ڕێبوار ئاو دەکاتە ئاشی کێ؟

 

ڕێبوار کەریم مەحموود، ئەو پەرلەمانتێرەی بەغدا، کە گوایە (وەک کەسێکی سەربەخۆ!)، خۆی و قسە و بۆچوونەکانی بە ڕای گشتیی کوردستان دەفرۆشێتەوە، چەند ڕۆژێکە چ بە وتار، یان لێدوان، یاخود دیداری ڕۆژنامەنووسی، پرسی ناردنی چوار مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی لە بەغدا کردۆتە ئامرازێک بۆ تەسفیەی حیسابێکی سیاسی!

 

لەڕاستیدا چونکە کەمترین سەروکارم لەگەڵ بابەتی ئابووری و داراییدا هەیە، وەکوتریش قسەکانی ئەو برادەرە ڕوو لە حکوومەتی هەرێم و بە دیاریکراویش لە وەزارەتی داراییە. بۆیە لە پەیوەست بە مووچە و بابەتی دارایی و ئەو قسانەی ئەو پەرلەمانتێرە، کە لە بەغدا دەیکات، ئەوە ئەرک و بەرپرسیارێتیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانە، بە داتای ورد و زانیاریی ڕاست و دروست، لەلایەک وەڵامی ئەم وتار و لێدوانانە بداتەوە، لەلایەکی دیکەیش فەرمانبەرانی کوردستان لەوە دڵنیا بکاتەوە، کە لەگەڵیاندا ڕاستگۆ و ڕاشکاوە و نایانخاتە گرەوی ململانێی سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدا.

 

ئەوەی لەو نێوەدا بۆ من وەک ڕۆژنامەنووسێک لەم پرسەدا گرنگە، کۆدی عێراقچییانەی پشتی قسە و لێدوانەکانی ئەو برادەرەیە. بە مانایەکی تر، پاکانەکردنییەتی بۆ حکوومەتی بەغدا و بارکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بە باری تەواوی کێشە و کەمتەرخەمییەکان.

 

بەڕاست، چی لە حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی داراییەکەی کەم دەبێتەوە، ئەگەر بە ڕاست و ڕۆشنی بە خەڵک بڵێ، ئەو بڕە مووچەیە هاتووە، یان نا؟ ئەگەر هاتووە، چەندە و هی چەند مانگە و بۆچی نایداتە فەرمانبەران؟ ئەگەر نەهاتووە، بۆچی تا ئەم چرکەساتەش بە جۆرێک لە شەرمنی و دڕدۆنگی لەسەر ئەم بابەتە قسە دەکات؟

 

ئەوە بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆم نازانم لێرەدا ببمە پارێزەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە بەشی ئەوە ئاگادارم کە حکوومەتی هەرێمیش بڕێکی باری بەرپرسیارێتیی بەردەوامیی کێشە و قەیرانەکانی لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا (بە لایەنی کەمەوە ئەگەر وەک کاردانەوەش بێت!) دەکەوێتە ئەستۆ. بۆیە حکوومەتێک کە گوتەبێژ و وەزارەتی دارایی خۆی هەیە، بە دیوی پەردەپۆش و دیزەبەدەرخۆنەکردنی کەموکوڕییەکانی حکوومەتەکەیان نا، بەڵکوو بە دیوی بەرپرسیارێتیی لە ئاست پێدانی زانیاریی دروست و هەڵوێستی ڕۆشن و بێ گرێوگۆڵ بە هاووڵاتییانی خۆیان، پێویستە لەم ڕووەوە وەڵامیان بۆ قسەکانی ئەو ڕێبوارە و هاوکووفەکانی، هەروەها بۆ دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکانی هاووڵاتییانی هەرێم و بەتایبەتیش، بۆ فەرمانبەر و مووچەخۆرەکانی هەبێت.

 

بەرهەرحاڵ، با بێینەوە سەر فیتە سەر بە قولابەکانی ڕێبوار، کە دەیەوێ وەک نیشاندانی خەمخۆری بۆ فەرمانبەرانی کوردستان پێمانی بفرۆشێتەوە، لەکاتێکدا لەنێو دێڕی قسەکانیدا بیرکردنەوە و ئینتمایەکی تۆخی عێراقچییانە خۆیان مەڵاس داوە، کە مرۆڤ نازانێ ئەمەیان پەیوەندی بەو بڕە شارەزاییەوە هەیە لە زمانی عەرەبی هەیەتی و بە بیستنی هەر قسەیەکی برا عەرەبە پەرلەمانتێر و بەرپرسەکانی تر، سواری میزاجی خۆی دەبێت و ڕوانگەی ئەوان بە ئەمانەتەوە دەگوازێتەوە، یان چونکە خۆی و سەرۆکەکەی لە بەغدان، دەبێ حکوومەتی هەرێم بکانە ئامانج و نیشانە، کە لە هەردوو باردا، (بە حورمەتەوە!) ئاو دەکاتە ئاشی عێراقچێتییەکی عەییار!

