بیرەوەرییەكانى كچەکەی ستالین

سینگ زانی دەمرێ، لە خەونیدا دیتبووی!

(7)

دواجار سڤێتلانا ئه‌وی گواسته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ى كۆنتسۆڤۆ. سینگ به‌ پشكنینى زۆردا تێپه‌ڕى و له‌دواى هه‌ر پشكنینێك ناساغییه‌كه‌ى زیاتر ته‌نگى پێ هه‌ڵده‌چنى. یاسا و رێساكان ته‌نانه‌ت له‌ نه‌خۆشخانه‌ى كۆنتسۆڤۆش گۆڕانكاریى به‌سه‌ردا هاتبوو. ئێسته‌ نه‌خۆشه‌ بیانییه‌كان له‌ نهۆمێكى جیاواز چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌كرا و هاوڕێ و ناسیاوى ئه‌و نه‌خۆشه‌ بیانییانه‌ ده‌بوو بۆ سه‌ردانیكردنیان مۆڵه‌تى تایبه‌تیان وه‌ربگرتایه‌.


سڤێتلانا له‌و كاته‌یڕا كه‌ (سینگ)ی له‌ نه‌خۆشخانه‌ى كۆنتسۆڤۆ خه‌واندبوو، به‌درێژایی رۆژ له‌ ژوورسه‌رى ده‌مایه‌وه‌. هه‌ركاتێك سینگ ئاهێكى بهاتبایه‌وه‌ به‌ر و وزه‌یه‌كى تێكه‌وتبا، هه‌ردووكیان شانبه‌شانى یه‌كتر ده‌چوونه‌ نێو حه‌وشه‌ى پڕ له‌ سه‌وزایی نه‌خۆشخانه‌كه‌ پیاسه‌یان ده‌كرد. سینگ له‌سه‌ر یه‌كێك له‌ كورسییه‌ دارینه‌كانى نێو سه‌وزایی حه‌وشه‌كه‌ داده‌نیشت و سڤێتلاناش له‌سه‌ر عه‌رد، له‌به‌ر پێیه‌كانى ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌ژنۆكانى هه‌ڵده‌كوڕما و سینگ به‌ دوو چاوى نووقاوه‌وه‌ ده‌ستێكى له‌سه‌ر سه‌رى سڤێتلانا داده‌نا و له‌باره‌ى هیندستانه‌وه‌ قسه‌ى بۆ ده‌كرد و جاربه‌جارێ سروودى ماڵئاوایی بۆ ده‌چڕى.


سڤێتلانا به‌ شه‌و له‌ ماڵه‌وه‌ له‌باره‌ى دۆخى ناله‌بارى ته‌ندروستیى سینگ، له‌گه‌ڵ ژۆزێفی كوڕی، كه‌ ئەوکات‌ له‌ به‌شی پزیشكى زانكۆ ده‌یخوێند قسه‌وباسیان ده‌كرد. ژۆزێف بۆ دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ سینگ سه‌رى ده‌خسته‌ نێو كتێب و سه‌رچاوه‌ پزیشكییه‌كان.


دۆخى ته‌ندروستیى (سینگ) واى ده‌رده‌خست كه‌ هیچ ئومێدێك نه‌ماوه‌ بۆ باشتربوونى و مانه‌وه‌ى له‌ ژیان. ئه‌و ده‌یویست بگه‌ڕێته‌وه‌ وڵاته‌كه‌ى خۆى. سڤێتلانا به‌وپه‌ڕى بێ ئومێدیدا نامه‌یه‌كى بۆ (لیۆنید بریژینێف) نارد و تێیدا لێی پاڕایه‌وه‌ رێگه‌ى پێ بدرێ (سینگ) بباته‌وه‌ هیندستان.


ئه‌و له‌ نامه‌كه‌یدا نووسی، ماوه‌یه‌كى زۆر كورت له‌ هیندستان ده‌مێنێته‌وه‌، چونكه‌ سینگ له‌سه‌ر لێوارى مردنه‌. ئه‌و كه‌سه‌ى وه‌ڵامى نامه‌كه‌ى دایه‌وه‌ بریژینێف خۆى نه‌بوو، كه‌سێك بوو به‌ ناوى (میخائیل سۆسلۆف) به‌رپرسی به‌شی ئایدۆلۆژى حزب. ناوبراو په‌یامى بۆ سڤێتلانا نارد بچێته‌ باره‌گاى حزبی كۆمۆنیست له‌ (گۆڕه‌پانى كۆن) له‌ مۆسكۆ. كاتێكیش سڤێتلانا دیسان داواكه‌ى خۆى دووباره‌ كرده‌وه‌ رێگه‌ى پێ بدرێت هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ سینگ به‌ فه‌رمى تۆمار بكرێت، سۆسلۆف وه‌ڵامى دایه‌وه‌: "باوكى تۆ كاتى خۆى یاسایه‌كى بۆ هاوسه‌رگیریكردن له‌گه‌ڵ بیانییه‌كان دانا، كه‌ هه‌تا ئێسته‌ش ئه‌و یاسایه‌ كارى پێ ده‌كرێ و ئه‌زقه‌زا پێمان وایه‌ یاسایه‌كى زۆر باشه‌"!


