مامۆستا گوتی ئه‌من ده‌رسه‌كتان پێ ده‌ڵێم هه‌مووی درۆیه‌! ئەویش تەئریخە

سه‌ری هارومار

جلكی تازه‌م پۆشی و رووم له‌ ناوه‌ندیی ئیسكان كرد، ژماره‌یه‌ك له‌ براده‌ره‌ هاوپۆله‌كانم دۆزییه‌وه‌، به‌وه‌ دڵخۆش بووم. ژماره‌یه‌ك قوتابیی زه‌لامم بینی، كه‌ سمێڵیان هه‌بوو، سه‌ره‌تا وامزانی ئه‌وانه‌ مامۆستان، قوتابخانه‌كه‌ زۆر فراوان و شووره‌یه‌كی درێژی هەبوو و چه‌نده‌ها گۆڕه‌پانی تۆپی پێ و سه‌به‌ته‌ و تۆڕی له‌خۆ گرتبوو.


زه‌نگ لێ درا، هه‌موومان له‌ حه‌وشه‌ گه‌وره‌كه‌دا كۆكراینه‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌ر مامۆستا شێخ خاڵیس له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك مامۆستا، هاتنه‌ ناو چه‌قی گۆڕه‌پان، سه‌ره‌تا به‌ڕێوه‌به‌ر گوتی:
ـ كوڕه‌كانم، هه‌مووتان به‌خێر بێن، وا ساڵێكی تازه‌ ده‌ستی پێ كرد، ئه‌وڕۆ به‌سه‌ر پۆله‌كان دابه‌شتان ده‌كه‌ین، سبه‌ینێ كتێب و ده‌فته‌ر وه‌رده‌گرن و خوێندن ده‌ست پێ ده‌كات، ئه‌وجه‌ بتانبینم.


قوتابخانه‌كه‌ دوو نهۆم بوو، هه‌ر نهۆمه‌ی هه‌شت پۆلی تێدا بوو، سه‌ره‌تا قوتابییانی پۆلی دووه‌م و سێیه‌م به‌سه‌ر هۆبه‌كان دابه‌ش كران، ته‌نیا ئێمه‌، واته‌ ئه‌وانه‌ی تازه‌ پۆلی شه‌شیان ته‌واو كردبوو ماینه‌وه‌، مامۆستایه‌ك ناوه‌كانی خوێنده‌وه‌، هه‌ر 30 قوتابیی هۆبه‌یه‌كمان به‌ركه‌وت، من ناوم له‌ هۆبه‌ی ـ ه ـ ده‌رچوو، كه‌ كه‌وتبووه‌ نهۆمی سه‌ره‌وه‌، به‌یاوه‌ریی مامۆستایه‌ك سه‌ركه‌وتین و له‌ناو پۆل دانیشتین.


هه‌ندێك قوتابی له‌پشته‌وه‌ دانیشتبوون، سمێڵێیان هاتبوو، مامۆستا پرسی:
ـ كێ له‌ ئێوه‌ ژنی هێناوه‌.


دوو له‌ قوتابییه‌ دانیشتووه‌كانی پشته‌وه‌ ده‌ستیان به‌رز كرده‌وه‌ و یه‌كێكیان گوتی منداڵێكێشم هه‌یه‌.


سه‌رم له‌وه‌ سوڕما، بیرم له‌وه‌ كرده‌وه‌ ئه‌وان وه‌ك من پۆلی شه‌شی سه‌ره‌تاییان ته‌واو كردووه‌، واته‌ ئاوزه‌ی منن، ئه‌ی چۆن ئه‌وان سمێڵیان هاتووه‌ و ژنیان هێناوه‌، منیش هێشتا تووكه‌ حه‌رامه‌ به‌ده‌موچاومه‌وه‌یه‌، توومه‌ز ئه‌وانه‌ خه‌ڵكی گوندان بوون و دره‌نگ چوونه‌ته‌ به‌ر خوێندن، ئه‌و كاته‌ ئه‌وه‌م نه‌ده‌زانی. هه‌ندێك قوتابی، خه‌ڵكی گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر بوون، به‌ پایسكل ده‌هاتنه‌ ده‌وام، یه‌كێك له‌وان ده‌یگوت:
ـ مه‌لای سبه‌ینێ بانگی دا، نوێژی ده‌كه‌م و نانوومه‌وه‌، چێشتی ده‌خۆم و راست په‌یدان لێ ده‌ده‌م، به‌ سه‌عاته‌كی ده‌گه‌مه‌ ئێره‌.


