خۆشەویستی لە کوردەوارییدا

ئەو چیرۆكانەی بەشێك نین لە تەورات، هەر چەند بە ڕۆحێكی ئیلاهییانەشەوە نووسراون

(4)
جەبار جەمال غەریب

كێن ئەوانەی، كە دەكرێ كوڕی لادێ خۆشی بوێن؟ ئەو ئینسانانە كێن، كە دەكرێ یەكتریان خۆشبوێ؟ هەڵبژاردن لەبەردەم كوڕی لادێدا تا كوێ كراوەیە؟ كێن ئەوانەی لە لادێدا دەژین؟

پێكهاتەی دانیشتوانی لادێ
گوند لە كوردستاندا بچووكە، كەم گوندمان هەیە ژمارەیەكی زۆری دانیشتوان بگرێ. زۆری و كەمیی ژمارەی دانیشتوانی لادێ بەندە بە دوو خاڵی بنەڕەتییەوە، دوو خاڵی گرنگی سروشتی، جگە لە هۆیە مرۆییەكان.
یەكەم: سەرچاوەی ئاو. بۆ ئاو؟ گوند پشت بە ئاوی كانی دەبەستێ، بێ گومان لە زۆربەی حاڵەتەكاندا، كەم لادێ هەیە سەرچاوەی ئاوی ڕووبار یان دەریاچە بێ، ئەوە سروشتی پێكهاتەی خاكی كوردستانە. ئەویش لەبەر چەند هۆیەك:
- ڕووباری گەورە و جۆراوجۆر بە خاكی كوردستاندا تێناپەڕن، زیاتر مەبەستم ئەو بەشەی باشوورە، كە بە عێراقەوە لكێنراوە.
- لەبەرئەوەی خاكی كوردستان شاخاوییە، دۆڵی قووڵ و سەختی هەیە، لێژ و هەورازە، ئەو ڕووبارانەشی پێیدا تێدەپەڕن، تیژڕەون و بەخێرایی بە دۆڵەكاندا لێژ دەبنەوە.
دووەم: زانیمان گوند پشت بە ئاوی كانی دەبەستێ، كانی لە كوردستاندا دوو سیفەتی سەرەكیی هەیە.
- كانییەكانی كوردستان زۆرن و لەیەكتر نزیكن و بە شاخ و دەشت و كێوەكاندا بڵاو بوونەتەوە.
- كانییەكانی كوردستان ئاویان كەمە و ناتوانن پانتاییەکی فراوانی زەوی بەراو بكەن.
لەبەر ئەوەی كوردستان وڵاتێكی شاخاویشە، دەشتی فراوانی كەمە و زانیمان ئاوی كانییەكانیشی كەمە، هەموو ئەو هۆیانە پێمان دەڵێن كە:
گوندی كوردستان بچووكن، ژمارەی دانیشتوانیان كەمە، چونكە كانییەكان لەیەكترەوە نزیكن، گوندەكانیش لە یەكترەوە دوور نین، دانیشتوانەكەشی هەموویان خزم و هۆزی یەكترن.
مەبەست لەوە ئەوەیە، كە كوڕ تەنیا كچە خزم و گوندییەكانی خۆی دەبینێ، لە باشترین حاڵەتدا كوڕ دەتوانێ لەناو ئامۆزا و پورزاكانیدا كچێكی خۆش بوێ كە ئەوەشی بەئاسانی بۆ ناچێتە سەر، بە هەموو ئەو هۆكارانەی باسم كردن. بەتایبەتی كە كوڕ خاوەنی سەرمایەی خۆی نییە. ناتوانێ بە پشتبەستن بە باخەڵی خۆی بڕیاری ژنهێنان بدات.
ئەو كەسەی، كە دڵی بە باخەڵی گەرم نەبێ، هەرگیز ناتوانێ سەربەخۆ بڕیار بدات.
ژنهێنانی لادێ، دەتوانم بڵێم ژنهێنانی كوردی بە شێوەیەكی گشتی، هەمان شێوازی ژنهێنانی ئیسحاقە. گرنگ كچ و كوڕەكە نیین، گرنگ ئەو كەسانەن لە ڕووی مادی و مەعنەوییەوە لەپشت بابەتەكەوەن.

