شێرپه‌نجه‌ى ناوپۆشى منداڵدان

هۆشیاریی سێکسی.. پرسیار و وەڵام

شێرپه‌نجه‌ى ناوپۆشى منداڵدان، یان شێرپه‌نجه‌ى منداڵدان، جۆرێكى باوه‌ له‌ شێرپه‌نجه‌ و تووشى ژنان ده‌بێت. زۆربه‌ى كات ئه‌م جۆره‌ شێرپه‌نجه‌یه‌، له‌ قۆناغه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى تووشبووندا ده‌ستنیشان ده‌كرێ، چونكه‌ به‌زۆرى خوێنبه‌ربوونێكى زۆرى له‌گه‌ڵدا ده‌بێت.

پ: نیشانه‌كانى تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ى ناوپۆشى منداڵدان چیین؟
و: كۆمه‌ڵێك نیشانه‌ى ناسروشتى تێبینى ده‌كرێ، وه‌ك:
- خوێنبه‌ربوونێكى زۆر له‌دواى ته‌واوبوونى سووڕى‌ مانگانه‌.
- بوونى خوێن له‌نێوان سووڕى مانگانه‌دا.
- بوونى ده‌ردراوى ئاوى ناسروشتى، یان تێكه‌ڵ به‌ خوێن.
- ئازار له‌ ناوچه‌ى حه‌وزدا.
- بوونى ئازار له‌ كاتى په‌یوه‌ندیى سێكسیدا.

پ: بۆچى هه‌ندێ له‌ ژنان تووشى شێرپه‌نجه‌ى ناوپۆشى منداڵدان ده‌بن؟
و: تائێستا هۆكارى تووشبوون به‌م جۆره‌ شێرپه‌نجه‌یه‌ به‌ته‌واوه‌تى ده‌ستنیشان نه‌كراوه‌، وه‌لێ توێژه‌ران ئه‌وه‌یان ئاشكرا كردووه‌، كه‌ جۆرێك له‌ بازدانى جینى له‌ ناوپۆشى منداڵداندا، ده‌بێته‌ هۆى تووشبوون به‌م شێرپه‌نجه‌یه‌. بازدانى جینى ده‌بێته‌ هۆى گۆڕینى خانه‌ سروشتى و ساغه‌كان بۆ خانه‌ى ناسروشتى. له‌ بارى سروشتیدا خانه‌ ساغه‌كان به‌ ڕێژه‌یه‌كى دیاریكراو زیاد ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها له‌ كاتێكى دیاریكراویشدا ده‌مرن و نامێنن. وه‌لێ له‌ دۆخى تووشبوون به‌م شێرپه‌نجه‌یه‌، خانه‌ى ناسروشتى گه‌شه‌ ده‌كه‌ن و به‌ جۆرێكى كۆنترۆڵنه‌كراو زۆر ده‌بن، هه‌روه‌ها له‌ كاتى دیاریكراویشدا نامرن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ كۆده‌بنه‌وه‌ و تۆپه‌ڵه‌ گۆشتى ناسراو‌ به‌ وه‌ره‌م، یان گمۆڵه‌ى شێرپه‌نجه‌یى دروست ده‌كه‌ن. ئه‌م وه‌ره‌مانه‌ له‌ وه‌ره‌مه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ جیا ده‌بنه‌وه‌ و به‌ شانه‌كانى ده‌وروپشتدا بڵاو ده‌بنه‌وه‌ و ده‌شێ بۆ هه‌ر شوێنێكى جه‌سته‌ بگوازرێنه‌وه‌.

