نیوه‌ی ڕێگا.. 38

(بیره‌وه‌ریی كۆچبه‌رێكی كورد له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وروپا)

یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژنی قوربانم له‌ زیندان به‌ڕێ كرد

 

له‌داخان پرسیارم له‌ غه‌فاری هاوزیندانیی كرد، سه‌ید غه‌فار، ئه‌و ڕۆژه‌ی باسی حوسێنمان ده‌كرد، گوتت خۆ لێمان نه‌بووه‌ به‌ پۆلیسه‌ گه‌یه‌كه‌، مه‌به‌ستت چی بوو؟ پۆلیسه‌كه‌ گه‌یه‌كه‌ كێیه‌ و چییه‌؟
+ هاوڕێیان دایان له‌ قاقای پێكه‌ین، چییه‌؟
- نا، ئه‌م كاره‌ قێزه‌ونانه‌ ناكه‌م، ده‌مه‌وێ بزانم ئه‌و مه‌سه‌له‌ چییه‌؟
غه‌فار: سه‌باح بۆی باس ده‌كه‌یت؟ یا بۆی باس بكه‌م؟
سه‌باح: من تووشی گوناهـ مه‌كه‌ن، خۆت بۆی باس بكه‌!
غه‌فار: ئه‌و پۆلیسه‌ی پێری شه‌و چاودێریی ئێمه‌ی ده‌كرد، هه‌ر ده‌هاته‌ لای ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌ی به‌رامبه‌ر ژووره‌كه‌مانی ده‌كرده‌وه‌، ده‌زانی كێ ده‌ڵێم؟
+ به‌ڵێ.
- لێره‌ به‌دواوه‌ دیقه‌ت بده‌، بزانه‌ چه‌ند هێمن و له‌سه‌رخۆ مامه‌ڵه‌ ده‌كا.
+ باشه‌.
- ئه‌و پۆلیسه‌ گه‌یه‌، به‌ كوردی ق...ه‌ره‌! هه‌ر شه‌وێك ئه‌و نۆبه‌تی ده‌وامی هه‌بێ، به‌رده‌رگا به‌ به‌رده‌رگای ئه‌م ژوور و ئه‌و ژوور ده‌گه‌ڕێ و ڕاده‌وه‌ستێ، پێده‌كه‌نێ و قسه‌ ده‌كا، په‌نجه‌ره‌كانی به‌رامبه‌ر ده‌رگا ده‌كاته‌وه‌، به‌ كورتی به‌ كوردی ده‌یه‌وێ یه‌كێ بچێ و ...ری بێ! به‌خوا پاره‌ش ده‌دا!
+ له‌ كوێ ئەمە ده‌كا؟
- (به‌ پێكه‌نینه‌وه‌،) برا ده‌یباته‌ ئاوده‌ستێ!
+ ئاوده‌ست شوێنی ئه‌وه‌یه‌؟
- برا، شوێنی نییه.
+ به‌ڵگه‌تان چییه‌؟ كێ چووه‌؟
غه‌فار: به‌خوا یوسف ده‌بێ تۆ ئه‌وه‌ی بۆ باس بكه‌یت.
