ئاگاداری ڕووخسارت بە!

چاو، ئاوێنەی ناخ و پەنجەرەی ڕۆحە

هەڵچوون و داچوونی ناخمان لە دەموچاوماندا ڕەنگ دەداتەوە، هەست و خواست و مەبەستەكانیشمان بە هەمان شێوە، بۆیە دەگوترێت كە ڕووی مرۆڤ ئاوێنەی ناخیەتی.

بەڵام ئەوە بزانە كە ڕووی ئادەمیزاد لە زمانی جەستەی جیا ناكرێتەوە، واتە هەردوو بەندن بە یەكدییەوە، هەردوو تەواوكەری یەكدین، بۆیە باشترین شێوە بۆ خوێندنەوەی دەموچاوی هەر مرۆڤێك، ئەوەیە كە تەنیا ڕووی ئەو مرۆڤە نەكەی بە مەبەستی سەرنجەكانت، بگرە تێكڕای دەموچاو و هەموو ئەندامانی جەستەی ئەو كەسە بخەیتە ژێر باری سەرنجت. بۆ نموونە ئەگەر كەسێك لێو بەخەندە و بە ڕوویەكی گەشەوە گوزارەی لە خۆشەویستی و بەخشندەیی كرد، تۆش خوانەخواستە لەو دەربڕینە بەگومان بوویت، ئەو دەم بەوەندەوە مەوەستە، كە تەنیا سیمای دەموچاوی ئەو كەسە بخوێنیتەوە، جارێ باش سەرنجی تێكڕای جەستەی بدە، ئەگەر هاوكات جەستەی داخرابوو، دەست و لاقەكانی گرێ درابوون، باوەشی داخستبوو، هاوكات ئاراستەی جەستەی بۆ لایەكی دیكە بوو، ئەوە سیمای دەموچاوی لەگەڵ ناخیدا هاوئاواز نییە، ئیدی گۆمانەكەت لە جێگەی خۆیەتی.

بۆیە فوكس تەنیا مەخەرە سەر چاو، هەرچەندە چاو ئاوێنەی ناخە، وەكوو دەگوترێت پەنجەرەی ڕۆحە، ئەمە جگە لەوەی كۆنتاكتی یەكەمە و بەدەگمەنیش بە درۆ دەكەوێت، بەڵام ڕەنگە ئەو كەسە لە بواری زمانی جەستەدا لێزان و كارامە بێت و بتوانێت بەسەر دەموچاوی خوێدا زاڵ بێتـ، ئەگەرچی پەتی ئەو ساختەكردنەیش كورتە، تەنیا بۆ ماوەیەكی كورت مەیسەر دەبێت، بەڵام دروستكردنی هاوئاوازی و هاوئاهەنگیی نێوان دەموچاو و جەستە بۆ ماوەیەكی درێژ مەحاڵە. بۆچی؟ چونكە میكانزمی جەستەی مرۆڤ بەپێی یاسای سروشت بەڕێوە دەچێت، ئەم میكانزمە ساختە قبووڵ ناكات، سروشت یاساگەلی خۆی هەیە كە ساختە قبووڵ ناكەن، ساختەچییە پروفیسیوناڵەكان چەند ڕاهێنان لەسەر زمانی درۆزنانەی جەستە بكەن، ئەمجایش ناتوانن سەت لە سەت كۆنتڕۆڵی زمانی جەستە و گوزارەكنی رووخسار و سیمای دەموچاو بكەن.

وەكوو گوتم سەركەوتن لەم بوارەدا، وەكوو هەر درۆیەكی دیكە، تەنیا بۆ ماوەیەكی كورتە.
بە بۆچوونی من چەند ئاگاداری زمانی جەستەمان بین، ئەوەندە پەیامەكانمان ڕاست و دروست دەگەن، ئەوندەیش لە كێشە و بەدحاڵیبوون خۆمان دەپارێزین.

بەشێكی زۆری ئاڵۆزی و هەڵچوونی دەروونیی خەڵك و تێكچوونی پێوەندییەكانمان، زۆر جار بێ ئەوەی ئاگاشمان لێ بێت، گرێ داروە بە بەدخۆێندنەوە و خراپ ڕاڤەكردنی جەستەی یەكتر. ئەمە بەگشتی لە پێوەندییەكانی كاردا ڕەنگ دەداتەوە، بەتایبەتی لەنێوان كارمەند و بەرپرسەكەی، یان كەسی سەرووی خۆی. چونكە كەسی خوارتر ناچارە بەردەوام بەوردی و بەهۆشیارییەوە ئاگاداری زمانی جەستەی كەسی سەرووی خۆی بێت.

