شيزۆفرينيا چييه‌؟

هۆشیاریی سێکسی.. پرسیار و وەڵام

تێكچوونێكى ئه‌قڵیى مه‌ترسيداره كه‌ نه‌خۆش به‌ شێوه‌يه‌كى ناسروشتى له‌ واقيع داده‌بڕێ. وه‌هم و وڕێنه‌كردن، هه‌روه‌ها پشێوى له‌ ڕه‌فتار و بيركردنه‌وه‌دا، له‌ ديارترين نيشانه‌كانى شيزۆفرينيان. ئه‌و كه‌سانه‌ى تووشى شيزۆفرينيا ده‌بن، ده‌بێ به‌درێژايى ژيانيان چاره‌سه‌ر وه‌ربگرن. ئه‌گه‌ر له‌ قۆناغێكى زوودا ده‌ست به‌ چاره‌سه‌ر بكرێ، ئه‌وا ده‌شێ نه‌خۆشييه‌كه‌ تا ئاستێكى باش كۆنترۆڵ بكرێ.

پ: نيشانه‌كانى شيزۆفرينيا چۆنن؟
و: كه‌سى توووشبوو به‌ شيزۆفرينيا، له‌ چه‌ند ڕوويه‌كه‌وه‌ تووشى تێكچوون و كێشه‌ ده‌بن، بۆ نموونه‌، له‌ ڕووى تواناى قسه‌كردن، بيركردنه‌وه‌ و ڕه‌فتار. نيشانه‌كان له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكى ديكه‌ ده‌گۆڕێن. وه‌لێ به‌ گشتى ئه‌مانه‌ن:
- وه‌هم: نه‌خۆش تووشى جۆره‌ها وه‌هم ده‌بێت، كه‌ هيچ بناغه‌يه‌كى لۆژيكیيان نييه‌. بۆ نموونه‌، ئه‌و نه‌خۆشه‌ وه‌همى ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ئازار دراوه‌، ده‌ستدرێژیى سێكسى كراوه‌ته‌ سه‌ر، وا ده‌زانێ كه‌ كه‌سێكى به‌ناوبانگه‌، يان توانايه‌كى له‌ڕاده‌به‌ده‌ر، يان سه‌روو سروشتى هه‌يه‌، يان په‌يوه‌ندیى خۆشه‌ويستى له‌گه‌ڵ كه‌سێكدا هه‌يه‌. له‌ واقيعدا ئه‌م وه‌همانه‌ هه‌موويان دوورن له‌ واقيعه‌وه‌.
- وڕێنه‌كردن: نه‌خۆش هه‌ندێ شت ده‌بينێ، يان گوێى له‌ هه‌ندێ شت ده‌بێت، كه‌ نیین. ئه‌و كه‌سه‌ به‌ته‌واوه‌تى ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاريگه‌ریى ئه‌و شتانه‌ی ده‌يانبينێ، يان ده‌يانبيستێ. ده‌شێ ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌سته‌كاندا ڕوو بدات، وه‌لێ بيستن و بينين له‌ هه‌موو هه‌سته‌كانى ديكه‌ باوترن‌.
- تواناى بيركردنه‌وه‌ و قسه‌كردن: نه‌خۆش قسه‌ ده‌بزڕكێنێ، ئه‌و شتانه‌ى باسيان ده‌كات، هيچ په‌يوه‌ندييان به‌يه‌كه‌وه‌ نييه‌، ناتوانێ وه‌ڵامى دروستى هيچ پرسيارێ بداته‌وه‌، چه‌نده‌ ئاسانيش بێت، چونكه‌ له‌ تواناى بيركردنه‌وه‌يدا تووشى پشێوى بووه‌. هه‌روه‌ها له‌ په‌ند، يان قسه‌ى توێكڵدار تێناگات.
- پشێویى له‌ ڕه‌فتاردا: هيچ وه‌ڵامدانه‌وه‌يه‌كى دروست له‌ ڕه‌فتاردا نانوێنن، بۆ نموونه‌، ئه‌گه‌ر داوايان لێ بكرێ له‌سه‌ر كورسييه‌ك دابنيشن، هيچ وه‌ڵامدانه‌وه‌يه‌كيان نابێت. يان جووڵه‌ و ڕه‌فتارى منداڵانه‌، يان نه‌شياو ده‌نوێنن. به‌ كورتى، ڕه‌فتار و جووڵه‌يان هيچ ئامانجێكى له‌پشته‌وه‌ نييه‌.
هه‌روه‌ها له‌ ئه‌نجامدانى چالاكيييه‌ ئاساييه‌كانى ڕۆژانە شكست ده‌هێنن‌، ته‌نانه‌ت ناتوانن پاكوخاوێنیى خۆيان ڕابگرن، له‌ خه‌ڵك دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌، له‌ كاتى قسه‌كردندا ته‌ماشاى ناوچاوى ئه‌و كه‌سه‌ ناكه‌ن كه‌ قسه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها هيچ وه‌ڵامدانه‌وه‌يه‌كى سۆزدارى و هه‌ڵچوونيان نامێنێ، واته‌ نه‌ هه‌ست به‌ خۆشى ده‌كه‌ن، نه‌ به‌ خه‌م و دڵته‌نگى. بێ گومان ئه‌م نيشانانه‌ له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكى ديكه‌ جياوازن‌. ته‌نانه‌ت له‌ يه‌ك كه‌سيشدا له‌ كاتێكه‌وه‌ بۆ كاتێكى ديكه‌ ده‌گۆڕێ‌.