یوسف: باشه‌ برا. باشه‌! كاكه‌ زامدار، دوو مانگ له‌وه‌وپێش زیندان پڕ بوو له‌ كۆچبه‌ر، جێگا نه‌مابوو، چوار ئه‌فغانییان نارده‌ ژووره‌كه‌ی ئێمه‌، دره‌نگانێكی شه‌و، سەعات دوازده‌ لایدابوو، ئه‌و پۆلیسه‌ هه‌ر ده‌هات و ده‌ڕۆیی، كلیله‌كه‌ی له ‌ده‌ستی ده‌هێنا و ده‌برد، ئێمه‌ش باسمان كرد، ئه‌وه‌ ده‌یه‌وێ یه‌كێ بچێ و س...ری خۆی بكا، كاكه‌ ئیره‌جیش ئه‌مه‌ی بۆ ئه‌فغانییه‌كانی ته‌رجه‌مه‌ی فارسی كرد! دانه‌یه‌ك له‌ ئه‌فغانییه‌كان چووه‌ سه‌ر كه‌لی شه‌یتان و نه‌هاته‌ خوار، گوتی: من ده‌چم! پاره‌م نییه‌ و جگه‌ره‌م نه‌ماوه‌! ئه‌وه‌ باشترین كه‌سابه‌ته‌. كوڕه‌ ئه‌فغانی، دایكت چاك، باوكت باش، واز بێنه‌ ده‌چیته‌ كوێ؟ بۆ خۆت تووشی گوناه ده‌كه‌ی؟ له‌ وه‌ڵامدا گوتی، چۆن ئه‌وان ئێمه‌یان ده‌ستگیر كردووه‌ و ئازارمان ده‌ده‌ن، منیش ئازاری ده‌ده‌مه‌وه! كاكه‌ گیان، تۆ ئەوە بکەیت ئەو دڵخۆش ده‌بێ! گوتی: هەر دەیکەم لایه‌نی كه‌م ده‌ڵێم پۆلیسێكی بولگاریم ...وه‌! ئه‌و دانه‌ ئه‌فغانییه‌ له‌ ده‌رگا چووه‌ پێش و گوتی: ده‌بڵیوسی، پۆلیسه‌كه‌ش به‌ ڕووگه‌شییه‌وه‌ هاته‌ پێش ده‌رگای بكاته‌وه‌، له‌و كاته‌ به‌ڕێوه‌به‌ری زیندان بانگی پۆلیسه‌كه‌ی كرد! ئه‌فغانییه‌كه‌ش به‌ ده‌نگی به‌رز هاواری كرد، لێنه‌گه‌ڕان پاره‌ په‌یدا كه‌ین، ئه‌وه‌ ڕۆیشت و له‌ده‌ستم چوو! بیست خوله‌كی نه‌برد، پۆلیسه‌كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌، پێش ئه‌وه‌ی ده‌رگا بكاته‌وه‌، گوتی ده‌بڵیوسی، كابرای ئه‌فغانی قیت بۆوه‌ و له‌ ده‌رگا چووه‌ پێشه‌وه‌، به‌رله‌وه‌ی بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ چوختییه‌وه‌ گوتی: ففتی یۆرۆ! و وه‌ن سیگار!، پۆلیسه‌كه‌ به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ ملی سووڕاند و ڕازی نه‌بوو، ئه‌وجار ئه‌فغانییه‌ باڵا به‌رزه‌ ڕه‌ش ئه‌سمه‌ره‌كه‌ گوتی: توێنتی یۆرۆ و وه‌ن سیگار! پۆلیسه‌كه‌ ئۆكه‌ی بۆ كرد و كاكی ئه‌فغانی ڕۆیشت و پۆلیسه‌كه‌ش ده‌رگای قوفڵ كرده‌وه‌ و له‌دوای ڕۆیشت، ئێمه‌ش له‌ كه‌لێنی ده‌رگا داخراوه‌كه‌ چاومان لێی كرد، پۆلیسه‌كه‌ به‌ره‌و لای ئاوده‌ست ده‌ڕوا، ئیدی نیو سەعات زیاتریان پێچوو، ئه‌فغانییه‌كه‌ و پۆلیسەکە گه‌ڕانه‌وه‌! پۆلیسه‌كه‌ ده‌رگای كرده‌وه‌ و ئه‌فغانییه‌ خوانه‌ناسه‌كه‌ی خسته‌ ژووره‌وه‌ و ده‌رگای قوفڵ كرده‌وه‌ و ڕۆیشت.
هاوژووران: به‌جدی ئەوەت کرد؟
ئه‌فغانی: ئەرێ!
هاوژووران: چۆن باوه‌ڕ بكه‌ین؟
ئه‌فغانی: بۆ باوه‌ڕ ناكه‌ن؟ فه‌رموو ئه‌وه‌ چل لیڤه‌، ده‌كاته‌ بیست یۆرۆ، ئه‌وه‌ش پاكه‌تی مالیبۆڕۆی سوور!
