(جبوورى)ێكى پێشمه‌رگه‌ و ئه‌فسه‌رێكى دۆست

ته‌یراوه‌.. هه‌ر به‌ پیاسه‌ر - 34

ئه‌و كاتانه‌ى باوكم له‌ ڕێگاى (گه‌ڵاڵه‌ – هه‌ولێر) به‌ قه‌مه‌ره‌كه‌ى شۆفێریى ده‌كرد و نه‌فه‌راتى ده‌هێنا و ده‌برد، رۆژێكیان زوو هاته‌وه‌، بینیم له‌گه‌ڵ دایكم به‌ چرپه‌ ده‌دوێ و منیش به‌بێ ویستى خۆم گوێم له‌ قسه‌كانیان بوو:
- قه‌ده‌.. ئه‌وڕۆ ناچمه‌ ئه‌ولاى، ده‌چمه‌ موسرێ ڕه‌نگه‌ یه‌ك دوو شه‌وم پێ بچى.
+ لۆ ده‌چى؟ خێره‌؟ خۆ چ نه‌بووه‌؟
- نا نا هیچ نه‌بووه‌، كاكۆ رایسپاردم بچم له‌وێ نه‌فه‌رێكى عاره‌بى زابت هه‌یه‌ بیهینمه‌ هه‌ولێرێ و لێره‌ش بیگه‌یه‌نمه‌ گه‌ڵاڵه‌ى.
+ ئه‌وجا كاكۆى فه‌له‌ كه‌سى به‌ده‌ست نه‌كه‌ت، ئه‌و ئیشه‌ خه‌ته‌ره‌ى به‌ تو سپارد؟
-كچێ نا نا خه‌ته‌ر نابى، لێره‌ ده‌چمه‌ موسرێ، له‌وێش كه‌ كابراى عاره‌بم هه‌رگرت، له‌ لارێ و به‌ ده‌شتێ شۆڕ ده‌بمه‌وه‌ لۆ مه‌خموورى، به‌ حه‌ول و قوه‌تى خواى گه‌وره‌ یه‌ك دوو رۆژى دى لێره‌ له‌ مارى خۆمان برنج و فاسۆڵیاى ده‌رخوارد ده‌ده‌ین.
ئه‌وه‌بوو باوكم چووه‌ موسرێ، به‌ڵام دوو شه‌وى پێچوو هه‌ر نه‌هاته‌وه‌، دایكیشم پرته‌ و بۆڵه‌ى ده‌ست پێكرد و ده‌یگوت:
-ئه‌و پیاوه‌ هه‌تا سه‌رى خۆی و سه‌رى مه‌ش به‌فه‌تاره‌ت نه‌دا له‌ خۆى ناگه‌ڕێ.


ئاگام لێ بوو به‌دزى له‌ ژوورى خۆیان ده‌گریا و دوعاى ده‌كرد و له‌ خوا ده‌پاڕایه‌وه‌، كه‌ مێرده‌كه‌ى به‌سه‌لامه‌تى بگه‌ڕێته‌وه‌، سێیه‌مین رۆژ تازه‌ تاریك داهاتبوو، به‌ هۆڕنى تڕومبێله‌ دۆجه‌كه‌ى، هه‌ردووكمان، من و دایكم به‌ غاردان و به ‌پێخواستى ده‌رپه‌ڕینه‌ ده‌رێ.. چ ببینین، ئه‌فه‌ندییه‌كى كه‌شخه‌ له‌ قه‌مه‌ره‌ى دابه‌زى و عه‌ینه‌كێكى ڕه‌ش له‌ چاو، باوكم به‌ (تفه‌زه‌ڵ تفه‌زه‌ڵ) به‌ پێش خۆیدا و بردمانه‌ ژووره‌وه‌.


شه‌وێ پاش خواردنى برنج و فاسۆڵیایه‌كه‌، ئینجا زانیم ئه‌و ئه‌فه‌ندییه‌ ناوى (جه‌میل جبوورى)یه‌ و ئه‌فسه‌ره‌ له‌ناو سوپاى عێراق و هاتووه‌ بچێته‌ ناو شۆڕش و ببێته‌ پێشمه‌رگه‌، بۆ به‌یانى به‌ دۆجه‌ جوانه‌كه‌ى باوكم (جبوورى) گه‌یه‌نرایه‌ گه‌ڵاڵه‌ و ته‌سلیم به‌ كاكۆى فه‌له‌ كرا.


