تاوانبارکردنی کوردستان

هێنده‌ی کورد له ئه‌وروپادا ئۆباڵی خراپیی ژیانی خۆی ده‌خاته ئه‌ستۆی کوردستان، هێنده کورد له کوردستاندا نایکات

تاوانبارکردنی کوردستان، یه‌کێکه له گه‌وره‌ترین دیارده‌کانی به‌شێکی کوردانی ناوه‌وه و کوردانی تاراوگه. ئه‌گه‌ر بێتو کڵاسیفیسیره‌ یاخود پۆلێنی کورد بکه‌ین به‌‌سه‌ر چه‌ند به‌شێکه‌وه و هه‌ر یه‌که‌یان پێناسێکی تایبه‌ت و تایبه‌تمه‌ندێتییه‌کیان بده‌ینێ، ئه‌وا کورد له تاراوگه‌دا ده‌بێته خاوه‌نی پێناسێکی تایبه‌ت و تایبه‌تمه‌ندێتییه‌ک که جیای ده‌کاته‌وه له هه‌موو پۆلێکی تری کورد لەناوه‌وه‌ی وڵات. وێڕای ئه‌وه‌ی کوردانی تاراوگه له ئه‌مێریکا و ئوستوراڵیاوه بگره هه‌تاوه‌کوو ئه‌وروپا، ده‌گمه‌نی تێدایه که بەهۆی هه‌لی کار و خوێندنه‌وه کوردستانیان به‌جێ هێشتبێت، که‌چی به‌شێکی گه‌وره‌یان ده‌یانه‌وێت له‌بیر خۆیانی به‌رنه‌وه که بۆچی ڕوویان کردووەته‌ ئه‌وروپا. ده‌شێت من پێشتر چه‌ندین جار له‌سه‌ر کێشه‌ی ڕه‌و به‌ره‌و ئه‌وروپام نووسیبێت، به‌تایبه‌ت له‌نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٥، به‌و پێیه‌ی که خۆم له هاوکارییکردنی په‌نابه‌ران له وڵاتی ئه‌ڵمانیادا چالاک بووم، زانیارییه‌کی زۆرم له‌سه‌ر ڕه‌وشی کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونیی په‌نابه‌ران کۆ کرده‌وه، به‌تایبه‌ت کورده‌کان، ئینجا له باشووره‌وه هاتبان یان له خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا و باکووره‌وه، هیچ له‌ باسه‌که ناگۆڕێت. به‌ڵام من لێره‌دا باشوور هه‌ڵده‌بژێرم. من یه‌کێک بووم له هاوکاره خۆبه‌خشه‌کان له شاری فلێنسبورگی ئه‌ڵمانیادا کاری وه‌رگێڕییم ده‌کرد، کاری به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی ته‌ندروستییم ده‌کرد، په‌یداکردنی جێگای خه‌و و خۆراک و ...هتد.

هه‌تاوه‌کوو ئه‌و چرکه‌ساته‌ی که ده‌یان و سه‌دان هه‌‌ڵهاتووی کوردی باشوورم له فلێنسبورگدا بینی، ئه‌زموونی من له‌گه‌ڵ به‌شێکی گه‌وره‌ی کوردانی تاراوگه‌دا، بریتی بوو له (ئه‌زموونی تاوانبارکردنی کوردستان!). کاتێک ئه‌م لێشاوه نوێیه‌ش هاتن که من قسه‌م له‌گه‌ڵ به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌دا کردووه، دیسانه‌وه ئاشنا بووم به تاوانبارکردنی کوردستان.

