حكوومه‌تی ئاكپارتی بۆچی دوای 8 ساڵ ده‌رگای ئیمیڕاڵی كرده‌وه‌؟

 

ئاكپارتی ئه‌گه‌ر بیه‌وێت ده‌نگی كورده‌ موحافیزكاره‌كانی توركیا بۆ لای خۆی رابكێشێت، تا له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی ئیسته‌نلۆڵ له‌ 23ی حوزه‌یران بتوانێت سه‌رۆكی شاره‌وانی بباته‌وه‌، پێویستی به‌وه‌ نییه‌ ده‌رگای ئیمیراڵی به‌ رووی پارێزه‌ره‌كانی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لاندا بكاته‌وه‌، چونكه‌ ده‌زانێت ده‌سته‌كه‌ی ئاشكرایه‌ و كورد ده‌مێكه‌ له‌و فێڵانه‌ شاره‌زایه‌.


ره‌نگه‌ خوێنه‌ر بپرسێت ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئاكپارتی ئه‌و مه‌به‌سته‌ی نه‌بێت، بۆچی دوای 8 ساڵ رێگه‌ی دا پاێزه‌ره‌كانی ئۆجه‌لان بچنه‌ ئیمیراڵی، به‌ تایبه‌ت بینینی ئۆجه‌لان رێك له‌و رۆژه‌ بوو كه‌ كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئیسته‌نبۆڵیدا.
وه‌كو ئاگادارن له‌ ته‌واوی توركیادا مانگرتن بۆ گۆشه‌گیركردنی ئۆجه‌لان ده‌ستی پێ كردوه‌، به‌ر له‌وه‌ی پارێزه‌ره‌كانی ئۆجه‌لان بچنه‌ ئیمیڕاڵی ئه‌و مانگرتنه‌ به‌رده‌وامی هه‌بوه‌ و ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه‌، بۆیه‌ توركیا نه‌یتوانی له‌و زیاتر به‌ر به‌ مانگرتوان بگرێت.


تاوه‌كو ئێستا 10 زیندانیكراوی كورد به‌ هۆی مانگرتن له‌ خواردن گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌، له‌یلا گوڤه‌ن كه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانی هه‌ده‌په‌یه‌ و زیندانی كراوه‌، زیاتر له‌ 100 رۆژه‌ مانی له‌ خواردن گرتوه‌ و له‌ لێواری مه‌رگدایه‌، 2 ئه‌ندام په‌رله‌مانی تری هه‌ده‌په‌ش هاتنه‌ ریزی ئه‌و و بڕیاری مانگرتنیاندا.
ئه‌گه‌ر بێت و ژماره‌ی ئه‌و مانگرتوانه‌ زیاد بكات كه‌ گیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر له‌یلا گوڤه‌نیش كۆتایی به‌ ژیانی خۆی بهێنێت، بۆ حكوومه‌تی ئاكپارتی قورسه‌، له‌ ناوه‌خۆ و ده‌ره‌وه‌ی توركیادا دووچاری كێشه‌ی زۆر گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌، ره‌نگه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و كوردانه‌ش دروست بكات كه‌ ئاكپارتین و له‌ داهاتوو ده‌نگی پێ نه‌ده‌نه‌وه‌ و له‌رووی نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه‌ دووچاری لێپرسینه‌وه‌ ده‌بێتـ بۆیه‌ حكوومه‌ت بڕیاریدا هه‌ڵگرتنی یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی بینینی ئۆجه‌لان هه‌ڵبگرێت و ده‌رگای ئیمیڕاڵیشی به‌رووی پارێزه‌ره‌كانی كرده‌وه‌.


هۆكارێكی تری كردنه‌وه‌ی ده‌رگای ئیمیڕاڵی، په‌یامێكی ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ كورده‌كان، به‌وه‌ی مه‌یلی ئاشتبوونه‌وه‌ی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌ نییه‌ پرسی چاره‌سه‌ری دێته‌وه‌ به‌رباس، به‌ڵكو ئه‌و پرسه‌ له‌ناو سه‌لاجه‌دایه‌ و جارێ نایه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، هۆكاره‌كه‌شی روونه‌ هاوپه‌یمانی نێوان مه‌هه‌په‌ و ئاكپارتییه‌، به‌ڵام پارتی ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت ئه‌و په‌یامه‌ بداته‌ كورد و هه‌ده‌په‌، كه‌ ده‌رگای گفتوگۆیان بۆ ده‌كاته‌وه‌ و ستراتیژییه‌تێكی تریان به‌رامبه‌ر به‌ كارده‌هێنێت.
خه‌تیب دیجله‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانی پێشووی توركیا و هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌ سیاسییه‌ به‌ناوبانگه‌كانی كورد له‌ باكوور، پێیوایه‌ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای ئیمیڕاڵی بۆ به‌ده‌ست هێنانی ده‌نگی كورد نییه‌ له‌ ئیسته‌نبۆڵ، به‌ڵكو ستراتیژییه‌تێكی تری حكوومه‌ته‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورد.


ئه‌م گوته‌یه‌ی خه‌تیب له‌ خۆڕا نییه‌، چونكه‌ ئه‌و له‌ هه‌ده‌په‌وه‌ نزیكه‌ و به‌رده‌وامیش بۆچوونی له‌سه‌ر پرسه‌كان لێ وه‌رده‌گیرێت، بۆیه‌ جموجۆڵێك له‌ ئارادایه‌ له‌ نێوان كورد و حكوومه‌تی توركیا، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ناوه‌ڕۆكی ئه‌و جموجۆڵه‌ ئاشكرا نه‌كراوه‌.
ئاخر ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی سه‌رۆكی مه‌هه‌په‌ كه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژایه‌تی كورد ده‌كات و، ته‌نانه‌ت كوردی پێ نه‌ته‌وه‌ش نییه‌، پێی باش بێت ده‌رگای ئیمیڕاڵی بكرێته‌وه‌ و رێگه‌ بدرێت پارێزه‌ره‌كانی ئۆجه‌لان بیبینن، كه‌واته‌ ژێر به‌ژێر له‌سه‌ر پرسی كورد زۆر شت كراوه‌. ده‌بێت ئه‌وه‌ش باس بكه‌ین، كه‌ باحچه‌لی له‌ ساڵی2000 یه‌كێك بوو له‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی له‌ حكوومه‌تی هاوپه‌یمانی كشایه‌وه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی داوای له‌ سێداره‌دانی ئۆجه‌لانی كردبوو، كه‌چی ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ هه‌موو مافێكی له‌ زیندان پێ بدرێت.


گرنگه‌ ئه‌مجاره‌یان واته‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانی 23ی حوزه‌یران، هه‌ده‌په‌ ئیراده‌ی قه‌ندیلی به‌سه‌ر زاڵ نه‌بێت، به‌ڵكو بۆ به‌ ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی كورد له‌ توركیا، ده‌كرێت ستراتیژییه‌تێكی تر به‌كاربهێنێت، چونكه‌ راسته‌ پشتگیریكردنی هه‌ده‌په‌ بۆ كاندیدی جه‌هه‌په‌ ئه‌كره‌م ئیمامئۆغلو وای كرد شاره‌وانی ئیسته‌نبۆڵ له‌ ده‌ستی ئاكپارتی ده‌ربهێنرێت، به‌ڵام جه‌هه‌په‌ له‌ به‌رامبه‌ردا هیچ شتێكی بۆ كورد نه‌كردوه‌ و له‌ رابردووش تۆزقاڵێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد هه‌نگاوی نه‌هاوێشتوه‌.