غه‌زوه‌ى ته‌دموور

من له‌ ڕه‌قه‌ بووم - 16

به‌شى هەشتەم
به‌ره‌و كه‌مینه‌كه‌ی پێشه‌وه‌مان به‌ڕێ كه‌وتین. ته‌قه‌كردن به‌ره‌و ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌ى بیناكه كه‌ له‌ به‌رده‌ممدا بوو، ده‌ستی پێ كرد. ڕامده‌كرد و به‌بێ وه‌ستان ته‌قه‌م ده‌كرد. له‌و كاتانه‌شدا به‌رده‌وام زیكره‌كانم ده‌گوته‌وه له ‌ئه‌نجامدا گه‌یشتمه‌ بیناكه‌. ده‌نگى فیشه‌كه‌كانم ده‌بیسته‌وه‌ و شوێنى ته‌قه‌كردنى سه‌ربازانى سووریشم ده‌بینى، كه‌ له‌ كوێوه‌ ته‌قه‌كه‌نیان به‌ڕووماندا ده‌كرد. ده‌نگى -الله‌ اكبر- گوتنه‌كان و ته‌قینه‌وه‌ و ده‌نگی تر هه‌موو جێگایه‌كى گرتبووه‌وه‌.
له‌به‌رده‌م بیناكه‌دا وه‌ستام. هه‌ستم ده‌كرد سێبه‌ری كه‌سێك ده‌بینم، تەپەی پێم واى له‌و كرد گومان ببات. به‌ شێوازى عه‌ره‌بی سووری پرسیی تۆ كێیت؟ به‌ تووڕه‌بوونه‌وه‌ گوتى، دایك سۆزانى تۆ كێیت؟ به‌خێرایی وه‌ڵامم دایه‌وه‌، دایك سۆزانى خۆتى، بێ ئه‌خلاق! ته‌قه‌ى عه‌شوایی به‌ڕووى مندا ده‌ستی پێ كرد. له‌ شوێنى ته‌قه‌كردن و تا ڕاده‌یه‌ك سێبه‌ریه‌وه‌ شوێنه‌كه‌ییم پێ زانى. ئه‌و جێگایه‌م دایه‌ به‌ر فیشه‌ك. خۆی له‌ شوێنێكى تردا حه‌شار دایه‌وه‌. مه‌خزه‌نه‌كه‌م خاڵی بوو، ویستم مه‌خزه‌نه‌كه‌م بگۆڕم، به‌ڵام له‌ كاتی جێگرتنیدا له‌ چه‌كه‌كه‌دا گیر بوو، زۆر ترسام! گوتم ئێستاكه‌ خۆ ناتوانم به‌م شێوه‌یه‌ مه‌خزه‌نه‌كه‌ بگۆڕم، ئه‌گه‌ر شوێنه‌كه‌م پێ بزانێت، له‌نێوم ده‌بات. له‌ ئه‌نجامدا به‌ ترس و له‌رز، هه‌ر چۆنێك بوو مه‌خزه‌نه‌كه‌م گۆڕی، چه‌كه‌كه‌م پڕ كرده‌وه‌ و به‌ره‌و دواوه‌ گه‌ڕامه‌وه‌. كه‌ گه‌یشتمه‌ هێڵی دواوه‌وه‌، زانیم كه‌ به‌س من به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چووم و هیچ كام له‌ هاوڕێیانم به‌دوامدا نه‌هاتوون.
كاتی گه‌ڕانه‌وه‌م كه‌وتمه‌ نێو چاڵێكه‌وه‌، كه‌ بۆ كه‌مین هه‌ڵكه‌نرابوو، له‌و كاته‌شدا هه‌ر له‌خۆمه‌وه‌ ته‌قه‌م به‌ ده‌وروبه‌ردا بێ ئامانج ده‌كرد، به‌ڵام سه‌یته‌ره‌م به‌سه‌ر خۆمدا كرد و له‌ ئه‌نجامدا گه‌ڕامه‌وه‌ و به‌هۆی ئێشی له‌ڕاده‌بەدەر وامزانی فیشه‌ك به‌ر پێم كه‌وتووە، به‌ڵام له‌لای هاوڕێیەكه‌مدا دانیشتم و پاش سه‌یركردنى قاچم... گوتى- به‌هۆى كه‌وتنه‌ نێو چاڵه‌كه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ ئێشت پێ گه‌یشتبێت.
