بنیاتنانى مرۆڤ له‌ په‌روه‌رده‌دا

 

مالیزییه‌كان ده‌ڵێن: "به‌نرخترین گه‌نجینه‌ى وڵات مرۆڤه‌، باشترین وه‌به‌رهێنانیش په‌روه‌رده‌كردن و بنیاتنانى مرۆڤه‌".

شكۆی هه‌ر وڵاتێك له‌ پاراستن و پارێزگاریكردنه‌ له‌ گه‌نجینه‌كه‌ى و سه‌ركه‌وتنیشى له‌ په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌پێدان و چۆنیه‌تیى وه‌به‌رهێنانیه‌تى له‌ گه‌نجینه‌ى وڵات. به‌كورتى باسى ئه‌زموونى سێ وڵات ده‌كه‌ین له‌ په‌روه‌رده‌ و بنیاتنانى مرۆڤ:

یه‌كه‌م: مالیزیا، كه‌ له‌ ساڵى 1957 سه‌ربه‌خۆیی وه‌رگرت له‌ به‌ریتانیا، وڵاتێكى كشتوكاڵی و دانیشتوانه‌كه‌ى هه‌ژار بوون، به‌ڵام له‌ ساڵى 1981 كه‌ مهاتیر محه‌مه‌د، ده‌سه‌ڵاتى گرته‌ ده‌ست، تا ساڵى 2003 چواره‌م سه‌رۆك وه‌زیرانى مالیزیا بوو، توانى ته‌كانێك به‌ مالیزیا بدات، ئه‌وه‌ بوو له‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ر كاری كرد (په‌روه‌رده‌ و فێركردن، پیشه‌سازى، چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تى) باسی په‌روه‌رده‌ و فێركردن دەکەم‌. له‌ باخچه‌ى ساوایانه‌وه‌ گرنگیى به‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن دا، بابه‌تى پیشه‌یی و هونه‌ری و چۆنیه‌تیى گه‌شه‌كردنى كارامه‌ییه قوتابیی خسته‌ ناو پرۆگرامه‌كانەوە، ئه‌ویش به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ پرۆگرامه‌ باشه‌كانى به‌ریتانیا، هۆشیارکردنەوەی قوتابی و راهێنانى به‌رده‌وام به‌ مامۆستایان.

مهاتیر محه‌مه‌د زۆر سه‌رسام بوو به‌ ئه‌زموونى یابان، له‌ یه‌كێك له‌ قسه‌كانیدا ده‌ڵێ: "هه‌ر كاتێك بمانه‌وێ نوێژ بكه‌ین، روو ده‌كه‌ینه‌ مه‌ككه‌، هه‌ر كاتێكیش ویستمان وڵات بنیات بنێین روو ده‌كه‌ینه‌ یابان". له‌ سه‌رده‌مى مهاتیردا مالیزیا بووە وڵاتێكى پیسه‌شازیى ده‌وڵه‌مه‌ند، نهێنیى سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گرنگیدانیان به‌ پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن.

دووه‌م: سه‌نگافووره‌ (سه‌نگاپووره‌): كه‌ ناوى سه‌نگافووره‌ دێت، هیچ مانایه‌كى تێدا نییه‌ ئه‌گه‌ر ناوى (لی كوان یوو) نه‌هێنین، چونكه‌ ئه‌وه‌ پیاوه‌ دامه‌زرێنه‌ری وڵاتى سه‌نگافووره‌ى پێشكه‌وتووه‌.

