وێنەکەی شەهید عەبدوڵای مامم

من و كەركووك - 10

بڵێسەی راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی كه‌ركووك و گه‌رمیان، به‌ دوا وێستگه‌ی سەرکەوتنە مه‌زنەکانی پێشمه‌رگه‌ و خەڵکی راپەڕیوی کوردستانی باشوور بەسەر به‌ به‌عسییه‌كاندا هه‌ژمار ده‌كرا، كه‌وتنی دامودەزگا سەکوتکەرەکانی به‌عس له‌ كەركووك، دوا په‌یامی داڕمان و شکست و لەبەریەک هه‌ڵوه‌شانی داموده‌زگا سه‌ربازی و ئه‌منی و سیخووڕییەكانی بوو.


به‌ تێپه‌ڕبوونی كاروانی ڕاپه‌ڕین له‌م ده‌ڤه‌ر بۆ ئه‌و ده‌ڤه‌ر، داماڵینی زوڵم و زۆر و سته‌می به‌عسییه‌كان، ئاهێكی كردبوو به‌ به‌ر نیشتماندا، جۆرێك له‌ ئارامی و دڵخۆشی و ئازادی هاتبووه‌ ئارا کە بە وه‌سفكردنی ساده‌ و چه‌ند ڕسته‌یه‌ك نە دادەڕێژرێت و نە دەنەخشێنرێت، ئاخر كه‌م نه‌بوو له‌ دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوولەوە بۆ یه‌كه‌مین جار پێشمه‌رگه‌ ئه‌و شوێنانه‌ش ئازاد بكات، گه‌ڕه‌ك و كۆڵانه‌كانی كه‌ركووك بۆن و بەرامی رەسەنی كوردبوونیان لێ ده‌هات.


خۆ كاتێكیش گه‌ڕامه‌وه ‌سلێمانی و كەركووكم به‌جێ هێشت، بینیم كه‌شی ئارامی سلێمانی جوداتر بوو له‌ كه‌ركووك، هه‌ڵبه‌ته سلێمانی و دەوروبەری به‌ته‌واوی له‌ هه‌رچی داموده‌زگای به‌عسه‌ پاكژ كرابووە‌وه‌، ئه‌مه‌ش وای كردبوو رەوشێکی نوێ له‌ مێژووی ئه‌م شاره‌دا بێته‌ ئارا، ئەو دەمانە دەمویست زۆرترین شوێن و گەڕەکی ئازادکراوی شار ببینم، خواستم ئەوە بوو بە دیمەنەکانی جۆش و خرۆشی رۆژانی ئازادبوون زیاتر و زیاتر ئاشنا بم. له‌ یادمه‌ له‌ ئێواره‌ گه‌شتێكدا له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م رۆیشتین بۆ به‌رده‌ركی سه‌را و شوێنه‌ گشتییه‌كانی شار، بەردەرکی سەرای سلێمانی میژوویەکی تایبەتی هەیە لەگەڵ راپەڕین و خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕیندا، بۆیە گەرەکمان بوو ئەو گۆڕەپانە لەو رۆژدا لەنزیکەوە ببینین. لەوێ سه‌رسام و دڵخۆش بووم به دیمه‌نه‌كان و هەموو ئەو گۆڕانكاڕییانه‌ی كه‌ له‌ شاردا روویان دابوو له‌ دوای راپه‌رین، هه‌ر‌چی مۆڵگه‌ی به‌عسییه‌كان بوو كرابوونه‌ باره‌گای پێشمه‌رگه‌ و بڵندگۆیان لێ به‌سترابوو، سرووده‌ نیشتمانییه‌كانی كوردستانیان بۆ پێشمه‌رگه‌ و ئازادی ده‌گوته‌وه‌ (دەمی راپەڕینە، پیشمەرگەنە، کوردم ئەمن، وا هاتن پێشمەرگێن مە، ئەی کوردینە ئەی مەردینە، سەدەی بیستەمە کوردە هیممەتێ... و هتد) ئەگەرچی پێشتر ئەو سروودانەم بیستبوو، بەڵام بیستنیان لەو رۆژانەدا هەستێکی تایبەتی لا دروست دەکردم، وێنه‌كانی دیكتاتۆری پێشووی عێراق تێكشكێندرابوو، دروشمەکان زۆربەیان سڕابوونەوە، لەبری ئەوانە ئاڵای كوردستان و ئاڵای حزبه‌كان و وێنەی سەرکردە و شه‌هیده‌كانی كوردستان هه‌ڵواسرابوون، له‌ هه‌مووشی سه‌رنجڕاكێشتر کۆبەونەوەی خەڵکانی ئازادیخواز بوو، ئاپۆرایه‌كی زۆری هاونیشتمانیان له‌ به‌رده‌ركی سه‌را هه‌بوو، بەزۆری وێنەی شەهیدان و دروشمی ئازادیخوازانە بە دەست خەڵکەوە بوو، په‌یتا په‌یتا یه‌كێك له‌ناو ئاپۆراكه‌وه‌ ده‌چووه‌ سه‌ر شوێنێكی به‌رز کە هاوشێوەی مینبەرێک بوو و بە بڵندگۆ شعرێكی شۆڕشگێرانه‌ی بۆ جەماوەر ده‌خوێنده‌وه،‌ ئامادەبووانیش به‌ جۆش و خرۆشێكی زۆره‌وه‌ له‌ هوتاف كێشاندا پێشوازییان لێ ده‌كرد، هه‌رچی ره‌نگ و ئایدلۆژیای كوردی و کوردستانی هەبوو، له‌ژێر سه‌یوانی ڕاپه‌رین و به‌ره‌ی كوردستانیدا توابۆوه‌.