پ: ئه‌م نيشانانه‌ له‌ چ ته‌مه‌نێكدا ده‌رده‌كه‌ون؟
و: له‌ پياودا، له‌ سه‌ره‌تاى بيسته‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێ، وه‌لێ له‌ ژناندا له‌ كۆتايى بيسته‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێ. هێشتا له‌ منداڵدا نه‌بينراوه‌.

پ: ئه‌ى به‌ر له‌ بيسته‌كان، هيچ نيشانه‌يه‌ك هه‌ست پێ ده‌كرێ تا ئه‌و كه‌سه‌ فرياى خۆى بكه‌وێ؟
و:‌ هه‌ندێ جار له‌ هه‌رزه‌كاريدا ده‌رده‌كه‌وێ، وه‌لێ به‌شێك له‌ نيشانه‌كانى شيزۆفرينيا لێكچووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌فتار و خه‌سڵه‌تانه‌ى كه‌ به‌ر له‌ بيسته‌كانى ته‌مه‌ن له‌ هه‌رزه‌كاردا ده‌بينرێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌ نيشانه‌كان ئه‌گه‌ر ده‌ريش بكه‌ون، ناتوانرێ به‌ئاسانى له‌و نيشانانه‌ جيا بكرێنه‌وه‌ كه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى سروشتى هه‌رزه‌كارن له‌به‌رامبه‌ر گه‌شه‌ى جه‌سته‌يى و ده‌روونى له‌و قۆناغه‌دا. ئه‌و نيشانانه‌ وه‌ك:
- دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خه‌ڵك و گۆشه‌گيرى.
- وازهێنان له‌ قوتابخانه‌، يان پێشنه‌كه‌وتن و مانه‌وه‌ له‌ هه‌مان پۆلدا.
- كێشه‌ له‌ نووستندا.
- فره‌ چالاكى، يان سستى و خه‌مۆكى.
- بێوره‌يى و نائومێدى.
- نه‌بوونى وزه‌ و بێ حه‌وسه‌ڵه‌يى.
- فه‌رامۆشكردنى نزيكەى زۆربه‌ى چالاكييه ئاساييه‌كانى ڕۆژانه‌.

پ: كه‌ى پێويسته‌ پزيشك ببينم؟
و: بێ گومان كه‌سى تووشبوو به‌ شيزۆفرينيا خۆى بێئاگايه‌ له‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ى تيايدا ده‌ژى. له‌به‌ر ئه‌وه‌‌، ئه‌ركى خێزان و هاوڕێ و كه‌سانى چوارده‌ورى نه‌خۆشه‌، كه‌ چه‌نده‌ بكرێ زوو پيشانى پزيشكى بده‌ن.
له‌ كاتى ده‌ركه‌وتنى ئه‌و نيشانانه‌ى باسمان كردن (مه‌رج نييه‌ كه‌ هه‌موويان پێكه‌وه‌ ده‌ربكه‌ون)، هيچيان نيشانه‌ى سروشتى نين و پێويسته‌ به‌ هه‌ند وه‌ربگيرێن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌سى نه‌خۆش سه‌ردانى پزيشكيش ڕه‌ت بكاته‌وه‌، پێويسته‌ ڕێگه‌چاره‌يه‌كى ديكه‌ بدۆزرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى نه‌خۆش بەزوويى فرياى نه‌خۆشخانه‌ بخرێ و بخرێته‌ ژێر چاودێریى پزيشكه‌وه‌.

