و شوێنه و ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی، که سیاسییه‌که پێبکه‌نێت، له هه‌ندێک شوێندا هه‌سته‌کان خاوه‌نی ئیمپولزی زۆرن و پێکه‌نینه‌که له شێوه‌ی قاقایه‌کدا بڵند ده‌بێت. ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که سیاسییه‌که گاڵته‌ی به برایه‌تی و خۆشه‌ویستی دێت. به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یه‌وێت پراکتیزه‌کردنی ده‌سه‌ڵاته و ده‌رکه‌وتنیه‌تی وه‌ک فیگوورێکی دیار و به‌هێز و زاڵده‌ست.

گفتوگۆی سیاسییه‌که، گفتوگۆیه‌که که له ڕێگای تیۆرییه‌که‌ی ئێریک بێرنه‌وه، له ئه‌نالیزه‌ی (ترانس ئه‌کسیۆندا Transaktion Analyse) یارمه‌تیمان ده‌دات که ستراکتۆری که‌سایه‌تیی سیاسییه‌که باشتر ببینین. ئێریک بێرنه یه‌کێکه له پسیشیاته‌ره‌ بەناوبانگه‌کانی ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیستی ئه‌مێریکا. ئێریک بێرنه ده‌ڵێ، که مرۆڤ له سه‌ره‌تای گه‌شه‌ی ده‌روونیی پێشینه‌ی منداڵییدا، پێوابوونێک به‌رهه‌م دێنێت، واته ده‌یهێنێته پێش چاوی خۆی، که چ ڕۆڵێکی له ژیاندا ده‌بێت، بۆ نموونه، ئاخۆ ئه‌و که‌سێکی سه‌رکه‌وتوو و براوه‌یه یان دۆڕاو و به‌دبه‌خت، قوربانییه یان بکه‌ر، ترسنۆکه یان ئازا، سه‌رداره یان غوڵام ....هتد.

له پێشینه‌ی منداڵیدا، منداڵ فێری چه‌ند جۆرێک گفتوگۆ ده‌بێت، بۆ نموونه، گفتوگۆی دایک و باوک له‌گه‌ڵ منداڵدا، لێره‌دا که‌وتووەته سه‌ر ئه‌وه‌ی که دایک و باوک چۆن گفتوگۆ له‌گه‌ڵ منداڵه‌که‌یاندا ده‌که‌ن، بۆ نموونه، میهره‌بان و پڕ خۆشه‌ویستی، یان توند و ڕه‌ق و بێ ڕه‌حم. زمانی به‌یبی یاخود زمانی منداڵانی ساوا یان زمانێکی ڕه‌وان و پڕ واتا. پاشان خه‌ڵکانی تری گه‌وره چۆن گفتوگۆ له‌گه‌ڵ منداڵه‌که ده‌که‌ن، بۆ نموونه، خزم و که‌سوکار خاوه‌نی چ جۆره زمانێکن له‌گه‌ڵیدا، له باخچه‌ی ساوایان خاوه‌نی چ جۆره زمانێکن له‌گه‌ڵیدا، له قۆناغی پۆلی یه‌که‌م هه‌تا شه‌شی سه‌ره‌تاییدا مامۆستاکان خاوه‌نی چ جۆره گفتوگۆیه‌کن له‌گه‌ڵیدا. منداڵانی تر خاوه‌نی چ جۆره گفتوگۆیه‌کن له‌گه‌ڵیدا؟