هاوژووران: به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ ئێستا باوه‌ڕ ده‌كه‌ین، ئه‌و پاكه‌ته‌ی له‌كوێ هێنا؟
ئه‌فغانی: ده‌ڵێی باوه‌ڕ ناكه‌ن؟ ئه‌وه‌ نییه‌ پاره‌ و پاكه‌ته‌كه‌ش؟
هاوژووران: باوه‌ڕمان كرد، گه‌ر هیچی له‌ تۆ نه‌كردبێ! وه‌لێ ئیره‌ج ئه‌و ڕسته‌ی ته‌رجه‌مه‌ی فارسی نه‌كرد!
غه‌فار: كاكه‌ ئه‌وه‌ش به‌زمی پۆلیسه‌كه‌! ده‌بڕۆ له‌ ده‌فته‌ره‌كه‌تدا بینووسه‌وه‌ و بڵاوی كه‌ره‌وه‌.

به‌ڕاستی زیندان مه‌دره‌سه‌ی ژیان بوو، دیمه‌نی وام لێی بینی، باوه‌ڕ ناكه‌م، هه‌رگیز بیبینمه‌وه‌ و بمدیتبوایه‌، گه‌ر لۆبۆمێز نه‌بوایه‌. له‌وێ زۆر دیمه‌ن سه‌رنجی ڕا‌كێشام، ڕۆژێ له‌ ڕۆژانێ زیندان، ده‌وروبه‌ری سەعات سێی دوای نیوه‌ڕۆ‌، فرمێسك به‌ چاوانی كاكۆی ئه‌فغانی ده‌هاته‌ خوار، پاشا و نه‌وید و زه‌بیحوڵای هاوڕێی نزیكی، له‌ده‌وری دێن و ده‌چن، دڵنه‌وایی ده‌ده‌نه‌وه‌ و یه‌ژن چاره‌نووسی گشتمان مردنه‌، خودا لێی خۆش بێ و جێگای به‌هه‌شته‌ ئینه‌شه‌ڵا، وه‌لێ ئه‌م قسانه‌ كۆچی دوایی باوكی كاكۆ له‌ كابولی ئه‌فغانستانه‌وه‌، له‌یاد ناباته‌وه‌، زیاتر ڕۆ ده‌چێته‌ نێو گریانه‌وه‌ و چه‌ند بیره‌وه‌رییه‌كی خۆی و باوكی باس ده‌كا، تكا و پاڕانه‌وه‌ی باوكی هه‌رگیز له‌یاد ناچێته‌وه‌، كاتێ گوتوویه‌تی: كوڕم تكات لێ ده‌كه‌م ئه‌فغانستان جێ مه‌هێڵه‌ و ڕێگه‌ی ئه‌وروپا مه‌گره ‌به‌ر، من و دایكت به‌ته‌نیا جێ مه‌هێڵه‌، به‌ڵام ئه‌م قسانه‌ كاكۆ له‌ بڕیاره‌كه‌ی په‌شیمان ناكاته‌وه‌.
