خۆشەویستی لە كوردەواریدا

ئەو چیرۆكانەی بەشێك نین لە تەورات هەر چەند بە ڕۆحێكی ئیلاهییانەشەوە نووسراون

(5)

خۆشەویستی ئەتوارێكی ئینسانییە، بەڵام فەزایەكی دەوێ تێیدا پەروەردە بێ. گوند نەیتوانی ئەو گەشە گەورەیە بە ناخی ئینسان بكات، دەپرسم ئەی شار، ئایا شار توانی؟ بۆ ئەوەش دەبێ بزانن كورد شاری هەیە؟ ئەو قەرەباڵغییە گەورەیە چ كۆمەكێكی بە ڕcحی كارێكتەری كورد كردووە؟

لەنێوان گوند و شاردا
ئەگەر بمانەوێ مێژووی شار و گوند بنووسینەوە، كە ئەوە كارێكی تەواو ئەكادیمییە و من لە سەرەتای ئەو وتارانەدا نووسیم، ئەو وتارانە بە هەناسەیەكی ئەدەبی نووسراون، ئەوە جگە لەوەی كە زۆریش درێژ دەبنەوە، بەڵام وەك پێویستییەكی بابەتەكە ئەو گۆڕانكارییانە دەخەمە ڕوو كە شار لە گوند جیا دەكاتەوە.
لە مێژووی نوێدا، گوندێكی كوردیمان نییە، بە شێوەیەكی سروشتی گەشەی كردبێ و بە ئاستی شار گەیشتبێ. دیسانەوە ناچارم بڵێم، مەبەستم (لە باشوورە) دەشێ شاری كوردییش لە ڕووی تەعریفەوە لە وڵاتانی دیكە جیاواز بێ.
هەر بۆ نموونە، كۆمەڵگەی مەدەنیی ئێمە سێبەری كۆمەڵگەی مەدەنیی دنیایە، زانكۆی ئێمە سێبەری زانكۆ و مەفهومەكەیەتی. نەخۆشخانەكانیشمان هەر وایە. واتا هیچ شتێكی ڕاستەقینەمان نییە، لاسایی دەكەینەوە تا هەمان بێ، بۆ نموونە، وەك بەزۆر پێمان بكەن، چەند ساڵێكە یادی لەدایكبوونی منداڵەكانمان دەكەینەوە، جەژنی سەری ساڵان دەگێڕین، بەڵام دیارە ئەوانە نماییشن، ڕەگیان لە كولتوور و ناخماندا نییە و وەك گاڵتە دێنە بەرچاو. گرینگ ئەوەیە شتەكەمان هەبێ، بێ ڕووحیەت، بێ ناوەڕۆك.
شاریش هەر وایە، دەبێ ئەوە ڕوونتر بكەمەوە.
من باسی دیمەنە ڕواڵەتییەكانی شار ناكەم، شار دەشێ بچووك بێ، بەڵام شارستانی بێ، واتا شار بێ.

جیاوازییە سادەكانی نێوان شار و گوند
- دیارترین جیاوازیی نێوان شار و گوند، كاركردن و جۆری كاركردنەكەیەتی.
- لە لادێدا هەمووان خەریكی كشتوكاڵ و مەڕومەڵاتن.
- لە شاردا هەر كەسە خەریكی كارێكە، دوكانداری، سەنعەتكاری، فەرمانبەری، كرێكاری.
- هەر كام لەو كارانە كاتێكی تایبەت داگیر دەكەن، هەموو كاتی كەسەكە ناگرن.
- كات لە گوندا بازنەییە ئەویش بە سروشتی ئەو كارەی دیكەن.
- لە شاردا كات دابەش دەكرێت، بەیانی و نیوەڕۆ و ئێوارە بەئاشكرا و ڕوون دەردەكەون. وەزیفەی بوونیشیان بە ڕێكخستنی ژیانەوە دیارە.
- دابەشكردنی كات لە شاردا، دابەشكردنی نانخواردنیشی بۆ ژەمەكان ڕێكخستووە، نانی بەیانی و نیوەڕۆ و ئێوارە. زۆر جار ئەوە لە لادێدا بە ڕوونی دەرناكەوێ.
- شەوانی لادێ، لە ئاوابوونی خۆرەوە دەست پێ دەكات، كوژانەوەی خۆر واتا كوژانەوەی لادێ.
- كوژانەوەی خۆر شار ناكوژێنێتەوە، بەڵكوو جۆرێكی دیكە لە ژیان دەست پێدەكات كە ژیانی شەوانە، شەوانی شاریش دابەش دەكرێ بەسەر چەند بەشێكدا.
- هەر لە پەیوەندیی بە كاتەوە، لە شاردا بەیانییان هەر كەس دەچێتە سەر كاری خۆی و كار لە سەعاتێكی دیاریكراودا كۆتایی دێت. چوونەوە ماڵ و پشووی ڕۆژیان دەست پێ دەكات.

