فڕۆكه‌ی ئیمام دۆشكه‌ی سه‌ر قه‌ڵاتێ

كۆڵان كۆڵان گێڕانه‌وه‌ - 103

گه‌رم داهات، به‌و زستانه‌ باووبۆرانه‌، زه‌وی و ئاسمان گه‌رم داهاتن، قادسییه‌ ئاگری كرده‌وه‌، پێشترێش شه‌ڕ بوو، وادیاره‌ وڵات بێ شه‌ڕ هه‌ڵناكات، به‌ڵام شه‌ڕی ئه‌وجاره‌ له‌ ئاسمانی شاره‌، به‌ری هه‌نگینێ له‌ شار شه‌ڕ نه‌كه‌وتبووه‌ ئاسمانێ، پێشان له‌و لایه‌وه‌ ته‌نیا فڕۆكه‌ی به‌غدا ده‌چوو چیا و گوندی ده‌كرده‌ ره‌ژوو، ئێستا سه‌رباری به‌غدا، فڕۆكه‌ی تارانیش به‌سه‌ردا ده‌دات و شار بۆردومان ده‌كات.

فڕۆكه‌ دێ و ناگه‌ڕێته‌وه‌، نه‌وی نه‌وی، هه‌ر ئه‌وه‌ته‌ زگی به‌ دارتێل ناكه‌وێ، باكی به‌ هیچ نییه‌، كوێی بوێ كاولی ده‌كات، ناگه‌ڕێته‌وه‌، نه‌ له‌ كلاشینكۆفی سابیر سارووخ، نه‌ له‌ دۆشكه‌ی قه‌دۆ، ده‌ڵێن سابیر مووشەک یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ له‌ هه‌ولێرێ، له‌ پێش باخچه‌ی كورد و عاره‌ب، له‌ناو جاده‌ كلاشینكۆفی راكێشاوه‌ و فیشه‌كی به‌ فڕۆكه‌ی ئێرانه‌وه‌ ناوه‌، ئه‌وه‌ ئازایه‌تی بوو، كێ ده‌یوێرا له‌ ئاست فڕۆكه‌ سه‌ر به‌رز كاته‌وه‌، خه‌ڵك قۆپچه‌ و ئه‌نگوستیله‌ی په‌نجه‌ی ده‌شارده‌وه‌، نه‌وه‌كوو بریقه‌ بداته‌وه‌ و فڕۆكه‌ بیبینێ، كه‌چی مووشەک كلاشینكۆفی پێوه‌ نا، سارووخ هێشتا به‌ چیا نه‌كه‌وتبوو، قه‌دۆش تازه‌ له‌ عه‌ره‌بستانێ هاتبۆوه‌.

شته‌ك له‌ قه‌دۆ ده‌گێڕمه‌وه‌ و وه‌كات ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بن سێبه‌ری فڕۆكه‌، قه‌دۆ ئه‌و پیاوه‌یه‌ كاتی خۆی بابم دوو دیناری له‌ به‌ڕكی بوو یه‌كیانی بۆ وی نارد، ئه‌و دوور خرابۆوه‌ عاره‌بستان، باشووری قاقڕ، قه‌دۆ كاتێ له‌ بیابان هاته‌وه‌، یه‌كه‌م ماڵ ماڵی ئێمه‌ بوو سه‌ری پێدا بگرێ، گۆتیه‌ بابم:

دیناره‌كه‌ی تۆ ته‌نیا جووتێ پێڵاوی پێ هات، به‌ڵام نیوه‌ی خێل و كه‌سوكاری منی هێنا، تا مردن له‌ چاكه‌ت ده‌رناچم.

ئه‌و قه‌دۆیه‌ پیاوێكی زۆر سه‌رڕاست بوو، بۆ په‌ڕینه‌وه‌ له‌ مردنیش درۆی به‌ زاردا نه‌ده‌هات، هه‌ر له‌به‌ر هه‌ندێش دوای توانه‌وه‌ی شۆڕش ره‌وانه‌ی بیابان كرا، خۆی گێڕایه‌وه‌:
(له‌ كاتی خۆڕاده‌ستكردنه‌وه‌، له‌ هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌كیان ده‌پرسی:
ئیشی تۆ چ بوو؟

له‌و سێ چوار ئیشه‌ بترازێ، كه‌س ئیشێكی دی نه‌كردبوو:
- من نانه‌وا بووم.
- ئه‌ز له‌ ناندێنێ شیوم لێ ده‌نا.
- من ده‌چوومه‌ داران، دارم بۆ بۆ باره‌گا ده‌كێشا.
-ئه‌ز مه‌یته‌ر بووم، كه‌ر و هێستری باره‌گام به‌خێو ده‌كرد.

ئه‌منه‌كه‌ تووڕه‌ بوو:
دیاره‌ ئه‌وانه‌ی له‌و شاخانه‌ گولله‌یان به‌ عێراق و گه‌لی عه‌ره‌به‌وه‌ ده‌نا، ئیسرائیلییه‌كان بوون!

من هه‌ڵم دایێ:
نه‌خێر من بووم.

ئه‌منه‌كه‌ به‌ بزه‌یه‌كی تاڵه‌وه‌ گوتی:
ده‌ی بڵێ، بزانم..

گوتم:
ئه‌ز له‌سه‌ر دۆشكه‌ی شۆڕش بووم، هه‌ر فڕۆكه‌یه‌كی عێراقی گولله‌یه‌كی به‌ركه‌وتبێ، له‌ لووله‌ی دۆشكه‌كه‌ی منه‌وه‌ بۆی چووه‌).

ئیدی بیابان خۆت بگره‌ قه‌دۆ هات، له‌گه‌ڵ شه‌ڕی قادسیه‌، قه‌دۆ هاته‌وه‌، حوكمه‌ت بردیه‌ سه‌ر قه‌ڵاتێ و له‌ سه‌ر دۆشكه‌یه‌كی گه‌وره‌ی دانا، پیانگۆتبوو:

چۆنت بۆ مه‌لا مسته‌فا كرد، ئه‌وهاش بۆ ئێمه‌ی بكه‌.

قه‌دۆ گۆتبووی:
من ناپاكیی له‌ چه‌كی ده‌ستم ناكه‌م، كێشكه‌ له‌ قه‌ڵات نزیك بكه‌وێته‌وه‌ ده‌یهێنمه‌ خوارێ.

قه‌دۆ ده‌ستی له‌ فڕۆكه‌ی تارانێ نه‌پاراست، یه‌كه‌م كه‌س بوو له‌ بڵندایی قه‌ڵاته‌وه‌ فیشه‌ك بنێ به‌ فڕۆكه‌ی خومه‌ینییه‌وه‌.

ئێ، قه‌دۆ و سارووخ له‌جێی خۆیان، دێمه‌وه‌ به‌لاشاوه‌، له‌نزیك سه‌ید مارف دارتێلێكی گه‌له‌ك گه‌وره‌ و بڵند به‌ ئاسماندا چووه‌، ده‌نگێكی لێوه‌ دێ، سه‌د خۆزگه‌ت به‌ لووره‌ی سەگ، بیرتانه‌؟ لووره‌ی سه‌گ ئیزرائیلی دێنا و كه‌سێكی ده‌برده‌ سه‌ید مارف، لێ لووره‌ی ئه‌و دارتێله‌ به‌ گیانی كه‌سێك واز ناهێنێ، ئیزرائیله‌ ئاسنینه‌كه‌ی ئاسمانێ، ئه‌وه‌ی له‌بن عه‌بای ئیمام خومه‌ینییه‌وه‌ ده‌هات، چه‌ند كه‌سێكی پێكه‌وه‌ ده‌نارده‌ سه‌ید مارف و گۆڕستانه‌كانی دی، باڵه‌خانه‌ و خانووشی كاول ده‌كرد، لووره‌ی دارتێله‌كه‌ كه‌ به‌ (ئینزاره‌كه‌) راداره‌كه‌ ناوی رۆیشتبوو، ئاگاداركردنه‌وه‌ی پێشوه‌خته‌ بوو.

له‌گه‌ڵ لووره‌ی رادارێ، ده‌بووه‌ تێكئاڵان و هه‌ڵقژان و هاوارێ، ده‌ستوپێ تێكده‌ئاڵان، هه‌بوو له‌جێی خۆی رووی به‌ زه‌وییه‌وه‌ ده‌نا و پشتی ده‌كرده‌ ئاسمانێ، هه‌بوو غاری ده‌دایه‌ كۆڵانێ، هه‌ندێكیش لۆ بن كانتۆر، بۆ بنه‌بانێ، هه‌یه‌ ده‌ڵێ:

ساكه‌گۆڕ باشتره‌ له‌وه‌ی بچیه‌ ژۆرێ و بنه‌بانێ، فڕۆكه‌ ناپاڵم ده‌هاوێته‌ خانووبه‌ره‌.

هه‌یه‌ ده‌ڵێ:
بڕۆ په‌نایێ، بن دیوارێ، ئه‌گه‌ر له‌و گۆڕه‌ بیت، له‌و گۆڕه‌ ساچمه‌یێ ساردت ده‌كاته‌وه‌.

من، كه‌ ماڵه‌كه‌ی موفتی و كوڕه‌كه‌ی پێش ده‌رگه‌ی مزگه‌فتی شێخه‌ڵام به‌ چاوی خۆم دیتبوو، نه‌مده‌زانی به‌ قسه‌ی كامیان بكه‌م، بزانه‌ چیم دی:
له‌ سینه‌مای حه‌مرا، پاره‌كه‌م دا، بلیته‌كه‌ هێشتا له‌ ده‌ستی بلیتفرۆشه‌، بووه‌ زرم و هۆڕ، قه‌دۆ له‌سه‌ر قه‌ڵاته‌وه‌ پلی پێوه‌ نا، من فڕۆكه‌م دیت، كوو له‌ گولله‌ تیژتر، له‌ دارتێل ستوونیتر چۆوه‌ ئاسمان، كه‌شیده‌ له‌ سه‌رێك به‌ ده‌نگی بڵند ده‌ڵێ:

فڕۆكه‌ی ئیمام، دوژمنی سینه‌مایه‌، به‌ لای مزگه‌فتدا ناچێ.

له‌سه‌ر قسه‌ی وی به‌ره‌و مزگه‌فتێ هه‌ڵاتم، بیرمه‌ له‌و ساته‌ مه‌مه‌ده‌ شێتیش، كه‌ هه‌ستم نه‌ده‌كرد هه‌ستی ترسی مابێ، ترسی لێ نیشت و خۆی هاویشته‌ ناو سینه‌ما، مه‌مه‌دیش چیرۆكه‌، به‌ڵام له‌و هه‌ڵات هه‌ڵاته‌ ناپرژێمه‌ سه‌ره‌ وی، یه‌كپێ هه‌ڵاتم، تاهو واه، دارماڵه‌، له‌سه‌ری ده‌ڕژێ، پشیله‌شی پێوه‌ ناچێ، له‌سه‌ر ده‌رگا خۆم ده‌خیلی مزگه‌فتی شێخه‌ڵا كرد، لرمه‌یه‌ك چ لرمه‌، له‌ رووخانی قه‌ڵات ده‌چوو، كوڕێكی له‌ من شتێك هه‌راشتر، كه‌ پشتی به‌ دیواری مزگه‌فتێ دابوو، به‌لادا هات، خوێن له‌ لاملیه‌وه‌ هاته‌ خوارێ، وا بزانم هه‌ناسه‌ی تێدا نه‌ما، پیاوێك كه‌ ترومبێله‌كه‌ی له‌وێ راگرتبوو و وه‌ك ئێمه‌ هانای بۆ مزگه‌فتێ هێنابوو، خستییه‌ سه‌رشانی و هاویشتییه‌ ناو ترومبێلێ و یه‌ك دووانێكی دیش سوار بوون و چوون، له‌ دڵی خۆمدا گوتم، سینه‌ما له‌ مزگه‌فت پارێزراوتره‌، خۆزی له‌ كن مه‌مه‌د شێت ده‌مامه‌وه‌.
بزانه‌، ئه‌وه‌ی گه‌ڕه‌كی موفتی كوو بوو، من له‌ سه‌ید مارفێ، له‌ناو چێورمه‌ی خۆم له‌ گژ ده‌وركردنه‌وه‌م، لووره‌ی رادار هات، چووم چووم، خۆم دایه‌ په‌نای كێلی پیری سوارچاكان، ئه‌و كێله‌ بۆ من چی وای له‌ ساقۆ درێژه‌كه‌ی بابم كه‌متر نییه‌، ده‌مپارێزێ، زۆری نه‌برد بووه‌ زرموهۆڕ، لرمه‌یه‌كیان زۆر نزیك بوو، وه‌ك بڵێی به‌ مه‌زاری سه‌ید مارف كه‌وتبێ، سه‌رم هه‌ڵبڕی، سه‌ید سه‌لامه‌ته‌، له‌ولاوه‌ له‌ناو گه‌ڕه‌كێوه‌ تۆز و دووكه‌ڵ به‌ری ئاسمانی گرت، دوای نه‌مانی ده‌نگی فڕۆكه‌، رووه‌ و دووكه‌ڵ هه‌ڵاتم، چ ببینم، دوژمنت نه‌یبینێ، ئه‌وه‌ی من دیتم و بیستم هه‌ر به‌ قسه‌ خۆشه‌، كۆشكێك له‌ كۆشكه‌كانی موفتی له‌جێی خۆی داڕماوه‌، لا دیوارێكی به‌پێوه‌ نه‌ماوه‌، گه‌ڕه‌ك ده‌وریان داوه‌، كه‌سی له‌ بنه‌؟

پیرێژنێ پرچ ده‌ڕنێته‌وه‌:
ژنه‌كه‌، ژنه‌كه‌، منداڵه‌كه‌ی هێشتا له‌ زگه‌، مامانه‌كه‌شی له‌ ته‌كه‌.

به‌ شۆفه‌ڵ و گه‌وره‌ و گچكه‌ له‌ گژن، سێ ته‌رمیان هێنا ده‌رێ، یه‌كیان پێش هاتنه‌ دنیا، گه‌یشته‌ ئه‌و دنیا و بای دنیای به‌رنه‌كه‌وت، پیاوێك ده‌ڵێ:
له‌ كاتی هاتنی فڕۆكه‌ له‌ كۆڵانێ راوه‌ستی باشتره‌ له‌وه‌ی له‌ دوڕ ژۆرێ دانیشی.

سه‌رم تێدا ماوه‌، بچمه‌ ژۆرێ، یان بن دیواری ده‌رێ!

له‌گه‌ڵ فڕۆكه‌ی ئیمام، سه‌ربرده‌م زۆره‌، ئه‌وه‌ی ناو گه‌رماوێ، ئه‌گه‌ر له‌ سینه‌ما بیبینی، هه‌شبه‌سه‌ر ده‌هێنێته‌ پێكه‌نینێ، سه‌ر له‌ سبه‌ینانه‌كی، له‌ كێنده‌رێم؟ له‌ گه‌رماوه‌كه‌ی جاده‌ی شێخه‌ڵا، ناوی سه‌ڵاحه‌دینه‌، چییه‌، كێم له‌گه‌ڵه‌؟ له‌بیرم نییه‌، دوور نییه‌ فازیل رێحانه‌ بووبێت، هه‌ینێ له‌ گه‌رماوێ گه‌ڵ و گون رووتیی شه‌رم نه‌بوو، هه‌موو له‌ پێكه‌وه‌ و به‌ته‌نیشت یه‌كه‌وه‌، رووت رووت خۆیان ده‌شوشت، له‌هیكڕا قه‌وما، له‌ كه‌س نه‌قه‌ومێ، دیسان فڕۆكه‌ی ئیمامه‌، دیاره‌ قه‌دۆش له‌سه‌ری قه‌ڵاتێوه‌ به‌ به‌ر دۆشكه‌ی داوه‌، به‌ڵام نازانم كڵاشینكۆفه‌كه‌ی سابیر سارووخ له‌ ته‌یراوه‌وه‌ ته‌قه‌ی دێ یان نا، ئه‌وجا ئه‌نگۆ ته‌ماشای ئه‌و خه‌ڵكه‌ رووته‌ بكه‌ن، كوو كوویی تێكده‌سووڕێن، كه‌س به‌ جلكی خۆی ناكه‌وێته‌وه‌، هه‌یه‌ به‌ گه‌ڵوگون رووتییه‌وه‌ گه‌یشته‌ جاده‌، هه‌یه‌، به‌ كراسێك، بە كڵاوێك گونی خۆی داپۆشیوه‌، قوونیش با لێی ده‌دا، ئیدی رووته‌كانی ناو گه‌رماوێ ده‌رده‌په‌ڕن و خه‌ڵكی ناو جاده‌ش غار ده‌ده‌نه‌ ناو گه‌رماوێ، ئه‌وجا وه‌ره‌ تێبگه‌، ژۆرێ چێتره‌ یان ده‌رێ! بابم جێی سێیه‌می به‌بیردا هات، هاته‌ سه‌ری له‌ ده‌وكه‌ندێ، كونه‌فڕۆكه‌ لێ دا، ده‌یگۆت:
چاره‌ی فڕۆكه‌ هه‌ر كونه‌فڕۆكه‌یه‌، له‌ ساچمه‌ ده‌تپارێزێ و بان و دیواریشت به‌سه‌ردا ناڕووخێ.