كه‌ دڵنیا بوومه‌وه‌ برینه‌كه‌م مه‌ترسیدار نییه‌، دووباره‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چووین. ئه‌مجاره‌ هاوڕێكانم له‌ پێشمانه‌وه‌ به‌ڕێ كه‌وتن. توانیمان هه‌موو سه‌ربازه‌ سوورییه‌كان له‌ هێڵی پێشه‌وه‌دا بكوژین. تەرمەکانیان له‌ ده‌رگای چوونه‌ ژووره‌وه‌ى كۆگاكاندا كه‌وتبوون.
تا به‌ره‌به‌یان ته‌واوى كۆگاكانمان به‌ته‌واوى گرت. هه‌ڵمه‌تى وردى گه‌ڕانمان له‌نێو بیناكاندا ده‌ستی پێ كرد. ده‌نگى ته‌قه‌ش له‌لایه‌ن سه‌ربازانى حكوومه‌تى سووریاوه‌ به‌ كه‌مى ده‌بیسترا. توانیمان هه‌ر كه‌سێك كه‌ ته‌قه‌ى ده‌كرد بدۆزینه‌وه‌ و له‌نێوى ببه‌ین. پاش هه‌ڵمه‌تێكى خاوێنكردنه‌وه‌ و گه‌ڕانى كۆگاكان، بۆ یارمه‌تیدانى ده‌سته‌ و تاقمێك كه‌ ئه‌ركی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى (ناوچه‌ى ئاسمانى) بوون. (ناوێك كه‌ ئه‌میر و فه‌رمانده‌كان بۆ ئه‌ویان دانابوو) به‌ڕێ كه‌وتین.
سوارى بارهه‌ڵگرێك، كه‌ به‌ غه‌نیمه‌ له‌ سه‌ربازانى حكومه‌تى سووریا گرتبوومان، بووین. له‌ دۆخی به‌ڕێكه‌وتن بۆ ناوچه‌ى ئاسمانی بووین، كه‌ سه‌یاره‌كه‌مان درایه‌ به‌ر ده‌ستدرێژی گولله‌ و جامی سه‌یاره‌كه‌مان وردوخاش بوو. نازانم چۆن ده‌ستم له‌و كاته‌دا بریندار بوو، له‌ بارهه‌ڵگره‌كه‌ بازێكم دایه‌ خواره‌وه‌. تیمى یارمه‌تییه‌ سه‌رەتاییه‌كان به‌ چاودێریكردنى زرێپۆشێكه‌وه‌ لێمان نزیك بوونه‌وه‌ و منیان به‌ره‌و ناوچه‌یه‌كى دوورتر، كه‌ له‌ژێر چاودێریی دوژمندا نه‌بوو، برد.
برینداربوونه‌كه‌م مه‌ترسیدار نه‌بوو، چونكه برینێكی ئاسایی له‌ ده‌سته‌ چه‌پمدا بوو و برینێكى تریش له‌ پێى چه‌پم له‌به‌ر هه‌ندێك پارچه‌ی بچووكى شووشه‌ بوو، پاش بردنى من بۆ نه‌خۆشخانه‌ى بیابانى و چاره‌سه‌رى پێویستى برینه‌كه‌م، ڕۆژى دوایی پاش به‌دواداچوونى سه‌ره‌تایی به‌ره‌و ڕه‌قه‌ منیان گواسته‌وه‌. كاتێك گه‌یشتمه‌ ڕه‌قه‌، هه‌واڵه‌كان زووتر له‌وێ به‌ من گه‌یشتن. وه‌ك ئه‌و هه‌واڵه‌ى كه‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت توانیبووى دەست به‌سه‌ر گوندى -السخنه‌-دا بگرێ، كه‌ بە ده‌روازه‌ى چوونه‌ ژووره‌وه‌ بۆ ته‌دموور به‌هه‌ژمار ده‌هات و به‌شێك له‌ ناوچه‌ شوێنه‌وارییه‌كانى ئه‌م شاره‌ش بخاته‌ ژێر چنگى خۆیه‌وه‌."
