منداڵێکی نوێ.. پاکیی هۆشمەندانە

(103)

ئۆشۆ
و: شێرزاد حەسەن

پرسیار: ئۆشۆ-ی خۆشەویست.. بۆچی قۆناغی منداڵی بە مێدیتاسیۆن و تێڕامان بەراورد دەکرێت؟

وەڵام: سەبارەت بە هەر شتێک و رەفتارێک، کە ئێمە سەرقاڵ دەکات، کە لە روانگەی ئەوانی دیکەوە ئاسایی و نۆرماڵە، دەبێ وریا بین، کە رەنگە زۆر دەگمەن و سەراسیمە و باڵا بێت، گەر بەقووڵی لێی ورد ببینەوە. هەر کارێکی منداڵانە جێگەی سەرسامی و تێڕامانە کە مەرجە وەک ئەزموونێکی سادە سەیری نەکەین، بەو مانایەی کە جیاوازیی نییە لەگەڵ ئەزموونی گەورەکان. زۆر جاران وا چاکترە گومان لە روانین و عەقڵی خۆمان بکەین، لەمەڕ مامەڵەکردنمان لە تەک کچان و کوڕانی خۆماندا، لە منداڵییەوە تاوەکوو فەراقە و هەراش دەبین، مەرجە ئێمەش بۆ تێگەیشتن لە نهێنییەکانی خۆمان و ژیان و بوون، یان مانەوە لە قۆناغی شاگەشکەبوون و جوانی و پاکی و سەرسامیی داهێنەرانە، وا چاکترە کە نەهێڵین ئەو منداڵەی ناوەوەی خۆمان گەورە ببێت.


ئێوە بێدار و هۆشمەند نەبن، ئەگەری ئەوە زۆرە دەستخەڕۆ ببن و فریوتان بدەن، کە واز لە پاکیی خۆڕسکانە و زگماکیی خۆتان بێنن لەپێناو گەورەبوون، ئەو کاتەی ئەوانیدیکە هانتان دەدەن کە هۆشیارییەکی ساختەتان هەبێت و واز لە رۆح و رەسەنایەتی و گەوهەری خۆتان بێنن، بیرتان نەچێت کە ماریفەتێک و زانیارییەک دەخەنە بەردەستتان سەرگەردان و وێڵتان بکەن، کە زۆر جاران بە ناوی پیرۆزییەکانەوە بەسەر ئێوەدا دەیسەپێنن. من وا دەبینم، کە چوونە ناو جیهانی گەورەکان وا دەکات زۆر خەسڵەتی جوانی منداڵانەی خۆمان لەدەست بدەین. بە ناوی دیسپلین و بارهێنانی منداڵەکان و گەنجەکان بۆ جێهێشتنی ئەو دوو قۆناغە و پەڕینەوە بۆ ناو دونیای گەورەکان، ئەگەری ئەوە زۆرە، بمانکەن بە گیاندارێکی گوێڕایەڵ و ملکەچ و خەسێندراو.


بیرمان نەچێت، کە جار هەیە بە ناوی چوونە ناو شارستانییەت و تازەگەری و ژیانێکی خۆش، درۆمان لەگەڵدا دەکەن، کە بەوە کۆتایی دێت، سروشتی خۆمان و جوانی و پاکیی خۆمان بدۆڕێنین، بگرە تاوەکوو ئاستی شێواندن و رۆحکوژیی دەتبەن و وازت لێ ناهێنن. مەرجە بەرەنگاری ئەو کەسانە ببینەوە و نەهێڵین فێڵ لە کچ و کوڕەکانمان بکەن. هەر خودی قۆناغی منداڵی پڕە لە ئەفسوون و شتگەلێکی پەنهان و رۆحێکی گەش و درەوشاوە، دەکرێت واز لەو هەوڵە بێنین کە پەلەمان بێت زوو گەورە بین، هەموو منداڵێک گەنجینەیەکی لەناو رۆحدا هەڵگرتووە، بەهرەیەکی شاراوە، بگرە زۆر نزیکن لە پەیامبەرە ئاشتیخوازەکان، لە کەسانی عاریف و سۆفی و فەیلەسووفەکان. خاوەن پرسیاری زیرەکانەن کە هەندێک جار وەڵامەکانی نازانن، یان دەلوێت توانای وەڵامدانەوەیان هەبێت، بەڵام بە جۆرێک دەپرسن وەک ئەوەی تاقیمان بکەنەوە، جاریش هەیە ئێمە پرسیاریان لێ دەکەین و ئەوان خامۆشن، چونکە بە زمانێک قسان دەکەین، وەک ئەوەی لە سەنگەردا بین بۆ ئەوی هەڵە بکەن، تەنیا بۆ ئەوەی بیسەلمێنین، کە لەوان زۆرزانترین.