هه‌فته‌ى دواتر و جارێكى دى باوكم چووه‌وه‌ مووسڵ، تا هاوسه‌ر و منداڵه‌ گچكۆكه‌ى ملازم جه‌میل جبوورى بێنێ و بیانگه‌یه‌نێته‌ ناو شۆڕش.


هه‌ر كه‌ ژن و منداڵه‌كه‌ گه‌یشتنه‌ ماڵى ئێمه‌، ژنه‌ بۆ چوونه‌ گه‌ڵاڵه‌ هێنده‌ به‌تالوكه‌ نه‌بوو، به‌ رۆژ له‌گه‌ڵ دایكم بازاڕى ده‌كرد و پێداویستیى ماڵى نوێى ده‌كڕى و به‌ شه‌ویش هه‌موو له‌ ده‌ورى كۆ ده‌بووینه‌وه‌، ئه‌و به‌ عه‌ره‌بى قسه‌ى ده‌كرد و ئێمه‌ش به‌ كوردى و زۆر چاكیش له‌ یه‌كتر حاڵى ده‌بووین، به‌تایبه‌تى من و په‌ریزادى خوشكم نانمان كه‌وته‌ ناو ڕوونى و خه‌نى بووین، چونكه‌ ژنه‌كه‌ مامۆستا بوو، شه‌وان وانه‌كانى بیركارى و عه‌ره‌بیى بۆ ده‌نووسین، كیژه‌ دوو ساڵانه‌كه‌ى یان له‌ باوه‌شى من بوو، یان له‌ ئامێزى په‌ریزادى، به‌ نۆره‌ هه‌ر كه‌ سه‌عى به‌ من ده‌كرد، كۆرپه‌كه‌ له‌ باوه‌شى خوشكم و كه‌ نۆره‌ى منیش ته‌واو ده‌بوو، كیژه‌ ده‌هاته‌ باوه‌شى من و په‌ریزاد ده‌چووه‌ به‌ر ده‌رسێ.


سێیه‌مین رۆژى هاتنى ژنه‌كه‌ بوو، ئێواران دایه‌ حاجى به‌نهێنى و له‌ ژوورى بنه‌بانێ رادیۆى ده‌كرده‌وه‌ و گوێمان له‌ ده‌نگى كوردستانى عێراق ڕاده‌گرت، ئه‌و ئێواره‌یه‌ و له‌ به‌شى عه‌ره‌بى، چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ملازم جه‌میل جبووریى تازه‌ پێشمه‌رگه‌ په‌خش كرا، قڕوقه‌پمان لێ كرد و گوێمان ڕادێرا، ژنه‌ له‌ هه‌مووان پتر و هێدى هێدیش فرمێسكى داده‌باراند، نازانم له‌ خۆشیى ئه‌وه‌ى بوو، كه‌ گوێى له‌ ده‌نگى مێرده‌كه‌یەتى، یان بۆ چاره‌نووسى نادیار و دواڕ‌ۆژى بزرى خۆیانه‌ وا به‌كوڵ ده‌گرى.


پاش ئه‌وه‌ى هه‌موو شتێك جێبه‌جێ كرا، به‌یانییه‌ك دایكم و ژنه‌ عه‌ره‌به‌ موسراوییه‌كه‌ى هاوسه‌رى ملازم جه‌میل جبوورى و كۆرپه‌كه‌ى له‌دواوه‌ و سمێرسۆرى باپیرم له‌پێشه‌وه‌ى قه‌مه‌ره‌ ناوى خوایان لێ هێنا و باژۆ بۆ گه‌ڵاڵه‌، پاش عه‌سرێكى دره‌نگ ژن و كیژه‌ گچكۆكه‌یان ته‌سلیم به‌ خانه‌خوێ كرد و بۆ رۆژى دوایى گه‌ڕانه‌وه‌ پیره‌ هه‌ولێرێ.


