کچە پەیامنێرەکەی گەڕەک!

من و كەركوك - 8

وێستگه له‌ كه‌ركووكه‌وه گۆڕدرا بۆ سلێمانی... گه‌ڕان به‌دوای ئه‌و بیره‌وه‌رییانه‌ی له‌ سه‌رده‌می ڕاپه‌ریندا له‌ یادگەمدا تۆمارم كردوون، هه‌ڵبه‌ته‌ مه‌رج نییه‌ بتوانم وه‌ك فڵچەی نیگارکێش‌ هه‌موو ره‌نگه‌كان لەسەر تابلۆی‌ رسته‌کانم هه‌ڵخه‌م، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی وه‌ك میمۆرییه‌ك له‌ هزرمدا تۆمار كراوه‌ ئه‌وه‌ ده‌گێڕمه‌وه‌.

له‌ كه‌ركووكه‌وه‌ بۆ سلێمانی و گەیشتمە تا گەڕەکی خۆمان، سه‌ره‌تای چوونه‌وه‌م بۆ گەڕه‌ك دیمه‌نێكی فره ‌جیاوازتر له‌ سه‌رده‌می پێش راپه‌ڕین.

(دوورل ئه‌من)، ناوی گه‌ڕه‌كەکەی ئێمه بوو کە‌ مۆڵگه‌ی ئەمن و به‌عسییه‌كان بوو. هه‌ڵبه‌ته‌ به‌و واتایه‌ نا كه‌ هه‌موو گه‌ڕه‌كه‌كه‌ ماڵ و خانووی به‌عسییه‌كان بن، بەڵکوو بەهۆی ئەوەی چه‌ند كۆڵان و خانوویه‌كی میریی ئەودەم، لەسه‌ر دائیره‌ی ئه‌منی سلێمانی تۆمار كرابوو، ئه‌م ناسناوه‌ی هه‌ڵگرتبوو، ئه‌گه‌ر نا گه‌ڕه‌كی ئێمه‌ش وه‌ك ناوچەکانی تری سلێمانی  پڕ بوو له‌ خه‌ڵك و خێزانی نیشتمانپه‌روه‌ر و كوردی کوردستانپەروەر و شۆڕشگێڕ، هه‌ر بۆیه‌ سیمای گه‌ڕه‌ك زۆر جیاوازتر له‌ جاران پڕ بوو له‌ خه‌نده ‌و‌ پێكه‌نین و جلوبه‌رگی كوردی و هاتوچۆی پێشمه‌رگه‌ و په‌یتا په‌یتا هه‌واڵی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی سه‌ربازانی رژێم بڵاو دەبووەوە.

پێش راپه‌ڕین گه‌ڕه‌كه‌مان (دوورل ئه‌من) به‌ به‌عسییه‌كان ته‌نرابوو، بەڵام ئه‌و دیمه‌نه‌ نوێیانه‌ زۆر خۆش و جیاواز بوون.

زۆر تامه‌زرۆی ئه‌وه ‌بووم بزانم ئاخۆ رۆژانی سەرەتای راپەڕینی سلێمانی (7ی ئاداری 1991) و چەند

