وێنەکەم لە ستۆدیۆی هونەر

 

خوێندکاری قۆناغی چواری ئامادەیی بووم کە ئێستا پێی دەڵێن پۆلی دە بەپێی ئەو گۆڕانکارییەی بەسەر سیستەمی پەروەدەدا هاتووە. هەر لە منداڵیمەوە کچێک بووم بوێر و چاونەترس لە زۆر شتدا، هەندێ جاریش شەرمن و ترسنۆک، هەمیشەش لە زۆرینەی کارەکانمدا زیاتر پشتم بە خۆم بەستووە، هەر بۆیە کاتێک کە داوای وێنەیەکی تایبەتیم لێ کرا بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بە جلی کوردییەوە وا ڕێ کەوت کە کەس لە ئەندامانی خێزان بۆیان نەگونجا لەگەڵم بێن بۆ گرتنی وێنەکە، ئیدی ناچار بووم خۆم بەتەنیا هەموو جلە کوردییەکانم کۆ کردەوە و لە ماڵێکی ناسیاومان چووم سەروبەستم هێنا و خۆم بە تەنیا بەڕێ کەوتم. ئەو کاتە ماڵمان لە گەڕەکی ڕزگاریی سلێمانی بوو، هۆکاری هاتووچۆش پاسی مەسڵەحە بوو لەگەڵ پاسی بچووک کە پێیان دەوت فۆرت. بەڵام ئێمە زۆر کات هەر بە پاسە گەورەکە هاتووچۆمان دەکرد، ناو پاسەکە کارمەندێکی تێدابوو دەگەڕا بۆ بڕینی بلیت پێیان دەوت (جابی )، ژەو کارمەندە بە جلی تایبەتەوە و جانتایەکی بچووکی دەبەست بە کەمەریەوە بۆ پارە و بلیت بڕینەکە بە نرخێکی زۆر کەم کە ڕەنگە بۆ ئەو کاتە زۆر بووبێت، ئیدی بە رێگەوە هەر لەو خەیاڵەدا بووم چۆن وێنەکەم دەردەچێت؟ تا گەیشتمە ستۆدیۆی هونەر، کە چوومە ژورەوە کاک نوری زۆر بەڕێزەوە پێشوازیی لێ کردم و پێی گوتم کە باوکم ئاگاداری کردووە چەند وێنەیەکی هونەریی جوانم بۆ ڕۆژنامە بۆ بگرێت. گوتیشی فەرموو بڕۆرە ژوورەوە خۆت ئامادە بکە کەی تەواو بوویت بانگم بکە. منیش هەموو پێویستیی جلەکانم برد و دەرگاکەم داخست و جلە کوردییەکانم لەبەر کرد و کەوتمە بەستنی سەروبەست و دەسماڵەکە، هەر چۆنێک بوو شتێکم لێ دەزانی، کاتێ تەواو بووم کاک نووریم ئاگادار کرد، هاتە ژوورەوە و چەند وێنەیەکی بۆ گرتم، ئەو کاتە وێنەکان هەمووی ڕەش و سپی بوو، بەڵام کاک نووری زۆر خۆی بە وێنەگرتنەکەوە خەریک کرد تا شتێکی جوانی لێ دەرچێت، وتی هەمووشی بە کارەبایی بۆت دەگرم با مامۆستا عومەر گلەییمان لێ نەکات. بێ گومان جاران کە وێنە دەگیرا ڕاستەوخۆ دەر نەئەچوو بەڵکوو دوای چەند ڕۆژێک وەرت دەگرتەوە، وێنەی کارەباییش جیاواز بوو لە وێنەی ئاسایی کەمێک زبریی پێوە دیار بوو، دوای ئەوەی باوکم وێنەکانی بۆ هێنامەوە بە ڕادەیەک جوان بوون باوەڕم نەدەکرد ئەوە خۆم بم! دوو شێوەی بۆ گرتبووم باوکم وتی کاک نووری گوتویەتی وێنەک ەئەوەندە جوان دەرچووە بەتەمام گەورەی بکەم و بیخەمە ناو جامخانەکەی دوکانەکەمەوە، ئەو قسەیە زۆر دڵخۆشی کردم ئیدی هەر چاوەڕێ بووم، تاوەکوو ڕۆژێک هەواڵم پێ گەیشت کە وێنەکەم بە ئەندازەیەکی گەورە لە جامخانەی ستۆدیۆ هونەر دانراوە بە ڕەنگاوڕەنگی.


نەمدەزانی لە خۆشیدا چی بکەم و چی بڵێم؟ لەو کاتەشدا خۆ نەدەبو خێرا سواری پاس بم و بچم وێنەکەم ببینم، بەڵام نازانم کەی و چۆن چووم بۆ سەیری بەڕاستی تاسام، ئەوەندە بەلامەوە جوان بوو، هەر بەڕاست ئەوە وێنەی منە؟ هەرچەندە هەندێ جاریش شەرمم دەکرد کە وێنەکەم لەوێدا دانراوە، ئیتر ماوەیەکی زۆر کە بەلایا دەڕۆیشتم بەپەلە سەیرێکم دەکرد تا وای لێ هات بەلامەوە ئاسایی بوو، ڕۆژگار ڕۆیشت و وێنەکە هەر لەوێدا مایەوە، کە داوای وێنەکەمان کرد کاک نووری گوتی وێنەی بووک و زاوایەکم گەورە کردووە و وێنەکەم بەو ئەندازەیەی وێنەکەی ئێوە خستووەتە ئەو چوارچێوەیەوە، دواتر بۆتان وەردەگرمەوە، بەڵام لەوەبەدوا زۆر هەوڵمان دا و لێمان پرسییەوە، بەداخەوە نە بووک و زاواکەمان دۆزیەوە نە وێنەکە.