تا ئه‌و ده‌مه‌ من سه‌رنجم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نه‌بوو ئه‌م هه‌موو پێشمه‌رگه‌یه‌ سه‌ر به‌ چ لایه‌ن و بزاڤ و گرووپ و حزبێکن، چونكه‌ من هه‌موویانم به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌ناسی و ده‌زانی، ئاخر من لەوەتەی چاو و هزرم کرابووەوە بە ساڵانی پێش راپەڕینیشەوە، هەمیشە بە قەد دیوارێکی ژوورێکی ماڵی ئێمەدا وێنه‌یه‌كی مامی شه‌هیدم (عەبدوڵا حمه‌ڕه‌شید زێوێیی) جێگری فەرماندەی به‌تالیۆنی (3)ی ڕزگاری شۆڕشی ئه‌یلوول كه‌ پێشتر لە یەکێک لە شەڕە زۆر سەختەکانی ئەو شۆڕشەدا لە ناوچەی تاسڵووجه‌ شه‌هید كرا، هه‌ڵواسرابوو. ئەو وێنەیە کە شەهید عەبدوڵای مامم تیایدا بە جلوبەرگی کوردیی پێشمەرگانە و فیشەکدان و دەمانچە و دووربین و تاقم و تفەنگی بڕنەوەوە بە هەیبەتێکی شۆڕشگێڕانە و نەبەردانە سنگی دەرپەڕاندبوو، بۆ باوک و دایکم بەرز ڕاگرتنی یادی ئازیزێکیان و جۆرێک لە شانازی بوو، بەڵام بۆ ئێمەی منداڵ واتە من و براکانم، ئەگەر زێدەڕۆیی نەبێ قوتابخانەیەک بوو، لە هەموو تەماشاکردنێکدا وانەیەکی کوردپەروەری و نیشتمانپەروەریی لە هزرماندا دەچەسپاند، لە لایەکی دیکەشەوە بەردەوام من به‌و بیره‌ نیشتمانییه‌ گۆش كرابووم كه‌ ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌كی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بووه له‌ شوڕشی ئه‌یلوولدا، بۆیە ئەو رۆژگارە هه‌ر به‌ هه‌مان بیركردنه‌وه‌ و تێڕوانینم بۆ مامی شه‌هیدم، پێشمه‌رگه‌كانی تریشم ده‌بینی.


دواجار له‌ هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا، تێگه‌یشتم كه‌ به‌ره‌ی كوردستانی پێكهاته‌یه‌كه‌ له‌ چه‌ندین حزب و ئایدلۆژیا و بزاڤ و گرووپ و سەرکردە و كه‌سایه‌تیی جیاواز، ئەم بەرەیە وەک چەترێک هەمووانی بە ئامانجی رزگاریی نیشتمانی لەسایەی خۆیدا کۆ کردووەتەوە.


دێمەوە سەر رۆژانی دوای راپەڕینی شاری سلێمانی و دیمەنە باڵکێش و لەیادنەکراوەکانی... زۆربه‌ی شوێنه‌ گشتییه‌كان پڕ بوون له‌ گه‌نج و خه‌ڵكانێك كه‌ تینووی ئازادی بوون، ئەو گەنجانەی ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ ترسی خزمەتی سه‌ربازی لە رێزەکانی سوپای عێراقدا فیراریان كردبوو، لە ترسی کردنی زۆرەملێیی بە جەیشی شەعبی هەروەها چاوی پیاوانی ئه‌من و سیخووڕەکانیان، هه‌روه‌ها له‌ ترس و دڵه‌ راوكێی ئه‌و جاشه‌ كوردانه‌ی كه ‌بووبوونه‌ رێنشانده‌ری پیاوانی به‌عس، بە ئازادی نەدەسووڕانەوە و هەندێکیان هەر خۆشیان دەرنەدەخست، شەوانەرۆژیان لە کونجی ماڵ و ژێرزەمینەکاندا بەسەر دەبرد.