رۆژی دواتر، ئەو رۆژانەی من لە کەرکووک بووم له‌ گه‌ڕه‌كی خۆمان لە سلێمانی چی ڕووی دا، چ باس بووه،‌ چ گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ به‌سه‌ر شاردا هاتووه،‌ چونكه‌ لە ڕووی جوگرافییەوە گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی ئێمه‌ له‌ زۆربه‌ی فه‌رمانگه‌ ره‌سمی و سه‌ربازی و دەزگا داپڵۆسێنه‌ره‌كانی به‌عسەوە نزیك بوو. (حامیه‌ی سلێمانی) كه‌ ده‌كاتە (پاركی ئازادی)ی ئێستا، مۆڵگه‌ی سه‌ربازی و فه‌رمانە‌ كوردكوژه‌كان بوو. (ئه‌منه‌ سوورەکە) كه قەڵای شوورا قایقمی ئازاردان و ئەشکەنجەدانی گه‌نجانی شار و کەسوکار و خێزانه‌كانی ئێمه‌ بوو، ئەویش زۆر دوور نه‌بوو له‌ گەڕه‌كی ئێمه‌وه.‌ بۆیه‌ ئه‌توانم بڵێم كه‌ گه‌ڕه‌کی‌ ئێمه‌ شوێنی بینیننی زۆربەی ئه‌و گۆڕانكارییانه ‌بوو كه‌ راپەڕینی لێ هاته‌ ئه‌نجام، هەر ئەو هۆکارانەش وای لە من کرد پڕ به ‌دڵ حه‌زم ده‌كرد و ده‌مخواست ورده‌كاریی ئه‌و ساتانه‌ی گۆڕینی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ و رووخانی قەڵای زوڵم وستەمی بەعسییان بزانم، دەمویست بزانم چۆن شۆڕش و راپەڕین دڕی به ‌تاریكیی سەردەمی به‌عسییه‌كان دا و ڕۆژێكی نوێی له‌ مێژووی ئێمه‌دا تۆمار كرد، پاڵەوانی هەموو ئەم داستانانەش پیشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكی شار بوون بە گەنج و پیر ژن و پیاو و کوڕ و کچ و گەورە و بچووکیانەوە.

هه‌ڵبه‌ته‌ هاوڕێ و كه‌سوكار و دراوسێكان ئه‌وانیش په‌رۆشی ئەوە بوون بزانن له‌ كه‌ركووك چی ڕووی داوه‌ تا بۆیان بگێڕمه‌وه، بۆیه‌ ئەو رۆژە خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك منیان وه‌ك په‌یامنێرێكی گرنگ و شایه‌دحاڵی رووداوه‌كانی ئەو رۆژانەی کەرکووک هەژمار ده‌كرد، زۆر به‌تاسەوە ده‌وریان دابووم و هەستم دەکرد کە چێژ لە گێڕانەوەکانم وەردەگرن، په‌یتا په‌یتا لێیان ده‌پرسیم و خوازیاری ئەوە بوون ئه‌و ساتانه‌یان بۆ بگێڕمه‌وه‌ كه‌ چۆن پێشمه‌رگه‌ تەوقی ده‌روازه‌كانی دامودەزگای سەرکوتکەری به‌عسیان تێک شكاند و چۆن بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ مێژووی كورد و کوردستاندا، كه‌ركووكیان گەیاندە ترۆپكی ئازادی.

له‌م گێرمە و کێشمەیەی خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كدا، له‌ سەروبەندی گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كاندا شتێكی خۆش ڕووی دا. ئاخر وه‌ك له‌ بەشەکانی تری ئەم بیرەوەرییانەمدا باسم کرد، من به‌ ئیڤایه‌كی عه‌سكه‌ری لە کەرکووکەوە گەڕامەوە بۆ سلێمانی، لای ماڵی خۆمان زۆر به‌شانازییه‌وه‌ له پلیكانه‌ی ئیڤاكه‌وه‌ دابه‌زیم، وه‌لێ جیاوازیی ئه‌م ئیڤایه‌ ئه‌وه‌ بوو کە ئەمەی منی پێ هاتمەوە موڵكی شۆڕشە ‌و سه‌رنیشینه‌كانیشی پێشمه‌رگه‌ن و شۆفێره‌كه‌یشی پێشمه‌رگه‌یه‌كی ماندوونه‌ناسی نیشتمانه.‌ بۆیه‌ ئیڤاكه‌ش وه‌ك پێشمه‌رگه‌ لای من و منداڵانی گه‌ڕەك خۆشه‌ویست بوو. برا لە خۆم بچووکترەکانم (هێمن و هه‌ڵكه‌وت) وا بۆیان گێڕامه‌وه ‌كاتێك كه‌ من هاتوومه‌ته‌ به‌رده‌ركی ماڵ، ئه‌وانیش به‌پەله‌ هه‌وڵیان داوه بۆ ‌سه‌ر ئیڤاكه سەربکەون ‌و خۆیان بخزێننه‌ ناو ئیڤاكەوە،‌ بەڵام له‌به‌ر کورتیی باڵا و بچووكیی ته‌مه‌نیان نه‌یانتوانیوه‌ به‌ پلیكانی ئیڤاكه‌ سه‌ركه‌ون، بۆیە پێشمه‌رگه‌كان هاوكارییان كردوون. هه‌ڵكه‌وتی برام  ده‌ڵێ: ”ئەو رۆژە منیش پۆزم لێ دا و نه‌مهێشت منداڵه‌كانی تر سه‌ركه‌ون“ گوایە ‌به‌ تێگه‌یشتنی جوان و سادەی ئەودەمی ئه‌وان، ئیڤا بۆر ھی خوشكه‌ پێشمه‌رگه‌كه‌یانە!