من خۆم په‌نابه‌ر بووم، هۆکاری به‌جێهێشتنی وڵات بۆ من جه‌نگ بوو، جه‌نگێکی ناپێویست، جه‌نگێک که تێیدا یه‌کتریمان ده‌کوشت. جه‌نگیش پێشتر هۆکاری نووسینی دوو ڕۆمانم بووه، له ڕۆمانی (فڕینم بیرچۆته‌وه له‌م که‌ناره‌دا بۆ هاوڕێیه‌ک ده‌گه‌ڕێم) و له ڕۆمانی (له نائاگاییدا هه‌موومان ئازا و ئازادین) به قووڵی قسه‌م له‌سه‌ر کێشه‌ی به‌جێهێشتنی نیشتمان کردووه. له‌دوای ده‌ ساڵ، کاتێک گه‌ڕامه‌وه بۆ کوردستان، یه‌که‌مین چالاکیم له شاری کۆیه، کۆڕێک بوو له‌سه‌ر جه‌نگی نێوان به‌ره‌کان. جه‌نگی نێوان به‌ره‌کان دێوه‌زمه‌یه‌کی گه‌وره و گران بوو له‌سه‌ر ڕۆحی من، که به‌رده‌وام برینداری ده‌کردم. دوای تێپه‌ڕبوونی حه‌وت ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م کۆڕه‌دا، کۆڕی دووه‌مم له شاری کۆیه له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو، چونکه من پێشتر له‌ده‌ست جه‌نگ نیشتمانم به‌جێ هێشت، که‌چی سه‌رهه‌ڵدانی گۆڕان بووه هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و جه‌نگه‌ی که پێشتر برینداری نه‌کردم، بۆم بێته ئه‌وروپا و نه‌ک هه‌وڵی بریندارکردنم بدات، به‌ڵکوو هه‌وڵی کوشتنیشم بدات. لێ وێڕای هه‌موو ئه‌م ده‌رده‌سه‌ریانه، من هێشتا به‌شێک له سیاسییه‌کانم خه‌تابار کردووه نه‌ک کوردستان بەگشتی. من له به‌هاری ساڵی ١٩٩٤ه‌وه کوردستانم به‌جێ هێشتووه، ئیمڕۆ ئه‌وه‌م که هه‌م، (هاووڵاتییه‌کی جیهان).

ئیمڕۆ ته‌ماشای به‌شێکی گه‌وره له کوردانی تاراوگه ده‌که‌م و سه‌رنج ده‌ده‌م، که ئاخۆ بۆچی ئاوهان، که هه‌ن؟ وه‌ڵام، گه‌شه‌ی ده‌روونیی تاک، ئه‌گه‌ر هاتوو ته‌ندروست به‌ڕێوه‌ چوو، ئه‌وا تاک به‌خته‌وه‌ر ده‌کات، تاکی به‌خته‌وه‌ریش ده‌بێته خاوه‌نی بیرکردنه‌وه‌ی باش و پۆزه‌تیڤ. ئه‌گه‌ر هاتوو گه‌شه‌ی ده‌روونیی تاک باش به‌ڕێوه نه‌چوو، ئه‌وا تاک نابه‌خته‌وه‌ر ده‌کات، تاکی نابه‌خته‌وه‌ریش، تاکێکی دێپرێسیڤه، تاکێکی تووڕه‌یه، ڕه‌شبینه و خاوه‌نی بیرکردنه‌وه‌ی نێگه‌تیڤه. لێره‌دا تاک نه‌ک ڕقی له هه‌موو شت و له هه‌موو که‌سه، به‌ڵکوو ڕقی له خۆشیه‌تی که بووه به‌وه‌ی که هه‌یه. تاک ئاماده نییه ته‌ماشای خۆی بکات و خه‌تا له خۆیدا بدۆزێته‌وه، به‌ڵکوو خه‌تا ده‌خاته ئه‌ستۆی به‌رامبه‌ره‌که‌ی، ئه‌ستۆی کوردستان. ئه‌م تاکه ئه‌گه‌ر هاتوو خاوه‌نی خێزان بوو، ئه‌وا منداڵه‌کانی زه‌ره‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی یه‌که‌من. چونکه دایک یان باوک تۆڵه‌ی خۆی له‌پێش هه‌موو که‌سدا له منداڵه‌کانی ده‌کاته‌وه. دایک یان باوک هه‌وڵی کۆنترۆڵکردنی منداڵه‌کانی ده‌دات، چونکه لە توانایدا نییه خه‌ڵکانی تر کۆنترۆڵ بکات. منداڵ له ساوایه‌تییه‌وه به توندوتیژی و زه‌بروزه‌نگ په‌روه‌رده ده‌کرێت، لە ئاینده‌دا منداڵه‌کان توندوتیژ ده‌بن و به‌رامبه‌ر به هه‌موو شت زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن. ئه‌م منداڵانه توانای هه‌ستپێکردنی هه‌ستی بەرامبەریان نییه واتا ئیمپاتیان نییه. له باخچه‌ی ساوایاندا ده‌توانن پاڵ به منداڵێکه‌وه بنێن و بیده‌ن به زه‌وییدا، لووتی خوێناوی بکه‌ن و بڕۆن، وه‌ک ئه‌وه‌ی هیچ ڕووی نه‌دابێت. لە ئاینده‌دا دایک و باوک به‌رگێکی ئاسنینی ده‌روونییان له‌به‌ردایه، ده‌بنه پۆلیسی پاراستنی کولتوور و که‌‌له‌پووری کوردی و ئایینی ئیسلام. منداڵه‌کانیان تووشی شێواندنی کاراکته‌ر ده‌بن. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه، وێڕای ئه‌وه‌ی به‌شێکی زۆری ئه‌م جۆره کوردانه له تاراوگه که خاوه‌نی جۆرێک له شێواندنی کاراکته‌رن، له پاڵیشیه‌وه یان نه‌خوێنده‌وارن، یان ئاستێکی نزمی خوێنده‌وارییان هه‌یه، که‌چی له‌ یه‌ک شتدا له‌ یه‌ک ده‌چن، ئه‌ویش نیشاندانی جۆرێک له سیمپتۆمی (نیشانه‌ی نه‌خۆشی)ی کاراکته‌ری موڵتیپله‌ن (تێکچوونی کاراکته‌ری موڵتیپله به واتای تێکچوون و شێواندنی ئیدێنتیتێت). ئه‌مانه جارێک ئه‌وروپین، بۆ نموونه به‌ریتانین، فه‌ڕه‌نسین، ئه‌ڵمانن...هتد. جارێکیش کوردی عه‌یاره بیست و چوارن.