پ: ئه‌و هۆكارانه‌ چیین، كه‌ مه‌ترسیى تووشبوون زیاد ده‌كه‌ن؟
و: چه‌ندین هۆكار مه‌ترسیى تووشبوون به‌م‌ شێرپه‌نجه‌یه‌ زیاد ده‌كه‌ن، وه‌ك:
- گۆڕان له‌ هاوسه‌نگیى نێوان هۆرمۆنه‌كانى مێینه‌، وه‌ك ئاشكرایه‌ هێلكه‌دان، هه‌ردوو هۆرمۆنى ئه‌سترۆجین و پڕۆجیسترۆن ده‌رده‌دات. ڕوودانى هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌ هاوسه‌نگیى ده‌ردانى ئه‌م دوو هۆرمۆنه‌، ده‌بێته‌ هۆى ڕوودانى گۆڕانكارى له‌ ناوپۆشى منداڵداندا.
له‌ هه‌ندێ حاڵه‌تى نه‌خۆشیدا، ڕێژه‌ى ئه‌سترۆجین به‌ته‌نیا زیاد ده‌كات، بێ ئه‌وه‌ى پڕۆجیسترۆن له‌گه‌ڵیدا زیاد بكات، له‌م باره‌دا مه‌ترسیى تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ى ناوپۆشى منداڵدان زیاد ده‌كات. بۆ نموونه‌ له‌و ژنانه‌دا كه‌ تووشى كۆنیشانه‌ى كیسى هێلكه‌دان بوون، له‌ حاڵه‌تى قه‌ڵه‌ویى زۆر، هه‌روه‌ها تووشبوون به‌ شه‌كره‌. له‌ هه‌ندێ له‌و ژنانه‌شدا، كه‌ هۆرمۆن وه‌رده‌گرن له‌دواى وه‌ستانى سووڕى مانگانه‌یان ده‌شێ هه‌مان شێرپه‌نجه‌ سه‌رهه‌ڵبدات، چونكه‌ ئه‌و ژنانه‌ به‌ته‌نیا ئه‌سترۆجین وه‌رده‌گرن، به‌ده‌ر له‌ پڕۆجیسترۆن.
- هه‌روه‌ها جۆرێكى ده‌گمه‌ن له‌ وه‌ره‌مى هێلكه‌دان هه‌یه‌، كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ده‌ردانى بڕێكى زۆر له‌ ئه‌سترۆجین، ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه‌ مه‌ترسیى تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ى ناوپۆشى منداڵدان زیاد ده‌كات.
- زۆریى ژماره‌ى سووڕى مانگانه‌، واته‌ زوو ده‌ستكردن به‌م سووڕه‌، یان دره‌نگ وه‌ستانى.
- ڕوونه‌دانى سكپڕى، ئه‌و ژنانه‌ى، كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك دووگیان نه‌بوون، مه‌ترسیى تووشبوون به‌م شێرپه‌نجه‌یه‌یان زیاتر له‌سه‌ره‌ به‌ به‌راورد به‌و ژنانه‌ى جارێ، یان زیاتر دووگیان بوون.
- ته‌مه‌نیش هۆكارێكى دیكه‌یه‌، تا ژن زیاتر به‌ ته‌مه‌ندا بچێت، مه‌ترسیى تووشبوونى زیاتره‌ به‌ شێرپه‌نجه‌ى ناوپۆشى منداڵدان.
- قه‌ڵه‌وى، ده‌شێ قه‌ڵه‌وى جۆرێ له‌ ناهاوسه‌نگى له‌ ده‌ردانى بڕى هۆرمۆنه‌كاندا دروست بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هۆكارێكى یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ تووشبوون به‌م شێرپه‌نجه‌یه‌.
- ئه‌و ژنانه‌ش، كه‌ تووشى شێرپه‌نجه‌ى مه‌مك بوون و چاره‌سه‌رى هۆرمۆنى وه‌ك تامۆكسفین وه‌رده‌گرن، زیاتر له‌ ژنانى دیكه‌ مه‌ترسیى تووشبوونیان به‌م شێرپه‌نجه‌یه‌ لێ ده‌كرێ. هه‌رچه‌نده‌ وه‌رگرتنى ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ بۆ زۆربه‌ى تووشبووان به‌ شێرپه‌نجه‌ى مه‌مك زۆر پێویسته‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ زۆرجار پزیشك ئه‌گه‌رى، یان مه‌ترسیى تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ى ناوپۆشى منداڵدان له‌م نه‌خۆشانه‌دا فه‌رامۆش ده‌كات.
- كۆنیشانه‌ى شێرپه‌نجه‌ى بۆماوه‌یى كۆڵۆن، ئه‌م شێرپه‌نجه‌یه كه‌ تووشى كۆڵۆن ده‌بێت، یه‌كێك له‌ نیشانه‌كانى ئه‌گه‌رى سه‌رهه‌ڵدانى شێرپه‌نجه‌یه‌ له‌ جێگاى دیكه‌ى له‌ش، یه‌كێك له‌وانه‌ شێرپه‌نجه‌ى ناوپۆشى منداڵدانه‌ له‌ ژناندا. ئه‌م جۆره‌ شێرپه‌نجه‌یه‌ به‌هۆى ڕوودانى جۆرێ له‌ بازدانى جینییه‌وه‌ ڕوو ده‌دات و له‌ باوانه‌وه‌ بۆ منداڵ ده‌گوێزرێته‌وه‌.

