شەڕی منداڵە سۆفی و منداڵی سه‌یداوه‌ی بە دارلاستیق و بەردەقانی

سه‌ری هارومار

ته‌نیا دوو هه‌فته‌ی مابوو بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وامی قوتابخانه‌، به‌ته‌واوی خۆم ئاماده‌ كردبوو، باوكم قاتێك جلكی تازه‌ و جانتا و جووتێك پێڵاوی بۆ كڕیم، مه‌راقم بوو بزانم له‌ پۆڵی یه‌كی ناوه‌ندی چه‌ند كتێب ده‌خوێنین، بابه‌ته‌كان چین، زیاتر بیرم له‌ ده‌رسی وێنه‌ و موزیك ده‌كرده‌وه‌، ئاخۆ ئه‌و ده‌رسه‌ وه‌ك هی ڕۆژانی قۆناغی سه‌ره‌تاییم، پڕ له‌ شادی و چێژن؟
رۆژێكیان، لای تانكیی ئاوه‌كه‌، تووشی كوڕێكی له‌ خۆم هه‌راشتر بووم، به‌ عه‌ره‌بانه‌ كه‌وكه‌وی ده‌فرۆشت، بایی ده‌ فلس كه‌وكه‌وم كڕی، كوڕه‌ لێی پرسیم: سه‌فی چه‌ندی؟
وه‌رامم دایه‌وه‌:
ـ شه‌شم ته‌واو كرد، ئه‌و ساڵ ده‌چمه‌ یه‌كی ناوه‌ندی، ئه‌دی ئه‌توو؟
گوتی:
ـ یه‌كی ناوه‌ندی بووم، له‌ هه‌شت ده‌رسان كه‌تم، هه‌مووی به‌ عاره‌بی بوو، ئێستا كه‌وكه‌وی ده‌فرۆشم.
ئه‌مه‌ دووه‌م جار بوو قسه‌یه‌كی ئه‌وها ببیستم، پێشتریش تووشی كوڕێكی دیكه‌ هاتم و هه‌مان قسه‌ی كرد، به‌ته‌واوی دڵگران بووم، له‌ كوڕه‌كه‌م پرسی:
ـ ئه‌دی كه‌س هه‌بوو ناجیح بی.
گوتی: هه‌نده‌ك ناجیح بوون، هه‌موو ده‌رسه‌كانیان ده‌رخ كردبوو.
گوتم: ده‌رخ یه‌عنی چی؟
وه‌رامی دامه‌وه‌:
ـ یه‌عنی هه‌موویان ئه‌زبه‌ر كردبوو، وه‌كی مه‌خفووزاتی.
هێشتا به‌ته‌واوی له‌ ده‌رخ و مه‌حفووزات نه‌گه‌یشتم، لێم پرسی:
ـ یه‌عنی چییان ده‌كرد.
گوتی: هه‌ر ده‌یانخیند، هه‌ر ده‌یانخیند، هه‌تا ده‌رسه‌كه‌یان له‌به‌ر دەكرد.
ماوه‌یه‌ك دامام و رێگه‌ی ماڵه‌وه‌م گرته ‌به‌ر، له‌ رێگا بیرم له‌وه‌ كرده‌وه‌، خۆ منیش ده‌توانم ده‌رخ بكه‌م، ئه‌دی ئه‌وه‌ چه‌ند هه‌ڵبه‌ست و سروودم له‌به‌ر نییه‌، منیش هه‌ر ده‌خینم هه‌ر ده‌خینم هه‌تا ئه‌زبه‌ریان ده‌كه‌م.
به‌رله‌وه‌ی بگه‌مه‌وه‌ ماڵ، تووشی بایز موراد هاتم، كوڕه‌ ئازا و چاونه‌ترسه‌كه‌ی گه‌ڕه‌ك، دارلاستیكی خستووه‌ به‌ر پشدێنی و به‌رده‌قانیشی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، زۆر به‌په‌له‌ ده‌ڕۆیشت، پرسیم:
ـ ها بایز ئه‌وه‌ چییه‌.
گوتی: نازانی، شه‌ڕه‌ شه‌ڕ، ده‌چمه‌ شه‌ڕێ.
گوتم: شه‌ڕی كێ؟
وه‌رامی دامه‌وه‌:
ـ شه‌ڕی به‌ینی منداڵی سه‌یداوه‌ و هی ئیسكانی.
گوتم: له‌سه‌ر چ شه‌ڕی ده‌كه‌ن.
گوتی:
ـ هه‌موو رۆژی، منداڵه‌ سۆفی ڕێ له‌ منداڵی سه‌یداوه‌ی ده‌گرن، ئه‌مه‌ش نابی قبووڵ بكه‌ین.
