مرۆڤى كامڵ

 

(1)
ئامانج له‌ بوونی مرۆڤى كامڵ، بوونى جیهانه‌، ئه‌گه‌ر مرۆڤ نه‌بێت جیهانیش نابێت، به‌كورتى مرۆڤ رۆحى نه‌مرى جیهانه‌، بۆیه‌ نێوانى مرۆڤ و جیهان واته‌ نێوانى بوون و نه‌بوون، ئیتر مرۆڤ كه‌وته‌ سه‌ر عه‌قڵى جیهان، جیهانیش كه‌وته‌ ژێر ركێف و كۆنتڕۆڵى مرۆڤ، له‌ هه‌مان چركه‌ساتدا مرۆڤ له‌ توانایدایە جیهان كاول بكات، یان ئاوه‌دانى بكات، ئیتر لێره‌وه‌ زانست و مه‌عریفه‌ى خودا ده‌چێته‌ نێو په‌یمانى كۆن و په‌یمانى نوێ.
دواى ئه‌وه‌ى خودا له‌نێو گه‌ردوون فه‌رمانی كرد: "ئه‌ى گه‌ردوونى بێ سه‌ره‌تا و بێ كۆتا، هه‌مووتان له‌ جه‌سته‌یه‌كدا كۆببنه‌وه‌"، دواى ئه‌م فه‌رمانه‌، سه‌رجه‌مه‌ توخمه‌كانى بوون كۆ بوونه‌وه‌، ده‌ره‌نجام مرۆڤ دروست بوو، بۆیه‌ ئه‌م مرۆڤه‌ى تۆ ده‌یبینیت، ئێستا ئه‌وه‌ جه‌سته‌یه‌كى بچكۆڵانه‌ى هه‌موو بوونى جیهانى ئه‌زه‌ل و ئه‌به‌ده‌.

(2)
هه‌موو بوون له‌ نه‌بوونه‌وه‌ هاته‌ بوون، ته‌نیا مرۆڤ له‌ بوونێك هاته‌ بوونێكى دیكه‌، ئاخر له‌لایه‌نى فسیۆلۆژى، له‌ بوونى ته‌واوى توخمه‌كانى گه‌ردوون و فه‌زا هاتووەته‌ بوون، ئه‌مه‌یش له‌ هه‌مووى بوون جیاوازتر ده‌بێت، چونكه‌ كاراكردنى قۆناخى بوونه‌ بۆ بوونێكى دیكه‌ى باڵاتر. له‌لایه‌نى رۆحیش، تاقه‌ ئافرێندراوه‌، كه‌ له‌ زاتى رۆحى خوداوه‌ هاته‌ بوون، قورئان له‌ سوره‌تى (الحجر) ئایه‌تى (15)، هه‌روه‌ها سوڕه‌تى (ص) ئایه‌تى (38)، یه‌ك ئایه‌ت دوورباره‌ ده‌كاته‌وه‌، به‌بێ گۆڕانكارى، ته‌نانه‌ت له‌ هیچ پیتێكیش، خودا به‌ فریشته‌كانى فه‌رموو: "كاتێك مرۆڤم دروست كرد و له‌ رۆحى خۆم فووم پیادا كرد، ئێوه‌ سوژده‌ى بۆ ببەن".
بۆیه‌ هیچ بوونێك له‌ بوونى مرۆڤ پایه‌دارتر نییه‌، هیچ بوونێك له‌ بوونى مرۆڤ مانادارتر نییه‌، هیچ بوونێك له‌ بوونى مرۆڤ زه‌ڕووڕتر نییه‌، بۆیه‌ حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه‌، هیچ جیهانێك له‌ جیهانى مرۆڤ به‌رزتر نییه‌. ساتى به‌خته‌وه‌رترین فریشته‌ ئه‌وه‌یه‌، كاتێك بتوانێت له‌سه‌ر وێنه‌ى مرۆڤ ده‌ربكه‌وێت، له‌ سوڕه‌تى (مه‌ریه‌م) ئایه‌تى (17)دا هاتووه‌: "مه‌ریه‌م جێگایه‌كى ترى هه‌ڵبژارد، ئێمه‌یش جوبرائیلمان بۆى نارد و له‌ وێنه‌ى مرۆڤێك خۆى نواند". له‌ ته‌ك ئه‌مه‌یش، ته‌نانه‌ت جیهانى جنۆكه‌یش ئێره‌یی به‌ جیهانى مرۆڤ ده‌به‌ن، هه‌ر بۆیه‌ (ئیبلیس) گه‌وره‌ى هه‌موو جنۆكەکانی هه‌نووكه‌ و (عه‌زازیل)ى ئه‌وسا، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى دروستبوونى باب ئاده‌مەوە بڕیارى ئۆپزسیۆنبوونى دا، ئاخر ئه‌و كۆنه‌ هه‌ڵگرى كلیلى جیهانى غه‌یب و شاراوه‌ بوو، ده‌یزانى به‌ ئافراندنى مرۆڤ، كۆتایى به‌ پایه‌داریى جیهانى جنۆكه‌ دێت.