یه‌كێكی دیكه‌ش ده‌یگوت:
ـ له‌ بنه‌سراوه‌ی به ‌پێیان دێمه‌ مه‌كته‌بێ.


ئه‌و مامۆستایه‌ی لامانبوو، ئه‌فه‌ندییه‌كی چوارشانه‌ی بێ سمێڵ و برۆی زۆر گه‌وره‌ بوون، گوتی:
ـ گوێ بده‌نێ، با قسه‌كی راست و دروستتان بۆ بكه‌م، ئه‌من ده‌رسه‌كتان پێ ده‌ڵێم هه‌ر هه‌مووی درۆیه‌!!


كه‌ گوێمان له‌و قسه‌یه‌ بوو، هه‌موو نقه‌مان له‌خۆ بڕی، هیچ مامۆستایه‌ك به‌ ئێمه‌ی نه‌گوتبوو ئه‌و ده‌رسه‌ی پێمان ده‌ڵێ هه‌مووی درۆیه‌، مامۆستایه‌كه‌ گوتی:
ـ ته‌ئریخ هه‌مووی درۆیه‌، ئه‌من ته‌ئریختان پێ ده‌ڵێم.


هه‌ر به‌ قاقا پێكه‌نی و به‌رده‌وام بوو:
ـ توخوا قه‌ت بووه‌، زه‌لامه‌ك به‌ یه‌ك گورزی سه‌د كه‌س بكوژی! ئه‌وه‌ ته‌ئریخه‌.


ماوه‌یه‌ك بێ ده‌نگ بووین، مامۆستایه‌كه‌ پرسی:
ـ ها.. بۆ بێده‌نگن، كه‌س پرسیاره‌كی هه‌یه‌؟


یه‌كێك له‌ قوتابییه‌ زه‌لامه‌كانی دواوه‌، هه‌ستایه‌ سه‌ر پێ و گوتی:
ـ ئه‌دی مادام ته‌ئریخ هه‌مووی درۆیه‌، لۆ ئه‌و ده‌رسه‌ی ده‌خینین؟


مامۆستایه‌كه‌ به‌ ده‌ستی راسته‌ی لای چه‌پی روومه‌تی خوراند و وه‌رامی دایه‌وه‌:
ـ ئه‌وه‌ به‌ ده‌ست من و توو نییه‌، حكوومه‌ت دایناوه‌ و ده‌بی بیخینین.


قوتابییه‌كه‌ دیسان پرسی:
ـ ئه‌دی ئه‌گه‌ر درۆی بخینین گوناحمان ناگاتێ.


مامۆستایه‌كه‌ بزه‌یه‌كی هاتێ و ئه‌مجاره‌ به‌ ده‌ستی چه‌په‌ی لای راستی روومه‌تی خوراند و گوتی:
ـ هه‌تیم دیاره‌ ئه‌توو زۆر تێ ده‌گه‌ی؟


له‌و عانه‌یه‌دا زه‌نگ لێی دا و هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ حه‌وشه‌ و راڕه‌وه‌كه‌دا سووڕامه‌وه‌، دوو تابلۆ، كه‌ به‌ به‌ر دوو ژووری درێژووكانیدا هه‌ڵواسرابوون، یه‌كێكیان له‌سه‌ری نووسرابوو (المرسم) و ئه‌ویدیكه‌ش نووسرابوو (المختبر)، له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ سه‌یری ژوورێكم كرد، تژی بوو له‌ تابلۆی جوان و فڵچه‌ و بۆیاغ و كه‌لوپه‌لی ده‌ستكرد، سه‌یری ژووره‌كه‌ی دیكه‌م كرد، هه‌مووی شووشه‌ی ملدرێژ و پان و خڕ و بۆڕیی باریك و هه‌ندێك كه‌لوپه‌ل بوون، كه‌ له‌ ژیانمدا نه‌مبینیبوون.


