پاکیی هۆشمەندانە

منداڵێکی نوێ - 102

ئۆشۆ
و. شێرزاد حەسەن


پرسیار: ئۆشۆ-ی خۆشەویست.. بۆچی قۆناغی منداڵیی بەراورد دەکرێت بە مێدیتاسیۆن و تێڕامان؟

وەڵام: یەکێک لە ناوە درەوشاوەکانی ناو ئایینی (بوودیزم) کە بە ژمارە بیست هەشتەمین شاگرد و پەیڕەوکەری پەیامەکانی خودی (بوودا) بووە، هاوکات یەکەمین کەسیش بووە کە ئاییینی (بوودیزم) بردووەتە ناو (ئیمپراتۆرییەتی چین) کە دیارە لەپێناو بڵاوکردنەوەی ئەو ئایینە چواردە ساڵ لەو وڵاتەدا ماوەتەوە، بگرە مەشق و راهێنانی بە سەدەها کەس کردووە، هاوکاتیش دامەزرێنەی وەرزشی رۆحی بووە، کە خۆی لە مێدیتاسیۆن و تێفکرین چڕ کردووەتەوە، کە یەکێکە لە بناغەکانی گەیشتن بە هەقیقەت و دەرککردن بە نهێنییەکانی ژیان و بوون و گەردوون. لە باری مێژووییەوە وا تۆمار کراوە. کە یەکەمین پاتریارک و پەیامبەری بێگانە بووە کە ئەم ئایینەی بۆ (چین) گواستبێتەوە، گوایە بە ڕەچەڵەک هیندستانی بووبێت.


بەڵام دوای ئەو چواردە ساڵە. لە رەنج و تێکۆشان لەپێناو جێگیرکردنی ئەو ئایینە بڕیار دەدات بگەڕێتەوە و لەناو کوخت و ئەشکەوتەکانی شاخەکانی (هیمالایا) کۆتایی تەمەنی بەسەر ببات، ئەو کاتەی ئەو بڕیارە دەدات، بەتەواوی پیر و شەکەت بووبوو، بەڵام گەرەکی بوو دوا خەونی خۆی بێنێتە دی، کە ئەویش توانەوە بوو لەگەڵ بەفرە باریوەکانی سەر ترۆپکی شاخی (هیمالایا). ئەو زاتە بە هەزارەها شاگرد و موریدی بەدواوە بوو، پایەدار و خۆشەویست، یەکێک بوو لە پەیامبەرە هەرە دەگمەن و تاقانەکانی ناو ئەو ئایینە، دەیزانی ساڵانێکی کەمی ماوە بۆ زیندەگی، رۆژێکیان بە تەنها چوار لە شاگردەکانی کۆکردەوە و پێی گوتن کە ئەم پرسیارێکی گرنگی هەیە و هەر یەکێک لەوان بە دروستی وەڵامی دایەوە، بەختی ئەوەی دەبێت ببێت بە جێگرەوەی (بۆدیدارما): "ئایا دەتوانن بە پوختی تێم بگەیەنن، کە کۆی رەنج و پەیامی من لە ژیاندا چی بووە؟ مەبەستمە بزانم، کە ئاخۆ تاوەکوو چ ئەندازەیەک لە کڕۆکی ئەو پەیامەی من نزیک بوونەتەوە؟".


هەر چواریان رامان و خامۆش بوون، چاوەڕوانی و بێدەنگییەکی زێدە سەنگین و سامدار دایگرتبوون، بەڵام هەر هەموویان، بە مامۆستاکەشیانەوە، سەیری یەکەمین شاگردیان دەکرد، کە لای هەموویان پایەدارتر بوو، بە خودی (بۆدیدارما)شەوە، کە بە هەموو کلۆجێک چاوەڕێ دەکرا، وەڵامێکی دروستی هەبێت بۆ هەمووان، چونکە زێدە بلیمەت بوو، ئیدی ناچار بوو دەستوبرد وەڵامی مامۆستاکەی بداتەوە، بە متمانەوە ژنەوت: "من وای تێدەگەم کە پەیامی ئێوەی مەزن لەوەدا چڕ بووەتەوە کە مەرجە ئێمە لەمیانەی مێدیتاسیۆن و تێفکرین و تێڕامان وەها دوور بڕۆین، کە لە سنووری عەقڵ و ئاوەزیش تێی بپەڕێنین".


بۆدیدارما-ی خەندەلێو بە نەزاکەتەوە فەرمووی: "دەی.. دەستخۆش، بەڵام تۆ توانیت تاوەکوو ئاستی ژێر پێستم بڕۆیت و بەس.. داخەکەم کە لەوە پتر نەبوو".


