بیرەوەرییەكانى كچەکەی ستالین

باڵوێزخانەی سۆڤییەت گوێیان لە ئاخاوتنە تەلەفۆنییەکانی سڤێتلانا دەگرت

(9)

 

سه‌عات نزیكه‌ى 10ى شه‌و، سڤێتلانا به‌ هاوڕێیه‌تیى ژۆزێفی كوڕى و لیل گۆڵدنى هاوڕێی و كاسیرۆفاى كارمه‌ندى وه‌زاره‌تى كاروبارى ده‌ره‌وه‌، به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه‌ به‌ڕێ كه‌وت. بە ئۆتۆمبێله‌كه‌ى ئه‌وانى بۆ فڕۆكه‌خانه‌ ده‌برد، هه‌مووان مات و بێ ده‌نگ بوون. له‌نێو فڕۆكه‌خانه‌دا، سڤێتلانا به‌ په‌له‌ به‌ره‌و ئه‌و به‌شه‌ جیایه‌ رۆیی كه‌ بۆ (گه‌شتیارانى ده‌ره‌وه‌ى وڵات) تەرخان کراوه‌. ئه‌و ته‌نانه‌ت پێڕانه‌گه‌یشت ماڵئاوایی له‌ ژۆزێف بكات و له‌ باوه‌شی بگرێ، له‌كاتێكدا هێشتا له‌ دایكى دڵگران و تووڕه‌ بوو. ته‌نیا توانى له‌ودیو دیواره‌ شووشه‌ییه‌كه‌وه‌، له‌ رووخسارى خه‌مداگرتووى كوڕه‌كه‌ى رابمێنێ. چاره‌نووس وای دانابوو، ئه‌مه‌ دوا بینینى رووخسارى كوڕه‌كه‌ى بێ، هه‌تا 18 ساڵ دواتر.


ژۆزێف دواى ماوه‌یه‌ك گوتى: "من وه‌كوو خۆم، هه‌ر وێنا و مه‌زه‌نده‌ى ئه‌وه‌شم نه‌ده‌كرد، كه‌ ئاكام و سه‌ره‌نجامى ئه‌و سه‌فه‌ره‌ى دایكم چۆن ده‌بێ".


كه‌مێك دواتر، سڤێتلانا له‌گه‌ڵ خاتوو كاسیرۆفا له‌نێو فڕۆكه‌دا بوون. هاته‌وه‌ بیری (سینگ) هه‌میشه‌ ئه‌و به‌ڵێنه‌ى بۆ دووپات ده‌كرده‌وه كه‌ رۆژێك دادێ سڤێتلانا بۆ بینینى زێد و گونده‌ جوانه‌كه‌ى ده‌باته‌ كالاكانكار. ئه‌وه‌ هه‌مان ئه‌و به‌ڵێنه‌ بوو خه‌ریك بوو ده‌هاته‌ دی، به‌ڵام چاره‌نووس به‌م شێوه‌یه‌ى رێكخست، قوتووى پڕ له‌ خۆڵه‌مێشی ته‌رمى سینگ له‌نێو فڕۆكه‌یه‌كدا كه‌ به‌ره‌و هیندستان به‌ڕێوه‌یه‌، له‌ته‌نیشتیدا بوو، هه‌ر ده‌تگوت خودى سینگه‌ له‌ پاڵى، شانبه‌شانى دانیشتووه‌ و ئێسته‌ بۆ ئه‌و گه‌شته‌ى ده‌بات كه‌ هه‌میشه‌ به‌ڵێنى پێ ده‌دا. سڤێتلانا سه‌رى له‌و گه‌مه‌یه‌ى رۆژگار ده‌رنه‌ده‌چوو، كه‌ ئه‌و كچی ستالینه‌، یان موڵكى حكوومه‌تى سۆڤیه‌ته‌، هه‌ر ئاوها كه‌ ئه‌و به‌ ده‌روونێكى خه‌مداگرتووى پڕ له‌ حه‌سره‌ته‌وه‌ ده‌یگوت: "رێگه‌یان پێ نه‌دا له‌گه‌ڵ سینگ كاتێك كه‌ زیندوو بوو، گه‌شت بۆ هیندستان بكات، به‌ڵام ئێسته‌ كه‌ سینگ مردووه‌، رێگه‌ى پێ ده‌ده‌ن خۆڵه‌مێشی ته‌رمه‌كه‌ى بگه‌ڕێنێته‌وه‌ هیندستان“.


له‌ 20/12 سڤێتلانا و كارمه‌ندی چاودێریكردنى، خاتوو كاسیرۆفا له‌ پلیكانه‌كانى فڕۆكه‌ دابه‌زین و له‌نێو فڕۆكه‌خانه‌ى دێلهى له‌ هیندستان، سرۆڤ، به‌رپرسی دووه‌مى باڵوێزخانه‌ى سۆڤیه‌ت له‌ هیندستان و دوو كارمه‌ندى دیكه‌ى هاوڕێیانى بینى، چاوه‌ڕێیان ده‌كرد بۆ پێشوازیكردن و به‌خێرهێنانیان.