سەرمایە و ناسناو یان شۆرەت
لە كۆمەڵگەی سەرەتاییدا، جڵەوی خێزان لە دەستی پیاودایە، سەرمایە ئەو لێی بەرپرسە، جگەلەوەش شۆرەت و ناوی خێزان بەشێكی گرنگە لە سەروەر و سامانی پیاو، ناكرێ بەبێ ڕەزامەندیی ئەو دەستكاری بكرێ و كەسێكی دیكەی تێكەڵ بكرێ.
تەنیا لە كاتی زەماوەندیشدا هاوبەش بۆ ناسناوی خێزان دروست دەبێت، كەسێكی دیكەش دەتوانێ لە ڕێگای منداڵەكانیەوە ئەو ناسناوە بەكار بهێنێ.
هەر لەبەر ئەوەشە، ئەوە خێزانە، یان باوكە بڕیاری دەستنیشانكردنی كەسێك بۆ كوڕەكەی دەدات. ئەوە ئیبراهیمە برازاكەی خۆی دەستنشان دەكات بۆ كوڕەكەی، ئەوە ئیبراهیمە پیاوەكەی دەنێرێ، ئەوە ئیبراهیمە ڕێنمایی پیاوەكەی دەكات و ئەو خێزان و كچەشی بۆ دەستنیشان دەكات، كە بۆ كوڕەكەی دەخوازێ.
ئەو شێوازی ژنهێنانە (كە وشەی ژنهێنانیش بۆ خۆی پڕە لە دەنگی فەرهەنگ و كولتوورێكی نێرانە)، ئەو شێوازی ژنهێنانە ڕەگێكی هێندە قووڵی هەیە، وا سەخت چووەتە ناو هەناوی مرۆڤ و كۆمەڵگەوە، بۆ سەدان ساڵ درێژ بووەتەوە، تا ئەمڕۆ كاریگەریی هەیە.

دوو كاراكتەرەكەی خۆشەویستی
كوڕ و كچ، چاوی گوند لەسەر كوڕ و كچە. چاوی كچ لەسەر كوڕ و كوڕیش لەسەر كچە، بەڵام گوند بەو پێكهاتەوەی كە باسم كرد، بازنەی هەڵبژاردنەكەی تەواو تەسك كردووەتەوە.

كچانی گوند
هەزاران شیعر و گۆرانی و لاوك بەسەر كچی لادێدا هەڵدراون، بەڵام بۆ كوڕ كچی لادێ تەنیا كچە پوور و خاڵ و ئامۆزان. واتا كوڕ ئەگەر توانای بڕیاردانی هەبێ و سامانیشی لەبەردەستدا بێ، كە قورسە، ئەوە ناچارە لەنێوان هاوخوێنەكانی خۆیدا كەسێك هەڵبژێرێ، لە بەشی زۆری حاڵەتەكاندا كچەكەی بۆ دیاری دەكرێ. ئەو عورفە لە ڕووحی كوڕدا هەڵقەندراوە و ئەگەر كۆمەڵگەش ڕێگای دابایە ئەو نەیدەتوانی لێی لادات.
هەر بۆ نموونە، لەو ماوەیەدا ژیانی كوڕێكی گوندیی پلە یەكم خوێندەوە، كە بۆی گونجاوە ئەوسەر ئەم سەری دنیا بكات، خاوەنی باخەڵی خۆشی بێت، دەیان كە نەڵێم سەدان كچ بناسێ و پەیوەندیی سۆزدارییشان لەگەڵ ببەستێ، تا دەگاتە سەرجێكردن، هەرچەند زۆر لەو كچانەی خۆشویستووە، شەیدای هەندێكی دیكەیان بووە، بەڵام كە دەیەوێ ژن بهێنێ، جگە لە چیرۆكەكەی ڕڤقە و ئیسحاق، هیچ مۆدیلێكی دیكە لەبەر چاو ناگرێ. لەو سەری دنیاوە دەگەڕێتەوە ناو هاوخوێنەكانی و ناو هۆز و بنەچەكەی خۆی و ئامۆزاكەی هەڵدەبژێرێ. بۆ ئەو هەڵبژاردنە هونەرمەندە ڕۆشنبیرەكە دەتوانێ سەد بیانوو بهێنێتەوە، دڵڕازیكەریش بن، بەڵام هەموویان خۆدزینەوەیە لە كولتووری خێڵ و گوند، كە لەناوەوەی ئینسانەكان بێ پرس بڕیاری خۆی دەدات. ئەوە بۆ هونەرمەندێك و زانایەك و خوێندەوارێك، بە تەنیا نا، بۆ تەواوی كورد ڕاستە. هەر لەبەر ئەو هۆیانەشە، كە خۆشەویستی لە گونددا گەشە ناكات. خوێن بڕیاری خۆی دەدات. مەبەستیشم تەنیا ئەوە نییە، كە كوڕ هەر ئامۆزا یان پورزاكەی دێنێ، بەڵكوو خێزان هۆگری هاوخوێنەكانی خۆیەتی، یان ئەو كەس و هاوسێیانەی دەگەنە ئەو پلەیە.

