چیرۆكی ژنهێنانی ئیلاهییانەی ئیسحاق و ڕڤقە

چیرۆكی پێغەمبەران، یان چیرۆكە نەمرەكان - 28

چیرۆكەكانی ئیسحاق لە سێبەری ئیبراهیمدا
ڕاستە ئیسماعیلیش لە سێبەری ئیبراهیمدا چیرۆكی خۆی هەیە، بەخشینی هاجەری دایكی بە ئیبراهیم، لەدایكبوونەكەی، دەركردنەكانی، ڕاستە وەك ئەوانەی ئیسحاق گرنگ و جێگای سەرنج نیین و پانتاییەكی ئەوەندەی ئەویان داگیر نەكردووە، لە شوێنێكدا، یان لە چیرۆكی ئیسماعیلدا دەگەڕێمەوە سەریان.

ڕڤقە، دیارییەكەی خودا
ڕڤقە، كچێكی ئاسایی نییە، كچی برای ئیبراهیمە، واتا ئامۆزای ئیسحاقە. ئەوانە لەلایەك، لە لایەكی دیكەوە، ویستی خودا چووەتە جەستەیەوە، هەر چۆنێك ئیبراهیم ویستوویەتی و خزمەتكارەكەی داوای كردووە، ئاوا دەكات:
{ڕڤقە هاتە خوارەوە بۆ لای كانیەكە و گۆزەكەی پڕ كرد و سەركەوتەوە.
خزمەتكارەكەش ڕایكرد بۆ لای و گوتی:
+ تۆزێك ئاوم لە گۆزەكەت بدەرێ.
ئەویش گوتی:
- بخۆرەوە گەورەم.
ئیتر بەپەلە گۆزەكەی لەسەر دەستی داگرت و ئاوی دایێ.
دوای ئەوەی ئاوی دایێ، گوتی:
- حوشترەكانیشت ئاو دەدەم هەتا تێر دەخۆنەوە.
............ئیتر ئاوی دایە هەموو حوشترەكان. پیاوەكەش بەبێ دەنگی لێی ورد دەبووەوە، تاكوو بزانێت ئاخۆ یەزدان ڕێگاكەی سەركەوتوو كردووە یان نا. تەورات، پەیدابوون، ٢٤}.
یەكەم دەركەوتنی ڕڤقەیە، برازاكەی ئیبراهیم، بەپێی بەرنامەی خودا بێ ئەوەی خۆی ئاگادار بێ، ئاو دەدات بە خزمەتكارەكە، حوشترەكانیشی ئاودەدات. ئەوە هەم بەخشندەیە، هەم ڕازیبوونە بە بەرنامەی خودا، هەم هاتنەدیی ئومێدەكەی ئیبراهیمە. خاكەڕایی و میواندۆستی، ئێمەش ناپرسین بۆچی لەو هەموو كچانە تەنیا ڕڤقە دێت، ناشپرسین بۆچی ڕڤقە ئەوەندە میهرەبانە، بە دڵی خزمەتكارەكە دەكات. گرنگ نییە، كێ و چی دەكا، ئەوەی گرنگە چیرۆك ئەوەی دەوێت، چیرۆك دەیەوێ لە شوێنێكدا خەونی ئیبراهیم بێتە دی، گێڕانەوە بەردەوام بێ.
{كاتێك وشترەكان لە ئاوخواردنەوە بوونەوە، پیاوەكە خەزێمێكی زێڕی هێنا، كە كێشەكەی نیو شاقل بوو، (مسقاڵێك ٥.٥ گرام)، لەگەڵ دوو بازنی زێڕ، كە كێشیان دە شاقل بوو. ئینجا لێی پرسی:
- تۆ كچی كێیت؟ دەتوانیت پێم بڵێی ئایا لە ماڵی باوكت شوێن هەیە بۆمان تێیدا بمێنینەوە؟}

ڕێككەوتن یان وردەكاریی بەرنامەكە
نیشانەكردن: دەكرێ ئەو پێشهاتە بە ناوی ڕێكکەوتنی سەرەتایی خوازبێنییەكە دابنێین، یان ئەوەی ئەوڕۆ پێی دەڵێن، نیشانەكردن. ڕڤقە ڕازی دەبێ ئاویان بداتێ و زێڕیشیان لێ وەربگرێ. ئایا بەكارهێنانی زێڕ بۆ ژنهێنان لەو ڕۆژەوە بووەتە ڕێوڕەسم؟ زێڕ چ پەیوەندیی بە ژنەوە هەیە؟ ئایا ئەوە بۆ تەسلیمبوونی دڵیەتی یان جەستەی؟ زێڕ تاكە كانزایە كە دەمێنێتەوە، دەكرێ ئەوەش وەك مانەوەی ژن لە ماڵ و تەمەنی پیاودا تەماشا بكرێ.
{ئەویش وەڵامی دایەوە:
- من كچی بتوئێلی كوڕی میلكە و ناحۆرم، كا و ئالیكی زۆرمان لەلایە، هەروەها شوێنیش بۆ مانەوە.

دەفتەرنفووس یان پێناس و ناسناو

ڕڤقەی كچی بتوئێلی كوڕی میلكە و ناحورم.
یان (ڕڤقە بتوئێل ناحور).
یەكەم جار ناوی دایكی دێنێ، بتوئێل، ئینجا ناحور. لەسەر ئەوەشەوە ناوی باوكی دایكیشی دێنێ. ڕاستە تەورات دەقێكی پیاوسالارانەیە (هەرچەند من لەگەڵ پایەكانی ئەو سیستەمە، هەندێ كێشەم هەیە) پیاو دەسەڵاتی هەیە، تەنیا كوڕ وەك نەوە ناوی دەبرێت، منداڵە كوڕەكان دەبنە جێگرەوە، لەدەرەوەی سیستەمی تەوراتی ئەوە ڕەنگدانەوەی سیستەمی كۆمەڵایەتی و ئابووریی سەردەمەكەی خۆیەتی. بەڵام جارێ پیاو هەموو كایەكانی داگیر نەكردووە، یان ژن هێشتا لە هەموو ڕوویەكەوە تەسلیم نەبووە. هێشتا شانازیی بەناوی دایكییەوە دەكات، هێشتا دایكی بە پێناسەی خۆی دەزانێ. ئەوەش لەو روانگەیەوە دەڵێم، سیستەمێك كە دێت، ناتوانێ بەیەكجاری هەموو سیمای سیستەمەكانی پێش خۆی بسڕێتەوە، ئەگەر لە ڕواڵەتیشدا بێ.
كەواتە گرنگترین پێداویستیی ئەو كاتە (كا و شوێنی مانەوە) بووە، لە ماڵی باوانی ڕڤقەش هەردووكیان هەبووە، هەموو ئەوانەش نیشانەی ئەوەیە، كە خودا لەپێش خزمەتكارەكەوە فریشتەی خۆی ناردووە.
{ئیتر پیاوەكە چۆكی دادا و كڕۆنۆشی برد، ئینجا گوتی:
- ستایش بۆ یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم، كە وازی لە خۆشەویستییە نەگۆڕەكەی و دڵسۆزییەكەی نەهێنا لەگەڵ ئیبراهیمی گەورەم، من بەڕێوە بووم یەزدان ڕێنمایی كردم بۆ ماڵی برایانی گەورەكەم.
كچەكە ڕایكرد و ئە شتانەی بە ماڵی دایكی ڕاگەیاند، ڕڤقە برایەكی هەبوو ناوی لابان بوو، لابان ڕایكردە دەرەوە بۆ لای پیاوەكە، بۆ لای كانییەكە، هەر كە خەزێم و بازنەكانی دەستی خوشكەكەی بینی و گوێی لە قسەكانی خوشكەكەی بوو كە گوتی پیاوەكە ”ئاوا قسەی لەگەڵ كردم“ هاتە دەرەوە بۆ لای پیاوەكە....ئینجا گوتی:
- فەرموو ئەی ئەوەی یەزدان بەرەكەتداری كردوویت، بۆ لەدەرەوە ڕاوەستاویت، ئەوا من ماڵم ئامادە كردووە و شوێنیش بۆ وشترەكان. تەورات، پەیدابوون: ٢٤}.
ئەوە هەنگاوەكانی بەشوودانە، بەشوودان بەو شێوەیەی تەورات دەیەوێ، لەگەڵ ئەوەشدا كاریگەری جێ دەهێڵێ:
- پێویستە بە لوتفێكی شیرین كچ تاقی بكرێتەوە.
- دیاری و بەخشیشی بدرێتێ.
- ڕای وەربگیرێ، دڵی ڕابكێشرێ.
- ماڵی دایكی هەبێ تا داخوازیكاران ڕووی تێبەكەن.
- برایەك بۆ ئەوەی تێی بگات.
پێداویستییەكانی ئەو داخوازییە لەلایەن كوڕەكەوە:
- دەبێ كوڕ لەسەر داواكاریی باوك ژن بهێنێ.
- ئیبراهیم وەك باوك یەكەم هەنگاوی ناوە.
- كەسانی نزیك ڕاسپێرن بۆ جێبەجێكردنی.
- دیاری و زێڕ.
- لەپێش هەموو ئەوانەشەوە ڕەزامەندی و هاوكاریی خودا.
لەدوای ڕازیبوونی ڕڤقە و چوونی خزمەتكارەكە بۆ ماڵی دایكی گێڕەڕەوە، بە ئاسۆیی چیرۆكەكە دەگێڕێتەوە، بەبێ ئەوەی ترازانێك یان ئاڵۆزییەك بێتە ڕێی، ئەوەش ئاستی چیرۆكەكە و زمانەكەشی تا ڕادەی قسەی ڕۆژانە سادە كردووتەوە.
{ئیتر پیاوەكە هاتە ماڵەوە، باری وشترەكانی كردەوە}.
تاكە خاڵی هەستیار ئەو كاتەیە، كە نان و خواردنی بۆ دادەنێن، ئەویش وەك پیاوێكی خاوەن فرمان و بەڵێنی سەر بە خێڵەكەی ڕەفتار دەكات.
{ گوتی:
- نان ناخۆم، هەتا قسەی خۆم نەكەم.
لابانیش گوتی:
- قسەی خۆت بكە}.