پ: ئه‌ى چۆن خۆم بپارێزم؟
و: له‌به‌رئه‌وه‌ى هۆكارێ، یان چه‌ند هۆكارێكى دیاریكراو نییه‌ بۆ تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ى ناوپۆشى منداڵدان، بۆیه‌ خۆپاراستن لێى كارێكى هه‌ر وا ئاسان نییه کە به‌ شێوه‌یه‌كى یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ په‌یڕه‌وى چه‌ند خاڵێ بكه‌یت. وه‌لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاگات له‌م خاڵانه‌ بێت:
- سه‌باره‌ت به‌ وه‌رگرتنى چاره‌سه‌رى هۆرمۆنى بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێك بێت، پێویسته‌ به‌ئاگا بیت، بۆ نموونه‌، هه‌ندێ له‌ ژنان له‌دواى وه‌ستانى سووڕى مانگانه‌ هۆرمۆنى جێگره‌وه‌ وه‌رده‌گرن. پێویسته‌ له‌گه‌ڵ پزیشكه‌كه‌ت ڕاشكاوانه‌ باس له‌ سوود و زیانه‌كانى ئه‌م هۆرمۆنانه‌ بكه‌یت.
- هه‌ندێ له‌ توێژینه‌وه‌كان ئاماژه‌ ده‌ده‌ن، به‌ وه‌رگرتنى حه‌پى ڕێگرتن له‌ منداڵبوون، وه‌ك ڕێگایه‌ك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى مه‌ترسیى تووشبوون به‌م شێرپه‌نجه‌یه‌، به‌و پێیه‌ ساڵێك به‌كارهێنانى ئه‌م حه‌په‌ مه‌ترسیى تووشبوون كه‌م ده‌كاته‌وه‌ و كاریگه‌رییه‌كه‌شى بۆ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێك له‌دواى وه‌ستان له‌ به‌كارهێنانى ئه‌م حه‌په‌ به‌رده‌وام ده‌بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته‌ ڕاوێژ به‌ پزیشكه‌كه‌ت بكه‌یت، به‌رله‌وه‌ى ئه‌م جۆره‌ حه‌پانه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌كار بێنیت، چونكه‌ ئه‌مانیش كاریگه‌ریى لاوه‌كیى دیكه‌یان هه‌یه‌ بۆ سه‌ر ته‌ندروستیت.
- پارێزگاریكردن له‌ كێشى له‌ش و ڕێگرتن له‌ قه‌ڵه‌وى، چونكه‌ وه‌ك ئاماژه‌مان پێ دا، قه‌ڵه‌وى هۆكارێكى یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ تووشبوون به‌م شێرپه‌نجه‌یه‌.
- دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خواردنى پڕۆسیسكراو، وه‌ك خواردنى قوتوو. هه‌روه‌ها ڕێگرتن له‌ دڵه‌ڕاوكێ و نائارامى، چونكه‌ سیستمى به‌رگریى له‌ش و هاوسه‌نگیى هۆرمۆنه‌كان تێك ده‌ده‌ن.
- چه‌ند ده‌توانیت بجووڵێ، هه‌روه‌ها به‌شێوه‌یه‌كى ڕێكوپێك وه‌رزش بكه‌، به‌لایه‌نى كه‌مه‌وه‌ ڕۆژى نیو سه‌عات، هیچ نه‌بێت ڕۆیشتن به‌ پێ، ئه‌گه‌ر نه‌تتوانى هیچ ڕاهێنانێكى وه‌رزیشیش بكه‌یت.

پرسیاره‌كانتان له‌ ڕێى ئه‌م ئیمه‌یله‌وه‌ وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه‌:
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.