نیوه‌ی ڕێگا.. 37

بەزمی کوڕە ئەفغانی و کوڕە میسڕییەکە لە ژووری کوردان

بیره‌وه‌ریی كۆچبه‌رێكی كورد له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وروپا

 

له‌دوای چوار ڕۆژ مانه‌وه‌مان له‌ ته‌ك کوررانی ئێزدی، سه‌ڵاح گوتی: “شوێنمان هه‌یه‌، وه‌رنه‌ ژووری‌ ئێمه‌”، بنه‌وبارگه‌مان پێچایه‌وه‌ و به‌ره‌و ژووری وان ڕۆیشتین، زیاتر له‌ بیست كوردی تێدایه‌، كوردی تێدایه‌ زیاتر له‌ یازده‌ مانگه‌ زیندانه‌، نۆ مانگ و شه‌ش مانگ و چوار مانگی تێدایه‌، ئه‌و شه‌وه‌ كورده‌كانی ژوور، ئه‌ندۆمی و ته‌ماته‌وڕۆنیان لێ نابوو، گوایه‌ داوه‌تی ئه‌وانین، خواردنێكی زۆر خۆش و به‌تام بوو، تا دره‌نگانێكی شه‌و دۆمینه‌ و دامه‌مان كرد و لێی نووستین. به ‌هه‌مان سیسته‌می پێشوو هه‌ستاین و به‌ره‌و كافتریای زیندان ڕۆیشتین و سه‌موونه‌ شه‌كراوییه‌ سه‌د و چل گرام و چاییه‌ زه‌رده‌ زه‌رداوییه‌كه‌مان نۆش كرد. ده‌مه‌ونیوه‌ڕۆ له‌ په‌نجه‌ره‌ڕا كۆچبه‌رێكی بچووكمان به‌ قۆڵبه‌ستكراوی و به‌ته‌نێ بینی به‌ره‌و زیندانی ده‌هێنن، هاته‌ ژوور و قسه‌مان له‌گه‌ڵ كرد، كوردێكی باشووری كوردستان بوو، هێنده‌ بچووك بوو، دڵمان نه‌هات بینێرینه‌ ژووری دیكه‌، له‌ ژووری كوردان جێگامان بۆی كرده‌وه‌، ناوی ئه‌حمه‌د و ته‌مه‌نی ته‌نیا بیست ساڵ بوو. ئه‌و گه‌نجه‌، له‌به‌ر بێ پاره‌یی، به‌ته‌نیا و به ‌پێ ڕێگه‌ی نێوان توركیا بولگاریای بڕیبوو.
شه‌و و ڕۆژ له‌ ژووری كوردان به‌سه‌ر ده‌به‌ین، سه‌باح له‌ تابقی یه‌كه‌می قه‌ڕه‌وێڵه‌كه‌ و من له‌ تابقی دووه‌م ده‌خه‌وم، شه‌وانه‌ ناخۆشترین كاته‌، كاتێ ده‌مانه‌وێ بخه‌وین، له‌سه‌ر جێگاكه‌مان ڕاده‌كشێین، خه‌ریكه‌ خه‌وم ده‌مانباته‌وه‌، له‌ پڕدا زینده‌وه‌رێكی ژه‌هراوی به‌ جه‌سته‌مانه‌وه‌ ده‌دا، شه‌پ، به‌ توندی ده‌كێشین به‌و‌ شوێنه‌ی زینده‌وه‌ره‌ چڵكنه‌كه‌ پێیەوە داوین، سه‌باح سه‌ر به‌رز ده‌كا:
+ ئاغای زامدار چی بووه‌؟
- سه‌باح ئاغا، حه‌شه‌رات نایه‌ڵێ بخه‌وم!
+ گوێی پێ مه‌ده‌، ئه‌مه‌ پیشه‌ی شه‌وانه‌یه‌، ئه‌م حه‌شه‌رانه‌ شه‌وان له‌نێو جێیه‌كانمان دێنه‌ ده‌ره‌وە و به‌سه‌ر جه‌سته‌مان ده‌كه‌ون، جار جار گازمان لێ ده‌گرن و خوێنمان ده‌مژن! وه‌ره‌ خواره‌وه‌ سه‌یری جێگاكه‌ی من بكه‌!