لێرەوە خزمەتكارەكە هەموو چیرۆكەكە وەك خۆی دەگێڕێتەوە، چۆن ئیبراهیم سوێندی داوە، كە كچی براكانی خۆی بۆ كوڕەكە بهێنێ، چۆن خودا كارەكەی ڕێكخستووە و فریشتەی خۆی لەپێشیەوە ناردووە، چۆن نزای كردووە، چۆن خودا ڕڤقەی بۆ ناردووە، چۆن ڕڤقە میهرەبان بووە و ئاوی خۆی و وشترەكانی داوە. تا ئەوەی خەزێم و بازنی داوەتێ، تا ئەو شوێنەی لێی دانیشتووە.
{ئێستاش ئەگەر چاكە و وەفاداری لەگەڵ گەورەكەم دەكەن، ئەوا پێم ڕابگەیەنن، هەتا ڕوو لە ڕاست یان لە چەپ بكەم.
لابان و بتوئێل وەڵامیان دایەوە:
- ئەم كارە لە یەزدانەوەیە، ناتوانین نە بە خراپ و نە بە چاك هیچت پێ بڵێین. ڕڤقە وا لەبەردەمتە، ببێتە ژنی كوڕی گەورەكەت، هەر وەك یەزدان فەرمووی. پەیدابوون:٢٤}.
خودا وەك كارێكتەرێكی ڕووناك وجوودی فیزیكی لە هەموو شوێنێكدا هەیە، ڕاستە بەشی هەرەزۆری ئایینەكان، باس لە وجوودی مەجازیی خودا دەكەن لە هەموو شوێنێ، لە جوگرافیا جیاوازەكان، لە دڵ و ناخی ئینسانەكاندا، خودایەكی تاقانە لەناو هەموو مەوجوودێكدا هەیە، ڕووحی مێروولەیەك، شێرێك، جن و ئینسانێك بەبێ ئاگاداریی ئەو نادرێ، گوڵێك بەبێ ئاگاداریی ئەو ناپشكوێ، دڵۆپە بارانێك بەبێ ئەمری ئەو نایەتە خوارێ. لەبەر ئەوەی یەزدان ڕێكی خستووە، هیچ ڕایەكیان نییە.
{كە خزمەتكارەكەی ئیبراهیم گوێی لە قسەكانیان بوو، كڕنۆشی برد، ئینجا خزمەتكارەكە قاپی زیو و زێڕ و جلوبەرگی دەرهێنا و پێشكەشی ڕڤقەی كرد، هەروەها دیاریی گرانبەهای دا بە براكەی و دایكی، ئیدی خۆی و پیاوەكانی، كە لەگەڵیدا بوون خواردیان و خواردیانەوە و لەوێ مانەوە. تەورات، پەیدابوون.٢٤}.
سەرەڕای ئەوەی، كە هەموو پێغەمبەرەكان پیاون، جێگرەوەكانیاشیان هەر پیاون و نەوەی كوڕ حیساب دەكرێ، هەموو فەزاكەی كتێبەكانیان پیاوانەیە، سەرەڕای ئەوانە، ئەوە تەورات نیشانمان دەدات، كە كچ یان ژن نرخی بۆ دادەنرێ. نرخ دانانیش بە هەر بیانوو و شێوەیەك بێ جۆرێكە لە فرۆشتن، بۆیە ئەو نرخە بۆ كچ دادەنرێت و بۆ كوڕ دانانرێ، چونكە كچە دەگوازرێتەوە، كچە دێتە ژێر ركێفی پیاو، كچە دەبێتە كابانی ماڵ و دواتر نەوە بۆ پیاو دەخاتەوە، تا ناوی پیاو هەڵگرێت و خوێن و ڕەچەڵەكی پیاو بپارێزێ.
{بەیانی لە خەو هەستان و گوتی:
- بمنێرنەوە بۆ لای گەورەكەم.
بەڵام براكەی و دایكی گوتیان:
- با چەند ڕۆژێك لەلامان بمێنیتەوە، بەلایەنی كەمەوە دە ڕۆژ، پاشان بكەویتە ڕێ.
ئەویش پێی گوتن:
- دوام مەخەن، كە یەزدان ڕێگای بۆ سەركەوتن بۆ كردوومەوە.
(ئەوان لە ڕڤقەیان پرسی).
ڕڤقەش گوتی:
- دەڕۆم}.
لێرە تەنیا یەك پرسیار هەیە بیكەین، دەڕۆم، ئەوە بڕیاری خودایە یان هی ئینسان (ڕڤقە)؟ ئەگەر هی یەزدانە، ئەی ئینسان لەكوێی ژیاندایە؟
{ئیسحاق لە خاكی نەقەب نیشتەجێ بوو… ئیسحاق دەمەوئێوارە چووە دەرەوە بۆ ناو كێڵگەكە و نوقمی بیركردنەوە بوو، كە چاوی هەڵبڕی، بینی وا هەندێك وشتر بەرەو ڕووی دێن. ڕڤقەش چاوی هەڵبڕی و ئیسحاقی بینی، لە وشترەكە دابەزی و بە خزمەتكارەكەی گوت:
- ئەو پیاوە كێیە وا لە كێڵگەكەدا بۆ لامان دێت؟
خزمەتكارەكەش گوتی:
- ئەوە گەورەكەمە.
ئەویش بە ڕووپۆشەكەی ڕووی داپۆشی. پەیدابوون}.
ئەوە چیرۆكی ژنهێنانی ئیلاهییانەیە، چیرۆكێك خودا پیرۆزی كردووە، بەرنامەكە بەبێ ئەوەی كێشەیەكی سادەی تێكەوێ، جێبەجێ دەبێ.
{ئیتر خزمەتكارەكە هەرچی كردبوو بۆ ئیسحاقی گێڕایەوە. ئیسحاقیش ڕڤقەی بردە ناو چادرەكەی سارای دایكی، هێنای و بوو بە ژنی و خۆشی ویست، ئەمەش بووە دڵنەوایی ئیسحاق لەدوای مردنی دایكی. تەورات. پەیدابوون.٢٤}.