دواتر به‌ سڤێتلاناى گوت: "تۆ رێگه‌ت پێ نادرێ له‌ وڵات بچیته‌ ده‌رێ. پاشانیش پێم بڵێ، بۆچی ده‌ته‌وێ بچیته‌ ده‌ره‌وه‌؟ ئه‌م داوایه‌ى تۆ ده‌یكه‌ى كارێكى نانیشتمانییه‌. ئه‌گه‌ر سینگ ده‌یه‌وێ بگه‌ڕێته‌وه‌ وڵاته‌كه‌ى خۆى، ئه‌وه‌ كارێكه‌ په‌یوه‌ندیى به ‌خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌. هیچ كه‌سێكیش رێگه‌ى لێ ناگرێ".


سۆسلۆف ئه‌وه‌ى پێشبینیى ده‌كرد به‌ سڤێتلاناى گوت: "ئه‌گه‌ر تۆ بچیته‌ هیندستان رێگه‌ خۆش ده‌كه‌ى بۆ سه‌رهه‌ڵدانى هه‌ندێك دنه‌دانى سیاسی و دروستبوونى جموجۆڵى دژ به‌ وڵاته‌كه‌ت. میدیاكاران و رۆژنامه‌نووسان هه‌ر له‌ فڕۆكه‌خانه‌وه‌ سوارى سه‌ر ملت ده‌بن و قسه‌ت پێ ده‌كه‌ن. هه‌رچۆنێك بێت تۆ كچی ستالینى". سۆسلۆف داواى له‌ سڤێتلانا كرد، بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌ى خۆى و پێی گوت: "تۆ ده‌بێ كارێكت هه‌بێ شایسته‌ى ناوبانگه‌ گه‌وره‌كه‌ت بێ". سڤێتلانا هه‌وڵى زۆری دا تا ئه‌و پیاوه‌ تێ بگه‌یه‌نێ ئه‌گه‌ر ئێسته‌ سینگ بمرێ، زیانی بۆ ناوبانگ و شكۆى یه‌كێتیى سۆڤیه‌ت ده‌بێ. سۆسلۆف زۆر بێباكانه‌ وه‌ڵامى دایه‌وه‌ كه‌: "سینگ چاودێری و خزمه‌تگوزارییه‌كى زۆر باشی ته‌ندروستى پێشكه‌ش ده‌كرێ و ئه‌گه‌ریش مرد، ئه‌وا مرد، با بمرێ". كاتێك سڤێتلانا ناوه‌ڕۆكى قسه‌ و دیداره‌كانى له‌گه‌ڵ میخائیل سۆسلۆف بۆ سینگ گێڕایه‌وه‌، ئه‌و ته‌نیا پێكه‌نى. له‌ دید و روانگه‌ى هیندییه‌ كۆمۆنیسته‌كان، میخائیل سۆسلۆف پیاوێكى نێونه‌ته‌وه‌یی و نموونه‌ى ماركسیستێكى مۆدێرن و كراوه‌ بوو. هه‌رچه‌نده‌ هاوژین و منداڵه‌كانى هه‌رگیز له‌ سنوورى وڵاته‌كه‌ى خۆیان نه‌چووبوونه‌ ده‌رێ. دواجار سینگ داواى له‌ سڤێتلانا كرد له‌ نه‌خۆشخانه‌ بیباته‌ ده‌رێ و بیگه‌یه‌نێته‌وه‌ ماڵ.


رۆژى یه‌كشه‌م 30/ی ئۆكتۆبه‌ر، هاوڕێ و هاوكاره‌كانى سینگ له‌ وه‌شانخانه‌ى پرۆگرۆس هاتنه‌ ماڵ بۆ سه‌ردانیكردنى. سینگ له‌دواى چوونى میوانه‌كانى، به‌ زمانێك كه‌ رازیبوون به‌ قه‌ده‌ر و خۆڕاده‌ستكردنى به‌ چاره‌نووسی خۆى و كاریگه‌ریی پێوه‌ دیار بوو، به‌ سڤێتلاناى گوت: "سۆتا، ده‌زانم ئه‌مڕۆ ده‌مرم.. دوێنێ شه‌و له‌ خه‌وما (گا)یە سپییه‌كه‌م له‌ خه‌ونمدا بینى، كه‌ داشقه‌یه‌كى به‌دواى خۆیدا راده‌كێشا.. له‌ هیندستان هه‌ر كه‌س ئه‌و گایە سپییه‌ له‌ خه‌ونیدا ببینێ، كه‌ داشقه‌یه‌ك به‌دواى خۆیدا راده‌كێشێ، واتاى ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ مه‌رگ خه‌ریكه‌ به‌ره‌و ڕووى ئه‌و كه‌سه‌ دێ". سڤێتلانا ئه‌و قسه‌یه‌ى سینگى باوه‌ڕ نه‌كرد و به‌ته‌نیا بە خه‌ونى كه‌سێكى ناساغى زانى، كه‌ ترسی مردنى گه‌یشتووه‌تێ و هیچ راستییه‌كى بۆ نییه‌ و كه‌س نازانێ كه‌ى ده‌مرێ.