ئەو رۆژگارە هه‌موو ئه‌م مۆته‌كانه‌ له‌ مێژووی ئه‌م شاره‌دا سڕانه‌وه‌ و راپه‌ڕین ئازادییه‌كی ره‌های بۆ هه‌موو کوردستانییانی باشوور هێنایه‌ به‌رهه‌م و ژیدی رۆژانه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ژیان به‌ڕێ ده‌كرا، كه‌ شه‌ویش داده‌هات خه‌ڵكی له‌ ناو ماڵەکانیان ئۆقره‌یان نه‌ده‌گرت بۆیه‌ وه‌ك ته‌ژنه‌ ژه‌مه‌ن خورده‌یه‌كی ئازادی به‌ تاسه‌وه‌ له‌ شەقام و كۆڵان و گهڕه‌كه‌كان گرد ده‌بوونه‌وه‌ و به‌ ئاهه‌نگ و هه‌ڵپه‌ڕكێ و سرووده‌ نیشتمانیه‌كان شه‌وه‌كانیان به‌ كه‌یف و سەفا و خۆشی و شایی ده‌گوزه‌راند.
شه‌وێك له‌و شه‌وانە، ئۆتۆمبێلێكی پێشمه‌رگه‌ هاته‌ كۆڵانه‌كه‌مان و له‌ڕێی بڵندگۆوه‌ داوای بەخشینی كۆمه‌ك و هاوكاریی ده‌كرد بۆ خه‌ڵكی ئاواره‌ و لێقه‌وماو كه‌ به‌هۆی شه‌ڕه‌كانه‌وه‌ له‌ شوێنه‌كانی خۆیان هه‌ڵهاتبوون، لەنێو دانیشتووانی گەڕەکدا جۆش و خروش و پێشبڕكێ بۆ‌ به‌خشینی زۆرترین کۆمەک و هاوكاری وه‌سف ناكرێت، منداڵ و مێرمنداڵ و ژن و پیاو و کچ و کوڕ هەڵپەیان بوو بۆ جه‌مكردنی هاوكاری. له‌بیرمه‌ ساتەکە هێنده حه‌ماسی بوو من به‌و مێرمنداڵیه‌مه‌وه‌ ڕۆبه‌كه‌ی به‌رم داكه‌ندن و دامه ‌ده‌ست پێشمه‌رگه‌یه‌كی سه‌ رو ڕیش ئاڵۆسسكاوی ماندوو کە کۆمەکی کۆ دەکردەوە، ئەو به‌ خه‌نده‌وه‌ لێی وه‌رگرتم، ئای له‌ دڵخۆشیی ئەو ساتەی من، وا‌م ده‌زانی كارێكی زۆر‌ مه‌زن و ناوازەم كردووه،‌ هێنده‌ شاناز بووم بە خۆمەوە، به‌ ئێستاشه‌وه‌ دیمه‌نی ئه‌و شه‌وه‌ وه‌ك تابلۆیه‌كی هه‌زار ره‌نگی له‌ پێش چاومه‌... هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌م و دوا هەڵمەتی کۆکردنەوەی كۆمه‌ك نه‌بوو، بەڵکوو ناو به‌ناو له‌ بڵندگۆی مزگه‌وته‌كانیشه‌وه‌ داوای كۆمه‌ك بۆ لێقەوماوان ده‌كرا، رۆحی نیشتمانی و مۆڤدۆستیی خه‌ڵكییش هێنده‌ به‌رز بوو بێ گوێدانه‌ به‌های كه‌لوپه‌له‌كانیان به‌ دڵخۆشییەوه‌ ده‌یانبه‌خشی.


لێ ئەوەی مایەی دڵتەنگی بوو، هێدی هێدی ده‌نگۆی هه‌واڵی ناخۆش پێوەند به‌ كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ری لەنێو کووچە و کۆڵانەکانی شاردا بڵاو دەبووەوە، دیمه‌نی باوكمم ده‌بینی كه‌ رادیۆكه‌ی بە پەنا گوێیەوە گرتبوو، له‌وێوه‌ هه‌واڵه‌‌كانی هێرش و په‌لاماره‌كانی ڕژێمان ده‌بیست كه‌ چۆن پێشمه‌رگه‌ به‌ره‌نگاریان ده‌بووه‌وه،‌ وه‌لێ بەپێی هەواڵ و دەنگۆکانی ئەودەم هێرشی هێزە چەکدارەکانی رژێمی به‌عس تا دەهات توندتر و سه‌ختتر ده‌بوو، ئه‌مه‌ش جۆرێك له‌ دڵه‌ڕاوكێی له‌ناو خه‌ڵكدا دروست كردبوو، لە لایەکی دیکەشەوە دەمانبینی و ده‌مانبیست په‌یتا په‌یتا خه‌ڵكی خۆبه‌خش خۆیان ناونووس ده‌كرد، یاخود خۆیان ده‌گه‌یانده‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕ بۆ هاوكاریی پێشمه‌رگه‌ و بوون به‌ به‌شێك له‌ پارێزه‌رانی خاك و نیشتمان.

ئەم سەربردەیە هێشتا درێژەی هەیە....