تەكنیك و گێڕانەوە
چیرۆكی ژنهێنانی ئیسحاق بە تەنكیكی تەورات، هونەری گێڕدراوەتەوە، سەرەتا سوێند و دڵگەرمیی ئاغا و خزمەتكار، تا پلەی تێكەڵبوون، دایەلۆگ وەك پەنجەرەی كراوە بەسەر دنیای چیرۆكەكەدا لە هەموو شوێنێ كراوەتەوە. دڵی تەكنیك و چیرۆكەكەش خاڵە هەستیارەكان، وەك چاوەڕێكردنی كچە لەسەر كانی، داخۆ ئاوی دەداتێ یان نا، كچەكە كێ دەردەچێ، ماڵی دایك ڕازی دەبن، تا ئەوەی داوا دەكات لەگەڵیدا بڕوات بۆ ماڵی گەورەكەی.
ئەوانە تەنیا بنەمای چیرۆك نیین، ئەوانە بنەمای ژیانی داهاتوو و دیاریكەری شێوەی ژیانی هەزاران ساڵی دوای خۆیانن.
تا ئەمڕۆ كوڕان ژن دەهێنن، نەك كچان كوڕان دیار بكەن. تا ئەمڕۆ ماڵی باوان بڕیار دەدات و ژن هەڵدەبژێرێ. بە ڕادەیەك ئەو مۆدیلە بەسەر كۆمەڵگەماندا زاڵە، لە ڕۆژی ئەمڕۆدا دایك و پووری كوڕ كچ هەڵدەبژێن، بە ڕادەیەك ئەو تەقلیدە بووەتە باو، كە وەك لیژنەكانی تەفتیش كچی بەستەزمان دەبەنە گەرماو تا هەموو لەشی بپشكنن، بەو نیازەی كە ئەو كچەی دەبێتە بووكیان عەیبدار و قەڵب دەرنەچێ. تا ئەمڕۆ كێشەی قورس ئەوەیە كە ڕێگا لە كوڕ و كچ بگیرێ پێش چوونە ژێر چادری دایك، یەكتریان خۆش نەوێ، خۆشەویستی بە مەرجی بە ژن بوونە.