ئه‌وه‌ی ئەو رۆژە له‌ ده‌می هاوڕێ و خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك بیستم له‌مه‌ڕ ئازایەتی و چاونەترسیی خه‌ڵكی سلێمانی، سه‌رسامكه‌ر و سەرنجڕاکێش بوو.

ترس و دڵه‌ڕاوكێ له‌ناو پیاوانی رژێمدا بڵاو بووبووه‌وه،‌ ئه‌و دەمە وێنە گەورەکانی سه‌دام حسێن-ی دیکتاتۆر و سه‌رۆكی ڕژێمی بەعس،‌ لە زۆربه‌ی شوێنه‌ گشتییەكانی شاردا هه‌بوون. ده‌گێڕنه‌وه‌ به‌عسییه‌كان چه‌ند پیاوێكی خۆیان کە فه‌رمانبه‌ری فه‌رمانگه‌كان بوون به‌ زۆره‌ملێ ده‌ستنیشان ده‌كرد بۆ پاسه‌وانیی وێنه‌كانی، چونكه‌ له‌كه‌داركردن ئه‌و وێنانه‌ی سه‌دام، گوزارشت بوو لە شكاندنی شکۆی (سەرۆکی فەرماندە!) و سووكایه‌تیی گەورە بوو به‌ رژێمی به‌عس.

وه‌ك هاوڕێكانم بۆیان گێرامه‌وه‌ سه‌رله‌به‌یانی زوو به ‌فه‌رمانی بەرپرسانی ئه‌منه‌ سووره‌كەی سلێمانی،‌ كۆمه‌ڵێك پاسی زۆر به‌كرێ گیراون به‌ره‌و گه‌ڕه‌كی (دوورل ئه‌من) به‌ مه‌به‌ستی دووشت؛ یه‌كه‌م: گواستنه‌وه‌ی خێزانه‌كانی خۆیان و بردنیان بۆ باڵەخانەی ئه‌منه‌ سووره‌كه‌.
دووه‌م: به‌ بارمته‌كردنی خێزانی زۆری ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ و‌ بردنیان بۆ ئه‌منه‌ سووره‌كه،‌ تاكوو وه‌كوو قه‌ڵغانێكی مرۆیی به‌كاریان بهێنن له ‌به‌رامبه‌ر هێرشی پێشمه‌رگه‌ و خەڵکی راپەڕیودا، وه‌لێ فریا نه‌كه‌وتوون و كات ده‌رفه‌تی نه‌داوه‌ پیلانه‌كه‌یان به‌ته‌واوی جێبەجێ بکەن، تەنانەت فریا نەکەوتوون هه‌ندێك خێزانی ئه‌منه‌ عه‌ره‌به‌كانیش بگوازنه‌وه‌ بۆ ئه‌منه‌ سووره‌كه.