جلك و بەرگ
- بەدەگمەن نەبێ، جلك و بەرگی لادێ شەو و ڕۆژ، كاتی كاركردن و پشوو یەك جۆرە. هی هەموو كەسەكانی گوند وەك یەكە، شوان بێ یان گاوان، پاڵە بێ یان جووتیار.
- جووتیار ئەو جلك و بەرگەی بۆ زەوی كێڵان و تۆوكردن لەبەری دەكات بۆ ناو گوند و شەویش هەر بە هەمان بەرگەوە دەخەوێ.
- لە شاردا ئەوە بە جۆرێكی دیكەیە.
- هەموو كەسەكان یەك جلكیان لەبەر نییە.
- بەرگی دوكاندار جۆرێكە، هی كریكاریش دەناسرێتەوە، هی قەساب و مزگەریش جیاوازە. ئەوە هیچ كە فەرمانبەر و مامۆستا و پیشەكانی دیكە، هەر یەكە و جلك و بەرگی خۆی هەیە.
- خەڵكی شار، یان شاری، لەنێوان كاتەكانیشدا جلەكانیان دەگۆڕن، بۆ سەر كار جۆرە جلێك لەبەر دەكەن و بۆ پشووی دوای نیوەڕۆ جۆرێكی دیكەیە. شەوانەش بیجامە لەبەر دەكەن. ئەوە جگە لەوەی كە بۆ سەیران و پیاسەی ئێواران جلەكانیان دەگۆڕن.
- خەڵكی شار، هەندێ ئەتەكێت و ڕەسمیی تایبەت بە خۆیان هەیە، سەردانی ئێواران و بانگهێشتی كێك و چای عەسران.

خۆشووشتن
- لە نەخشەی خانووی گونددا شوێنێكی تایبەتی بۆ خۆشووشتنی تێدا نییە، لەوپەڕی باشیدا، سەرشۆركی هەبووە كە هیچ پێداویستییەكی خۆشووشتنی تێدا نییە. ئەوەش لە گوندە پێشكەوتووەكاندا. ئەگەر باسی گوندی ناوچە دەشتەكییەكان بكەین، زۆر سەمەرەیە، زۆر جار نەك گەرماو، هەتا ئاودەستیشیان تێدا نییە، خەڵكەكەی هەروەك مرۆڤی سەرەتایی دەچنە ناو سروشت. ئەگەر باسی شێوازی ئاودەست لە هەندێ گوند بكەم، ئەوەندە تەوەزەلانە و شەرمهێنە، كە ناویشیان بهێنم، دانیشتووانەكەی نەك لە من، چەقۆ لە ورگی خۆشیان دەدەن.
- لە شاردا گەرماو و خۆشووشتن تەواو جیاوازە. بەشی هەرەزۆری ماڵەكان حەمامی خۆیان هەیە، هەموو ڕۆژێكی هەینی، دەڵێن ”حەمام دادەخەین“ دەبێ یەكەیەكە هەموو ئەندامانی خێزانەكە خۆیان بشۆن، جلوبەرگیان بگۆڕن. ئەوە جگە لەوەی گەرماوی گشتیش بۆ ژنان و پیاوان لە شارەكان هەیە، لە زستانان و لە كاتی پێویستدا پەنا بۆ دەبەن.