هه‌موو ئه‌‌مانه ده‌بنه بناغه‌ی ترانسێک، ده‌بنه بناغه‌ی فێربوونێک و گه‌شه‌یه‌کی چ ڕۆحی و چ هزری له منداڵدا، که له ئاینده‌دا چ کاریان له‌سه‌ر ده‌کات و چ به‌کاریشیان ده‌هێنێت. سیاسییه‌که‌ی ناو که‌یسه‌که‌‌مان سه‌ره‌تا به گفتوگۆیه‌کی مرۆڤی گه‌ییو له‌گه‌ڵ مرۆڤی گه‌ییودا ده‌ست پێده‌کات، پاشان گفتوگۆی منداڵ و دایک و باوک، لێره‌دا سیاسییه‌که چاوه‌ڕوانی ئه‌و خۆشه‌ویستی و سۆزه‌که ده‌کات که پێویسته له دایک و باوکه‌وه وه‌ری بگرێت (لێره‌دا میدیاکاره‌که، ده‌چێته جێگای دایک و باوک). گریمان میدیاکاره‌که پشتگیریی کاره‌کانی ده‌کات، بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر منداڵه‌که لەده‌ره‌وه یان له قوتابخانه شه‌ڕی کردبێت و دایکه‌که‌ش له‌بری ئه‌وه‌ی لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بکات، بڵێ ئافه‌رین تۆ پشتگیریی خۆتت کردووه، یان پشتگیریی براکه‌ت کردووه یان پشتگیریی هاوڕێکه‌ت کردووه ....هتد. به‌م شێوه‌یه سیاسییه‌که میدیاکاره‌که وه‌ک دایکێکی باش په‌سه‌ند ده‌کات. لێ ئه‌گه‌ر میدیاکاره‌که پرسیاره‌کانی وه‌ک لێپێچینه‌وه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ سیاسییه‌که‌دا پراکتیزه‌ کرد، ئه‌وا سیاسییه‌که ده‌چێته دۆخی به‌رگریکردن له خوده‌وه، کاتێک سیاسییه‌که‌مان کاراکتەرێکی دیسۆسیالی هه‌یه، که هه‌میشه به‌رامبه‌ره‌که‌ی تاوانبار ده‌کات، ده‌که‌وێته گفتوگۆیه‌کی مرۆڤی گه‌ییو به‌رامبه‌ر مرۆڤی گه‌ییوه‌وه و پیشانی ده‌دات که ئه‌و که‌سێکی ئازایه و که‌سێکی سه‌رکه‌وتوو و براوه‌یه. هه‌ر وشه‌یه‌کیش په‌یوه‌ندیی به هه‌ست و هه‌ستی به‌رپرسیارێتییه‌وه هه‌بێت، ئه‌وا کۆنگروێنت نییه، واتا قسه‌کردن و هه‌سته‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کدا ته‌با نین، پێکه‌وه نین. کورت و پوخت سیاسییه‌که درۆ ده‌کات.

گریمان میدیاکاره‌که چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌کات که سیاسییه‌که ئاوتێنت بێت له گفتوگۆدا، واتا ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌کات، ده‌ریببڕێت، لێ چونکه سیاسییه‌که‌مان دیسۆسیاله و ئیمپاتیی نییه، ناتوانێت خۆی بخاته جێگای میدیاکاره‌که و بدۆزێته‌وه، که میدیاکاره‌که هه‌ست به چی ده‌کات، کاتێک پرسیارێکی وه‌های لێ ده‌کات.

ئاوتێنت نه‌بوون له گفتوگۆدا شتێک نییه لێی ده‌رباز بین، چونکه مێشک هه‌میشه له ڕێگای سیستێمی لیمبیشه‌وه، سیستێمی ڤێگیتاتیڤه‌وه جووڵه له موسکله‌کانی ده‌موچاوماندا هه‌تا قوڕگ ده‌رده‌خات، به‌ڵام مێشکی سیاسییه دیسۆسیاله‌که‌ی ناو که‌یسه‌که‌مان به‌شێوه‌یه‌کی تر ئیش ده‌کات که کۆنترۆڵی به‌شێکی زۆری جووڵه‌کانی سیستێمی لیمبیش ده‌کات، باشتر بڵێم، که سیستێمی لیمبیش به‌هۆی تێکچوونی نۆیرۆنه‌کانیه‌وه، توانای ناردنی سیگناڵی بۆ فرۆنتاڵ لاپن و له‌وێشه‌وه بۆ توێکڵه‌کانی مۆتۆریک و له‌وێشه‌وه بۆ توێکڵه‌کانی زێنزۆریک نییه. بۆ نموونه، له‌ کاتی درۆکردندا ئاره‌ق ناکاته‌وه، دڵی خێراتر لێ نادات، به‌ڵکوو خاوه‌نی ڕیتمێکی نۆرماڵی لێدانی دڵه. لێ خۆشبه‌ختانه هه‌موو مرۆڤێک پێویستی به جووڵه‌ی موسکله بۆ جووڵه‌ی ده‌ست و پێ، بۆ قسه‌کردن، که له ڕێگایانه‌وه ده‌توانین ئه‌نالیزه‌ی گفتوگۆ بکه‌ین. بۆ نموونه دانیشتنی سیاسیی ناو که‌یسه‌که‌مان هه‌مانشێوه، ده‌رگایه‌که بۆ چوونه‌ ژووره‌وه‌ی ئه‌نالیزه‌یه‌کی تر.