یه‌كه‌م ته‌قه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ری گه‌ڕەكی (دوورل ئه‌من) له‌ فولكه‌ی ئاشتیی ئێستا بوو، له‌وێ وێنه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سه‌دام له‌ناو دڵی به‌عسییه‌كاندا، دەکەوێتە به‌ر ده‌ستدڕێژی چەکی پێشمه‌رگه، ئەم هەنگاوەش وه‌ك ترس شكاندنێك بۆ خه‌ڵكی دی نیشانی ده‌ده‌ن، وەک راگەیاندنی ئەوەی ئیدی سه‌رده‌می به‌عس و داپڵۆسین و تۆقاندن كۆتایی هات و له‌مه‌ به‌دواوه‌ نه‌فه‌سی شار پڕ دەبێت له‌ هه‌یبه‌تی كوردایه‌تی و ئازادی.

تا ئه‌و ده‌مه‌ش وه‌ك هاوڕێکانم ده‌گێڕنه‌وه‌ خه‌ڵكی گه‌ڕەك له‌ ماڵه‌كانی خۆیاندا به‌ كپ و بێده‌نگی چاوه‌ڕێیان ده‌كرد تا گۆڕانكارییه‌ گه‌وره‌كه‌ روو بدات، بەڵام له‌ دوای چه‌خماخه‌ی ده‌ركه‌وتنی پیشمه‌رگه‌ خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك به‌ شه‌وق و حه‌سره‌ته‌وه‌ رژانە کۆڵان و شەقامەکان. له‌ پێشوازیی پێشمه‌رگه ‌و ئه‌م گۆرانكارییه‌ مه‌زنه‌ له‌و كاته‌دا دایكم (نازه‌نین حەسیب خه‌یات) به‌ هه‌لهه‌له‌وه‌ پێشوازیی له‌ پێشمه‌رگەکان كردووه‌ و وه‌ك هه‌ر شوێنێكی تری راپه‌رین خه‌ڵكی دیکەش بەگشتی به ‌دڵ پێشوازییان له‌ پیێشمه‌رگه‌ كردووه‌.

كه‌ خەڵکی گەڕەک بە جۆش و خرۆشەوە له‌ ده‌وری پێشمه‌رگه‌كان كۆبوونه‌ته‌وه‌، له‌م نێوه‌نده‌دا سه‌رنجی خه‌ڵكی گه‌ڕەك بۆ لای چه‌ند گه‌نجێكی چه‌ك و تفاق لە قەد و شان رۆیشتووه‌ كه‌ ڕوخساریان به‌ جامه‌دانه‌ داپۆشیوه‌ و‌ چاکەت و پانتۆڵیان له‌به‌ردا بووه‌ نه‌ك جلی پیشمه‌رگه‌، دواجار ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌وانه‌ ئه‌م پێشمه‌رگانه‌ بوون كه‌ له‌ رێکخستنە‌ نهێنییه‌كانی شاردا كاریان كردووه و ئه‌رك و فه‌رمانه‌كانی خۆیان به‌نهێنی به‌جێ هێناوه‌ بێ ئه‌وه‌ی روخسار و ناسنامه‌ی خۆیان ئاشكرا بكه‌ن. ئه‌مه‌ش پره‌نسیپێكی جوان و پر ڕێكخستنی ئه‌و ده‌مانه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بوو كه‌ به‌ تۆكمه‌یی پلانی راپه‌ڕین و وه‌ده‌رنانی داموده‌زگانی به‌عسیان داڕشتبوو، ئەو ئەندامانەی رێکخستنە نهێنییەکان رۆڵێکی باڵا و گرنگیان هه‌بوو له‌ گواستنه‌وە و ئاشکراکردنی زانیاری لەبارەی باره‌گا نهێنییه‌كان و پلانه‌كانی رژێمی به‌عس و پیاوه‌ سیخووڕه‌كانیان... گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی ئەو رۆژە پرشنگدارانە‌ جارێ بەردەوامە...