ئەو پێشمەرگەیەی خۆشمان دەویست و لە چیای هەندرێن شەهید بوو

ته‌یراوه‌ هه‌ر به‌پیاسه‌ - 35

له‌په‌نا دیواره‌ ئه‌ستووره‌كه‌ى حه‌سارى خوار كۆڵانێ، رۆژانه‌ ئێمه‌ پێنج شه‌شێكمان كۆ ده‌بووینه‌وه‌ و به‌ وه‌ره‌قه‌ى قومار، یاریى (21)مان ده‌كرد، قومار بوو له‌سه‌ر پاره‌، به‌ ئه‌و رۆژانه‌یه‌ى له‌ دایه‌ و بابه‌ وه‌رمان ده‌گرت و خه‌رجمان نه‌ده‌كرد، له‌وێ له‌په‌نا حه‌سارێ داده‌مه‌زراین و قومار هه‌ى قومار. ئه‌وانه‌ى قومارمان ده‌كرد و له‌بیرم مابن (دڵشاد و ئازادى سابیر سه‌ماوه‌رى و مۆفه‌قى مام كاكۆ خه‌یاتى و نامیقى پلكه‌ ره‌حمه‌ته‌ى و تۆفیقى عومه‌ر په‌ڕه‌شووتى و غازى و ئازاد سیسركه‌ى براى و عوسمانى داك مه‌لا ژنێ و فه‌وزى معاون ساڵحى و خالیده‌ كۆرى نه‌وه‌ى حاجى مه‌جید قه‌ردارى) ئینجا هه‌ر له‌سه‌ر چیچكان و سێ سێ و چوار چوار ده‌ورمان له‌یه‌ك ده‌دا و قومار گه‌رم ده‌بوو.


ده‌بێ بڵێم من له‌ گه‌مه‌ى قومار زۆر شاره‌زا و مه‌علان و به‌به‌خت نه‌بووم، به‌رده‌وام یه‌كێك له‌ دۆڕاوه‌كان بووم، جارى وا بووه‌ سێ بۆ چوار دینار له‌ حه‌وزى گه‌مه‌ خڕ ده‌بۆوه‌ و هه‌ر به‌ خۆشم وه‌ستا و وه‌ره‌قه‌ دابه‌شكار بوومه‌، كه‌چى له‌ دوا چركه‌، كه‌ یازده‌ خاڵم پێ بووه‌ و ده‌بوایه‌ (ده‌) خاڵێك راكێشم و ببمه‌ بیست و یه‌ك، یان هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌ دوو جۆكه‌ران یه‌كێك بۆ من بێت، كه‌چى له‌هیكڕا (بلیه‌ك)ى ره‌زاقورسم راده‌كێشا، یازده‌ به‌ یازده‌ ده‌یكرده‌ بیست و دوو و وه‌كى ره‌ژووى ده‌سووتام و ریسه‌كه‌م لێ ده‌بۆوه‌ به‌ خورى. به‌ناچارى به‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌م ده‌گوت:
-كه‌مت نییه‌؟ له‌ ده‌رچه‌كه‌ت كه‌م ناكه‌یه‌وه‌؟


ئه‌ویش ده‌یزانى سووتایمه‌ و وا بۆنكرووزم لێ دێ، به‌ته‌وسه‌وه‌ ده‌یگوت:
-هه‌سته‌ خه‌ت!؛


به‌ناچارى منیش ده‌مگوت:
+وه‌ره‌ نییه‌!


به‌م جۆره‌ به‌ خاڵێكى زیاده‌ ده‌سووتام و ده‌مدۆڕاند و ئه‌و پاره‌ زۆره‌ى له‌ حه‌وز كۆم كردبۆوه‌، به ‌ده‌رچه‌یه‌كى قومارچى به‌رامبه‌رم ده‌مدۆڕاند و به‌ بلییه‌كى نه‌گبه‌ت ده‌هاتمه‌وه‌ سه‌ر سفر و له‌ قه‌ل و كۆتر ده‌بووم.