دوكانى بابه‌ حاجیم له‌ژێر میوانخانه‌ى (سه‌فین)ى به‌رامبه‌ر ته‌لارى مه‌حكه‌مه‌ى بوو، زۆر جاران و له‌پاش عه‌سران، كه‌ ده‌چوومه‌ لاى، پیاوێكى عه‌ره‌بى زۆر ڕه‌شى كه‌ته‌ى لچولێو ئه‌ستوورى دیشداشه‌ له‌به‌رى له‌لا داده‌نیشت و چایه‌ى شیرینى فڕ ده‌كرد، سه‌یره‌كه‌ش له‌وه‌دا بوو، نه‌ كابراى عه‌ره‌ب كوردیى ده‌زانى نه‌ بابه‌ حاجیش ئه‌و عه‌ره‌بى زانه‌ بوو، كه‌ بتوانێ له‌گه‌ڵ پیاوەگە‌ قسه‌ى پێ بكات، كه‌چى رۆژ به‌ رۆژ و جار له‌دواى جار په‌یوه‌ندیى دۆستانه‌یان به‌تینتر ده‌بوو و زیاتر یه‌كتریان خۆش ده‌ویست.
كابراى عه‌ره‌بى ڕه‌ش و لچولێو ئه‌ستوورى دیشداشه‌ له‌به‌ر، كه‌ هه‌ر سپێتیى چاوه‌ زه‌قه‌كانى و ددانه‌ شاش و واشه‌كه‌ى سپى سپى ده‌بریسكانه‌وه‌، نه‌مده‌زانى چ كاره‌یه‌ و بۆ له‌ هه‌ولێرێ و له‌ ئوتێل (سه‌فین) ده‌ژى، هه‌تا به‌یانییه‌كیان له‌گه‌ڵ بابه‌ حاجى له‌ناو بازاڕى هه‌وراز ده‌بووینه‌وه‌ و له‌پڕ ده‌ستى گرتم و لاى دایه‌ مه‌ركه‌زى پۆلیسى ته‌نیشت مزگه‌وتى شێخه‌ڵا و چووینه‌ ژووره‌وه‌ و له‌وێش خۆى گه‌یانده‌ ژوورێك، هه‌ینێ زانیم کابرای عه‌ره‌ب معاونى پۆلیسه‌ و خه‌ڵكى به‌سڕایه‌ و وه‌ك سزادراوێك گواستراوه‌ته‌وه‌ هه‌ولێر و له‌و بنكه‌یه‌ و له‌م ژووره‌ به‌بێ ئیش و بێكار رۆژانى وه‌زیفه‌كه‌ى به‌ڕێ ده‌كات.


یه‌كه‌م رۆژى جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان بوو، له‌سه‌ر داواى بابه‌ حاجى، سه‌فه‌رتاسى ماڵێ پڕ كرا له‌ برنج و شله‌ و گۆشت و كشمیش، نانى تیرى ته‌ڕ كرا و درایه‌ ده‌ستم و بردمه‌ ئه‌و ژووره‌ى ئه‌فسه‌ره‌ پۆلیسه‌ ڕه‌شه‌ به‌سڕاییه‌كه‌ى لێ بوو له‌ ئوتێل سه‌فین، هه‌ر كه‌ سه‌فه‌رتاسه‌كه‌م له‌سه‌ر ته‌پڵه‌كه‌ بچووكه‌كه‌ى ته‌نیشت قه‌ڕوێڵه‌كه‌ى دانا، کابرا له‌سه‌ر جێگا و سه‌ر له‌سه‌ر سه‌رین چاوى كرده‌وه‌ و منى بینى، گوتى:
-شلونك ظاهر؟ عیدك مبارك.


ئه‌وه‌نده‌ به‌ لچه‌ ئه‌ستوور و ده‌موچاوه‌ ره‌شه‌كه‌ى حه‌په‌سام هیچم بۆ نه‌گوتراو هه‌ر به‌غاردان له‌ ژووره‌كه‌ى ده‌رپه‌ڕیم و گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵێ، هه‌ر كه‌ لێیان پرسیم: ها چیت كرد؟ خواردنه‌كه‌ت برد؟ من وه‌ڵامم ده‌دانه‌وه‌ و لاسایى ئه‌فسه‌ره‌ به‌سڕاییه‌ قوله‌ڕه‌ش و ددان سپییه‌كه‌م بۆ ده‌كردنه‌وه‌، كه‌ چۆن له‌ژێر به‌تانى سه‌رى لێ ده‌رهێنام و پێى گوتم:
-شلونك ظاهر؟
بابه‌ حاجى و ئه‌وانیش به‌ لاساییكردنه‌وه‌كه‌م تێر پێده‌كه‌نین و خه‌نى ده‌بوون و زوو زووش پێیان دووباره‌ ده‌كردمه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین لاساییكرنه‌وه‌ى من بووبێت له‌ بوارى نواندن.

 

وێنه‌كان

وێنه‌كه‌/ میوانخانه‌ى (سه‌فین) و ڕیزه‌ دوكانه‌كانى ژێرى، وێنه‌كه‌ له‌ ڕێكه‌وتى (6/5/2019) چركێندراوه‌.