- باوكی كۆچبه‌رێكی ئه‌فغانی كۆچی دوایی كردووه‌، كۆچبه‌ره‌ ئه‌فغانییه‌كان، به‌رنامه‌یان داناوه‌، له‌ كافتریاكه‌ی نێو زیندان، كۆلا بكڕن و شه‌و پرسه‌ بۆ مردنی باوكی كاكۆ دانێن. ئێمه‌ی كورده‌كانیش به‌یه‌كه‌وه‌ بڕیارمان دا‌، شه‌و به‌شداریی ڕێوڕه‌سمی پرسه‌كه‌ بكه‌ین، له‌دوای خواردنی نانی ئێواره‌، چووینه‌ ژووری ئه‌فغانییه‌كان، نه‌وید ده‌ستی كرد به‌ قورئان خوێندن، ده‌سته‌ ده‌سته‌ هاوڕێ و هاونیشتمانییه‌كانی ده‌هاتنه‌ پرسه‌ و فاتیحایان ده‌خوێند و ده‌یانگوت: "خدا بیامرزدش، دلتنگین. خودا لێی خۆش بێ، دڵته‌نگین"، كورده‌كانیش به‌ كوردی ده‌یانگوت: "خوا له‌ گوناهه‌كانی خۆش بێ و ڕۆحی شاد بێ‌ ئیشه‌ڵا"، له‌و ساته‌دا، كۆلایان به‌ گڵاسی سه‌فه‌ری به‌سه‌ر به‌شداربووانی پرسه‌ دابه‌ش ده‌كرد. له‌دوای نه‌وید، سه‌باحی هاوڕێمان چه‌ند ئایه‌تێكی خوێند، ئه‌ڵبه‌ته‌ ده‌سته‌یه‌كیش بۆ پێشوازی له‌ میوانانی پرسه‌ وه‌ستابوون و سوپاسگوزاری و ده‌ستخۆشییان له‌ سه‌ردانیكه‌ران ده‌كرد.
- چه‌ند به‌نگلادیشییه‌ك له‌ زیندان بوون، محه‌مه‌د خه‌ڵكی ڕه‌جشانهای به‌نگلادیش بوو، دوو هه‌زار و حه‌وت هاتبووه‌ كوردستان و ماوه‌ی نۆ ساڵ له‌ هه‌ولێر مابووەوه‌ و كاری كردبوو، كوردییه‌كی باش قسه‌ی ده‌كرد و تێكه‌ڵاوی باشی له‌گه‌ڵ كورده‌كان هه‌بوو، ده‌یگوت: به‌خودا كوردستان به‌هه‌شته‌، به‌هه‌شت! ئه‌و به‌هه‌شته‌ی ئه‌و باسی ده‌كرد، به‌ سه‌دان و هه‌زاران كۆچبه‌ر لێی ڕاده‌كه‌ن و داوای په‌ناهه‌نده‌یی له‌ وڵاتێكی ئه‌وروپی ده‌كه‌ن! زۆر بیره‌وه‌ریی خۆی ده‌گێڕایه‌وه‌، نۆ ساڵ ته‌مه‌نێكه‌ تێكه‌ڵاوی باشی له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ سه‌ربازییه‌كان دروست كردبوو، ده‌یگوت: ملازم فڵان ته‌له‌فۆنی ده‌كرد، حه‌مه‌ دوو كیلۆ ته‌ماته‌م بۆ به‌ره‌وه‌ ماڵێ، ڕاید فڵان ته‌له‌فۆنی ده‌كرد، حه‌مه‌ بتڵه‌ ئۆزۆیه‌كم بۆ بێنه‌، نه‌قیب فڵان، حه‌مه‌ له‌ هه‌ولێر نیم و میوانم هه‌یه‌، شه‌ش كیلۆ میوه‌م بۆ به‌ره‌وه‌ ماڵێ. به‌خودا ئه‌وێ زۆر خۆش بوو، ئێستا بولگاریا دیپۆڕتی كوردستانم كاته‌وه‌، مه‌منوونیانم و ده‌ستیان ماچ ده‌كه‌م! له‌وێ پاره‌ زۆر بوو، مانگی شه‌ش سه‌د هه‌زارم وه‌رده‌گرت.
- من، پرسیارم كرد، بۆچی كوردستانت جێ هێشت؟ له‌ وه‌ڵامدا گوتی: ده‌بوایه‌ دوو هه‌زار دۆلار بده‌م، هه‌قی ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان بوومه‌، منیش گوتم باشه‌ ده‌یهێنم، له‌دوای ئه‌و كاته‌وه‌ به‌ قاچاخ چوومه‌ توركیا و كوردستانم به‌جێ هێشت!
- یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژنی قوربانم له‌ زیندان به‌ڕێ كرد، خه‌می خۆم لێره‌ بوه‌ستێ و خه‌می دایكم له‌لایه‌كی دیكه‌، ده‌بێ دڵی دایكم له‌ دووریی من چۆن بێ؟ پێشتر چه‌ندجار ڕێك كه‌وتووه‌، جه‌ژنم له‌ ئێران و توركیا به‌ڕێ كردووه‌، وه‌لێ ئه‌مجاره‌ جیاوازه‌، من له‌ زیندانم و ئاینده‌م دیار نییه‌، دڵنیام ئێستا وه‌ك جه‌ژنانی ڕابردوو به‌دڵخۆشییه‌وه‌ چێشتی جه‌ژنه‌ ئاماده‌ ناكا، به‌ڵكوو دڵی وه‌ك چێشته‌كه‌ی ده‌كوڵێ! سەعات ده‌ی سه‌رله‌به‌یانی گرووپێك له‌ موسڵمانی ئه‌فغانی و ئێرانی به‌ جلی جوان و شیك‌ پۆشییه‌وه‌، سه‌ریان به‌ ژووردا كرد و "عید مبارك، عید مبارك"یان لێ كردین و و به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ ئه‌ملاولای یه‌كترمان ماچ كرد، هه‌موو میلله‌تان له‌ "عید مبارك" ده‌گه‌یشتن، ئه‌وسا ئێمه‌شیان ده‌گه‌ڵ خۆیاندا و بۆ ژووره‌كانی دیكه‌ ڕۆیشتین، كه‌ موسڵمانن و جه‌ژن ده‌كه‌ن، به‌شێكیان به‌ چاوی فرمێسكه‌وه‌ جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌یان ده‌كرد، دیار بوو بیریان لای ماڵه‌وه‌یان بوو! تاڕاده‌یه‌ك ئه‌و ڕۆژه‌، له‌چاو ڕۆژانی دیكه‌ خۆشتر و پڕ نه‌شئه‌تر بوو، دڵخۆش و شادومان بووین.
- ئه‌و ڕۆژه‌، جه‌مالی به‌نگلادیشی زۆر دڵخۆش بوو، جه‌مال له‌ تۆنگی به‌نگلادیشه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌وروپا هاتبوو، گه‌نجێكی ڕه‌شی قه‌ترانیی ددان سپی، چاو جوان بوو، له‌ دووره‌وه‌ ده‌بریسكایه‌وه‌، دوای نیوه‌ڕۆیه‌كه‌ جه‌مال هات به‌ ئینگلیزی گوتی: ده‌چین نوێژ ده‌كه‌ین و دوعا و نزا و پاڕانه‌وه‌ بۆ ئازادبوونمان ده‌خوێنین، ئێوه‌ش وه‌رن! به‌شێك له‌ زیندانییان چوون و به‌شێكی دیكه‌ نه‌چوون. به‌م ه‌به‌ستی بینینی دیمه‌نی نزا و پاڕانه‌وه‌ و نوێژكردنیان له‌گه‌ڵی ڕۆیشتم! گشتیان ده‌ستنوێژی ئیسلامییان هه‌ڵگرت و ده‌ستیانكرد به‌ نوێژكردن، له‌دوای نوێژه‌كه‌یان زیاتر له‌ ده‌ خوله‌ك ده‌سته‌كانیان ڕوو له‌ ئاسمان كردبوو! نزا و پاڕانه‌وه‌ی ڕزگاربوونیان له‌ زیندان ده‌كرد، خودا هاوكار و یارمه‌تیده‌ریان بێ و زوو ئه‌م زیندانه‌ به‌جێ بێڵن، به‌شێكیان فرمێسك به‌ چاوانیان ده‌هاته‌ خوار، ئه‌وسا كۆلایان به‌سه‌ر نوێژخوێنان دابه‌ش كرد. ئه‌و دیمه‌نانه‌م به‌لاوه‌ سه‌یر بوو، هه‌مان سیسته‌م و كولتوور و نه‌ریت، وای له‌ وڵاته‌كه‌یان كردووه‌، كه‌ ئومێدی تێدا نه‌بینن و جێی بێڵن، كه‌چی هه‌مان ده‌ستوور دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌!