ئاینده‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌به‌رده‌م پڕۆسه‌ى چاكسازیدا

ئه‌گه‌ر چى چه‌مكى چاكسازى چه‌مكێكى فره‌ ڕه‌هه‌نده‌ , به‌ڵام زیاتر له‌ بوارى سیاسى و حوكمڕانیدا ناوى ده‌هێنرێت . هه‌رێمى كوردستانیش به‌دوور نیه‌ له‌وه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كى زۆره‌ سه‌رى زمان و بنى زمانى به‌رپرسان و حزبه‌ سیاسیه‌كان چاكسازییه‌ ؛ئه‌مه‌ واتاى ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان گه‌نده‌ڵى و بێ سه‌روبه‌رى له‌ سه‌رجه‌م دام و ده‌زگاكاندا ڕه‌نگى داوه‌ته‌وه‌ , واته‌ واقعى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌ فه‌رز ده‌كات كه‌ به‌زووترین كات ده‌ست به‌پڕۆسه‌ى چاكسازى بكرێت له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا , هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ش پێویستى به‌ میكانیزم و ئیراده‌یه‌كى پۆڵاین هه‌یه‌ , چونكه‌ راسته‌ پڕۆسه‌ى چاكسازى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى میلله‌تدایه‌ به‌ڵام چه‌ند گروپ و تاقمێك تیایدا زه‌ره‌ر مه‌ند ده‌بن , لێره‌شدا حزبه‌ سیاسیه‌كان به‌تایبه‌ت پارتى دیموكراتى كوردستان وه‌كو گه‌وره‌ترین و كاریگه‌رترین حزب ده‌بێت ڕۆڵى سه‌ره‌كى ببینن له‌ هه‌نگاونان به‌ره‌و قۆناغێكى نوێى حوكمڕانى سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستان و به‌دامه‌زراوه‌یى كردنى سه‌رجه‌م دامو ده‌زگاكان , واته‌ پارتى وه‌كو حزبێكى گه‌وره‌و براوه‌ گرنگه‌ له‌ پڕۆسه‌ى چاكسازیدا له‌ خودى خۆیه‌وه‌ ده‌ست پێبكات و دواتر شۆڕبێته‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان , چونكه‌ ناكرێ پارتى حه‌فتاو سێ ساڵ خه‌بات و قوربانیدان به‌قوربانى چه‌ندكه‌سێكى مشه‌خۆروى ناوحزبه‌كه‌ى بكات كه‌ هیچ كاتێك ئامادده‌ى خزمه‌تكردن و قوربانیدان به‌و حزبه‌ نه‌بوون , بۆیه‌ پێویسته‌ پارتى دیموكراتى كوردستان هه‌روه‌كو چۆن سه‌رمه‌شقى زۆربه‌ى گۆڕانكارییه‌كان بووه‌ له‌ مێژووى خه‌باتى سیاسى خۆیدا ئاواش سه‌رمه‌شق و ده‌ستپێشخه‌رى پرۆسه‌ى چاكسازى بێت له‌ هه‌رێمى كوردستان ، چونكه‌ مه‌حاڵه‌ ووڵاتێكى پێشكه‌وتوو له‌ جیهانى ئه‌مڕۆدا ببینرێت به‌ قۆناغى پڕۆسه‌ى چاكسازیدا تێپه‌ڕ نه‌بووبێت ،هه‌روه‌ها زۆریشن ئه‌و ووڵاتانه‌ى كه‌له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندى چه‌ند كه‌س و تاقمێك به‌ده‌یان ساڵه‌ له‌ قۆناغێكى دۆگماو چه‌قبه‌ستووى ماونه‌ته‌وه‌ ، بۆیه‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ زیاتر پێشكه‌وتن و كرانه‌وه‌ به‌ڕووى جیهانى مۆدێرن ، پێویسته‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ سه‌رۆكى هه‌ریم و سه‌رۆكى حكومه‌ت به‌پاڵپشتى ڕاسته‌وخۆى سه‌رۆك بارزانى هه‌روه‌ها به‌ هه‌ماهه‌نگى و ده‌ست له‌ ناو ده‌ست له‌گه‌ڵ په‌رله‌ما ن و حزبه‌ سیاسیه‌ كان شه‌ڕى ده‌سته‌و یه‌خه‌ بكه‌ن له‌ دژى گه‌نده‌ڵى و هه‌نگاوى جدى بنێن به‌ڕووى پڕۆسه‌ى چاكسازى ، تاوه‌كو زه‌مه‌نى پێشكه‌وتن و گه‌شه‌ى هه‌رێمى كوردستان دوانه‌كه‌وێت و هاوشانى ووڵاته‌ تازه‌ پێگه‌یشتووه‌كان هه‌نگاو به‌ره‌و پێشكه‌وتن بنێ و هه‌رێمى كوردستان به‌ره‌و كه‌نارێكى ئارام و ئاینده‌یه‌كى گه‌ش ببه‌ن و ئه‌و به‌رپرسیاریه‌ته‌ ئه‌خلاقى و مێژووییه‌ى له‌سه‌ر شانیانه‌ چ به‌رامبه‌ر نه‌وه‌ى ئێستاو چ نه‌وه‌ى داهاتوو به‌جێ بگه‌یه‌نن ببنه‌ جێگاى ڕه‌زامه‌ندى زیاترى گه‌ل و خاك و نیشتیمان ، هه‌روه‌ها پێویسته‌ ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى ده‌زگاكانى راگه‌یاندن و پیاوانى ئاینى ڕۆلى گه‌وره‌یان هه‌بێت له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ى تاك و كۆمه‌ڵگه‌ تاوه‌كو هاوكارو یارمه‌تى ده‌رى حكومه‌ت بن له‌ به‌ده‌مه‌وه‌ چونى پڕۆسه‌ى چاكسازى و رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى