بیركردنه‌وه‌ى ئه‌رێنى و بیركردنه‌وه‌ى نه‌رێنى

 

باس له‌ دوو جۆر له‌ بیركردنه‌وه‌ى جیاواز و پێچه‌وانه‌ ده‌كه‌ین، بیركردنه‌وه‌ى ئه‌رێنى (باش) و بیركردنه‌وه‌ى نه‌رێنى (خراپ)، كه‌ له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێكدا هه‌یه‌.

بیركردنه‌وه‌ى نه‌رێنى رێگرییه‌ك له‌به‌رده‌م سه‌ركه‌وتنی ئه‌و كه‌سانه‌ى گیرۆده‌ى بوون دروست ده‌كات، بۆیه‌ ئه‌و تێڕوانینه‌ خراپه‌ بۆ ژیان وا ده‌كات، له‌ بازنه‌یه‌كى پڕ له‌ نائومێدى و نائارامیى ده‌روونى بمێننه‌وه‌.

بیركه‌ره‌وه‌ى نه‌رێنیى كه‌سایه‌تییان لاوازه‌ و ناتوانن بڕیارى دروست بده‌ن و له‌ كاره‌كانیان هه‌ست به‌ بەجێمان ده‌كه‌ن، زاناكان جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كى پته‌و له‌نێوان بیركردنه‌وه‌ى نه‌رێنى و كه‌ئابه‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام بیركردنه‌وه‌ى ئه‌رێنى واتە باوه‌ڕبه‌خۆبوون و په‌ره‌دان به‌ په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆى داهێنان و تواناى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ بۆ ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌كانى ژیان.

به‌پێى توێژینه‌وه‌كان، بیركردنه‌وه‌ى ئه‌رێنى شڵەژان و زۆربه‌ى نه‌خۆشییه‌كان ناهێڵێت.

بیركه‌ره‌وه‌ى ئه‌رێنى شته‌كان به‌ جوانى ده‌بینێ و لێكى ده‌داته‌وه‌.

بۆ هه‌ردوو جۆر له‌ بیركردنه‌وه‌، له‌ حه‌وت ساڵى یه‌كه‌مى ژیاندا 90%ى به‌هاكان له‌لایه‌ن خێزانه‌وه‌ ده‌چه‌سپێ، پاشانیش له‌ قوتابخانه‌ و كۆمه‌ڵگه‌، بۆیه‌ ئه‌و حه‌وت ساڵه‌ى سه‌ره‌تاى ژیان، كاریگه‌رییه‌كى زۆرى له‌سه‌ر داهاتوو و كه‌سایه‌تیمانه‌وه‌ ده‌بێت، به‌ باش و خراپه‌وه‌.

بیركردنه‌وه‌ له‌ رابردوو كاریگه‌ریى زۆرى له‌سه‌ر جۆرى بیركردنه‌وه‌دا هه‌یه‌، رابردووى ناخۆش مرۆڤى ره‌شبین دروست ده‌كات، پێچه‌وانه‌كه‌یشى بۆ بیركردنه‌وه‌ى ئه‌رێنى راسته‌.

هۆكارێكى ترى بیركردنه‌وه‌ى نه‌رێنى، نه‌بوونى ئامانجێكى تایبه‌ته‌ به‌ مرۆڤ. له‌سه‌ر بنه‌ماى ئامانجه‌كان، كه‌سه‌كان ده‌بن به‌ پێنج جۆره‌وه‌:
- ئه‌و كه‌سانه‌ى نازانن چییان ده‌وێت:
ئه‌م جۆره‌ مرۆڤه‌ چه‌شنى گه‌ڵاى دار با به‌ هه‌موو ئاراسته‌یه‌كیاندا ده‌بات، به‌رده‌وام ده‌ڵێن ژیان زۆر قورسه‌، بارودۆخى ناله‌بارى ده‌روونی و مادى و ته‌ندروستییان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ به‌دبه‌ختی، بۆیه‌ هه‌وڵ ناده‌ن پێش بكه‌ون و تواناكانیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ.

- ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌زانن چییان ده‌وێت، به‌ڵام هه‌وڵى بۆ ناده‌ن:
ئه‌م جۆره‌ مرۆڤان‌ ده‌زانن چییان ده‌وێت، به‌ڵام یه‌ك هه‌نگاوى باش نانێن بۆ هاتنه‌ دیی ئامانجه‌كانیان، درك به‌ شته‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌رده‌وام خۆى له‌گه‌ڵ ئه‌وانى تر به‌راورد ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها هه‌ره‌سه‌كانیان ده‌خاته‌ پاڵ به‌خت و زمانى ره‌خنه‌ و سه‌رزه‌نشتكردن به‌كار ئه‌هێنن.