سەرەڕای هەموو هۆش وئاگاییەكمان لە خوێندنەوەی زمانی جەستەدا بەدحاڵیبوون و كێشە دروست دەبێت. بەلانی كەمەوە ئەگەری ئەوە هەیە لەوەی بەرانبەرمان بكەوینە گومانەوە. بەتایبەتی ئەگەر كەسێك ڕەخنەمان لێ بگرێت..

ئەگەر ئەم هەستەت بەرامبە بە هەر كەسێك لەلا دروست بوو، یەكسەر ڕووبەڕووی ئەو كەسە ببەرەوە، چونكە ڕەنگە وا نەبێت، ئەو كەسە ئاگای لە زمانی جەستەی خۆی نەبێت و بێ مەبەست ئاماژە، لەگەڵ وتاری زارەكیدا، لەگەڵ ڕەخنەكانیدا، ئاماژە و مەسجی هەڵەت بۆ بنێرێت.

دەموچاوی ئەوانەی كە بە شەخسی وەری دەگرن
باشە زانستی زمانی جەستە چۆن ئەو كەسانە شرۆڤە دەكات كە بەردەوام بە رەخنە ئاڵۆز دەبن، یان بە شەخسی وەری دەگرن؟ ئەمە بابەتێكە لە مەیدانی خوێندنەوەی جەستەدا پێگەیەكی بەرچاوی داگیر دەكات.

وابزانم باشترین زانیاری لەم ڕووەوە لە كتێبی (خوێندنەوەی زمانی دەموچاو)دایە كە لەلایەن (ناعومی ئار. تیكل)ەوە نووسراوە، بە بۆچوونی من ئەم كتێبە یەكێكە لە باشترین سەرچاوەكانی خوێندنەوەی زمانی دەموچاو.

ناعومی دەڵێت، ئەوانەی كە ڕەخنە بە شەخسی وەردەگرن بەگشتی مەودای نێوان لێوی سەرەوە و لووتیان زۆر كورتە (من خویشم لەو جۆرە كەسانەم)، ئەو جۆرە كەسانە حەز دەكەن هەمیشە پڕوپۆشتە بن، چەند مەودای سمێڵیان تەسك بێ، ئەوەندە پتر بایەخ بە جلوبەرگیان و بە ڕواڵەتیان دەدەن. دۆلاب و كانتۆری جیان هەمیشە پڕە، جلوبەرگیان ئەوەندە زۆرە بەشی چەند كەسێك دەكات. ئەو كەسانە حەز دەكەن وێنەیەكی جوان لە زەینی كەسانی دەوروبەردا دروست بكەن. هەروەها لە شێوازی ڕەفتار و هەڵسوكەوت و لەبەركردنی جوانترین جلوبەرگدا زۆر وردن، ئەوانە هەوڵ دەدەن هەڵە و زەلەی زمان و ڕەفتاری نادروست نەكەن، نەك لەبەر ئەوەی مرۆڤی چاكن، بگرە لە بەر ئەوەی نەبادا خەلك خراپ لێیان تێبگات، یان وێنەیەكی ناپەسەندیان لەلا دروست بێت.

ئەو كەسانە زۆر بایەخ بە سیمای دەموچاویان دەدەن، حەز بە میكیاج و بۆیاخی پرچ و سمیڵ دەكەن، دیانەوێت وای پێشان بدەن كە زەمان و ڕۆژگار كاری لەسەر دەموچاو جەستەیان نەكردووە. هەندێك جار ئەوەندە بیر لە ڕواڵەتی دەرەوەیان دەكەنەوە، كە هیچ كاتێك بۆ زەین و فیكر و هۆشیان تەرخان ناكەن. كەسی لەو جۆرە خوا نەكات لە پێش ئاوێنەیەكدا تێببەڕێت، یەكسەر دەوەستێت و نەرجسییانە سەرنجی خۆی دەدات.

كەسانی لەم جۆرە بە رەخنە پیس تێكدەچن، بە ستایش و پێاهەڵدانیش، تەنانەت ئەگەر سوور بزانن درۆیشە، شاگەشكە و بەختەوەر دەبن.

ناعومی ناوی چەند كەسێكی بە ناوبانگ بە نموونە دێنێتەوە كە بەرەخنە تێكدەچن، لەوانە: لیۆناردو دی كاپریو، جنیفر ئەنیستون، براد بێت.

جا هیوادارم تۆ لە جۆرە كەسانە نەبیت!