حه‌زم كرد له‌گه‌ڵ بایز بڕۆم، به‌ڵام له‌ ترسی باوكم و دایكم نه‌وێرام، بایز رای كرد و منیش چوومه‌ سه‌ربانی ماڵه‌كه‌مان، ئه‌وكاته‌ لە ‌سه‌ربانه‌وه‌ گه‌ڕه‌كی ئیسكانم لێوه‌ دیار بوو، بینیم له‌مبه‌ر و له‌وبه‌ر ده‌یان منداڵ وا شه‌ڕه‌ به‌ردیانه‌، جارێك منداڵی سه‌یداوه‌ سه‌ریان له‌ دوو منداڵی ئیسكان ده‌نا و هه‌تا بن دیواری مه‌كته‌به‌كه‌یان ده‌برد، دوای ماوه‌یه‌ك ئه‌وان خۆیان رێك ده‌خسته‌وه‌ و دژه‌ هێرشیان ده‌هێنا و منداڵی سه‌یداوه‌ تا نزیك ئاشه‌كه‌ غاریان ده‌دا، ماوه‌یه‌كی باش سه‌یری شه‌ڕه‌كه‌م كرد، باوكم له‌ مزگه‌وت گه‌ڕایه‌وه‌، كه‌ بینی وا له‌سه‌ر بانم، بانگی كردم:
ـ ئه‌وه‌ به‌و گه‌رمایه‌ی چ ده‌كه‌ی؟
گوتم:
ـ ته‌ماشای شه‌ڕێ ده‌كه‌م.
گوتی:
ـ شه‌ڕی كێ.
وه‌رامم دایه‌وه‌:
ـ شه‌ڕی سه‌یداوه‌ و ئیسكانی.
باوكم هاته‌ سه‌ربان و سه‌یرێكی شه‌ڕه‌كه‌ی كرد، هه‌ر زوو گوتی:
ـ بڕۆ خوارێ كوڕم، خه‌ڵك كوو ته‌ماشای ئه‌و به‌ره‌ڵڵایانه‌ ده‌كات.
له‌ كاتی فراڤیندا، باوكم به‌ نیمچه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه‌وه‌ پێی گوتم:
ـ ئه‌وه‌ پێت ده‌ڵێم، نه‌چیه‌ دیار ئه‌و شه‌ڕه‌ی، منداڵه‌ سۆفی په‌لاریان زۆر ڕاسته‌، كوو به‌ردی باوێن چاوت كۆره‌ ده‌كه‌ن.
له‌ باوكم پرسی:
ـ لۆ پێیان ده‌ڵێن منداڵه‌ سۆفی؟
وه‌رامی دامه‌وه‌:
ـ ئه‌وانه‌ خه‌ڵكی گونده‌كانی برادۆستن، حكوومه‌ت رایگوازتینه‌، پیاوه‌كانیان زۆر به‌دینن، هه‌موو ده‌می له‌ مزگه‌فتی حاجی قه‌روی زیكری ده‌كه‌ن.
ویستم له‌ باوكم بپرسم:
ـ زیكر چییه‌؟
به‌ڵام ده‌مزانی باوكم زۆر حه‌زی له‌ پرسیار و وه‌رام نییه‌، خۆم بێ ده‌نگ كرد، په‌له‌ی ئه‌وه‌م بوو زوو بڕواته‌ ده‌ره‌وه‌ و منیش بچم بزانم شه‌ڕه‌كه‌ چی به‌سه‌ر هات.
باوكم ویستی سه‌رخه‌وێك بشكێنی، ئه‌وه‌م به‌ هه‌ل زانی، یه‌كسه‌ر چوومه‌ سه‌ربان، بینیم وا بایز و عه‌له‌ خڕه‌ و مزۆ له‌گه‌ڵ چه‌ند كوڕیژگه‌یه‌ك له‌ په‌نا ئاشه‌كه‌ راوه‌ستاون، هه‌موو به‌رده‌قانی و دارلاستیكیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، بایز و عه‌له‌خڕه‌ و مزۆ، له‌ كوڕیژه‌كه‌ هه‌ره‌ ئازاكانی گه‌ڕه‌ك بوون، له‌به‌ر كه‌سیان دانه‌ده‌ینا.
ورده‌ ورده‌ ژماره‌ی شه‌ڕه‌كه‌ریان زیاد بوو، سه‌یری به‌ری ئیسكانیشم كرد، بینیم ئه‌وانیش وا گرد بوونه‌ته‌وه‌، له‌ سه‌ربان هاتمه‌ خواره‌وه‌، بینیم وا باوكم ده‌ستنوێژ ده‌شوات، خواخوام بوو زوو ته‌واو بێت، تا بچمه‌ لای بایز و براده‌ره‌كانی.
هێشتا باوكم له‌سه‌ری كۆڵانه‌كه‌ پێچی نه‌كردبووەوه‌، به‌په‌له‌ هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌، خۆم گه‌یانده‌ لای بایز، بینیم لای راستی نیوچه‌وانی شین و مۆر هه‌ڵگه‌ڕاوه‌، زانیم به‌ردی پێ كه‌وتووه‌، پێ گوتم:
ـ ده‌زانی به‌رده‌قانی باوێی؟
وه‌رامم دایه‌وه‌:
ناوه‌ڵا نازانم.
گوتی:
ده‌ها، ئه‌و دارلاستیكه‌ت له‌كن بی.
ئه‌وه‌نده‌م زانی، هێرش له‌لای ئیسكانه‌وه‌ ده‌ستی پێ كرد، بایز و عه‌لی و مزۆ، هه‌ر زوو به‌خۆ كه‌وتن، هه‌ر دوو لا به‌رگرییان لەخۆ كرد، تا به‌ره‌به‌ری نیوه‌ڕۆ، شه‌ڕ به‌رده‌وام بوو.