کە گوگوش و ستار هاتنە عێراق

 

هەمیشە لەنێو بازنەی ئەو پرسیارەدا خولاومەتەوە، ئاخۆ هونەر کات و سات و جوگرافیای شوێن، تا چەندە کاریگەریی لەسەر هەبێت؟ ئاخۆ بۆچی هونەر تاکە شتێکە کە نە سنوور و نە مۆڵەتی ڕێگەپێدان و نە پرسی لە دەرگادانی هەیە و بە هێمنی و گەلێ جاریش وەک بۆ مبێک لەناو ناخیشدا دەتەقێتەوە؟ ئەم پرسیارە و چەندین پرسیاری تر بۆ خۆم، تا ئێستا وەڵامێکم لە لادروست نەبووە کە بتوانم ڕاشکاوانە زانیارییەکی ڕاستم دەست کەوێت، بە تەنیا ئەوەندە دەزانم کە دنیای هونەر دنیایەکی بێ گەرد و بێ ڕتووشە، گەر بە ڕاستگۆیی لە ناخی هونەرمەندەوە هەڵقوڵێت بەرامبەر، بەوەش بە هەمان شێوە بۆ هەستی بینەر، گەر بەو ئاستە کار لە ڕۆح و ناخی بکات لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایەدا بێت.


ئەوەندەی من دوور یان نزیک، لەنێو مەملەکەتی ئەو دونیایەیەدا ژیابـم، لەوە تێ گەیشتووم تاکە شتێک کە بەبێ پرس ناخت داگیر دەکات و دەبێتە پرسیار و یادەوەری (هونەرە). بە منداڵی ئێمە هونەری گۆرانی و دراما و فیلمی میسڕی و دواتر گۆرانی و درامای عێراقی، ژیانی داگیر کردبووین. لە هەرزەکاریماندا واتە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان، ئیدی بارودۆخی سیاسیی ئەم وڵاتە وای کرد، پەیوەست بووین بە گۆرانیی فارسییەوە، هەموو گۆرانیبێژەکانی ئەو ساڵانە ببوونە کاریزمایەک، بە سۆزی دەنگیان هەر لە ساتی دەرکەوتنیانەوە تا ئەمڕۆ بە هونەری خۆیان و تۆمارکردنی یادەوەرییەکانی ڕۆژانەی ئێمەوە، لەو ساتەوە هەردووکیان پێکەوە جوانترین هونەریان لە ناخی ئێمەدا وێنە کێشا. ئەم بەیانییە رادیۆکەم کردەوە، دەنگی گۆرانییەکی نەسرین گەڕاندمیەوە بۆ ئەو ساتەی، کە بەغدا بانگەشەی هاتنی پۆلێک لە هونەرمەندە گۆرانیبێژەکانی ئێرانی دەکرد، ئەو کاتە و تا ئەمڕۆش ناوێکی درەوشاوەی نێو گۆرانی و مۆسیقای ئێرانی بوون، لەوانە (گوگوش، ستار، نەسرین...). ئەو ئاهەنگە لە بە غدا ساز کرابوو، بیرم نایە بە چ بۆنەیەکەوە بوو، بەڵام ئەوەندەی دێتەوە یادم، کاتێ ڕیکلامی بۆ دەکرد، ئێمە بە پەنجەکانی دەست دەمانژمارد، کەی و چۆن بیبینین؟ تا لە شەوێکی هاویندا، پەخشی تەلەڤزیۆنی بەغدا ڕاستەوخۆ هەموو ئاهەنگەکەی گواستەوە. گەر باسی بە تەنیا خۆم بکەم، جیاواز لە هەموو ئەندامانی خێزانەکەم، دەتوانم زۆر لەو هەست و سۆزە پڕ تاسەیە بنووسم، لە ئاست گەورەیی ئەو هونەرمەندانەدا، لێرەدا ڕوونکردنەوەکەی من بۆ ئەوەیە کە منێک لەو تەمەندا هێشتا بەتەواوی ئاشنای دنیای هونەر نەبووبووم، بە تایبەتی شتێکی ئەوتۆم لە هونەری گۆرانی و مۆسیقاش نەدەزانی و لە سەروو هەمووشیەوە، هیچ لە زمانی فارسی تێ نەدەگەیشتم، بۆچی بەو شێوەیە سەودا سەری دەنگی ئەو هونەرمەندانە بووبووم، بەدیار تەلەڤزیۆنەکەوە بووبوومە مۆمێک و هەستم بە توانەوەی خۆم دەکرد، گوێم، چاوەکانم، لێدانی دڵم، هۆشم، لەو کاتەدا هیچی نەدەبێنی جگە لە سۆز و دەنگ و ئەدا و شێوازی وەستان و جلوبەرگی ئەو هونەرمەندانە نەبێت کە هەر یەکەیان منیان بە ئەفسوونی خۆیان بارگاوی کردبوو، لەگەڵیدا چەندەها پرسیارم لە خۆم دەکرد، ئەمانە چۆن هاتوونەتە وڵاتی عێراق؟ کێ بانگهێشتی کردوون؟ ئەگەر ئێمە چەند وشەیەکیان لێ تێ دەگەین، خۆ خەڵکی بەغدا کە زۆرینەیان بە عەرەبی قسە دەکەن، چی لەمانە تێ دەگەن؟ ئەمانە و زۆری تریش، کە بەتەنیا لە بازنەی بیرکردنەوەکانمدا دەسووڕانەوە، ئیدی ئێمە تا درەنگانێکی شەو بەدیار ئاهەنگەکەوە دانیشتین، ئەمە ئەو سیحرەیە کە پێت دەڵی سۆزی دەنگ سنوور نازانێت، تەنیا کاریگەریی هەیە لەسەر تۆی وەرگر.