- ئه‌و كه‌سانه‌ى ئامانجى تایبه‌تیان هه‌یه‌، به‌ڵام باوه‌ڕیان به ‌تواناكانیان نییه‌:
ئه‌م جۆره‌ ئه‌زانن چییان ده‌وێت و كات و چۆنیه‌تیى جێبه‌جێكردنیشى ده‌زانن، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى باوه‌ڕیان به‌ خودى خۆیان نییه‌ و له‌ سه‌رنه‌كه‌وتن ده‌ترسن، كێشه‌یان له‌ هه‌ردوو جۆره‌كه‌ى تر زیاتره‌، چونكه‌ زیاتر درك به‌ شته‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و ئازایه‌تییه‌یان تێدا نییه‌، هه‌نگاو و رێكارى ئه‌رێنى بگرنه‌ به‌ر. له‌ ئه‌نجامدا له‌ خه‌ڵكى دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌ و تووشى نه‌خۆشیى ده‌روونى و فیزیكى ده‌بن و به‌رده‌وام به‌ زمانێكى پڕ له‌ رق و كینه‌ ده‌دوێن.

- ئه‌و كه‌سانه‌ى ئه‌زانن چییان ده‌وێ، به‌ڵام ده‌وروبه‌ر به‌ خراپیى كاریان تێده‌كات:
ئه‌م جۆره‌ ئامانج و پلانى وردیان هه‌یه‌، به‌ڵام كه‌سایه‌تییان لاوازه‌ و راى كه‌سانى تر زوو كاریان تێده‌كات، ئه‌مه‌ش ئه‌بێته‌ هۆى گۆڕینى پلانه‌كانیان، به‌و مانایه‌ى توانا و لێهاتوویى خۆیان به‌كار ناهێنن، به‌مه‌ش كه‌مترین ئامانجیان دێته‌ دى كه‌ ده‌بێته‌ هۆى ده‌مارگیرى و سه‌رزه‌نشتكردنى به‌رده‌وامى ده‌وروبه‌ریان و كینه‌ هه‌ڵگرتن لێیان و به‌دبه‌ختیى خۆى.

جگه‌ له‌وه‌ى باوه‌ڕبه‌خۆبوونى لاوازه‌، بوار ئه‌داته‌ ده‌وروبه‌رى بێنه‌ ناو ژیانى تایبه‌تییه‌وه‌، كه‌ ده‌بێته‌ هۆى هه‌ستكردن به‌ لاوازیى به‌رده‌وام.

- ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌زانن چییان ده‌وێت و ئامانجه‌كانیان دێننه‌ دى:
ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ ئامانج و پلانى وردیان هه‌یه‌ و به‌ هه‌موو توانایان هه‌وڵ بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌ده‌ن.

رۆتینى نه‌رێنى، هۆكارێكى ترى بیركردنه‌وه‌ى نه‌رێنییه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ى ئه‌و شێوه‌ ژیانه‌ ده‌كه‌ن، له‌ ئه‌نجامدا وایان لێ دێت بایه‌خ به‌ كاره‌كانیان ناده‌ن و پاشان راده‌ى بێزارییان ده‌گاته‌ تووشبوون به‌ كه‌ئابه‌.

كارتێكه‌ره‌ ده‌ره‌كییەكانیش هۆكارێكى ترى بیركردنه‌وه‌ى نه‌رێنین و ده‌بنه‌ هۆى نه‌خۆشیى ده‌روونى و فیزیكى، بۆ نموونه‌ مامۆستایه‌ك داوا له‌ قوتابییه‌ك ده‌كات، ئامانجێك دیارى بكه‌:
قوتابى: خه‌ونم ئه‌وه‌یه‌ سه‌فه‌ر بكه‌م و ببم به‌ ئه‌كته‌رێكى به‌ناوبانگ و یاریزانی كاراتى له‌ جیهان.

مامۆستا: ئامانجه‌كه‌ت پووچه‌ و ناتوانى هه‌تا ده‌ره‌وه‌ى چینیش بڕۆیت، بۆیه‌ ئامانجێكى تر دیارى بكه‌.

قوتابییه‌كه‌ هه‌ستى به‌ بێزارییه‌كى زۆر كرد، ته‌نانه‌ت بۆ ماوه‌ی مانگێك خه‌وى لێ زڕا، به‌ڵام له‌دواییدا سه‌فه‌رى كرد و له‌ یه‌كێك له‌ ریستۆرانته‌كانى تیكساسدا قاپى ده‌شوشت، پاش ئه‌وه‌ى له‌وێش له‌ كاره‌كه‌ى ده‌ركرا بڕیارى دا بخوێنێت و مه‌شق بكات، هه‌رچه‌ندیش رێگرییه‌كان زۆر گه‌وره‌ بوون، به‌ڵام بروسلى توانیى خه‌ونه‌كانى بێنێته‌ دى و به‌ناوبانگ بێت.

بروسلى به‌ خانمه‌ مامۆستاكه‌ى گوت: من لێت بورام و سوپاس بۆ قسه‌كه‌ت، مه‌به‌ به‌ فاكته‌رێكى خراپ به‌سه‌ر پێشكه‌وتنى گه‌نجه‌كانه‌وه‌، مه‌به‌ به‌ دزى خه‌ونه‌كانیان.