ئه‌وه‌نده‌ى نه‌مابوو شه‌ڕى ته‌دموور به‌ قازانجى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت ته‌واو ببێت، له‌و ڕۆژانه‌دا هه‌واڵێكى باش بۆ شه‌ڕكه‌ران و لایه‌نگرانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت به‌ئه‌ژمار ده‌هات، چونكه‌ هه‌واڵی به‌رده‌وام له‌ باكووریشه‌وه‌ ده‌گه‌یشت كه‌ گوندى -العالیه‌- له‌ ڕیفی باكوورى ڕه‌قه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ستى هێزه‌ كوردییه‌كانى (قه‌سه‌ده‌)وه‌.
دوو ڕۆژێك له‌ ڕه‌قه‌دا مامه‌وه‌ و پاش باشتر بوونم، هه‌مدیسانه‌وه‌ بۆ ته‌دموور گه‌ڕامه‌وه‌. کە به‌وێ گه‌یشتم، هه‌واڵم پێ گه‌یشت، ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ سه‌ربازانى حكوومه‌تى سووریا له‌ قه‌ڵاى به‌ناوبانگى ته‌دموور و بورجى كوێستانى (به‌رامبه‌ر ئه‌و) كه‌مینیان داناوه‌ و ئه‌وانه‌یشی كه‌ زیندوو ماونه‌ته‌وه‌ به‌ره‌و شاره‌كه‌ هه‌ڵاتوون. شه‌ڕوپێكدادانى ئێمه‌ چه‌ند ڕۆژێك به‌رده‌وامیى هه‌بوو، به‌ڵام هه‌ردووكمان به‌رگریمان له‌ خۆمان ده‌كرد.
من چه‌ند شه‌وێك له‌ میحوه‌ره‌ جۆراوجۆره‌كاندا ئاڵوگوڕی شوێنم ده‌كرد. فڕۆكه‌ سوورییه‌كانیش شوێنه‌كانى ئێمه‌یان به‌رده‌وام بۆمباران ده‌كرد. به‌ڵام ئه‌م بۆمبارانكردنانه‌ هیچ گۆڕانێكى له‌ تواناكانى ئێمه‌ به‌دى نه‌ده‌هێنا.
له‌ بیابانى ته‌دموور، گه‌رماى توندی ڕۆژان و شه‌وانى سارد ته‌واو بێتاقه‌تى كردبووین. ئێمه‌ كه‌ هێڵی به‌رگریمان له‌به‌رامبه‌ر قه‌ڵاكه‌ ده‌پاراست، هاوتاى سه‌ربازانى سوورى كه‌ قه‌ڵاكه‌یان ده‌پاراست، هه‌لومه‌رجێكى سه‌ختترمان به‌ نسبه‌ت ئه‌وانه‌وه‌ بوو. سه‌ربازانى (نوسه‌یری)-ناوێك كه‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر سه‌ربازانى سووریا داماننابوو- توانییان هه‌ندێك له‌ هێزه‌ پارتیزانه‌كانمان كه‌ هه‌وڵیان ده‌دا به‌ قه‌ڵاكه‌ بگه‌ن، بكوژن.
دۆخه‌كه‌ هه‌روا به‌م شێوازه‌ به‌ره‌وه‌ پێشه‌وه‌ ده‌چوو، تا ئاوا كه‌ شه‌ڕكه‌رانمان له‌ میحوه‌رى چوونه‌ نێو شار (سه‌ربازانى ویلایه‌تى حه‌ما) له‌ به‌ره‌وپێشچوونێكدا توانیبوویان به‌ هه‌ندێك ناوچه‌ى ستراتیژی له‌نێو شاردا بگه‌ن. به‌ لوتفی پشتیوانیى ئێمه‌ له‌ سه‌ربازانى ویلایه‌تى حه‌ما - كه‌ خۆیان هێزێكى ئازا و نه‌ترسی ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت به‌ ئه‌ژمار ده‌هاتن- خاڵه‌كانى به‌رگریی سه‌ربازانى حكوومه‌تى سووریا له‌ شار، یه‌ك به‌دواى یه‌کدا شكان.