له‌سه‌ر قەره‌وێڵه‌ دابه‌زیم، سه‌یری سه‌ر جێگاكه‌یم كرد، چه‌رچه‌فه‌ سپییه‌كه‌ی به‌ خوێنی زینده‌وه‌ران سوور بووه‌، به‌ لایتی بچووكی مۆبایله‌كه‌ی به‌دوایاندا ده‌گه‌ڕێ و ده‌یانكوژێ، گه‌ر زۆر تیژ نه‌ڕوانی، زینده‌وه‌ره‌ بچووكه‌كان نابینی، دوو جۆر و ڕه‌نگی لێیه‌، یه‌كی ڕه‌ش و یه‌كی سپی، دێن و ده‌چن!
+ چه‌ند مانگه‌ لێره‌ ده‌ژیم، شه‌وانه‌ خه‌ریكی ڕاوم! (به‌ ده‌م پێكه‌نینه‌وه‌)، یه‌كێ نه‌زانێ له‌ ڕاوی به‌راز و ئاسكم! له‌ ڕاوی قه‌ل و نه‌وره‌س و كه‌وم، نازانن ڕاوی حه‌شه‌رات ده‌كه‌م.
- حه‌شه‌ره‌كانی سه‌ر جێگاكه‌ی تۆمان كوشت و كۆتایی هات و نه‌مان، با سه‌یری سه‌ر جێگه‌كه‌ی من بكه‌ین و بیانكوژین، ئه‌وسا بخه‌وین.
+ به‌سه‌رچاو، ئێستا ئه‌وانه‌ی تۆش ده‌كوژین، به‌ڵام تا حه‌شه‌ره‌كانی سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ی تۆ ده‌كوژین، سه‌ر جێگاكه‌ی من پڕ ده‌بێته‌وه‌ له‌ حه‌شه‌ره‌.
- چۆن وایه‌؟
+ برا، ئه‌مه‌ پیشه‌ی هه‌میشه‌ییمه‌، ده‌زانم چ باسه‌!
- ئاغا سه‌باح، هێشتا حه‌شه‌ره‌كه‌ی سه‌ر جێگاكه‌م ته‌واو نه‌بوون، جێگاكه‌ی ئه‌و حه‌شه‌ره‌ی هاته‌وه‌ سه‌رێ.
+ ئاغا، من باشتر ده‌زانم، ئه‌وانه‌ كۆتاییان نایه‌ت.
- داوا بكه‌ین، دۆشه‌كه‌كانمان بۆ ناگۆڕن؟
+ چۆن؟ ده‌ جار داوامان كردووه‌، دوو هه‌فته‌ له‌وه‌ پێش دۆشه‌كی نوێیان هێناوه‌ و له‌ كۆگا هه‌ڵیانگرتووه‌، پێیان نه‌داوین.
- نازانن بۆ پێیان نه‌داون؟
+ دیار نییه‌.
- دیسان داوا بكه‌ین، نابێ؟
+ داوامان كردووه‌، به‌ڵام گوتیان ئه‌مه‌ بۆ ساڵێكی دیكه‌یه‌، ئه‌مساڵ ده‌بێ له‌سه‌ر جێگاكه‌ی خۆتان بن، شایه‌نی ئه‌وه‌ن!
- سه‌یره‌، یانی گوتیان شایه‌نی ئه‌و دۆشه‌كانه‌ن؟
+ به‌ڵێ.
- حوسێن، عه‌مۆ، شنۆ؟
+ سه‌باح، عه‌مۆ، حه‌شه‌ره‌ و مه‌وت.