بۆیه‌ ده‌بێت هه‌رگیز به‌ قسه‌ى ده‌وروبه‌ر تێك نه‌چین، بگره‌ مه‌حاڵ بكه‌ین به‌ گه‌یشتن به‌ هیواكانمان، پاشان ده‌بێ سیستمى په‌روه‌رده‌ كار له‌سه‌ر دروستكردنى مامۆستاى باوه‌ڕبه‌خۆبوو بكات، تا بتوانن نه‌وه‌یه‌كى پێشكه‌وتوو و به‌ متمانه‌ به‌رهه‌م بهێنن، به‌م شێوه‌یه‌ كۆمه‌ڵگه‌ پێش ده‌كه‌وێت.

هۆكارێكى ترى بیركردنه‌وه‌ى نه‌رێنى مانه‌وه‌یه‌ له‌ رابووردوودا، ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌رده‌وام بیر له‌ رابردوودا ده‌كه‌نه‌وه‌، ناتوانن لێى قوتار بن و بیر له‌ ئێستایان بكه‌نه‌وه‌، به‌وه‌ش هیچ پێش ناكه‌ون، بۆ نموونه‌ ئه‌و شوفێره‌ى به‌رده‌وام ئاوڕ بۆ دواوه‌ ده‌داته‌وه‌، تووشى پێكدادان ده‌بێت.

هۆكارێكى ترى بیركردنه‌وه‌ى نه‌رێنى، جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر شتێكى خراپ و فه‌رامۆشكردنى هه‌موو شته‌ باشه‌كانى ژیانه‌، ئه‌مه‌ش كێشه‌ى زۆر گه‌وره‌ بۆ كه‌سه‌كه‌ و ده‌وروبه‌رى دروست ده‌كات.

بێ میزاجیش خاڵێكى كاریگه‌رى تره‌ له‌سه‌ر درستبوونى بیركردنه‌وه‌ى نه‌رێنى.

ئه‌و كه‌سانه‌ ناتوانن رووبه‌ڕووى بچووكترین شت ببنه‌وه‌، زیاده‌ڕۆیى له‌ هه‌ندێ كردار ده‌كه‌ن، سه‌یركردنى تی ڤى، زۆرخۆرى، جگه‌ره‌كێشانى زۆر، خۆ بێهۆشكردن به‌ ئەلكهوول و هۆشبه‌ره‌كان.

هاوڕێیەتیكردنى نه‌رێنى، خاڵێكى ترسناكى تره‌ بۆ بیركردنه‌وه‌ى نه‌رینێ، بۆ نموونه‌ دانیشتن له‌گه‌ڵ ئەو کەسانەی باسى سیاسه‌ت ده‌كه‌ن، پاشان باسكردنى كێشه‌كانى ژیان و ئه‌و بارودۆخه‌ سایكۆلۆجییه‌ى، كه‌ خه‌ڵكى به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، بیركردنه‌وه‌ى سلبى بڵاو ده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ هاوڕێیەتیكردنى نێگەتیڤ ده‌بێته‌ هۆى جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر شته‌ خراپه‌كان، كه‌ له‌ ئه‌نجامدا كار له‌سه‌ر ئاوه‌زى مرۆڤ ده‌كات. ئاشكرایه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى بیركردنه‌وه‌ى نه‌رێنییان هه‌یه‌، ئاماده‌ نین هاوڕێیەتیى كه‌سى ئه‌رێنى بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وان چاره‌سه‌ریان له‌لایه‌ و بیر له‌ پێشكه‌وتن ده‌كه‌نه‌وه‌.

میدیاكانیش رۆڵ و كاریگه‌ریى زۆریان به‌سه‌ر تاكه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش ده‌وه‌ستێته‌ سه‌ر جۆرى ئه‌و به‌رنامانه‌ى په‌خش ده‌كرێن، زۆر جار راگه‌یاندن ده‌بێته‌ هۆى ره‌شبینى و دروستكردنى نه‌رێنى به‌ بۆنه‌ى ته‌ركیزكردنى له‌سه‌ر بابه‌ته‌یلى نه‌رێنى، نموونه‌ش له‌ میدیاكانى كوردستان، زۆر به‌رنامه‌ هه‌ن كاریگه‌ریى خراپیان هه‌یه‌ به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ى تاكه‌وه‌، بۆ نموونه‌ بڵاوكردنه‌وى هه‌واڵه‌كانى خۆكوشتن و جه‌ختكردن له‌سه‌ر هه‌ندێ بابه‌تى یاساغ و گواستنه‌وه‌ى دیمه‌نه‌كانى شه‌ڕ.

سه‌رچاوه‌:
https://tinyurl.com/y5uk6xkx
التفكیر السلبى والتفكیر الایجابى- د. ابراهیم الفقی.