خۆشەویستیی دوای ژنهێنان
ڕڤقە و ئیسحاق ماوەیەكی زۆر لە ژیانێكی هاوسەنگدا پێكەوە بوون. لە گوندیشدا ژن و مێرد ماوەیەكی زۆر بەیەكەوە دەمێننەوە، زۆر جار تا كۆتایی ژیانیان. پرسیار ئەوەیە، ئەو ژن و مێردە لە چ فەزایەكدا پێكەوە دەژین؟
سەرەڕای هەموو ئەو كەلێنە قورسانەی لە كەسایەتیی كوڕ و كچدان، ژیانی هاوبەشی ئەو دوو دۆستە دەست پێدەكات، بەڵام لە چ فەزایەكدا؟
خانووی لادێ: دەرگا یان زالكێك دەچێتە سەر هۆڵێك، كە پێی دەگوترێ نیشتمان، لەوێوە دەرگایەك بۆ ژووری زەخیرە و یەكێك بۆ ژووری خەوتن و زۆر جار یەكێكیش بۆ تەویلەی حەیوانەكان.

سێكسی بێ ڕووخسار (faceless sex)
خێزانی گوند، كە هەمیشە ژمارەیان زۆرە، لە یەك ژووری هاوبەشدا پێكەوە دەخەون. لەو ژوورەدا دایك و باوك، منداڵەكان، كە دەشێ هەراش یان گەورەش بن، هەندێ جار ژن و پیاوێكی بەتەمەنیش، كە دەشێ داپیرە و بابپریان بن، ئەوانە هەموویان لە ژوورێكدا یان ئەوپەڕی دوو ژووردا دەخەون، لە هەموو حاڵەتێكدا بووك و زاوای تازە لەگەڵ چەند كەسێكی دیكە لە ئەندامانی خێزانەكەیان، لە ژوورێكدا دەخەون، چونكە نەخشەی خانووی لادێ سادەیە و پانتاییەكەشی كراوەیە و هەمووی لەبەر چاوە. بووك و زاوا، كە لە ژیانی تەنیاییدا بۆیان هەڵنەكەوتووە یەكتر ببینن و یەكتر بناسن، لە ژیانی ژن و مێردایەتیشدا هەمان شت دووبارە دەبێتەوە. لە مەزرا و دەشتودەر و كاركردن و ماندووبوون، كە تەنیاش نین، لە ژووری نووستنشیاندا هەر تەنیا نین و دەبێ لە نائاگایی و خەوتنی ئەوانی دیكەدا، وەك دز هەل بقۆزنەوە و سێكس بكەن.
سێكسی ژن و مێردی لادێ، شەوی زاوایەتیی لێ دەرچێ، كە دەشێ ژوورێكیان بۆ چۆڵ بكەن، دەنا هەموو شەوەكانی دیكە لەگەڵ ئەوانی دیكەدا دەنوون و دەبێ لە تاریكیی شەودا هەلێكیان بۆ هەڵكەوێ و دەست لەملانی یەكتر بكەن.
كەواتە پیاو نەك لەگەڵ ژنەكەی، بەڵكوو لەنزیك ژنەكەیەوە دەخەوێ، لە فورسەتێكدا لە تاریكیدا دەچێتە لای، من ئەوە ناو دەنێم سێكس لە تاریكدا، یان (فەیسلێس سێكس) یان سێكسی بێ ڕووخسار. ژن ئەو ڕووخسارە نابینێ، كە دێتە لای و دەبێ تا ڕادەی هەناسەگرتنیش دەنگیان ببڕن، هەنكە هەنكە و وەیش قەدەغەیە. كەواتە سێكسێكی چەتانەیە، ڕووخسار و دەنگ بەشداریی تێدا ناكەن. واتا ژن سێكس لەگەڵ جەستەیەكی زبردا دەكات كە ڕووخساری نییە. بۆیە ئەگەر جەستەكەش بگۆڕێ، كاریگەرییەكی زۆری نابێ.
سێكسی بێ ڕووخسار، تێكەڵبوونی ژن و پیاوە لە تاریكیی شەودا بەنهێنی. وەك چۆن هەموو ئەو شتانەی مرۆ پێی خۆشە لە تاریكی و نهێنیدا دەكرێن. سیفەتەكانی ئەو جۆرە سێكسەش ئەوەیە، كە:
- تەواوی مێشكی بكارەكانی داگیر دەكات، هەموو شتێك و كردارێك بەو ساتە دەچووێنێ، كە بەنیازیەتی.
- كاتێكی كەم دەخایەنێ. پێشمەرجەكانی سێكسكردنی تێدا نایاتە دی.
- چاوەڕوانییەكەی زۆرە، كرداركەش دەبێ كەمترین كاتی پێ بچێ.
- زۆر كەم ژن لەو جۆرە سێكسەدا دەگاتە ئۆرگازم. واتا لای ژنەكە كرداری سێكسی تەواو نابێ.
- بەشەرمەوە دەكرێت و زۆرجار ژن و پیاو خۆیان بە تاوانباریش دەزانن.
(هەر بۆ یادكردنەوە: ژن هەیە، خەسووی لێی داوە یان بە شێوەیەك سزای داوە، چونكە شەو سێكسی لەگەڵ كوڕەكەیدا كردووە. هەر لە ڕشتەی مرواریدا دەیان نموونەمان لەو بابەتە هەیە. ئەوە لە شارە كولتوور لادێیەكانشدا هەیە، دواتر زیاتر ڕوونی دەكەمەوە).

