ناوچە داگیرکراوەکان و میدیای کوردی

 

ئەوە چ رۆژێکی رەش و چ وەیشوومە و دۆزەخێکە کوردانی ناوچە داگیرکراوەکانی تێ کەوتوون، مەبەستم ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە... گرووپێکی دەستڕۆیشتووی ناو حزبێکی کوردستانی خیانەتیان لێ دەکات و بە بەرچاوی کامێراکانی تی ڤی و مۆبایلەکانەوە لە بێدەنگییەکی نێودەوڵەتیی بەدڕەوشتانەدا دەیانفرۆشێت، بە دەیان هەزاریان لێ ماڵوێران و ئاوارە دەبن. حکوومەتی عێراق کە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی کورد بوو، حسابی ئاوارەی بۆ نەکردن و بەتانییەکیشی پێ رەوا نەبینین، رێکخراوە نێودەوڵەتییە گەندەڵەکانیش لە حکوومەتی عێراق خراپتر، ئاوڕێکی خێریان لەو دەیان هەزار ئاوارەیەی خورماتوو و کەرکووک و ناوچەکانی تر نەدایەوە. دواتر لەسایەی سەرکۆمارێکی کورد و دەیان نوێنەری کورد لە پەرلەمانی عێراق و وەزیرانی کوردا، حەشدی شەعبی لەژێر ناوی (سەپاندنی یاسا)دا وەکوو گورگی هار تێیان بەردەبێ، ماڵ و دوکان و موڵکیان دەتەقێنیتەوە و گەنجانیان دەکات بە ژێر زنجیری دەبابەوە، پاشان بە هاوکاریی مافیا و خیانەتکارانی کورد، نەوت و سامانی سروشتیان دەدزن و بە قاچاخ هەرزانفرۆش و حەواڵەی ئێرانی دەکەن. حەیدەر عەبادی، راکان جبووریی پارێزگاری بەوەکالەتیان بەسەردا دەسەپێنێ کە لە ساڵ و نیوێکدا دوو ئەوەندەی سەردەمی سەدام و پێش سەدامیش ناوچەکانیان تەعریب دەکات، سەیر لەوەدایە هەمان ئەو حزبە کوردییەی خیانەتی لێ کردن، بە (دە پەنجە) مۆری مانەوەی ئەو پارێزگارە تەعریبچییەیان بۆ دەکات! تا ئێساش شەوانە هەڵکوتانە سەر ماڵە کوردەکانی ئەو ناوچە داگیرکراوانە بەردەوامە و رۆژانە ئەنواع و ئەشکاڵ حەشدی وەحشییان تێ بەردەبێ، ئیتر ئەمە حەشدی شەعبییە، ئەمە حەشدی تورکمانییە، ئەمە حەشدی عەشایەرییە...هتد.

بەوەشەوە ناوەستن، بەڵکوو بەعس ئاسا کورد لە کار دەردەکەن و نانبڕاوی دەکەن، سەرانەیان لێ دەستێنن، بە شۆفڵ ماڵ و دوکانیان دەڕووخێنن. لە ئێران و ئەفغانستانەوە دەیان جۆر حەشیش و تریاک و حەب و مادە هۆشبەرەکان دەهێنن و لە ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکاندا بڵاو دەکەنەوە، هۆشبەرەکان تەنانەت کافێ و زانکۆ و قوتابخانەکانیشی گرتووەتەوە. حەشدەکانی ئەو ناوچانە بە رۆژ حەشدن و بە شەویش دەبنە داعش و دیسان بە جلی ئەفغانی و چەکی ئەمریکی و ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییە عێراقییەکانەوە، بەر دەبنە گیانی کوردان، دەیانڕفێنن، سەریان دەبڕن، ماڵیان دەڕمێنن و دەغڵ و دان و لەوەڕگە و پاوانیان دەسووتێنن. لەولاشەوە دەسەڵاتە سەپێنراوەکانی دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، هەر رۆژە و کاروانێکی سەدان ماڵیی عەرەبی هاوردە دەکەن بەگژ گوندە کوردەکاندا و ماڵ و زەوی و زاریان لێ زەوت دەکەن. لە هەمووشی کارەساتتر ئەوەیە، لە ئاست ئەم هەموو تاوانەی رۆژانە دەرهەق بە کوردانی فرۆشراوی خیانەت لێکراوی ئەو ناوچە داگیرکراوانە دەکرێت، میدیای کوردی و کوردستانی، مەگەر جار بەجارێ لێرە و لەوێ، دەنا زۆربەیان خۆیان کردووە بە کەڕەی شەربەت! تۆ بزانە بەشێکی زۆری تەلەڤزیۆنە کوردییەکان، کە ئەم رووداوانە لە پەنا دەستیاندا بەردەوام دووپات دەبنەوە و دەبوو رۆژانە بە هەواڵی یەکەم، راپۆرت، دیڤچوون، فیچەر، دیدار و ریپۆرتاژ باسیان بکردایە، لەبری ئەوە خەریکی چین؟! هەندێکیان تەنیا بەدوای ئەوەوەن ئاخۆ لە کابینەی تازەدا کێ چ پۆستێک وەردەگرێت، هەندێکیان شەوانەڕۆژ خەریکی پەخشکردنی مێزگرد و چەلەحانەی پەرلەمانتارەکانن لەسەر پرس و باسی زۆر لاوەکی و پووچ، کۆمەڵێکیان بە درێژایی شەو تەنیا خەریکی بانگخوازی و وەعزی دینین، هەندێکیان فێری کفتە دروستکردن و چۆنێتیی بەرهەمهێنانی لوقمەقازییەکی بەتاممان دەکەن، بەشێکیان هەموو کوردیان بەوەوە سەرقاڵ کردووە ئاخۆ فڵانە بەرپرسی گەندەڵ حەزی لە چ خواردنێکە و بەینی لەگەڵ چەوری و وەرزش و سەما و هەڵپەڕکێدا چۆنە! یان تازەترین تاتۆی فیسارە خانمە هونەرمەند لە کێندەری جەستەیدایا! تۆ لە درامای تورکی و کۆری و هندی گەڕێ کە لە بەربانگەوە تا پارشێو، جگە لە ناوبڕی ریکلامی بۆ برنج و دایبی و سانتی و چای، بەدیار خۆیانەوە دامان دەنیشێنن. بیهێنە بەرچاوی خۆت، تۆ کوردێکی دانیشتووی کەرکووک، یان گوڵاڵە، یاخود گوندێکی خانەقین، یان پردێ و سەرگەڕان یان شنگال و مەخموور بیت و لەو لێقەومانە گەورانەدا کەناڵێکی کوردی بکەیتەوە ئەم بابەتانەت پیشان بدات، بزانە کاردانەوەت چۆن دەبێ!