سه‌رێكم به‌ شوێنی ئاو خواردنه‌وه‌دا گرت، شوێنه‌كه‌ دوو به‌ش بوو، سه‌ره‌تا چه‌ندان تانكییه‌ ئاوی گه‌وره‌ ریز كرابوون، دوایی له‌ ده‌رگایه‌كه‌وه‌ ده‌چوویته‌ ژووره‌وه‌، كه‌ ریزێك ئاوده‌ستی تێدابوو، كۆمه‌ڵێك قوتابی لای تانكییه‌كان جگه‌ره‌یان ده‌كێشا و جار جار له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ سه‌یری ده‌ره‌وه‌یان ده‌كرد.


زه‌نگی چوونه‌ ژووره‌وه‌ لێی دا، به‌رله‌وه‌ی بچمه‌ ناو پۆله‌وه‌، قوتابییه‌كی هه‌راشی پرچ سۆر بانگی كردم و گوتی:
ـ ده‌مناسی؟


زانیم یه‌كێكه‌ له‌ خزمه‌كانم، وه‌رامم دایه‌وه‌:
ـ به‌ڵێ ده‌تناسم، به‌س ناوت نازانم.


گوتی:
ـ ئه‌من عومه‌ری شێخ جه‌لالم.


پێم گوت:
ـ له‌ پۆلی چه‌ندی؟


گوتی:
ـ له‌ پۆلی سێیه‌مم.


یه‌كسه‌ر گوتی:
ـ ئه‌گه‌ر جه‌ڕه‌س لێی دا ئیشم پێته‌.


مامۆستایه‌ك هاته‌ لامان، زۆر به‌ هێمنی به‌ناو پۆله‌كه‌دا سووڕایه‌وه‌، سه‌یری هه‌موومانی كرد، ده‌ستی به‌ قسان كرد، به‌ شێوه‌زاری كرمانجی ده‌ئاخافت و تۆنی ده‌نگی زۆر خۆش ده‌هاته‌ به‌ر گوێم و گوتی:
ـ من بیركاریتان پێ ده‌ڵێم، كه‌ گوێم له‌ وشه‌ی بیركاری بوو، عیزڕائیله‌كه‌م هاته‌ به‌ر چاو، مامۆستا زۆر به‌وردی باسی ئه‌و بابه‌ته‌ی كرد و ده‌یگوت:
ـ بیركاری واته‌ ژیان، هه‌موو شتێك په‌یوه‌ندیی به‌ بیركارییه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی بایه‌خ به‌و ده‌رسه‌ بدات بیری زۆر فراوان ده‌بێت و له‌ ژیان سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت.


له‌ میانی قسه‌كانیدا، مامۆستا پرسیاری ئه‌وه‌ی كرد، كه‌ چه‌ند كه‌س له‌ ئێمه‌ له‌ بیركاری په‌نجا نمره‌ی وه‌رگرتووه‌، هه‌شت قوتابی ده‌ستیان به‌رز كرده‌وه‌، ماوه‌یه‌ك ته‌ماشای كردین و گوتی:
ـ ئه‌وه‌ ده‌بێت عیلاج بكرێت، قوتابی له‌ قۆناغی ناوه‌ندی نابێت له‌ بیركاری لاواز بێت.


ئه‌و قسانه‌ منیان خسته‌ ناو ده‌ریایه‌ك له‌ خه‌م و نیگه‌رانی، ده‌مزانی دیسان تووشی ئه‌و دێوه‌زمه‌یه‌ ده‌بمه‌وه‌، باش بوو زه‌نگی پشوودان لێی دا و به‌ په‌له‌ خۆم گه‌یانده‌ لای عومه‌ری شێخ جه‌لال تا بزانم چی ده‌وێت.