دوو ڕۆژ پاش له‌ ده‌ستپێكى هێرشكردن و ده‌ستپێكى ئاڵۆزی و پێكدادانه‌كان له‌ ته‌دموور، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى سوپای سووریا له‌ شار ده‌ستی پێ كرد و هه‌ندێك هه‌واڵیشمان پێده‌گه‌شت، كه‌ حكوومه‌تى سووریا هه‌ندێك له‌ فه‌رمانده‌كانى بۆ ده‌ره‌وه‌ى شار بردووه‌ و زۆر له‌ گیراوانى به‌ندینخانه‌كانى له‌ به‌ندینخانه‌ى ته‌دموور گواستووه‌ته‌وه‌. پچڕاندنى ڕێگاى ته‌دموور- حومس له‌لایه‌نى ئێمه‌وه‌ ئه‌و زه‌ڕبه‌ كوشنده‌یه‌ بوو - كه‌ به‌سه‌ر سه‌ربازانى پاشماوه‌ى سه‌ربازانى سوورى له‌ شار و قه‌ڵاكه‌، كه‌ له‌وێدا كه‌مینیان گرتبوو- هات (پچڕانى ئه‌م ڕێگایه‌ به‌و واتایه‌ بوو، كه‌ چیدى هیچ یارمه‌تییه‌ك به‌وان ناگات) له‌ ڕه‌وتى پچڕانى ئه‌م جاده‌یه‌، توانیمان سێ سه‌رباز بە دیل بگرین، به‌ڵام چواره‌مینى ئه‌وان له‌ده‌ستمان هه‌ڵات. ئه‌و سێ سه‌ربازه‌ سوورییه‌ له‌نێو ته‌كبیر گوتنه‌كانى (الله‌ اكبر)ی شه‌ڕكه‌رانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌تدا گولله‌باران كران.. پاش ئه‌وه‌ یه‌كێك له‌ سه‌ربازانى ویلایه‌تى حه‌ما به‌ وته‌ى سه‌رزه‌نشت ئامێز له‌سه‌ر جه‌نازه‌كانیان، لووت و گوێى ئه‌وانى ده‌بڕی و ده‌یخسته‌ ده‌میانه‌وه‌.!
له‌نێو شه‌ڕكه‌راندا مقۆمقۆیه‌ك له‌باره‌ى ئه‌م كاره‌وه‌ دروست بوو و ئه‌وان به‌ گه‌واهیدانى فه‌رمووده‌یه‌كى پێغه‌مبه‌ر (د.خ) كه‌ له‌وێدا ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ى له‌گه‌ڵ جه‌نازه‌كاندا نه‌هی كردووه‌ - مشتومڕه‌كانیان ده‌ستی پێ كرد. بەڵام كه‌سێكی تر نموونه‌ى قورئانیى له‌باره‌ى ئه‌م كاره‌یه‌وه‌ هێنایه‌وه‌، كه‌ خودا له‌ ئایه‌تێكى قورئاندا ده‌فه‌رمووێت: [فمن اعتدى علیكم فاعتدوا علیه‌ بمثل ما اعتدى علیك].