من وای دەبینم کە منداڵەکانیش ئارەزووی تێڕامان و تێفکرین و مێدیتاسیۆن دەکەن، هەر بەو توانا و هزر و ئاوەزە نەشێواوەی خۆیانەوە، بەڵام نەک بۆ خۆشاردنەوە، بەڵکوو خەیاڵ بڵاون و وەک باڵندەکان حەزیان بە فڕینە. گەر بتوانین منداڵیی خۆمان نەدۆڕێنین، ئەوسا گەوهەر و سروشتی خۆمان پێ دەپارێزرێت، وەک گەورەکان بەدەست جۆرەها دەرد و درم و گرێی دەروونییەوە ناتلێیەنەوە.


ئایا دەزانیت رەگ و مانای وشەی مێدیتاسیۆن، کە تێڕامانە لە خۆت و بوون و گەردوون، تێفکرینێکی سۆفییانە و پەتی و بازدان و پەڕینەوەیە بۆ ئەو دونیا پەنهانەی کە بە یارمەتیی ئاوەز و عەقڵ نایگەینێ. لەڕاستیدا لەگەڵ داو و دەرمان و هەتوان، دووانەی یەک سکن و هەمان رەگیان هەیە. جیاوازیی لە تەک دەرماندا ئەوەیە کە ئێمە تەنیا ئەو کاتە پەنای بۆ دەبەین، کە نەخۆش و دەردەدارین و بەس. مێدیتاسیۆن و تێڕامان تەنیا ئەو کاتە فریامان دەکەوێت، کە ئێمە لە باری رۆحی و رەوانییەوە نەخۆش و دەروون بیمارین. مەرجە بیزانین کە گەڕانەوە بۆ قۆناغی منداڵی، یان بە منداڵبوونەوە بۆ خۆی گەیشتنە بە تەندروستیی تۆکمە لە باری رەوانی و رۆحییەوە، مێدیتاسیۆن و تێڕامان هەم گەڕانەوەیە بۆ پاکیی منداڵی کە بەو ئاکامە بگەین، هەر هەموو گرێ و گواڵ و دەردەکان لە خۆمان داماڵین، بە واتا، منداڵیی ئەو قۆناغەیە، کە هێشتا گەورەکان، یان دایکان و باوکان و مامۆستاکان فریا نەکەوتوون دەروونی کچ و کوڕە ساواکان تێک بدەن، هەموو ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە کاریگەریی خراپ لەسەر رۆح و دڵ و مێشکی منداڵەکان دادەنێن. راستییە تاڵەکە ئەوەیە کە قۆناغی منداڵی درێژترین قۆناغە، بە بەراورد لەگەڵ هەموو گیاندارەکانی چواردەورمان کە تەمەنی ساوایەتییان زۆر کورتە، بە بەدبەختی بۆ مرۆڤ شکاوەتەوە، بەڵگەش ئەوەیە کە هەر کەسە و بە ئارەزووی خۆی دەتوانێت بە ناوی ئایدیۆلۆژیای پیرۆزی ئاسمانی و سەرزەمینی، وێڵ و سەرگەردان و نەخۆشیان بخەن، وەک رۆح و جەستە. هەر لەبەر هەمان ترس و گومان، دەوڵەتدارەکان و خەمخۆرانی پەروەردەی منداڵان وا بەئاسانی وەک لای خۆمان نایانخەنە بەر دەستی هەر دەردەدار و تاریکپەرستێک، کە بە شێواندنی هەموو بوون و ژیانی منداڵەکان کۆتایی بێت. هەموو دەروونناسەکانیش جەختیان لەوە کردووەتەوە کە لەو تەمەنەدا ئەرکی ئێمە ئەوەیە ئاگادار بین نەیانکەین بە بەرمیلی زبڵ و خۆڵ و خاشاکی خۆمان، چونکە دواتر تەمەنێکی درێژتری دەوێت، لەو گەندوگووە پاکیان بکەینەوە کە ئێمە بە ناوی پەروەردەی ساغڵەم و پیرۆزییەکانەوە پیس و گڵاومان کردوون.


