مەسعود بارزانی

 

لای هەموو ئەوانەی سەرۆك مه سعود بارزانی دەناسن و گفتوگۆی لەگەڵ دەكەن، دەربارەی دۆزی نەتەوەی كورد و دۆخی ئێستای كوردستان، لە گەورە سەركردە و سیاسی و رۆژنامەنووسانی جیهانی و شارەزایانی بواری ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتە گەورەكان و شیكەرەوە ئينسايكلۆپیدەكان و زۆرینەی گەلی كورد، وای دادەنێن، سەرۆك بارزانی جێنشینێكی یاسایی و هەڵبژێردراوی پرۆسەیەكی دیموكراسییە بۆ سەركردایەتیكردنی بزوتنەوەی نەتەوەی كورد لە باشووری كوردستان، ئەمە و سەرەڕای بوونی جەماوەرێكی زۆر لە پارچەكانی تری كوردستان. بەڕێز بارزانی (سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان- پارتی)، كەسایەتییەكی ناسراوە لەسەر ئاستی جیهان، بۆیە تۆمەتە داتاشراوەكانی گومانلێكراوان و خۆفرۆشە بێ نرخەكان ناتوانن هیچ كاریگەرییەكیان لە شێواندنی پێگەی سەرۆك لە دڵی شوێنكەوتووان وعاشقانیدا هەبێت، ئەم كەسایەتییە بەتەواوی شوێنكەوتەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە، لە ڕووی تایبەمەندیی سیاسییەوە ڕاستگۆ و حەق بێژە، نموونەی سەرۆكێكی دادوەر و بەئینساف و لەخواترسە و بەرگریكارێكی سەرسەختی خاك و گەلەكەیەتی، لەبەر ئەوە، لای شوێنكەوتووانی پارچەیەك پۆڵای بێ درز و بێ خەوشە.

سەرۆك لە سیاسەتكردندا خاوەن كەسایەتییەكی میانڕەوە، نەك شانازی بە سەركردایەتیكردنەوە ناكات، بەڵكوو سەركردایەتیكردن شانازی بەوەوە دەكات، وەك دەڵێت، من تەنها پێشمەرگەم، ئەم ناسناوە لەلای من، لە هەزار سەركردە و سەرۆك باڵاتر و پیرۆزترە، كاتێك زانكۆ ویستی بڕوانامەی دكتۆرای فەخریی پێ ببەخشێت، سەرۆك بڕوانامەكەی پەسەند نەكرد، لەبەر گەورەیی و پیرۆزیی زانكۆ، لەبەرامبەردا، ئامادەیی پیشان دا ببێت بە پاسەوانی دەرگای زانكۆ.

بارزانی لە ماوەی فەرمانڕەواییدا، بەوپەڕی ئاكاری جوان و شیاو و ڕەوشتبەرزی و بە بەهای جوان مامەڵەی لەگەڵ خەڵكیدا كردووە، وەك چۆن حزبەكەشی پێ دروست كردووە، پێشمەرگە ئاسا لەگەڵ دوژمن و داگیركەرانیشدا بە گیانی لێبوردەیی مامەڵەی كردووە، سەرەڕای ئەوەی تاوانی قێزەونیشان بەرامبەر بە گەلەكەشی ئەنجام داوە، وەك نەتەوەی كورد، هەموو ئەو نەتەوە و ئایینزایانەی خۆش دەوێت كە لەگەڵ كورددا دەژین، وەك كوردیش پارێزگارییان لێ دەكات.

هەموو هەوڵی بارزانی بۆ گەیشتنی گەلەكەیەتی بە كەناری ئارامی و كۆتاییهێنان و بەو چەوساندنەوەیەی چەندین سەدەیە لەسەر گەلەكەیەتی، هەوڵی بۆ یەكخستنی نەتەوەی كوردە لە كۆنگرەیەكی نەتەوەیی گشتگیردا، سەرۆک بارزانی دەجەنگێت بۆ دانانی دەستوورێك بۆ هەرێمی كوردستان، تا مەرجەعێك بێت بۆ یەكلاییكردنەوەی جیاوازیی نێوان لایەنە كوردییەكان و نێوان هەرێم و بەغدا و چەسپاندنی برایەتیی نێوان  كورد - عەرەب، لەسەر بنەمای یەكسانی و ئەرك و ماف لە عێراقی فیدراڵیدا، بەڵام هیچ كەس بە دەنگ ئەم هەوڵە نیشتمانییەی نەچوو، هەوڵی بۆ گەیاندنی دەنگی گەلی كوردە بە كۆمەڵگای جیهانی، بەوەی لە سەدەكانی رابوردوودا لە لایەن وڵاتانی دراوسێ و هاوپەیمانەكانیانەوە ئەم گەلە رووبەڕووی لەناوچوون بووەتەوە، كە لەپشتیانەوە وڵاتانی زلهێزی خاوەن هەژموونی هەرێمی و جیهانی هەبوون، بۆ كۆمەڵگای جیهانیی سەلماند، بانگەشەی مافی مرۆڤ تەنیا بانگەشەیەكی بێ بنەمایە و مافی گەلان لە دیاریكردنی چارەنووسیان وەك ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكەن، تەنیا بانگەشەیەكی ناڕاست و هەڵبەستراوە، سەرەڕای ئەوەی لە جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ و رێكکەوتننامەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانیشدا هاتووە، بۆیە كاتێك راپرسی دەكرێت، 92،7%ی گەلی كورد ئازادانە ویستی خۆیان بۆ سەربەستی و دروستكردنی دەوڵەت دەردەبڕن، كە زیاتر لە 2000 ساڵە  ئەم ویستەیان چەپێندراوە.

مەسعود بارزانی، خاوەنی دەستكەوتی مەزنە بۆ گەلەكەی، تا ئێستاش خاوەن پاڵپشتیی زۆرینەی رۆڵەكانی گەلی كوردە، بە بەڵگەی سندووقەكانی هەڵبژاردن. بەدەر لەمە هەرچییەكی تر بگوترێت، هیچ بنەمایەكی نییە، جگە لە نەزانی، هیچی تری لێ شین نابێت و خاوەن رۆشنبیرییەكی هەژار و بوغزێكی بۆماوەن و خاوەن دڵێكی رەش و ویژانێكی مردوون دژ بە گەلی كورد و ئاواتەكانی.

 

پ. د. فوئاد حەمەخورشید - سلێمانی