زۆر جاران میوانه‌كانى باوكم، كه‌ شه‌وانه‌ به‌ دیشله‌مه‌ و مێوژه‌ ڕه‌شه‌ و گوێز و قه‌سپ كاتیان به‌ڕێ ده‌كرد، باس و خواسى شۆڕش و پێشمه‌رگه‌ و جاشه‌ مل شۆڕه‌كانى ناوشارییان ده‌هێنا گۆڕێ، ئه‌و ده‌مانه‌ى كه‌ به‌ وێنه‌ پێشانى ده‌ده‌مه‌وه‌، من پۆلى سێى سه‌ره‌تایى بووم، كه‌ له‌و مه‌جلیسانه‌ى باوكم و براده‌ره‌كانى داده‌نیشتم، هێنده‌م پێ خۆش بوو گوێبیستى ئه‌و قسانه‌ بم. هه‌موو هه‌ستم ده‌كرده‌ گوێ.


ئه‌وێ رۆژێ هه‌ر له‌ كۆڵانه‌كه‌ى مه‌، پیاوێكى به‌ته‌مه‌نى باڵا مامناوه‌ندى به‌ناوى (عه‌زیز ده‌ڵاڵ) به‌ خۆ و به‌ پیرێژنه‌كه‌ى له‌ خانووێكدا ده‌ژیان، جار جاره‌ نه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ دایكیان ده‌هاتن و به‌ كاروباره‌كانیان راده‌گه‌یشتن.


دوو كوڕ له‌ نه‌وه‌كانى مام عه‌زیز (فارس و هاشم) بووبوونه‌ ره‌فیقم و تا له‌ ماڵى باپیرییان مابانه‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ من و له‌لاى حه‌سارێ یارى و به‌زم و ره‌زمى خۆمان به‌دڵخۆشى به‌ڕێ ده‌كرد. له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو برایه‌ (پرسیارێك) لێم بووه‌ مه‌راق و هه‌نووكه‌ش وه‌ڵامیان نه‌دامه‌وه‌، من هه‌ر دایكیانم ده‌دیت، هه‌ر كه‌ لێم ده‌پرسین:
-ئه‌نگۆ هه‌ر له‌گه‌ڵ داكتان دێنه‌ ئێره‌.. ئه‌دى بابتان؟


ئه‌وان، هه‌ردووكیان خۆیان لێ خه‌شیم ده‌كردم و باسى شتێكى دیان له‌گه‌ڵ ده‌كردم، من هه‌ستێكم له‌لا دروست بووبوو، كه‌ به‌ هه‌وه‌نته‌ نییه‌ ئه‌وانه‌ باوكیان دیار نییه‌ و یه‌قین بووم هه‌بێ نه‌بێ باوكیان له‌ شاخه‌ و پێشمه‌رگه‌یه‌، كه‌چى هه‌ر له‌ كۆڵانێ، دوو سێ براده‌رى خۆمان منیشیان ده‌بوغزاند و ده‌یانگوت:
- نابى ره‌فاقه‌تی ئه‌و دوو برایه‌ى بكه‌ى، ئه‌وانه‌ بابیان فه‌رمه‌سۆنه‌ و له‌ دین وه‌رگه‌ڕایه‌، ئه‌وانه‌ منداره‌ شیوعینه‌ و مه‌كرووهه‌ بیانحوبێنى و گه‌مه‌یان له‌گه‌ر بكه‌ى.


ئه‌و دوو برایه‌ قوتابى بوون، یه‌كێكیان به‌یانییان و ئه‌وى دى پاش نیوه‌ڕۆیان ده‌چوونه‌ قوتابخانه‌، ئه‌وه‌ى به‌یانییان، كه‌ له‌ده‌وام ده‌هاته‌وه‌ و پاش نیوه‌ڕۆیان فاته‌ڕه‌شى ده‌برژاند و ئێمه‌ش لێمان ده‌كڕى و ده‌مانخوارد، ئه‌وه‌ى نیوه‌ڕۆیانیش بوو به‌یانییان زوو ده‌چوو سێنییه‌ك له‌وزینه‌ و كێكى به‌ عه‌ینه‌ک و گه‌زۆى ده‌هێنا و له‌ كۆڵانان ده‌یگێڕا و ساغى ده‌كرده‌وه‌.