ئه‌م جۆره کوردانه ئه‌وانه‌ن که ڕه‌خنه‌گرێکی ڕادیکاڵن بەرامبەر به چۆنیه‌تی و چلۆنایه‌تیی ژیان نه‌ک له کوردستاندا، به‌ڵکوو له ماڵی هه‌ر کوردێکدا له ئه‌وروپا که سه‌ردانی ده‌که‌ن. ئه‌مانه ڕه‌خنه‌ی توند له هه‌‌موو سیستێمێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی له کوردستاندا ده‌گرن، له‌کاتێکدا ژیانی خۆیان وێرانه‌یه‌کی ته‌واوه. بێ پشوو قسه له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی، توندوتیژی و دزی ده‌که‌ن، که‌چی ژیانی خۆیان پڕه له فێڵکردن له حکوومه‌ت، توندوتیژی بەرامبەر به منداڵ، دزینی قووتی ده‌می ئه‌وانه‌ی که کار ده‌که‌ن و باجی کار ده‌ده‌ن، واتا ئه‌مانه به پاره‌ی یارمه‌تیی شاره‌وانی ده‌ژین. پاره‌ی شاره‌وانییش بریتییه له باجی کاری ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی که کار ده‌که‌ن. بۆ نموونه، پرۆفیسۆرێکی زانکۆ، پۆلیسێک، کرێکارێک، به‌ڵام سێکسفرۆشێکیش، واتا ژنێک سێکس ده‌فرۆشێت هه‌تاوه‌کوو ئه‌م جۆره کوردانه مانگانه پاره‌ی یارمه‌تیی شاره‌وانی وه‌ربگرن. لێ به‌ڵێ ئه‌مانه ژن بن یان پیاو بن، هه‌میشه پۆلیسێکی توندڕه‌وی ڕه‌وشتن، ئاماده‌ی بێڕێزیی پێکردنی هه‌موو ژنێکی ڕووتن، بێڕێزی پێکردن بەرامبەر ئه‌وانه‌ی که گۆشتی به‌راز ده‌خۆن، لێ ئاساییه له‌سه‌ر ڕه‌نج و ماندووبوونی ئه‌وان یارمه‌تیی سۆشیال وه‌ربگرن. هه‌ر له باخچه‌ی ساوایانه‌وه له منداڵه‌کانیان قه‌ده‌غه ده‌که‌ن که گۆشتی به‌راز بخۆن، ئه‌مه‌ش کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ده‌روونیی بۆ منداڵه‌کانیان دروست ده‌کات، به‌بێ ئه‌وه‌ی دایک و باوک گوێی پێ بده‌ن.