نه‌ شێواندنى جه‌نازه‌كان و نه‌ ئه‌و باسوخواسانه‌ى، كه‌ له‌دواى ئه‌وه‌وه‌ ده‌ستی پێ كرد - بۆ من گرنگ نه‌بوون. له‌و ڕۆژه‌وه‌ى كه‌ پێم نابووه‌ نێو ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین ئەزموونى ڕاسته‌وخۆ و بینراوی من به‌ئه‌ژمار ده‌هات. تا پێش له‌مه‌، ئاوا كارانێكمان به‌س له‌ فلیمه‌كانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌تدا بینیبوو. ئێستا وا ئه‌وانەم به‌ ڕاسته‌خۆ ده‌بینى. به‌ڵام هه‌ر زوو له‌گه‌ڵ ئه‌م شتانه‌دا ڕاهاتم و بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ قه‌ناعه‌ت به‌ خۆم بێنم، گوتم ئه‌مه‌ ئیتر دینمان ڕێگه‌مان پێ دەدات. شه‌ڕى ته‌دموور له‌ ئه‌نجامدا ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى ته‌واوى شاره‌كه‌ و هه‌موو گه‌ڕه‌كه‌كانى به‌دوادا هات و كه‌وته‌ ژێر چنگى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ته‌وه‌. ورەی سه‌ربازانى نێو قه‌ڵاكه‌ش، به‌ بیستنى ئاوا هه‌واڵێك له‌ شاره‌كه‌ ڕووخا و ئه‌وانیش له‌وێ پاشه‌كشێیان كرد.
ئۆپه‌راسیۆنى پاككردنه‌وه‌ى شارمان ده‌ست پێ كرد، هه‌ندێك هاووڵاتیى ئاسایی له‌ شار ده‌رچوون. له‌ چاوى ئه‌واندا ترس و ئه‌وه‌ى، كه‌ له‌باره‌ى سه‌ربازانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ته‌وه‌ بیستبوویان، ده‌تتوانى ببینی. هه‌ندێكیش له‌وان پێكه‌نینێكى ساردیان به‌ڕووماندا ده‌كرد.
له‌ ناوه‌ندى شاردا ڕووبه‌ڕووى خێزانێك بوومه‌وه‌. ژن و منداڵه‌كانیشی له‌پشت سه‌ریه‌وه‌ بوون، پرسیم ئه‌مە خێزانه‌كه‌تن؟ وه‌ڵامى دایه‌وه‌-به‌ڵێ- له‌و داوام كرد، كه‌ خێزان و كچه‌كانى به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ ببات و حه‌یای خێزانه‌كه‌ى بپارێزێت. پیاوه‌كه‌ له‌ بینینى ئێمه‌ زۆر ترسابوو. منیش به‌ڕوویدا پێده‌كه‌نیم.
له‌ ڕۆژانى یه‌كه‌مى داگیركاریی شار، جارجاره‌ سه‌ربازانى سووری كه‌ له‌ تاریكایی شه‌ودا هه‌ڵده‌هاتن، به‌ دووربینى شه‌و ده‌مانبینین و ده‌ستگیرمان ده‌كردن. شه‌قامه‌كانى شار پڕ بوون له‌ جه‌نازه‌ى سه‌ربازانى سووری، كه‌ یان لە شه‌ڕدا كوژرابوون یان گولله‌باران كرابوون. له‌به‌رامبه‌ریشدا حكوومه‌تى سووریا به‌شێوه‌یه‌كى به‌رنامه‌ بۆداڕێژراو هه‌ر ناوچه‌ و ناوه‌ندێك كه‌ له‌و پاشه‌كشه‌ى ده‌كرد، ئاگر تێبەر ده‌دا.
پاش پاكسازیى شار، نۆره‌ى دیوانى فیئه‌ و غه‌نائیم گه‌یشت. هێزه‌ چه‌كداره‌كانى خه‌لافه‌ت سه‌ره‌تا ئامارى هه‌موو چه‌ك و تفاق و شته‌ گرانبه‌هاكان، كه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرابوو، وه‌رگرت. پاشان به‌ بارهه‌ڵگره‌كان ئه‌وانیان بۆ ڕه‌قه‌ گواسته‌وه‌.