ته‌یراوه‌ هه‌موو ده‌یانزانى باوكیان پێشمه‌رگه‌یه‌ و له‌ شاخییه‌ و له‌گه‌ڵ شیوعییه‌كانه‌، زوو زووش باوكم هه‌ركه‌ له‌ گه‌ڵاڵه‌ و ناوپردان ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، هه‌واڵ و نامه‌ى ئه‌و پێشمه‌رگه‌ شیوعییه‌ى به‌ مام عه‌زیزى خه‌زوورى ده‌گه‌یاند و ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش هه‌ر راسپارده‌یه‌كیان هه‌با، باوكم ده‌یگه‌یانده‌ ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ى كه‌ ئێمه‌ى منداڵانى ته‌یراوه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى بینیبێتمان خۆشمان ده‌ویست، هه‌تا رۆژێك له‌ناكاو له‌به‌ر ده‌رگاى ماڵى مام عه‌زیز ده‌ڵاڵى بووه‌ مشه‌وه‌شى و جرت و فرتى خه‌ڵكى نه‌ناسراو و نامۆ، ئێمه‌ش واق وڕماو له‌ سۆسه‌ى ئه‌وه‌دا بووین بزانین چ قه‌وماوه‌، هێنده‌ى نه‌برد (فارس و هاشم) و دایكیان گه‌یشتنه‌ كۆڵانێ، ژنه‌ى عه‌با به‌سه‌ر و دایكى ئه‌و دوو ره‌فیقه‌ى من به‌ بابه‌ڕۆ و وه‌ی شێره‌ و له‌خۆدان خۆى له‌ ماڵى مام عه‌زیزى په‌ستا، كوڕه‌كانیشى به‌دوایدا، له‌ژووره‌وه‌ بووه‌ گریان و شین و شه‌پۆڕ و واوه‌یلا و قوڕپێوان و ژنانى كۆڵانیش، كه‌ پێشتر له‌ ماڵه‌كه‌ خڕ بووبوونه‌وه‌، شینیان دامه‌زراند و كۆڵان و گه‌ڕه‌ك سه‌رتاپا ماته‌م دایگرت.


هه‌ینێ زانیمان، ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ى كه‌ ته‌نیا بۆ یه‌كجاریش نه‌مانبینى و خۆشمان ده‌ویست، له‌ شه‌ڕى دژ به‌ عه‌سكه‌ر و سوپاى داگیركه‌ر له‌ چیاى (هه‌ندرێن) شه‌هید بووه‌، بۆیه‌ زۆربه‌مان كوڕانى ته‌یراوه‌ بووینه‌ هاوخه‌م و هاوكۆستى (فارس و هاشم)ى باوك شه‌هید، له‌ گریان و بابه‌ڕۆماندا بۆ (پێشمه‌رگه‌یه‌كى شه‌هید) كه‌ نه‌ دیتبوومان و نه‌ ده‌مانناسى، دواتریش نه‌ك هه‌ر (فارس و هاشم) به‌ڵكوو دایكیان و مام عه‌زیز ده‌ڵاڵ و پلكه‌گورێش له‌لامان بوونه‌ سومبلى به‌رخودان و قوربانى، وه‌ك خانه‌واده‌یه‌كى پیرۆز و قه‌درگران ده‌مانعه‌ملاندن.

* باوكى (فارس هاشم) پێشمه‌رگه‌ى قاره‌مانى حزبى شیوعى (عه‌ریف یونس عه‌زیز مسته‌فا) بوو، كه‌ له‌ رێكه‌وتى (12/5/1966) له‌ (داستانى هه‌ندرێن) تاجى سه‌روه‌ریى له‌سه‌ر نا و گه‌یشته‌ كاروانى پڕشكۆى شه‌هیدانى كوردستان.