هه‌ندێکی تر ده‌یان ساڵه گه‌نده‌ڵ و دزن، واتا چه‌ند سەعاتێک به فه‌رمی کار ده‌که‌ن و ئه‌وی تر به ڕه‌ش، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی مانگانه شاره‌وانی پاره‌ی کرێی خانوویان بۆ بدات و به‌شێکیش پاره‌ی یارمه‌تیی مانگانه‌یان بداتێ. هه‌ندێک لهمانه نه‌ک چه‌ند سەعاتێک کار ده‌که‌ن، به‌ڵکوو له‌ژێر ناوی خه‌ڵکانی تردا خاوه‌نی فیرما و دوکانن. هه‌‌ر ئه‌مانه له کوردستان خاوه‌نی چه‌ندین جۆری مووچه‌ن که هه‌ر چه‌ند مانگ جارێک یان بۆیان دێته ئه‌وروپا، یان خۆیان ده‌ڕۆنه‌وه له کوردستان وه‌ری ده‌گرن، بۆ نموونه، مووچه‌ی خانه‌نشینی، ئیدی وه‌ك پێشمه‌رگه بێت، وه‌ک ئه‌ندامی ده‌زگایه‌کی پارت بێت ...هتد. پارت هه‌میشه پاره‌ی بۆ ئه‌مانه هه‌یه و هه‌بووه، له‌کاتێکدا فه‌رمانبه‌ران له کوردستاندا هه‌تا مووچه‌یه‌ک وه‌رده‌گرن، به چه‌ندین مانگ ناخۆش ده‌ژین. لێ کاتێکیش قسه له‌سه‌ر نه‌بوونی مووچه له کوردستاندا ده‌کرێت، ئه‌مانه ده‌ڵێن، خه‌تای حکوومه‌ته سوڵتانییه‌که‌یه.

به‌شێکی دیار له‌م جۆره کوردانه، نه‌ک کوردی عه‌یاره بیست و چوارن له ئه‌وروپا، به‌ڵکوو ئیسلامێکی ڕادیکاڵیشن. هه‌ندێک لەمانه ئیسلامی ڕادیکاڵی سیاسیین و سه‌ر به ڕه‌وتێکی ئیسلامین، هه‌‌ندێک لەمانه ده‌شێت گه‌ڕابنه‌وه بۆ سووریا بۆ ئه‌وه‌ی هاوکاریی داعش بکه‌ن، هه‌ندێک لەمانه ده‌شێت له سووریادا کوژرابن. هه‌ندێکی تر ئه‌گه‌ر سه‌ر به ڕه‌وتێکی سیاسیی ئیسلامی نه‌بن، ئه‌وا ڕادیکاڵ ده‌ژین و هیچ ڕێز و نرخێک بۆ هاووڵاتییانی ئه‌وروپی دانانێن، له‌کاتێکدا ئه‌مانه له خاکی ئه‌واندا ده‌ژین، قووتی ده‌می ئه‌وان ده‌خۆن. ئه‌مانه گۆشتی به‌راز ناخۆن، ناهێڵن منداڵانیان تێکه‌ڵ به منداڵانی ئه‌وروپی بن، به‌شداریی ئاهه‌نگ و خۆشییه‌کانی ژیان بکه‌ن...هتد.