 

سەیری ئەم ڕستە و دەستەواژە ژەهراوییە، کە دەڵێت: ” دڵنیام ئەگەر هەرێم هاووڵاتیان تووشی كێشەیەكیتر نەكات، ژینگەی بەغداد لەبارە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو مافانەی خەڵكی كوردستان، كە بەهۆی سیاسەتی رابردوی هەرێمەوە لەدەست دراون“. ئەو برادەرە وێناچێت هەروا قسە فڕێ بدات، بەڵکوو دەزانی چۆن و چ قسەیەکیش دەکات، بەڵام بیری دەچێت کە کەوتووەتە تەڵەی قسەکانییەوە.

 

ئەرێ جەناب ئەوە کام مافانەن کە بە هۆی سیاسەتی هەرێمەوە لەدەست دراون؟ یاریکردنی بەغدا بە ماددەی ١٤٠، یان ئەوەی ئەمڕۆ لە سای حیکمەتی ژینگەناسیی ئێوە و سەرۆکەکەت بۆ بەغدا، کە خەریکە قەرەتەپە، جەلەولا، داقووق، خانەقین و خورماتوو تەعریب دەکرێنەوە؟ بڕینی مووچە و قووتی فەرمانبەران لە سەردەمی عەبادی، یان لەشکرکێشیی حەشد و میلیشیاکان بۆ سەر کوردستان؟

 

دەی، ڕوون و ڕۆشنتر، نەک لە پشتی دێوجامەی وشە و ڕستەکانەوە، بە خەڵکی کوردستان بڵێ، ئەم کێشانە چین کە پێشتر حکوومەتی هەرێم بۆ هاووڵاتییەکانی لە عێراقدا دروستی کردوون؟ ئاخۆ مەبەستت شەڕی داعشە، یان بڕینی مووچە و ئیمتیازاتی پێشمەرگە لە گەرمەی شەڕی تیرۆریستاندا، یا قەیرانی دارایی، یاخود ڕیفراندۆم و....؟

 

ئەرێ هەر بەڕاست، مەبەستت لە کێشەیەکی تر چییە، کە حکوومەتی هەرێم دروستی نەکات؟ بۆ ناوی ناهێنێت؟

 

لەڕاستیدا خوێنەری ئاگا و بە سەلیقە، ئەگەر ورد سەرنجی دەستەواژە و دەربڕینەکان، هەروەها هەندێ وشەی ئەو کابرایە بدات، تێدەگات کورد گوتەنی ” کەر لە کوێ کەوتووە و کوندە لە کوێ دڕاوە!“. بەو مانایەی، ئەوەی ڕێبوار دەیکات (نەک هەر دەیڵێت!)، هەر بە تەنیا پاساودانەوەی بێدەنگی و خۆنەبانکردنی حکوومەتی ئێستای بەغدا نییە لە ئاست دەستپێکردنەوەی شاڵاوەکانی تەعریبکردنەوەی کوردستان لە کەرکووک و دەوروبەری.. هەر خۆلەگێلیدان نییە لە پێشێلکردنی مافە دەستووری و یاساییەکانی کورد، بە درێژایی ١٦ ساڵی ڕابردووی حوکمڕانیی عێراقی دوای بەعس، عێراقی (هیوا و ئاشتی!).. هەر ڕاگەیاندنی ئەستۆپاکیی بەغدا نییە لە بەرانبەر ئەنفالکردنەوەی خورماتوو لەلایەن بەغدا، بەڵکوو هەوڵ و هەڵوێستێکی ڕووقاییمانەیشە بۆ سپیکردنەوەی ڕووی سەت ساڵ حوکمڕانیی بەغدا، لە پەیوەست بە پێشێلکردنی ماف و داخوازییەکانی کورد لەو دەوڵەتە پان عەرەبی شۆڤینییەدا.. دواجار، نوێکردنەوەیەکی زیرەکانەی پابەندی و دڵسۆزیشە بۆ عێراقچێتییەک، کە چیتر وەرزی بەرگرتنی نەماوە و دەبێ وەک (ڕەجەب)، لەژێر زڕدارەکەیدا، هیوای کەوتنەخوارەوەی هەنجیرێکی بخوازن!