(ژان ژاک رۆسۆ)ی بیرمەند لە کتێبە ناودارەکەی (ئێمی)دا باس لەو کوڕیژگەیەک دەکات، کە هەڵگری هەمان ناوە، کە دیارە جارێکیان (ئێمی)ی چکۆلە داوای پاسکیلێک لە دایکی دەکات، ئەویش وەک مەرجێک بۆ کڕینی پاسکیلەکە، کە ئامادەیە بۆی بکڕێت ئەگەر هەڵسوکەوت و رەفتاری جوان بێت، دیارە زووتریش (ئێمی) بەڵینی داوە بەدکار و بەدگۆ نەبێت، بەڵام دوای یەک هەفتە هەستی کرد کە هەرگیز ناتوانێت داسەکنێت و خۆشڕەفتار بێت، پاشان دایکە پێشنیاری کرد کە وا چاکترە نامەیەک بۆ (عیسا-ی مەسیح) بنێرێت، لەپێناو ئەوەی واز لە خووە خراپەکانی بهێنێت.


(ئێمی) بە پڕتاو بەسەر قاڵدرمەکاندا غاری دا و لە ژوورەکەیدا کەوتە نووسین: "ئازیز و خۆشەویست.. عیسا-ی سەروەرم، ئەگەر وا بکەیت ببم بە خاوەنی پاسکیلێک، ئەوسا هەوڵ دەدەم کە ئیدی بەدرێژایی ژیانم ببم بە کەسێکی باش و خۆشڕەفتار". هەستی کرد کە بەڵێنەکەی بۆ ناچێتە سەر، کەوتەوە نووسین: "عیسای پایەدار گەر بمکەیت بە خاوەنی پاسکیلێک، ئەوسا منیش بەڵێنت پێ دەدەم، کە لە ماوەی مانگێکدا خۆم پاک و چاک بکەم". کە زانی لەوەشدا راست ناکات، بیرۆکەیەکی بە خەیاڵدا هات.


دیسانەوە بە هەڵەداوان گەیشتەوە ژووری دایکی، پەیکەرەکەی (مەریەم-ی پاکیزە)ی برد و خستییە ناو بۆکسی پێڵاوەکەی بە خشکەیی لەژێر قەرەوێلەکەدا شاردییەوە، پاشان کەوتەوە نووسین، "عیسا-ی خۆشەویست، ئیدی تەواو.. گەر دەخوازیت دایکی خۆت ببینیتەوە، زوو کە و دەستبەکار بە و بۆ وەدەستهێنانی پاسکیلەکە فریام بکەوە...".


ئادەمیزادەکان لەپای هۆکاری زێدە نابەجێ و ناماقووڵ پەنایان بۆ زۆر شتی سەیر و سەمەرە بردووە. بەداخەوە، کە ژمارەیەکی بێ شوومار لە ئایین و مەزهەبەکان مرۆڤیان ژەهراوی کردووە. ئەو کەسانەی، کە بەدوای هێز و دەستەڵاتدا دەگەڕێن، هەمیشە دژی ژیاندۆستەکان دەوەستنەوە، شادیش نین بە خۆشنوودیی خەڵکی، بگرە رقیان لە خەندە و قاقای جوان و پیرە، ئەوەندە دڕدۆنگ و مەرگدۆستن کە جەنگ بەرپا دەکەن و لە خەنین و قریوەی منداڵەکان و کچان و ژنانیش دەترسن، دژی رەنگ و ئاواز و بۆنی خۆش و جوانین. بە تەقینەوەی بۆمباکان ئاشنان نەک پێکەنین، سەیریش نییە، چونکە گەر خەڵکی شاد بن و چێژ لە خۆشیی ژیان ببینن، جەنگ بەرپا ناکەن. ئەگەر خەڵکی پاکزاد و سۆزیار بن، هەر بەسادەیی و خاکەڕایی و بەبێ گەڕانەوە بۆ ماریفەت و هۆشیارییەکی ساختە، ئەوسا ژیان و بوون رەنگین و جوانتر دەکەن. ئاگادار بین یان بێئاگا، میهر و سۆز و خۆشەویستی گەمارۆمان دەدات.