هه‌ندێکی تر حیجابێکی نادیاریان به‌ستووه، هه‌ر له ساوایه‌تییه‌وه، حیجابێکی تری نادیاریان کردووەته‌ سه‌ری کچه‌کانیان، په‌تێکیان کردووەته ملیان و له‌گه‌ڵ خۆیاندا و به‌دوای خۆیاندا ڕایانده‌کێشن. ئه‌م کچانه له ئاینده‌دا ده‌بنه خاوه‌نی چه‌نده‌ها کێشه‌ی ده‌روونی و تێکچوونی کاراکته‌ر. وه‌ک ڕۆبۆتێک دێن و ده‌چن، ده‌شێت بلیمه‌ت بن له کاره‌که‌یاندا و هه‌ژاریش له ژیانی هه‌ست و خۆشییه‌کانی ژیاندا. ئه‌مانه کاتێک ده‌چنه ماڵێکی تر، ئارامیان نییه چاوه‌ڕێ بکه‌ن، به‌ڵکوو ڕاسته‌وخۆ ده‌که‌ونه ڕه‌خنه‌گرتن له چۆنیه‌تی و چۆنایه‌تیی ژیان له‌و ماڵه‌دا، بۆ نموونه، ئه‌م گوڵه بۆ لێره چاندراوه؟ ئه‌م قه‌نه‌فه‌یه بۆ له‌وێدا دانراوه؟ ئه‌م خواردنه چۆن وا لێ ده‌نرێت. منداڵه‌کانت په‌روه‌رده نه‌کراون؟ منداڵه‌کانت فێری حه‌یاو حورمه‌ت نه‌کردووه. منداڵه‌کانت ئاوها و ئاوها ....هتد.

به‌شێکی تر نه‌خوێنده‌واری خاوه‌ن کۆمپلێکسن، هه‌ست به که‌میی خۆیان ده‌که‌ن، ئه‌م هه‌سته خاوه‌نی پولزێکی هێنده گه‌وره‌یه، که تاک به‌ شێوه‌یه‌ک شپرزه ده‌کات، وه‌ک ئه‌وه‌ی له شه‌ڕدا بێت و پێویست بێت به‌رده‌وام به‌رگری له خۆی بکات. ئه‌م جۆرانه پێیان که‌مییه، که له بوارێکدا پسپۆر نه‌بن، هه‌ر بۆیه قسه له‌سه‌ر هه‌موو بوارێک ده‌که‌ن که یه‌ک وشه‌یان تێدا نه‌خوێندووه. ئه‌مانه سیاسیین، کۆمه‌ڵناسن، پێداگۆگن، ده‌روونناسن، دکتۆری مێدیسنن...هتد.

لە ماوه‌ی ئه‌زموونی ژیانی من، چ له کوردستاندا و چ له ئه‌وروپادا که نیوه‌یم له کوردستان به‌سه‌ر بردووه و نیوه‌که‌ی تریشی له ئه‌وروپا، گه‌یشتوومه‌ته ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی که هێنده‌ی کورد له ئه‌وروپادا ئۆباڵی خراپیی ژیانی خۆی ده‌خاته ئه‌ستۆی کوردستان، هێنده کورد له کوردستاندا نایکات. هێنده‌ی بەشێکی کورد له ئه‌وروپادا هه‌وڵی خراپکردنی ژیان له کوردستاندا ده‌دات، هێنده کورد له کوردستاندا خۆی نایکات. بەشێکی زۆر لە کوردانی ئه‌وروپا، پۆلێنێکی ته‌واو جیاوازن. ئه‌و کچ و ژنانه‌ی که له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کاندا هاتنه ئه‌وروپا و خۆیان وه‌ک نه‌وه‌یه‌کی مۆدێرن ده‌رخست، ئێستا خۆیان پۆلیسی ڕه‌وشتن و ڕۆژانه ده‌چن به گژ کچان و ژنانی کوردستاندا، که وێنه‌ی زۆر له سۆشیال میدیادا بڵاو ده‌که‌نه‌وه، به شانازی و شکۆوه له‌شیان ده‌رده‌خه‌ن، جوانیی خۆیان پیشان ده‌ده‌ن.

دواجار هه‌موومان پێویسته فێری ئه‌وه‌ بین، که لێ بگه‌ڕێین منداڵه‌کانمان هه‌نگوینی سه‌ر ده‌می چه‌قۆیه‌ک بلێسنه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی بترسین که زمانی خۆیان ببڕن، چونکه ته‌نیا ئاوها ڕێگا دروست ده‌که‌ین که منداڵه‌کانمان لە ئاینده‌دا خۆیان بن، نه‌ک کۆپیی ئێمه.