كه‌لیموڵا ته‌وه‌حودی تەمەنێک بۆ مێوو و کولتووری کورد

(1)

کەلیموڵا ته‌وه‌حودی، نووسه‌ری كو‌لتوور و مێژووی كورد، چه‌ندین ساڵه‌ خه‌ریكی نووسین و كۆكردنه‌وه‌ی مێژوو و کولتووری كوردی ناوچه‌ی خوراسانی باكووری رۆژهه‌ڵاتی ئێرانه‌، شاری مه‌شهه‌دیش شوێنی نیشتەجێی به‌شێكی زۆری كوردانی ئێرانە.


دوای نزیكه‌ی (نیو سه‌ده‌) كۆشش و ماندووبوون و خه‌بات و (زیندانیبوون)ی ته‌وه‌حدی، كه‌ هه‌ر ئه‌و له‌وێ هه‌یه‌، له‌پێناو زیندووكردنه‌وه‌ی مێژوو و كولتوور و ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردی ناوچه‌ی خوراسانی ئێران، له‌م به‌ینه‌دا، گه‌یشته‌ شاری هه‌ولێری پایته‌ختی كوردستان و له‌ رۆژانی 22 و23ی 4ی 2019، له‌ لایه‌ن سەرۆک بارزانی پێشوازیی لێ کرا و ئەکادیمیای کوردییش بەئامادەبوونی نێچریرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم خەڵات و بڕوانامەی فەخریی پێ بەخشی.


سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، لە دیدارەکەیدا سوپاسی ته‌وه‌حودیی كرد، به‌ بۆنه‌ی زیندووڕاگرتن و بایه‌خ پێدانی به‌ هونه‌ر و کولتوور و فۆلكلۆری كوردی خوراسان.کەلیموڵاى ته‌وه‌حودییش رای گه‌یاند: ”ئێستا گه‌وره‌ترین ئاواتی ژیانم به‌دی هات“.


منیش وەک نووسەری ئەم بابەتە (عه‌بدولڕه‌حمان پاشا) ئه‌م قسەیه‌م زۆر پێ خۆشه‌ و سه‌ربه‌رزم كه‌ بایه‌خ به‌ زانایاکی كوردی (هه‌ژاری) بێ وێنه‌ ده‌درێت كه‌ پتر له‌ 50 ساڵی ته‌مه‌نی خۆی له‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و کولتوور و هونه‌ری كوردى دانا، له‌ شوێنێك كه‌ هه‌رگیز بایه‌خ به‌م شتانه‌ی ئێمه‌ نادات، به‌ڵكوو به‌پێچەوانه‌! هه‌ر بۆیه‌ش (کەلیموڵا ته‌وه‌حودی) به‌هۆی ئه‌م چالاكییه‌ كورده‌وارییانه بۆ ماوه‌یەكی زۆر له‌ شاری مه‌شهه‌د ئازار درا و زیندانی كرا.


(كه‌لیموڵا) هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ چالاكییه‌ی نییه‌ كه‌ باس كرا، زۆری هه‌یه‌، زۆری كردووه‌ و به‌ ئه‌ركی خۆمی ده‌زانم، كه‌ به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌، باسی ئه‌و دۆسته‌ عه‌زیزه‌ بكه‌م كه‌ به‌ر له‌ نزیكه‌ی سی ساڵ، واتا پاش راپه‌ڕینی ساڵی 1991 و کۆڕەو و هه‌ڵاتنم بۆ ئێران، كاك عه‌لی عه‌ونیی به‌رپرسی ئێستای لقی پارتی له‌ سۆران، له‌گه‌ڵ خۆم برد و له‌ شاری (كه‌ره‌ج)ه‌وه‌ چوومه‌ مه‌شهەد بۆ دیداری‌ مامۆستا کەلیموڵا ته‌وه‌حدیی (لاو)ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌.


رۆژێكی ته‌واو له‌گه‌ڵیدا ماینەوە، له‌ شاری مه‌شهه‌د پێكه‌وه‌ گه‌ڕاین و سووڕاین و وێنه‌مان گرت.


مامۆستا کەلیموڵا (ته‌مبووری) بۆ لێ داین، باسی كورده‌كانی مه‌شهد و ده‌وروبه‌ری بۆ كردین، كتێبی خۆی پێ به‌خشین.


دكتۆر مارف خه‌زنه‌داری ره‌حمه‌تی كه‌ له‌ شاری كه‌ره‌جه‌وه‌ خه‌به‌رم بۆ نارد، به‌ره‌و شاری مه‌شهه‌د و (كه‌لیموڵا ته‌وه‌حودی) ده‌چم، تكای لێ كردم كتێبێكی کەلیموڵا له‌سه‌ر شاعیرێكی كوردی (كۆنی) مه‌شهد (له‌ ئاینده‌ باسی ده‌كه‌م)، به‌ هه‌ر شێوه‌یەك بێ بۆی بهێنم.


كتێبه‌كه‌ی شاعیره‌ كرمانجییه‌كه‌ی مه‌شهه‌دم بۆ دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار، له‌ کەلیموڵا ته‌وه‌حدی وه‌رگرت، كه‌لیموڵا نووسی پێشكەشی مارف خه‌زنه‌دار بێت. ره‌حمه‌تی خه‌زنه‌دار، كتێبێكی له‌سه‌ر شاعیره‌کە ئاماده‌ كردبوو به‌ڵام شیعره‌كانی نه‌بوون.


پاش ماوه‌یه‌ك کەلیموڵا ته‌وه‌حودی هاته‌ هه‌ولێر، منیش چه‌ند ڕۆژێك له‌ هه‌ولێر بووم و بردمه‌ لای دكتۆر مارف، واى كه‌ کەلیموڵا كه‌یفی هات، مامۆستا مارفیش فڕی له‌ كه‌یفان، چه‌ند ساڵ بوو ده‌ستنووسه‌كانی ئه‌و شاعیره‌ی ئاماده‌ كردبوو و چاوه‌ڕوانی ئه‌و كتێبه‌ بوو، كه‌ بۆم هێنا.


ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ مه‌شهه‌د و ده‌ڵێم:
به‌ شه‌و، به‌رله‌وه‌ی من و كاك عه‌لی عه‌ونی (کەلیموڵا ته‌وه‌حودی) به‌جێ بهێڵین، له‌بیرمه‌ (ته‌وه‌حودی) گوتی: ”عه‌یب و شووره‌یی، ئێمه‌ كوردین، چۆن ده‌بێ به‌بێ شیوخواردن بڕۆن“!

ئەلبوومی وێنەکان