سینگ کاتژمێر حه‌وتى به‌یانییه‌كه‌ى رۆژى دووشه‌م ئاماژه‌ى به‌ دڵى، ئه‌وجا بۆ سه‌رى كرد و گوتى ئێسته‌ هه‌ست به‌ جۆرێك له‌رزین و له‌رینه‌وه‌ ده‌كات له‌ ده‌روونى خۆیدا. ئه‌وجا مرد.


سڤێتلانا كه‌وته‌وه‌ یادى مردنى باوكى، كه‌ تاكه‌ مردنێكى تر بوو له‌نزیكه‌وه‌ بینیبێتى. ئه‌و، مشتومڕه‌ گرژ و پڕ له‌ تووڕه‌ییه‌كه‌ى باوكى و ترسه‌كه‌ى له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ مه‌رگدا و دوا جووڵه‌ و خۆنواندنه‌ ترسناكه‌كانى وه‌بیر ده‌هاته‌وه‌، به‌ڵام مردنى سینگ خێرا و هێمنانه‌ بوو، دوا جووڵه‌یشى ئه‌و ئاماژه‌یه‌ بوو به‌ دڵى خۆی دا. سڤێتلانا گه‌یشته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى كه‌ مردنى هه‌ر مرۆڤێك به‌و شێوه‌یه‌ ده‌بێ كه‌ شایه‌نیه‌تى. سڤێتلانا ئەو ساتە‌ كه‌ (سینگ) مردبوو، هه‌ستى ده‌كرد شتێك له‌ ناوه‌وه‌یدا گۆڕانكاریى به‌سه‌ردا هاتووه‌، (هێڵێكى سنووریی ده‌روونى) له‌ناوه‌وه‌یدا كێشرابوو. شتێك به‌ته‌واوه‌تى تێیدا ته‌فروتونا بووبوو. هێشتا نه‌یده‌زانى ئه‌و گۆڕانكارییه‌ چییه‌ و چۆن ده‌توانێ له‌گه‌ڵیدا رابێ و چۆن ده‌كرێ خۆى كۆ بكاته‌وه‌.


به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى سه‌یر هه‌ستى به‌ ئارامى ده‌كرد، نه‌گریا. بوونى ئه‌و كه‌سه‌ چاكه‌خواز و ئه‌و مرۆڤه‌ باشه‌ى ناوى (سینگ) بوو له‌ ده‌وروبه‌ر و له‌ ته‌ك خۆیدا هه‌ست پێ ده‌كرد. سڤێتلانا به‌ په‌له‌ و بێ راوه‌ستان به‌ ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندیى به‌ هاوڕێ هیندییه‌كانى سینگەوە ده‌كرد. نه‌یده‌ویست ته‌رمى سینگ بكه‌وێته‌ نێو تونێلی رۆتیناتى سۆڤیه‌ت. هاوڕێكانى هاتن. ئه‌وان به‌ زمانى سانسكریتى، زمانى كه‌ونارى گه‌لى ئاریایی هیند، شیعر و سروودیان خوێنده‌وه‌. دارى سه‌نده‌لیان سووتاند. ته‌رمى سینگیان برده‌ كووره‌خانه‌ى تایبه‌ت به‌ سووتاندنى ته‌رمى مردووان. له‌ یه‌كى مانگى تشرینى دووه‌مى 1966 هه‌ندێك له‌ هاوڕێكانى سڤێتلانا له‌ (ده‌زگاى گۆركى) سه‌ردانى ماڵى سڤێتلانایان كرد، بۆ ئه‌وه‌ى دوا ماڵئاوایی له‌ سینگ بكه‌ن كه‌ پێشتر ئه‌ویان نه‌بینیبوو. سڤێتلانا كاتێ ژۆزێفی كوڕى بینى كه‌ بۆ دواماڵئاوایی نێوچه‌وانى (سینگ)ی ماچ كرد، هه‌ستى جووڵا و كه‌وته‌ ژێر پاڵه‌په‌ستۆیه‌كى ده‌روونى و كاریگه‌رییه‌كى زۆر.