ئه‌وه‌ی که به ئاگا درکی پێناکه‌ین و ناتوانین به وشه ده‌ری ببڕین، چونکه به‌ئاگا نین لێی، ئه‌وا ئاگیره‌ی ده‌که‌ین، واتا ده‌یکه‌ین به جووڵه، ده‌یکه‌ین به مامه‌ڵه و کردار. بۆ نموونه، شێوه‌ی دانیشتنی سیاسییه‌که‌‌ی ناو که‌یسه‌که‌مان ئاگیره‌یه‌که له‌و هه‌سته نائاگایه‌ی، که هه‌یه‌تی. جووڵه‌ی به‌بێ پشووی پێکانی ئاگیره‌یه‌که له‌و هه‌سته نائاگایه‌ی، که هه‌یه‌تی. سه‌ره‌تا شێوه‌ی دانیشتنه‌که‌ی جۆرێکه له خۆپیشاندانێک، خۆپیشاندانێک، که تێیدا هێز و ویستی ئاگایی خۆی نمایش ده‌کات، نمایشێک، که پێمان ده‌ڵێ، من زاڵم به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا، من منه‌تم به هیچ نییه، من حساب بۆ که‌ستان ناکه‌م. ئه‌م دانیشتنه دانیشتنی گه‌نجێکی تری تینه‌یجه‌ر نییه، که بۆ پشووی خۆی دانیشتووه، که تێیدا نمایشی ئه‌و ئازادییه ده‌کات، که هه‌یه‌تی، بۆ نموونه، گه‌نجه‌که ئازاده چۆن داده‌نیشێت، چونکه به‌و شێوه‌یه په‌روه‌رده بووه، له ئازادیدا په‌روه‌رده بووه. من هاوڕێیه‌کی پۆله‌که‌م هه‌بوو له خوێندندا، وێڕای ئه‌وه‌ی کچێکی گه‌ییو بوو، لێ له‌دوای چاره‌کێک دانیشتن له پۆلدا ماندوو ده‌بوو، داوای له مامۆستا ده‌کرد که له‌سه‌ر زه‌وی ڕابکشێت و گوێ بگرێت. ئه‌م کچه له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییه ڕه‌قه به سکدا خۆی ڕاده‌کشاند و ده‌سته‌کانی ده‌کرده ژێر چه‌ناگه‌ی و گوێی ده‌گرت، ئه‌مه ئازادی بوو.

به‌ڵام سیاسیی ناو که‌یسه‌که‌مان نماییش ده‌کات، نماییشێکی زاڵی، هه‌مان کاتیش ئاگیره‌ی هه‌سته‌کانی له جووڵاندنی بێ پشووی پێکانیدا ده‌کات. ئه‌م هه‌سته نائاگایانه زۆرینه‌ی جار بریتین له، بیره‌وه‌ری و وه‌بیرهاتنه‌وه، هه‌ستی تر، ترس، بۆچوون و بیرکردنه‌وه که به وشه نه‌توانرێت ده‌رببڕێت. به‌م شێوه‌یه هه‌موو ئه‌و کێشه‌ ناوه‌کییانه‌ی که سیاسییه‌که‌ی ناو که‌یسه‌که‌مان هه‌یه‌تی له جووڵه‌دا، پراکتیزه‌ی ده‌کات.

له‌لای زیگمۆند فرۆید، ئاگیرن بریتییه له پارچه‌ی ئه‌نالیزه‌ی هیستریی. گریمان سیاسییه‌که‌ی ناو که‌یسه‌که‌مان، له بیۆگرافیی ژیانیدا هه‌ست به‌وه ده‌کات، که نیگه‌رانه و هه‌ست ده‌کات له‌لایه‌ن که‌سێکی نزیکییه‌وه به ته‌نیا به‌جێ هێڵراوه، به‌ڵام ده‌ستی به‌و که‌سه ناگات، که نیگه‌رانه لێی و به‌ته‌نیا به‌جێی هێشتووه، بۆ نموونه به‌هۆی مردنی که‌سه‌که‌وه، نه‌خۆشکه‌وتنی، دوورکه‌وتنه‌وه لێی...هتد. هه‌ر بۆیه سیاسیی ناو که‌یسه‌که ئاگیره‌ی ئه‌م هه‌سته نائاگایانه له‌گه‌ڵ که‌سی دووه‌م و سێیه‌مدا ده‌کات، ئه‌و تۆڵه‌یه‌ی که پێویست بووه له که‌سی یه‌که‌می بکاته‌وه، له که‌سی دووه‌م و سێیه‌می ده‌کاته‌وه.

دواجار، ئه‌م سیاسییه مه‌ترسییه بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی کورد، ئێوه چی ده‌که‌ن بۆ ڕێگاگرتن لێی؟ ئێوه چه‌ند سیاسیی تری وه‌‌ها ده‌ناسن؟ چی ده‌که‌ن بۆ ڕێگاگرتن لێیان؟ ئێوه ده‌توانن چ که‌یسێکی تر بۆ ئه‌نالیزه‌یه‌کی تر ئاماده بکه‌ن؟ کۆکردنه‌وه‌ی که‌یسه‌کان، کۆکردنه‌وه‌ی زانیارییه له‌سه‌ر مه‌ترسییه‌کان بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی کورد.