له‌و ژووره‌ی ئێمه‌، ته‌نیا كوڕێكی ڕه‌شئه‌سمه‌ری میسڕی تێدابوو، ناوی حوسێن بوو، حوسێن گه‌نجێكی هه‌ژده‌ ساڵه‌ی‌ بێ موو بوو، خه‌ڵكی فه‌رافیره‌ی میسڕ بوو، له‌دوای بێنه‌وبه‌رده‌یه‌كی زۆر ماڵه‌وه‌یانی ڕازی كردبوو، به‌ره‌و ئه‌وروپا بڕوا، عه‌به‌شه‌قۆڵه‌ به‌ عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵی دوابوو و سكی پێی سووتابوو، بۆ ئه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌كانی دیكه‌ و زیندانییانی لۆبۆمیز گاڵتەی پێ نه‌كه‌ن، هێنابوویه‌ ژووری كورده‌كان و به‌ عه‌ره‌بی قسه‌ی له‌گه‌ڵ شه‌قۆڵه‌ قسه‌ی ده‌كرد. حوسێن، نیگاركێشێكی به‌توانا بوو، ده‌یوت له‌ میسڕ وێنه‌ی ده‌كێشا و به‌ نرخێكی زۆر كه‌م ده‌یفرۆشت، له‌ زیندان ده‌فته‌ر و قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی لێ سه‌ندم بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی خۆی به‌ یادگاری له‌سه‌ر دروست بكا، پێنووس و تیانووسه‌كه‌ی برد و له‌دوای دوو سەعات گه‌ڕایه‌وه‌، وێنه‌ی كچێكی میسڕیی چاو مه‌ستی گه‌وره‌، كوڵمه‌ خڕ و لێو سوور، برۆ تاتۆ درێژی ڕووه‌ و سه‌ر، مه‌مك قوتی ته‌ڕوبڕی پرچ درێژ، به‌ لیباسێكی ڕه‌شی كورتی سۆزانییانه‌‌ كێشابوو، له‌ڕاستیدا وێنه‌یه‌كی جوانی كێشابوو، ئه‌گه‌رچی گله‌یی ده‌كرد، كه‌ قه‌ڵه‌می ڕه‌نگا و ڕه‌نگی لانه‌بووه‌، ده‌نا وێنه‌كه‌ی زۆر سەرنجڕاکێشتر ده‌كێشا.
حوسێنی ڕه‌شتاڵه‌ی ده‌م به‌ پێكه‌نین، هه‌میشه‌ شۆرتێكی ڕۆمانسیی شینی له‌به‌ردابوو، به‌م شێوه‌یه‌ سه‌رنجی زیندانییه‌كی ئه‌فغانی بۆ لای خۆی ڕاكێشابوو، جاروبار ده‌هاته‌ ژووری كورده‌كان و له‌ ته‌ك حوسێن داده‌نیشت، ئه‌و به‌ عه‌ره‌بی و ئه‌و به‌ پشتۆیی قسه‌یان ده‌كرد! تا چه‌ند له‌ یه‌كدی ده‌گه‌یشتن، هه‌ر خۆیان ده‌یانزانی! ئه‌و زیندانییه‌ ئه‌فغانییه‌، ناوی ئاشقوڵڵا بوو، كوڕێكی باڵابه‌رزی ڕه‌ش ئه‌سمه‌ر بوو، هه‌میشه‌ له‌ پێڕی نوێژكه‌راندا ده‌وه‌ستا، به‌ پیاوێكی ئیسلامیی نوورانییان چاو لێ ده‌كرد و جاروبار قورئانی ده‌خوێند، وه‌لێ له‌به‌رامبه‌ر حوسێن خۆی بۆ ڕانه‌ده‌گیرا، كاتێ له‌ ته‌كییه‌وه‌ داده‌نیشت، ده‌ستی به‌ پشتی داده‌هێنا و ورده‌ ورده‌ ده‌سته‌كانی شۆڕ ده‌كرده‌وه‌ بۆ لای سمتی و له‌ژێر پانتۆڵه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ستی ون ده‌كرد، حوسێن زه‌رده‌خه‌نه‌ی ده‌هاتێ و دیار بوو جه‌وه‌كه‌ی به‌دڵ بوو! ده‌ستی ده‌رده‌هێنا و به‌ ده‌موچاو و ڕووخسایدا ده‌هێنا، به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م زیندانییه‌ كۆچبه‌ره‌كان به‌ ئاشكرا هه‌ستیان به‌وه‌ ‌كردبوو، هه‌ركاتێ ئاشقوڵڵا ده‌هاته‌ ژووره‌وه‌، به‌ وردی و له‌ په‌ناوه‌ چاودێرییان ده‌كرد، بزانن حوسێن و ئاشقوڵڵا چی ده‌كه‌ن؟ ئاشقوڵڵا، ده‌ستی به‌ره‌و ناو لینگ و گه‌ڵی حوسێن ده‌با، به‌ ده‌م عه‌مۆ عه‌مۆوه‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ی ده‌هاتێ و پێده‌كه‌نی، زیندانییه‌ كورده‌كان ئه‌و دۆخه‌یان به‌لاوه‌ خۆش نه‌بوو، بڕیارمان دا ئه‌مجاره‌ ئاشقوڵڵا بێته‌ ژووره‌وه‌ و له‌گه‌ڵ حوسێن خه‌ریكی ئه‌م ئیشه‌ قۆڕه‌ بن، حوسێن له‌ ژووره‌كه‌مان ده‌ركه‌ین، غه‌فار، گه‌نجێكی ڕۆژئاوای كوردستان بوو، گوتی: ”شتی وایان لێ ببینم، هه‌ر به‌ شه‌قان ده‌ریان ده‌كه‌مه‌وه‌ ده‌ره‌وه‌، خۆ نه‌بووه‌ به‌ پۆلیسه‌ گه‌یه‌كه‌!“
+ هه‌ڵمه‌ت، عه‌به‌ هێناوه‌تییه‌وه‌ ژووره‌وه‌.