ئەنجام
لادێ ناتوانێ كارێكتەرێك پێبگەیەنێ، كە خۆی بناسێ و هەست بە گەشەكردنی خۆی بكات، لەبەر ئەوەی:
- تاك لە لادێدا سەرچاوەی دارایی خۆی نییە.
- كاتی تەواوی نییە بۆ خۆنماییشكردن.
- تەنیا دەتوانێ لە لادێكەی خۆیدا، یان لە عەشیرەتەكەی خۆی كەسێك هەڵبژێرێ.
- بەشی هەرەزۆری كات (خێزان) كچ بۆ كوڕەكەیان هەڵدەبژێرن.
- شوێنی مومارەسەی خۆشەویستییان نییە، هەتا لەدوای زەماوەندیش.
- سێكسی بووك و زاوا، سێكسی چەتەگەرانەیە، زیاتر لەوە دۆستانە بێ، توند و تێژ و خێرا.
- لەبەر ئەو هۆیانە و چەندان هۆی دیكە، خۆشەویستی تەنیا لە ئاستی سۆزدا دەمێنیتەوە، كەسەكان سۆزیان بۆ یەكتری هەیە، نەك خۆشەویستی، بەو مانایەی ئەریك فرۆم دەیناسێنێ. سێكس ئەو پەیوەندییە زیاتر بەهێز دەكات، پیاو یان ژن تەنیا دەتوانن لەگەڵ هاوسەرەكانیان سێكس بكەن، ئەویش سێكسی شەبەیخونی.
پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئایا شار جێگای خۆشەویستییە؟
لە چ ڕێکەوتێكەوە كورد بووەتە خاوەنی شاری خۆی؟
ئایا قەرەباڵغی و دانیشتوانی زۆر شار دروست دەكات، یان بۆ خۆشەویستی شار پێناسێكی دیكەی هەیە؟
(داوای لێبوردن لە خوێنەرانی (چیرۆكی پێغەمبەران) دەكەم، كە بە شێوەی جیاواز گلەیی ئەوەیان كردووە بۆ كوتوپڕ پچڕان؟ من بۆ ئاسوودەیی مێشكی ئەوان و گۆڕانكارییەك لە بابەتەكانی ڕۆژنامەدا، هەندێ جار لایەك لە كاریگەریی چیرۆكەكان دەكەمەوە، لەسەر كۆمەڵگە. هەر دوای تەواوبوونی ئەو بابەتە دەگەڕێمەوە سەریان، هەزاران سوپاس بۆ خەمخۆری و بەدواداچوونتان).
ئەو بنەمایانە چین كە شار لە گوند جیا دەكەنەوە؟
پێناسی ئینسانی شاری چییە؟
لە وتاری داهاتوودا، هەوڵ دەدەم جیاوازیی شار و لادێ لە رووی شێوازی ژیانەوە دەستنیشان بكەم، ئەوەی لە هەموو ئەوانەشەوە گرنگترە، ئایا ئێمە لە ناخی خۆماندا ئامادەین واز لە سروشتی گونیانەی خۆمان بێنین؟