سه‌نگافووره‌ له‌ ساڵى 1965 سه‌ربه‌خۆیی وه‌رگرت، كاتێك مالیزیا لەبه‌ر هه‌ژاری و بارى گرانى به‌سه‌ر وڵاتى مالیزیاوە داواى كرد سه‌نگافووره‌ لێی جیابێته‌وه‌، (لی كوان یوو) كه‌ له‌ ساڵى (1959تا 1990) سه‌رۆك وه‌زیرانى سه‌نگافووره‌ بووه‌، ده‌ڵێ، له‌ ساڵانى شه‌سته‌كان و دواى ده‌ركرانمان له‌ مالیزیا و جیابوونه‌وه‌مان، سه‌نگافووره‌ وێران بوو، هه‌ژاری و نه‌خۆشی باڵى به‌سه‌ر وڵاتدا كێشابوو، دزی و رێگری و تاڵانكردن زۆر بوو، كڕین و فرۆشتن له‌نێوان ده‌وڵه‌مه‌ند و خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان به‌ پۆسته‌كان ده‌كرا، خه‌ڵكه‌كه‌ ته‌واو نائومێد بووبوون و هه‌موو ده‌یانگوت چاكسازى مه‌حاڵه‌، خەڵکی سه‌نگافووره‌ كۆچیان ده‌كرد بۆ وڵاتانى تر، به‌ڵام من رووم كرده‌ مامۆستایان و ئه‌وانیش داڕووخاو و داهێزراو بوون، پێیانم گوت: ”كرێی باش و مووچه‌ى باشتان ده‌ده‌مێ، ئێوه‌ مرۆڤم بۆ بنیات بنێن، منیش داموده‌زگای وڵاتتان بۆ بنیات ده‌نێم“، ئه‌وه‌ بوو سه‌ره‌تا له‌ رێگاى تیمێكى شاره‌زاوە له‌ په‌روه‌رده‌وه‌ ده‌ستمان به‌ چاكسازی كرد، ژماره‌یه‌كى مامۆستای پسپۆڕمان ره‌وانه‌ى به‌ریتانیا كرد، بۆ راهێنان و په‌ره‌پێدانى توانا و پسپۆڕییه‌كانیان و شاره‌زایانى وڵاتانى ده‌ره‌وه‌مان هێنا بۆ فێركردن و راهێنان به‌ مامۆستایان، گرنگیمان به‌ بابه‌ت و پرۆگرامى خوێندن دا و بابه‌ته‌كانمان بریتی بوون له‌ بابه‌تى په‌ره‌پێدانى كارامه‌یی كۆمه‌ڵایه‌تى و بیناتنانى مرۆڤـ، باشترین پرۆگرامى جیهانمان په‌یڕه‌و كرد و زۆر گرنگیمان دا به‌ هه‌ڵمه‌تى نه‌هێشتنى نه‌خوێنده‌واری.

ئێستا ئەوە چه‌ندین ساڵه‌ سه‌نگافووره‌ له‌ كوالێتى خوێندن و قۆناخه‌كانى بنه‌ڕه‌تى و ئاماده‌یی و بابه‌تى بیركاری و زانسته‌كان، له‌ زنجیره‌ى یه‌كه‌م و دووه‌مدا دێت له‌سه‌ر ئاستى جیهان، له‌پێش یابان و كۆریاى باشوور و مالیزیاوەیە‌، هه‌ر له‌ ئه‌نجامى گرنگیدانیان بوو به‌ سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ و فێركردن، توانرا سه‌نگافووره‌ له‌ وڵاتێكى كشتوكاڵى هه‌ژار بگوازرێته‌وه‌ بۆ وڵاتێكى پیشه‌سازیى ده‌وڵه‌مه‌ند، كه‌ ئێستا ده‌وڵه‌مه‌نترین وڵاتى كیشوه‌ری ئاسیایه‌. یه‌كێك‌ له‌ وته‌ هه‌ره‌ دیاره‌كانى لی كوان یوو ئەمەیە: ”پێش هه‌ر شتێك، مرۆڤـ بنیات بنێن“.