ئه‌وان زۆر به‌خێرایی سڤێتلانایان له‌ فڕۆكه‌خانه‌ برده‌ ده‌رێ، به‌رله‌وه‌ى رۆژنامه‌نووسان و كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندنی هیندى به‌ هاتنى بزانن. كارمه‌نده‌ تایبه‌ته‌كان، ده‌ستبه‌جێ په‌ساپۆرت و ڤیزا و تكتى فڕۆكه‌یان له‌ سڤێتلانا وه‌رگرت.


هه‌رچه‌نده‌ سڤێتلانا پێشتر وای دانابوو له‌ ماڵى (دینیش سینگ) بحه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام كارمه‌نده‌كانى باڵوێزخانه‌ى سۆڤیه‌ت ئه‌ویان راپێچی ئه‌و میوانخانه‌یه‌ كرد، كه‌ له‌ناو گۆڕه‌پانى باڵوێزخانه‌كه‌یان كه‌ ده‌كه‌وته‌ ناوه‌ندی شارى دێلهى و پێیان گوت ئه‌مه‌ شوێنى حه‌وانه‌وه‌یه‌تى، هه‌تا لێره‌ بێ.


ئه‌و ژووره‌ى بۆ ئه‌ویان ته‌رخان كردبوو، بێجگه‌ له‌ سیسه‌مى خه‌و و كورسییه‌ك، هیچی دیكه‌ى تێدا نه‌بوو. ژووره‌كه‌یان له‌ هه‌موو شتێ خاڵى و پاك كردبووه‌وه‌، ته‌نانه‌ت وایه‌رى ته‌له‌فۆنیشیان له‌ پلاكه‌كه‌ ده‌رهێنابوو. سڤێتلانا بۆ ته‌له‌فۆنكردنێك ده‌بوو بچێته‌ باڵه‌خانه‌ى باڵوێزخانه‌ كه‌ به‌ته‌نیشت باڵه‌خانه‌ى میوانخانه‌كه‌وه‌ بوو، چونكه‌ له‌وێ له‌ كاتى ته‌له‌فۆنكردنیدا گوێیان لە ئاخاوتنەکانی دەگرت.


(به‌ندیكتۆف) باڵوێزی یه‌كێتیى سۆڤیه‌ت له‌ هیندستان، له‌و رۆژەیدا بۆ ئه‌نجامدانى كارێك چووبووه‌ شارێكى دیكه‌ و له‌ دێلهى نه‌بوو، بۆیه‌ سڤێتلانایان برده‌ لاى (نیكۆلاى ئه‌سمیرنۆف) به‌رپرسی رامیاریى باڵوێزخانه‌، بۆ ئه‌وه‌ى چاوى پێ بكه‌وێ. خوانى به‌یانى له‌ ژوورى چێشتخواردنى باڵوێزخانه‌ به‌سه‌ر مێزێكه‌وه‌ راخرابوو. بوتڵێكى گه‌وره‌ى كۆنیاكیش له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ دانرابوو. به‌رپرسی رامیارى، دوو- سێ جار پێكه‌كه‌ى تێكرده‌وه‌، گوتى: "با به‌ یادى به‌ڕێز براجیش سینگ، پیاوه‌ زۆر خۆشه‌ویسته‌كه‌ بخۆینه‌وه‌". پاشان به‌ سڤێتلانایان گوت، خشته‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ هیندستان گۆڕانكاریى به‌سه‌ردا هاتووه‌. بارودۆخ له‌ دێلهی ناسه‌قامگیر بوو. هه‌ڵبژاردن له‌ مانگى شوباتدا ئه‌نجام ده‌درا. به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆن، به‌تایبه‌ت حزبی ده‌سته‌ڕاستى (ئێسفاتانترا) به‌نیازى هێرش و په‌لاماردانى حكوومه‌ته‌ سۆسیالیستییه‌كه‌ى خاتوو (ئه‌ندێرا گاندى) بوو. بۆیه‌ چوونى سڤێتلانا بۆ ناو گوندى كالاكانكار، كارێكى ئاقڵانه‌ نه‌بوو. باڵوێزخانه‌ بڕیارى دابوو، به‌ خۆى رێوڕه‌سمێكى فه‌رمى و شكۆدار بۆ رێزلێنان له‌ به‌ڕێز سینگ رێك بخات و دواتر خۆڵه‌مێشی ته‌رمه‌كه‌ى ئه‌و، له‌لایه‌ن برازاكه‌یه‌وه‌ ببرێته‌وه‌ گوند و زێده‌كه‌ى خۆى.


ئه‌سمیرنۆف گوتى: ”خاتوو كاسیرۆفا ئه‌ركى ئه‌وه‌ى پێ سپێردراوه‌، بۆ شت كڕین و بینینى دیمه‌نه‌ دڵڕفێن و جوانه‌كانى دێلهی هاوڕێیه‌تیى سڤێتلانا بكات بۆ ناو شار، چونكه‌ خاتوو كاسیرۆفا سه‌رجه‌م فرۆشگا و شوێنه‌ خۆشه‌كانى دێلهى به‌باشی شاره‌زا بوو“.