جۆری خواردن و بەرنامەی خواردن
- لە شاردا ژەمەكان بە جوانی ڕێكخراون و جۆری خواردنیش بەسەر ڕۆژەكانی هەفتەدا دابەش كراون. لەگەڵ ئەوەشدا، كە گوند سەرچاوەی خۆراكە، بەڵام دەستكەوتن و ئامادەكردنی بۆ كابرای شاری ئاسانترە. كاكی شاری هەموو ڕۆژێ دەتوانێ ئەوەندە گۆشتە بكڕێت كە دەیەوێت، سەوزە و میوەش، بەڵام لە گونددا ئەوە دەست ناكەوێت، ئەگەر بیانەوێ گۆشت بخۆن، دەبێ بەرخێك یان گیسكێك سەر ببڕن، دەبێ لە ماوەیەكی كەمیشدا تەواوی بكەن، تا بۆگەن نەكات. ئەوە جگە لەوەی كە ئامادەكردنی ماسی و سەروپێ و دۆڵمە و كەباب و چەندان خوادنی دیكە لە گونددا نەبووەتە كولتوور و لە چۆنیەتیی ئامادەكردنی شارەزا نین.
هەموو ئەو زانیاری و تێبینییانەم هەر ئاوا بۆ خۆشی ناخەمە ڕوو، لە شوێنی خۆی بەكاریان دەهێنم و وا باشترە تۆش بە سەرنجەوە بیانخوێنییەوە و تێبینییەكانی خۆشتی بخەیە سەر و هێڵی سووریان بەژێردا بێنی، تا لە كاتی بەكارهێنانیاندا پێویست نەبێ بگەڕێیەوە سەریان.
ناونیشانی بابەتەكەمان، خۆشەویستی لە كۆمەڵگەی كوردیدا، یان وەك برادەران كردوویانەتە، خۆشەویستی لە كوردەواریدا، كە نەفەسێكی میللی و فولكلۆریانەی هەیە، لە هەردوو باردا، كۆمەڵگەی كوردی هەر گوند و كشتوكاڵ و مەڕ و ماڵات نییە، بەڵكوو شاریشە، بۆ ئەوەی كە دێینە سەر باسی خۆشەویستی لە شاردا، تا ڕادەیەك خاڵە گرنگەكانی شارمان نووسیبێ.
تەنیا بەلای یەك لایەندا نەچووم، ئەویش خوێندن و رۆشنبیرییە. یان لایەنی ڕووحیی لادێ و شار، یان چاخانە و شوێنە گشتییەكانی دیكە، كە بەنیازم بە وردی لێیان بدوێم.

تێبینی
- ئەو لێكدانەوانەی من بۆ گوندی ئەمڕۆ نییە، چونكە گوندی ئێستا شارێكی بچووكە و شارەكان گوندێكی گەورەن، ئەوەش قسەیەكی فەنتازییە بۆ تێكچوونی فەزای گوند و بەسەر یەكدا ترشانی شارەكان. (ئەوە لە شوێنی خۆی زیاتر روون دەكەمەوە).
- بۆ ئەو زانیاری و دەربڕینانە، دەبوو سەرچاوە و بەڵگەی نووسراو پیشان دەم، هەرچەندە سەرچاوەی زۆر و باوەڕپێكراو و موعتەبەر لەسەر شار و بەشاربوون هەن، بەڵام هەروەك لە سەرەتاوە گوتم، من وتارێكی ئەدەبی دەنووسم نەك ئەكادیمی، بۆیە لەو شوێنانەی لە زانیارییەكان دڵنیام، یان خوێندنەوەی خۆمە بۆ شێوازی ژیانی گوند و شار، چاو لە سەرچاوە دەپۆشم.