سێیه‌م: یابان، هه‌موومان ده‌زانین یابان دوای دۆڕانیان له‌ جه‌نگى جیهانى دووه‌م، وڵاتێكى وێرانیان بۆ به‌جێ ما، به‌ڵام سه‌ركرده‌كانى یابان ده‌سته‌وه‌ستان نەبوون، ده‌ستیان كرد به‌ دانانى پلان و نه‌خشه‌ڕێگەى هه‌ستانه‌وه‌ له‌و كه‌وتنه‌یان، گرنگترین رێگا و رێڕه‌ویان هه‌ڵبژارد و پێیه‌وه‌ پاپه‌ند بوون، کە (په‌نابردن بۆ په‌روه‌رده‌) بوو. له‌ په‌روه‌رده‌وە ده‌ستیان پێ كرد، نهێنیى هه‌ستانه‌وه‌ و ته‌كاندانى یابانیش هەر ئه‌وه‌ بوو، ئه‌ویش به‌ خستنه‌ ناو پرۆگرامه‌كانى خوێندن، بابه‌تێك به‌ به‌رده‌وامى بۆ سه‌رجه‌م پۆڵه‌كانى قۆناخى بنه‌ڕه‌تى تا پێش زانكۆ به‌ تیۆری و پراكتیكى ده‌خوێندرێت، بابه‌تى (رێگاكانى ره‌وشت و په‌روه‌رده‌ى ره‌وشتى) بوو، كه‌ تاكى یابانى له‌ ناخه‌وه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێ چه‌مكى په‌روه‌رده‌یی په‌روه‌رده‌ ده‌كات، وه‌كوو (دڵسۆزی و خۆشه‌ویستى بۆ خاك و نیشتمان و نه‌رم و نیانى و هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تى و هاوكاریكردن و هه‌وڵدانى به‌رده‌وام و رێزگرتن و گوێڕایه‌ڵی و .. تا دوایی).

ئێستا یابان وڵاتێکی زۆر پێشكه‌وتووه‌ ،سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ و فێركردنى یابانى یه‌كێكه‌ له‌ سیسته‌مه‌ هه‌ره‌ پێشكه‌وتووه‌كان له‌ جیهان، له‌ یه‌كێك له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كاندا، وه‌زیری فێركردنى یابانى ده‌ڵێ: ”نهێنیى سه‌ركه‌وتنى یابان ده‌گه‌ڕێـته‌وه‌ بۆ گرنگیدانمان به‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن، به‌تایبه‌تیش بۆ په‌روه‌رده‌ى ره‌وشتى، كه‌ وه‌كوو پرۆژه‌یه‌كى نه‌ته‌وه‌یی وڵاتى لێ هاتووه‌ و جێگاى شانازیمانه‌“.

ماوه‌ته‌وه‌ بپرسین: ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، له‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ تا چه‌نده‌ توانیومانه‌ سوود له‌ ئه‌زموونى ئه‌و سێ وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌ و وڵاتانى دیکەی پێشكه‌وتوو له‌ پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن ببینین؟ تا چه‌ند پسپۆڕانى په‌روه‌رده‌مان له‌نزیكه‌وه‌ ئاشناى سیسته‌مى ئه‌و وڵاتانه‌ كردووه‌؟

ئایا هه‌وڵمان پرۆسەی‌ بنیاتنانى مرۆڤ بخه‌ینه‌ ناو پرۆگرامه‌كانمانەوە؟ یان بابه‌ته‌كانى په‌روه‌رده‌ی ره‌وشتى و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و كارامه‌ییه‌كان له‌ ساڵانى په‌نجاكان و شه‌سته‌كان بگره‌ زووتریش ده‌ستیان پێ كردووه‌ و ده‌یخوێنن؟ یان پرۆگرامه‌كان تا چه‌ند وه‌ڵامده‌رەوەی حه‌ز و خواست و پێویستییه‌كانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى هه‌رێمه‌كه‌مانن؟

گرنگه‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌، به‌ دیدگایه‌كى رۆشنى دوورمه‌ودا، پاڵپشت به‌ نه‌خشه‌ڕێگەیه‌كى روون، سیاسه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ى په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمى كوردستان روون بكاته‌وه‌ و دایبڕێژێت و رایبگه‌یه‌نێت، كه‌ تاكه‌ ئه‌ركمان په‌روه‌رده‌كردن و بنیاتنانى مرۆڤى كوردستانى بێت.

*به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى چالاكیى وه‌رزش و هونه‌ر- ماسته‌ر له‌ كارگێڕیى په‌روه‌رده‌یی.