(3)
ئاراسته‌كانى مرۆڤ ئاراسته‌كانى جیهانن‌، ره‌نگه‌كانى مرۆڤ ره‌نگه‌كانى جیهانه‌، ده‌نگه‌كانى مرۆڤ، ده‌نگه‌كانى جیهانه‌، كرداره‌كانى مرۆڤ، كرداره‌كانى جیهانه‌، هه‌نگاوه‌كانى مرۆڤ، هه‌نگاوه‌كانى جیهانه‌، جووڵه‌كانى مرۆڤ، جووڵه‌كانى جیهانه‌، هه‌ر بۆیه‌ بوونى مرۆڤ، بوونى جیهانه‌، مردنى مرۆڤ، مردنى جیهانه‌.
جیهانیش ئاوێنه‌ى خودایه‌، هیچ شتێك له‌ جیهان بوونى نییه‌، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر وێنه‌ى خودا نه‌بێت، وه‌لێ مرۆڤ كۆكردنه‌وه‌ و پوختكردنه‌وه‌ى هه‌موو بوونه‌ له‌ خوودى ئه‌و، هه‌ر بۆیه‌، مرۆڤ لاى خودا بوونى حه‌قیقى و ئه‌به‌دییه‌، له‌به‌رامبه‌ر ته‌واوى جیهان له‌ بوونى وه‌هم و زه‌وال.
كاتێك خودا ویستى بناسرێت، هیچ بوونێك به‌رگه‌ى ناسینى ئه‌وى نه‌گرت، ته‌نیا و تەنیا مرۆڤ نه‌بێت، ئاخر مرۆڤ له‌سه‌ر وێنه‌ى ئه‌وه‌، بۆیه‌ تەنیا ئه‌و به‌رگه‌ى ناسین و هه‌ڵگرتنى مه‌عریفه‌ى خودایى كرد، قورئان له‌ سوڕه‌تى (الاحزاب) ئایه‌تى (72)دا فه‌رمووى: "ئێمه‌ ئه‌و سپارده‌یه‌مان خسته‌ به‌رده‌ست ئاسمانه‌كان و زه‌وى و شاخه‌كان، هیچیان ئاماده‌ نه‌بوون هه‌ڵیبگرن و هه‌موویان ترسان، تەنیا مرۆڤ هه‌ڵی گرت". بۆیه‌ ئێستا له‌ جیهان بنواڕه‌ و رامێنه‌، جگه‌ له‌ مرۆڤى كامڵ كه‌س خودا ناناسێت، له‌نێو ئه‌م جیهانه‌ بێ سه‌ره‌تا و كۆتایه‌، هه‌ر بۆیه‌ خودا مرۆڤى به‌ چاوگه‌ى مه‌به‌ست بڕیار دا، بۆ هه‌موو هۆكارێكیش، مرۆڤى كرده‌ هۆكارى سه‌ره‌تا.