- ساكار، ئینجا چییه‌؟ عه‌به‌ش ده‌رده‌كه‌ین.
+ هه‌رێم، كه‌واته‌ با شتێكتان بۆ باس بكه‌م، له‌و ڕۆژانه‌ چوومه‌ ده‌بڵیوسی، ئاشقوڵڵا ده‌ستپه‌ڕی لێ ده‌دا!
- هاوژووران، بە ‌جددی؟
+ ئه‌ره‌وه‌ڵا، ئه‌و خوێڕییه‌ی هه‌موو ڕۆژێ نوێژ ده‌كا، ده‌سپه‌ڕی لێ ده‌دا!
- سه‌باح، باشتره‌ پێشتر به‌ حوسێن بڵێین و ئاگاداری بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ شتی وا دووباره‌ بكاته‌وه‌، ده‌ری ده‌كه‌ین.
+ هاوژووران، ئه‌مه‌ش فكره‌یه‌كی باشه‌، شه‌و پێی ده‌ڵێین.
دونیا تاریك بوو و هه‌موو كۆچبه‌ران له‌سه‌ر جێگای خۆیان بوون، به‌ عه‌به‌یان گوت، به‌ عه‌ره‌بی به‌ حوسێن بڵێ واز له‌ ئاشقوڵڵا بێنێ، بۆ به‌ خۆیی فێر كردووه‌؟ ئاوا بڕوا دوو ڕۆژی دیكه‌، ده‌یباته‌ ئاوده‌ست و سه‌ربه‌سه‌رانێی له‌گه‌ڵ ده‌كا، سه‌ربه‌سه‌رانێی چی؟ سواری ده‌بێ و ته‌واو! عه‌به‌ ئه‌م قسانه‌ ته‌رجه‌مه‌ی عه‌ره‌بی كرد و حوسێن ڕه‌نگی تێكچوو و مشه‌وه‌ش بوو، ڕه‌نگی وه‌به‌ر نه‌ما، به‌تووڕه‌ییه‌وه‌ گوتی: ئاشقوڵڵای سه‌گباب وازم لێ نایه‌نێ. خه‌تای تۆیه‌، گه‌ر تۆ ڕووی پێنه‌ده‌ی و قسه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كه‌ی، ئه‌ویش نایه‌ت و واناكا، بۆ له‌گه‌ڵ هیچ زیندانییه‌كی دیكه‌ به‌م شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ ناكا؟ هه‌موو كۆچبه‌ران هێرشیان بۆ حوسێن برد و فرمێسك له‌ چاوانی قه‌تیس ما، هه‌ستا پانتۆڵێكی درێژی له‌به‌ر كرد و له‌نێو جێگاكه‌ی درێژ بوو و په‌تۆكه‌ی به‌سه‌ر سه‌ریدادا و ته‌خت تا به‌یانی بێده‌نگ بوو، دیار بوو له‌ژێر په‌تۆكه‌ ده‌گریا! له‌دوای ئه‌و شه‌وه‌وه‌ به‌ینی ئاشقوڵڵا و حوسێن تێكچوو، به ‌هیچ جۆرێ نه‌ده‌هاته‌ ژوور و كۆتایی به‌و باسه‌ هات.