ئاماده‌بوونم له‌ شه‌ڕى ته‌دموور دیده‌نكردنێك له‌ (قصرى شیخه موزە هاوسه‌رى پێشووى ئه‌میری قه‌ته‌ر و دایكى ئه‌میری ئێستاى قه‌ته‌ره‌) دوایی پێ هێنا. ئه‌م كۆشكه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى شار و په‌یوه‌ست به‌ ناوچه‌ى شوێنه‌وارى ته‌دمووردا بوو. ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت له‌دواییدا به‌شێك له‌وی وێران كرد. هه‌ر له‌و ناوچه‌ شوێنه‌وارییانه‌، له‌ به‌شی شوێنه‌واریى په‌یوه‌ست به‌ قۆناغی ڕۆمى كۆن، ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت فیلمى كوشتنى 25 سه‌ربازى حكوومه‌تى سووریا به‌ ده‌ستى هه‌ندێك له‌ گه‌نجانى خه‌لافه‌ت، كه‌ بە (شێره‌ كوڕانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت) ناودێری کردبوون- تۆمار كرد و پاشان به‌ناونیشانى (ویشف صدور قوم مومنین) بڵاوی كرده‌وه‌.
چه‌ند ڕۆژێك له‌م كۆشكه‌دا ماینه‌وه‌. كۆشكێك له‌ ڕاده‌ جوان و ڕازاوه‌ بوو و شكۆمه‌ندێتى تیادا به‌دی ده‌كرا، كه‌ به‌ به‌ردى گرانبه‌ها و مه‌ڕمه‌ڕ بنیات نرابوو.
پێش ده‌رچوونى گرووپه‌كه‌ى ئێمه‌ و گرووپه‌كانی تر له‌ شار، شاره‌كه‌مان رادەستی ئه‌میره‌كانى ویلایه‌تى حومس، كه‌ له‌ ڕوانگه‌ى ئیدارییه‌وه‌ ته‌دموور-یش له‌ژێر چاودێریی ئه‌واندا بوو، كرده‌وه‌.
دوا ساته‌كانى هێز و یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ى ئێمه‌ و هێزى سه‌ربازیى سه‌یفوده‌وله‌، له‌م شاره‌ له‌ كۆشكى (قصر شیخه‌) تێپه‌ڕى. له‌وێدا هه‌موومانیان كۆ كرده‌وه‌ و پاشان له‌ مه‌وداى كاتى، به‌ڵام به‌دواى یه‌كدا سوارى بارهه‌ڵگره‌كان بووین و به‌ره‌و ڕه‌ققه‌ به‌ڕێ كه‌وتین. هۆكارى ئه‌م مه‌ودا كاتییه‌ى نێوانمانیش ترس له‌ بۆمبارانكردنمان بوو.
پاش تێپه‌ڕاندنى ڕێڕه‌وى ڕۆیشتنمان به‌ بنكه‌ى ته‌به‌قه‌ گه‌یشتین. هه‌ر ئه‌و جێگایه‌ى له‌ ده‌ستپێكى شه‌ڕدا له‌وێوه‌ به‌ڕێ كه‌وتبووین. هه‌روه‌كوو ڕابردوو له‌ دووریى هاوڕێكانم، هه‌ستم به‌ بێتاقه‌تى و گوشار ده‌كرد. له‌سه‌ر ئه‌وه‌ مكوڕ بووم، زوو بۆ ڕه‌ققه‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌. له‌و ئوتومبێلانه‌ى كه‌ بۆ ڕه‌ققه‌ ده‌چوون كورسیی خاڵیم په‌یدا نه‌كرد. ناچار بووم له‌پشت ده‌بڵێكى دوو كابینه‌، كه‌ ڕه‌شاشێكى 23 میلیمه‌تری به‌سه‌ریه‌وه‌ بوو، سوار ببم و له‌سه‌ر كورسیی ڕه‌سه‌دى ڕه‌شاشه‌كه كه‌ هه‌رگیز له‌ دانیشتنى سه‌ری ئاسووده‌ نه‌بووم، دابنیشم. گرنك ئه‌مه‌ نه‌بوو، به‌ڵكوو گرنگ ئه‌وه‌ بوو كه‌ من بۆ ڕه‌ققه‌ ده‌گه‌ڕامه‌وه‌.