بێ گومان رێگه‌ به‌ سڤێتلانا درابوو سه‌ردانى مینیۆمێنتى مێژوویی (تاج مه‌حه‌ل)یش بكات. به‌ڵام ده‌بوو دواى دیدار و بازاڕكردنى له‌ناو شار، بگه‌ڕێته‌وه‌ میوانخانه‌كه‌ و له‌نێو حه‌وشه‌ى باڵوێزخانه‌كه‌دا بمێنێته‌وه‌.


ئه‌سمیرنۆف ئه‌وه‌شی گوت، دینیش سینگ و (تی. ئێن. كانۆل) له‌ دۆستانى سۆڤیه‌ت ئه‌ژمار ده‌كرێن، به‌ڵام سڤێتلانا له‌ میوانخانه‌ى باڵوێزخانه‌ ئاسووده‌تر ده‌بێ، نه‌ك له‌ ماڵى سینگ یان كانۆل، به‌ڵام له‌ راستیدا ستافی باڵوێزخانه‌ى سۆڤیه‌ت له‌ دێلهى متمانه‌یه‌كى ته‌واویان به‌ كانۆل نه‌بوو. ئه‌و به‌ بنپێكردن و پێشێلكردنى رێسا و رێنماییه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ دیپلۆماته‌ بیانییه‌كان، بووبووه‌ هۆكارى تووڕه‌بوونى مۆسكۆ. به‌پێی ئه‌و رێنماییانه‌، گه‌شت و چوونى دیپلۆماته‌ بیانییه‌كان بۆ ده‌رێی ئه‌و سنووره‌ رێپێدراوە، كه‌ له‌ مۆسكۆوه‌ هه‌تا 40 كیلۆمه‌تر درێژ ده‌بێته‌وه‌، یاساغ و قه‌ده‌غه‌یه‌، كه‌چی كانۆل میوانه‌ بیانییه‌كانى بردبوو بۆ بینینى مه‌زارى (پاسترناك) له‌ پردلكینۆ، كه‌ ده‌كه‌وته‌ ده‌ره‌وه‌ى ناوچه‌ى رێپێدراو بۆ دیپلۆماته‌كان. له‌ رۆژى چوارى كانوونى دووه‌مدا، فڕۆكه‌یه‌ك له‌ دێلهى هه‌ڵده‌ستا به‌ره‌و مۆسكۆ، هه‌تا ئه‌و رۆژه‌یش كه‌ ده‌یكرده‌ دوو هه‌فته‌ى تر، سڤێتلانا ده‌رفه‌تى له‌به‌رده‌مدا بوو تێر به‌ دڵى خۆى له‌ناو دێلهیدا بگه‌ڕێ و بسووڕێته‌وه‌ و به‌ باشی پشوو بدات.


دانیشتنى شه‌وى رابردوو له‌ناو فڕۆكه‌كه‌ى مۆسكۆ به‌ره‌و دێلهى، سڤێتلاناى ماندوو كردبوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خۆى به‌ باشی ساز و ته‌یار كردبوو بۆ چه‌قه‌چه‌ق و زۆربێژییه‌كى بێزاركه‌ر له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵوێزخانه‌ى سۆڤیه‌ت له‌ دێلهى. ئه‌و گوتى، له‌ نیشته‌جێكردنى له‌ میوانخانه‌ى باڵوێزخانه‌ى وڵاته‌كه‌ى تا ئه‌و رۆژه‌ى له‌ دێلهیدا ده‌مێنێته‌وه‌، هیچ كێشه‌یه‌كى نییه‌، به‌ڵام ته‌نیا كه‌سێك كه‌ بتوانێ خۆڵه‌مێشی ته‌رمى مێرده‌كه‌ى بباته‌وه‌ كالاكانكار خودی ئه‌وه‌، نه‌ هیچ كه‌سێكی تر. بڕیار وابوو ئه‌و میوانى دینیش سینگ و سوریش سینگ بێ، كه‌ هاوڕێی كۆنى ماڵباتى جه‌واهیر لال نه‌هرۆ (سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشترى هیندستان) و ئه‌ندێرا گاندى بوون. ئه‌سمیرۆنۆف له‌دواى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى دوور و درێژ، رۆژى دواتر سڤێتلاناى ئاگادار كرده‌وه كه‌ ده‌توانێ بچێته‌ كالاكانكار، به‌مه‌رجێ چوونى بۆ ئه‌و گونده‌ به‌ نهێنى بهێڵێته‌وه‌ و خۆى به‌دوور بگرێ له‌ هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسان و كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن، خاتوو كاسیرۆفاش له‌و سه‌فه‌ره‌یدا هاوڕێیه‌تیى بكات و لێی دانه‌بڕێ. ئه‌و به‌هه‌رحاڵ، ده‌بوو رۆژى چوارى كانوونى دووه‌م بگه‌ڕێته‌وه‌ مۆسكۆ.