ئەڵقەی نێوان شار و گوند
گواستنەوەی كۆمەڵگە لە قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی دیكە، ئەگەر بەشێوەیەكی سروشتی بێ، ئەوەندە لەسەرخۆ و ناوەكییە، تا ڕوو نەدات هەستی پێ ناكرێ. هەموو بابەتەكەی ئێمە دەربارەی سروشتی كۆمەڵگەی كوردییە لە سەدەی ڕابردوودا، كە گوند گوند و شار شار بوو. زیادكردنی چەند خانوویەك، یان كۆڵانێكی تازە لە گونددا، شەقامێك لە شاردا، زەمەنێكی زۆری دەویست. ئەوە بارە ڕووحییەكە، ئەوەی پەیوەندیی بە بیركردنەوە و تێڕاوانینەوە هەیە، دەبوو چاوەڕێی گۆڕانكارییەكی گەورەی جیهانی بكات. دۆزینەوەكانی نیوتن و گالیلۆ و ئەنشتاین، جگە لە هەندێ بابەتی سەرپێیی و هەندێجار نوكتە، دەنا نەیانتوانیوە كۆمەڵگەی كشتوكاڵیی كوردی بجووڵێنن.
ئەوانە وردەكاریی كاریگەر و قووڵن، هەمووشیان ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە گەشەی رووحیی ئینسان و خودناسییەوە هەیە، كە بەشێكن لە پڕۆسەی خۆشەویستی. من نامەوێ مێژووی شار و گواستنەوەی گوند بۆ شار بەوردی بەسەر بكەمەوە، ئەوە بابەتێكی زانستییە و سەرچاوەی زۆر و داتای زۆرتری دەوێت.
ئەوەی لەو بابەتەمدا دەوێت ئەوەیە، خۆشەویستی بەو حاڵەی خۆیەوە كە دێتە ناو شارەوە چی بەسەر دێت؟ ئایا شار بوو بە ناوەندی خۆشەویستی؟ ئایا شار ئەو بوارەی بۆ كورد ڕەخساند، خۆی بناسێت و خۆشەویستی تێ بگات؟ ئایا شار پەیوەندیی ژن و پیاوی لە قۆناغە غەریزەییەكەیەوە گواستەوە بۆ قۆناغێكی ئینسانیی باڵاتر؟
ڕاستە ئەو پرسیارانە سەر دەكێشن بۆ ناو بابەتی قورستر، بۆ نموونە، كورد شاری هەبووە؟ كورد شاری هەیە؟ تەعریفی شار چییە و شار لای كورد چی دەگەیەنێ؟
مێژوو شتێكی دیكەشی هەیە، ئەویش ئەوەیە كە كورد شارستان بووە و دەسەڵاتدار بووە، هێزی هەبووە، وڵاتی هەبووە، خاوەنی سكەی خۆی بووە. من ناگەڕێمەوە بۆ مێژوو، چونكە مێژوو جگە لەوەی سەركەوتووەكان نووسیویانەتەوە، جگە لەوەی شێواو و ئاڵۆزە، جۆرێكیش لە وەهم دروست دەكات، كە ناهێڵێ لە واقیعەكەت تێبگەی؟ لەسەرووی هەموو ئەوانەشەوە، من دەمەوێت ڕووحی ئینسان بخوێنمەوە، نەك كاغەز و لاپەڕە، یان شتێكی دیكە.
ئایا ئەو ئینسانەی لە گوندەوە ماڵی دەگوازێتەوە بۆ شار، چی لەگەڵ خۆی دێنێ و لە شاریش چی وەردەگرێ؟ من وشەی (شار) هەر بە مانا فەرهەنگییە كوردییەكە بەكار دەهێنم، كە زیاتر مەبەستی كۆبوونەوەی خەڵكە.
لەو بەشەشدا نەمتوانی ئەو ئەڵقەیە تێپەڕێنم، كە كورد لە گوند ڕزگاری دەبێ و دەبێتە شاری. دەشێ لە تۆش بپرسم، ئایا دوای ئەو هەموو ساڵە خوێندنەوە، ئەو قۆناغەت بڕیوە؟ كولتووری تۆ كە دڵنیام كولتوورێكی گوندییە یان گوندی بووە، گۆڕاوە بۆ شاری؟ ئایا كوردستان كە وازی لە كاری كشتوكاڵی هێناوە و توور لەدەرەوە دێنێ، توانیویەتی كولتووری خێڵەكیشی واز لێ بهێنێ؟
كولتووری گوندی لەناو كشتوكاڵ و لادێدا چەند جوانە! چەند نیشانەی زیندوویی و بەخشندەییە، لەدەرەوەی گوند ئەوەندە نیشانەی وەستان و بۆگەنكردنە، تەواو وەك ئەو ماسییەی لەناو ئاوەوە دەیگوازیەوە بۆ بیابان.
دەبێ پرسیارە گرنگەكە وەڵام بدەمەوە، كوردی خێڵەكی، چی هێنا بۆ ناو شار و شار چی پێ بەخشی؟ هەموو ئەوانە پەیوەندییان بە خۆشەویستییەوە چییە؟