(4)
مرۆڤى كامڵ جێگرى خودایه‌، لە سوڕه‌تى (البقره‌) ئایه‌تى (30)دا هاتووه‌: "كاتێك په‌روه‌رێنت به‌ فریشته‌كانى گوت من له‌سه‌ر زه‌وى جێگرێك دروست ده‌كه‌م..". هه‌روه‌ها خودا به‌ په‌یامهێن (داوود)ى فه‌رموو، له‌ سوڕه‌تى (ص) ئایه‌تى (28): "ئه‌ى داوود، ئێمه‌ تۆمان كرد به‌ جێگر له‌سه‌ر زه‌وى، ئیتر حوكم به‌ حه‌ق له‌نێوان خه‌ڵكدا بكه‌".
مرۆڤى كامڵ سێبه‌رى خودایه‌، له‌ ده‌یان فه‌رمووده‌دا هاتووه‌، كه‌ په‌یامهێن فه‌رموویه‌تى: "سوڵتان سێبه‌رى خودایه‌ له‌سه‌ر زه‌وى"، بنواڕە كتێبه‌كه‌ى ئیمام ته‌به‌ڕانى به‌ناوى (الكبیر)، هه‌روه‌ها كتێبه‌كه‌ى ئیمام به‌یهه‌قى، به‌ناوى (الشعب)، ئا به‌م شێوه‌یه‌ فه‌رمووده‌كانمان بۆ ده‌هێننه‌وه‌.
مرۆڤى كامڵ گوێچكه‌ى خودایه‌، چاوى خودایه‌، ده‌ستى خودایه‌، قاچى خودایه‌، بنواڕه‌ په‌یامهێن له‌ (سه‌حیحى بوخارى)دا فه‌رمووى، خودا له‌ فه‌رمووده‌یه‌كى قودسى ده‌رباره‌ى مرۆڤ فه‌رموویه‌تى: "كاتێك خۆشمویست، ده‌بم به‌و گوێچكه‌یه‌ى پێى ده‌بیستێت، ده‌بم به‌و چاوه‌ى پێى ده‌بینێت، ده‌بم به‌و ده‌سته‌ى پێى ده‌وه‌شێنێت".

(5)
جیهان واته‌ مرۆڤى گه‌وره‌، مرۆڤ واته‌ جیهانى بچووكکراو‌ە، قورئان له‌ سوڕ‌ەتى (غافر) ئایه‌تى (57)دا فه‌رمووى: "ئافراندنى ئاسمانه‌كان و زه‌وى گه‌وره‌تره‌ له‌ ئافراندنى مرۆڤ، به‌ڵام زۆربه‌ى خه‌ڵك نایزانن". گه‌وره‌ترین به‌ مانا پایه‌ نایه‌ت، به‌ڵكوو به‌ مانا قه‌باره‌ دێت، چونكە مرۆڤ هه‌ڵگرى رۆحى خودایه‌، مرۆڤى كامڵ ده‌بێته‌ رۆحى جیهان. زه‌وى ئه‌وه‌یه‌ له‌ژێره‌وه‌ بێت، ئاسمانیش ئه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ بێت، ئا به‌م ئه‌ندازه‌یه‌ له‌ چه‌لەحانێی ته‌ختى و خڕیى زه‌وى رزگارمان ده‌بێت، هەر‌وه‌ك چۆن شتێك نییه‌ به‌ ناوى ئاسمان، تەنیا فه‌زایه‌كى به‌تاڵ به‌تاڵ نه‌بێت.

(6)
مرۆڤى كامڵ دواهه‌مین ئافرێندراوى جیهانه‌، چونكه‌ له‌و باشتر و چاكتر و كامڵتر نه‌بووه‌ و ناشبێت، ئه‌گه‌ر جیهان كورتكراوه‌ى خودا بێت، ئه‌وسا مرۆڤى كامڵ كورتكراوه‌ى خودا و جیهانه‌ له‌ یه‌ك ئاندا. مرۆڤى كامڵ، كامڵترین بوونه‌وه‌ره‌، بۆیه‌ هه‌ر بوونه‌وه‌رێكى دیكه‌ به‌تەنیا دروست كراوه‌، وه‌لێ مرۆڤى كامڵ دروستكراو و دروستكاره‌.
مرۆڤى كامڵ هه‌رگیز هه‌ژار و ریسوا و به‌نده‌ نییه‌، به‌ڵكوو ئه‌مانه‌ سیفاتى مرۆڤى ئاژه‌ڵن، ئاخر مرۆڤى كامڵ له‌ كه‌ماڵى سیفاتى موته‌جلیى خوداییدا هاتووه‌، ته‌واوى ناو سیفه‌ته‌كان كه‌ بۆ خۆى سازی داوه‌، له‌ مرۆڤى كامڵ چه‌شنى ئاوێنه‌ى حه‌قیقى ره‌نگ ده‌داته‌وه‌.