پ: ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌يه‌ ئازارى خۆيان بده‌ن؟
و: ئه‌رێ، ڕه‌فتار و بيرۆكه‌ى خۆكوشتن له‌ كه‌سانى تووشبوو به‌ شيزۆفرينيا، ئه‌گه‌رى زۆره‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێويسته‌ به‌ وردى چاودێریى ڕه‌فتارى ئه‌و نه‌خۆشانه‌ بكرێ، كه‌ گومانى ئه‌وه‌يان لێ ده‌كرێ شيزۆفرينيايان هه‌يه‌، يان به‌ته‌واوه‌تى ده‌ستنيشان كراوه‌ و له‌ژێر چاره‌سه‌ركردندان.

پ: بۆچى خه‌ڵك تووشى شيزۆفرينيا ده‌بن؟
و: تا ئێستا به‌ شێوه‌يه‌كى يه‌كلاييكه‌ره‌وه‌ هۆكارى شيزۆفرينيا ديارى نه‌كراوه‌. وه‌لێ توێژه‌ران پێيان وايه‌، هۆكاره‌كه‌ له‌نێوان بۆماوه‌، مێشك و ژينگه‌دا تێكه‌ڵ بووه‌. ده‌ركه‌وتووه‌، هه‌ر يه‌ك له‌ دۆپامين و گلوتامه‌يت په‌يوه‌ندييان به‌ شيزۆفرينياوه‌ هه‌يه‌، هه‌روه‌ها توێژينه‌وه‌كانى بوارى مێشك ئاشكرايان كردووه‌، كه‌ جياوازييان به‌دى كردووه‌ له‌ پێكهاته‌ى مێشك و ناوه‌نده‌ كۆئه‌ندامى ده‌مار له‌و كه‌سانه‌دا كه‌ تووشى شيزۆفرينيا بوون. وه‌لێ هێشتا له‌وه‌ دڵنيا نين، كه‌ به‌ته‌واوى بڵێن شيزۆفرينيا نه‌خۆشييه‌كه‌، ته‌نيا په‌يوه‌ندیى به‌ مێشكه‌وه‌ هه‌يه‌.

پ: ئه‌گه‌ر نه‌خۆش بێ چاره‌سه‌ر مايه‌وه‌، چى ڕوو ده‌دات؟
و: له‌و باره‌دا، كه‌ نه‌خۆش چاره‌سه‌ر وه‌رناگرێ، له‌و حاڵه‌ته‌شدا کە به‌ هه‌ڵه‌ ده‌ستنيشان ده‌كرێ، يان له‌به‌ر هه‌ر هۆيه‌ك بێت فه‌رامۆش ده‌كرێ و پيشانى پزيشك نادرێ، ئه‌وا نيشانه‌كان توندتر ده‌بن و هاوكات دووچارى ئه‌م حاڵه‌تانه‌ش ده‌بێ (مه‌رج نييه‌ هه‌موويان)‌:
- خۆبرينداركردن.
- بيرۆكه‌ى خۆكوشتن، هه‌وڵى خۆكوشتن، يان خۆكوشتن.
- تووشبوون به‌ خه‌مۆكى و دڵه‌ڕاوكێ.
- خووگرتن به‌ خواردنه‌وه‌ كهولييه‌كان، يان بێهۆشكه‌ره‌كان.
- كێشه‌ى ياسايى، ئابوورى و كۆمه‌ڵايه‌تى.
- شكستهێنان له‌ ته‌واوكردنى خوێندن و كاركردن.
- كێشه‌ى ته‌ندروستى.
- ده‌شێ ببێته‌ قوربانیى ده‌ستى خه‌ڵكانێك و ئه‌و هه‌له‌ بقۆزنه‌وه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ نه‌خۆشن و بێ توانان له‌وه‌ى به‌رگرى له‌ خۆيان بكه‌ن.
- نواندنى توندوتيژى به‌رامبه‌ر به‌ كه‌سانى ديكه‌.(ئه‌مه‌يان به‌ده‌گمه‌ن ڕوو ده‌دات).

پرسياره‌كانتان له‌ ڕێى ئه‌م ئيمه‌يله‌وه‌ وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه:
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.