ئه‌مڕۆ بۆ بێتاقه‌تم، ده‌ستێكم له‌ژێر سه‌رمدایه‌ و ده‌سته‌كه‌ی دی له‌ژێر چه‌ناگه‌دایه‌ و په‌نجه‌ گه‌ورەم له‌نێوان ددان و دوو لێوانمه‌، هیچم لا ڕوون نییه‌، داخۆ به‌ كوێ ده‌گه‌ین؟ بیر ده‌كه‌مه‌وه‌ ده‌بێ وه‌ك به‌شێك له‌و زیندانییانه‌ شه‌ش مانگ له‌ زیندان بمێنینه‌وه‌؟ یا دیپۆڕت ده‌كرێینه‌وه‌؟ یا ئازاد ده‌كرێین؟ لایه‌كی مێشیكشم له‌ كوردستان و لای كه‌سوكارمه‌، پرسیارم كرد هاوڕێیان، سیسته‌م و یاسای بولگاریا به‌رامبه‌ر كۆچبه‌ران چۆنه‌؟ هه‌موویان به‌یه‌كجار گوتیان: هیچ دیار نییه‌! كه‌س له‌ سیسته‌م و یاسای ئه‌م وڵاته‌ نازانێ، بۆچی؟ هه‌ڵمه‌ت به‌ وه‌ڵام هات، با پێت بڵێم: به‌رله‌وه‌ی ئێوه‌ بێنه‌ زیندان، دێده‌وان ناوێك لێره‌ بوو، شه‌ش ڕۆژ بوو، ئازادیان كردبوو، باوه‌ڕمان وابوو گه‌یشتبێته‌ سڕبیا یا ڕۆمانیا، كه‌چی پۆلیس هات و گوتی: دێده‌وان، به‌ره‌و ئینته‌رڤیو بڕوا، گوتمان ئیستاشی –پۆلیس- به‌ڕێز، هه‌فته‌یه‌كه‌ -به‌گه‌ش- ئازاد كراوه‌، بۆ كوێ بڕواته‌ ئینته‌رڤیوو؟ گوتیان ده‌ی كێشه‌ نییه‌، حه‌كیم بێ! ئێمه‌ به‌ده‌ست سیسته‌م و شێوازی مامه‌ڵه‌كردنی ئه‌م وڵاته‌ گیرمان خواردووه‌، به‌ته‌واوی بێزار بووین. یوسف قسه‌كانی هه‌ڵمه‌تی پشتڕاست كرده‌وه‌ و گوتی: كه‌س به‌ كه‌س نییه‌! ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ ئێستا، شه‌ش كۆچبه‌ریان ده‌ستگیر كردبوو، بڕیاری شه‌ش مانگ زیندانییان بۆ ده‌كردن، دواتر بڕیاره‌كه‌یان گۆڕی و دیپۆڕتیان كردنه‌وه‌! من شه‌ش مانگه‌ لێره‌م، ده‌زانم چ باسه‌! ئه‌و ڕۆژه‌ی ئێوه‌یان هێنایه‌ ئه‌م زیندانه‌، ئه‌و كوڕه‌ پاكستانییه‌یان هێنایه‌ زیندان، ئه‌ها ئیبڕاهیمی ناوه‌، ئه‌و پێنج ڕۆژ بوو ئازاد كرابوو، كه‌چی له‌ سۆفیا گرتبوویانه‌وه‌، لێمان پرسیوه‌، گوتی: له‌نێو بازاڕی سۆفیا ده‌ڕۆیشتم، له‌پڕ پۆلیس كه‌له‌بچه‌ی له‌ ده‌ست كردم و گرتیانم، به‌ره‌و پۆلیسته‌یشنیان بردم، له‌وێ پرسیارم كرد، بۆچی ده‌ستگیرتان كردووم؟ هه‌فته‌یه‌كه‌ له‌ لۆبۆمێز ئازاد كراوم، گوتیان ده‌زانین، به‌ڵام به‌هه‌ڵه‌ تۆمان ئازاد كردووه‌، كاتی زیندانییه‌كه‌ت ته‌واو نه‌بووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌تنێرینه‌وه‌ لۆبۆمێز، تا سێ مانگی دیكه‌، له‌وێ بمێنه‌وه‌. گه‌ر باوه‌ڕ ناكه‌یت، بڕۆ له‌ ژووری به‌رامبه‌رمانه‌، ئه‌و كوڕه‌ باریكه‌له‌ی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ جه‌ماله‌، هاوڕێ كورده‌كان گوتیان وه‌ڵا ڕاست ده‌كا! ئه‌وه‌ نوێترین نموونه‌یه‌! باشه‌ باوه‌ڕ ده‌كه‌م.