وێنەی سەر تەلەفزیۆنەکە

 

بەشی یەکەم

دوا نیوەڕۆیەکی بەهاری بوو، لە کۆتایی ساڵانی حەفاتاکاندا بوو، هەموان بێ هیوا و خەمبار دانیشتبووین، لە چاوەڕانی لێدانی دەرگا، یان زەنگی تەلەفۆنی نۆرماڵەکەدا بووین، تا هەواڵێکی کاکە (ئاوات)مان بەدەست بگات کە پەیوەندیی کردبوو بە ڕیزەکانی پیشمەرگەوە. ئەو کاتە لەناکاو ژنێک لە دەرگای داو دەرگامان کردەوە، ئێستاش بیرم ناچێت، هاتنی هەر کەسێک لەو کاتانەدا بۆ ماڵمان جێگەی پرسیار و گومان بوو، بەڵام ئەو خانمە چەند جارێک سەردانی کردبووین، ئەویش کوڕەکەی لەگەڵ شەهید ئاواتی ئێمە بەیەکەوە بووبوونە پیشمەرگە و لەگەڵ کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان چالاکییان دەکرد. پاش سڵاوکردن و دانیشتن، دایکمی ئاگادار کردەوە کە ئاوات وێنەیەک و نامەی ناردووە لە ماڵێکە لە گەڕەکی ئیسکان، کە یەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکانی شاری سلێمانی و کاتی خۆی ئەو گەڕەکە خانووەکانی هەمووی یەک دیزاین و یەک نەخشە بووە، حکوومەت دابەشی کردووە بەسەر فەرمانبەراندا. ئێمەش لە خۆشیی هەواڵەکە نەمان دەزانی چی بکەین، دایکم زۆر دڵخۆش بوو بەوەی، کە هەواڵی کاکە ئاوات هاتووە و لە خانمەکەی پرسی: ئەی بۆچی تۆ نامە و وێنەکەت بۆ نەهێناین؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی، من چووم تەنیا ئەوەی کوڕەکەی خۆمم وەرگرتەوە، بەو ناونیشانەی گوتوویەتی برا بچووکەکەم ناوی ناسیاوە، ئاوات خۆی ئەو کەسەی راسپاردووە کە تەنیا بیگەیەنێتە دەستی دایکی و ئیتر ئێمەش باوەڕمان کرد و دایکم ناونیشانەکەی وەرگرت. پاش ڕۆشتنی خانمەکە، خۆی کۆکردەوە و ڕۆیشت، هەرچەندە باوکم هەر گومانی لەم جۆرە هەواڵانە هەبوو، دەیگوت نابێ متمانە بە هیچ کەس بکەن، کە هەواڵێکتان بۆ دێنێت، چونکە ئەم دامودەستە خوێنڕێژە بۆ تێوەگلانی هاووڵاتییان بە ناحەق چەندەها یاری و فێڵ و تەڵەی هەیە. هەر واش بووە، هەمیشە باوکم هەرچییەکی گوتووە ئاکامەکەی ڕاست دەرچووە، بۆیە باوکم بە دایکمی گوت، من دەڵێم مەچۆ، کێ دەڵی ئەم هەواڵە راستە؟ بەڵام دایکم زۆر پەرێشان بوو بۆ گەیشتنی نامە و وێنەکە بە دەستی، بە پەلە لەگەڵ یەکێ لە خوشکەکانم ڕۆیشتن، هەموومان کەوتینە دڵەڕاوکێوە، باوکم ئارامیی نەمابوو، خۆ ئەو کاتە مۆبایلیش نەبوو تا سات بە سات لە هەواڵیان بپرسین، کە دایکم گەیشتەوە، هاتە ژوورەوە و باوکم هەموو دەرگا و پەنجەرەکانی ماڵەکەی داخست و بە بێدەنگی پرسی: چی بوو؟ روخساری گەشاوەی دایکم گوڵی لێ دەباری، دەستی کرد بە گیرفانی هێلەگەکەیدا و نامەیەکی لوولکراوی پێچراوەی لەگەڵ وێنەیەکی فەوریی ڕەنگاوڕەنگی دەرهێنا، هەمووان بەخۆشییەوە سەیرمان کرد، یەک دەیدا بەوی تر و تێر ماچی دەکرد، باوکم چاوەکانی پڕ بوون لە ئاو، نامەکەی لە دایکم وەرگرت و دەستی کرد بە خوێندنەوە، هەموومان خوێندمانەوە، هەریەکەمان چەند جارێك بە دەنگی بەرز بۆ دایکم دەیخوێندەوە، تا بە باشی گوێی لێ بێت، زۆر دڵخۆش بوین ،کە لە نامەکەدا نووسیبووی من زۆر باشـم و خەمی منتان نەبێ، ئێوە زۆر ئاگاداری خۆتان بن، ڕژێم بە هەموو کووچە و کۆڵانێکی شاردا سیخووڕەکانی خۆی بڵاو کردووەتەوە و باوەڕتان بە کەس نەبێت و تا دەتوانن خۆڕاگر بن، ئەگەر خۆم هەواڵێکی ڕاست نەنێرم، لە هیچ کەس هەواڵی من وەرمەگرن. دایکم زوو زوو دەیگوت جارێکی تر بۆم بخوێننەوە، ئەوەندەمان خوێندەوە هەمووی لە بەرمان کردبوو. دواتر باوکم گوتی با نامەکە بسووتێنین. هەرچەندە دایکم زۆر دڵتەنگ بوو بەوە، بەڵام ناچار بوو قایل بێت. ئیدی باوکم نامەکەی سووتاند، نەک ئەو نامەیە، بەڵکوو هەر نامەیەکی تری دەنارد پاش خوێندنەوەی دەسووتێنرا، بۆ ئەوەی تووشی کێشە و گرفت نەبین.