پاشان سەیرێکی شاگردی دووەمی خۆی کرد، کە ئاماژە بوو بەوەی ئیدی نۆرەی ئەوە قسان بکات، ئەویش زاری هەڵهێنا و گوتی: "کەس ناتوانێت لەدەرەوەی ئاوەز و عەقڵ بێت، یان ئەو سنوورە تێبپەڕێنێت. بێجگە لە خامۆشی هیچ شتێکی دیکە نییە. بە بۆچوونی من جیاوازی نییە لەنێوان ئەو کەسەی کە هەوڵی راستەقینەی داوە، کە ئەو سنوورە ببەزێنێت، یان ئەوەشی کە بانگەشە دەکات گوایە سنوورەکەی بەزاندووە. من وا تێبگەم، گەوهەری کۆی پەیامەکەی ئێوە وەک مامۆستا ئەوەیە".
بۆدیدارما گوتی: "تۆ گەیشتیتە سەر ئێسقانم و بەس".


ئاوڕی لە سێیەمین شاگرد دایەوە، تاوەکوو ئەویش دەولکی خۆی بخاتە ناو بیری ماریفەت و بزانن چی هەڵدەهێنجێنێت: "گەورەم پوختەی پەیامی ئێوە لای من وا کەوتووەتەوە، کە مەحاڵە من و هاوڕێکانم بتوانین بە زمان گوزارشتی لێ بکەین".


بۆدیدارما پێکەنی و گوتی: "بەڵام ئەوەتا تۆ توانییت گوزارشتی لێ بکەیت! تۆ سەبارەت بە پەیامەکەم راز و نیازێکی گرنگت درکاند، تۆ توانیت بگەیتە ناو مۆخی ئێسقانەکانم".


بۆ دوا جار ئاوڕی لە چوارەمین شاگردی خۆی دایەوە، کە بەڵکوو ئەو بە مسک کۆتایی پێ بێنێت، بەڵام شاگردی چوارەمین لەچاو هاوڕێکانی کەسێکی کاڵفام و نیمچە خوێندەوار بوو، هێشتا زۆری مابوو بگاتە ئاستی پلە و پایەی هاوڕێکانی، کەمەکێ وەستا و راما، لە هیکڕا دایە پڕمەی گریان و بەسەر کەوشەکانی مامۆستاکەیدا نووشتایەوە، هیچی نەدرکاند و خامۆش خامۆش بەدەم فرمێسک بارینەوە، بە سۆزەوە لە مامۆستاکەی رادەما... کە بەوە کۆتایی هات بیکات بە جێگری خۆی، گەرچی بە یەک وشەش زاری نەکرایەوە و هیچ وەڵامێکی نەدایەوە، تەنها گریا و بەس.


بەڵام خودی ئەو دۆخەی کە چوارەمین شاگرد تێی کەوت، کە گرین و خامۆشی بوو، بۆ خۆی وەڵامێکی دروست و پێکانی ئەو نیشانەیە بوو کە مامۆستاکەی چاوەڕوانیی دەکرد، بەبێ زار کردنەوە و هەڵڕشتنی وشەکان، خودی فرمێسکەکانی پڕ راز و نیاز بوون، پڕتر لە قسەی هاوڕێکانی، هەر هەمووی گوزارشت بوون لە سوپاسگوزاری و سەرسامی و قەرزارباری بۆ مامۆستاکەی... ئایا لەوە پتر چی بڵێت؟


دیدار و کۆبوونەوەی شاگردەکانی (بۆدیدارما) مایەی دڵتەنگی و نائومێدی بوو، چونکە چوارەمین شاگرد جێگەی سەرنج و بایەخی هیچ کەسێک نەبووە، گوایە لەبەرامبەر ئەوانی دیکە کە قسەزان و بەئەزموونتر بوون، ئەم بیدۆڕێنێت، ئاخر ئەوێک، کە هیچ کەس چاوەڕوانی نەدەکرد، بە دوو دڵۆپ فرمێسک مامۆستاکەی سەرسام بکات، کەسێکی کەودەن، کە زار نەکاتەوە و تەنیا کاری ئەوە بێت بەدەم گریانەوە بکەوێتە سەر کەوشەکانی مامۆستاکەی، چۆن دەبێت گرەو لە هاوڕێکانی بباتەوە، کە شیاوی بەراوردکردن نین لە تەک ئەو بێچووە چۆلەکەیە، کە هێشتا هەر دوو لا دەنووکەکانی زەردن و بێجگە لە جووکەجووک هیچی دیکە نازانێت؟ چ شوورەییەکی ئابڕووبەرانەیە، کە سێ شاگردەکەی دیکە لە لایەن مامۆستاکەیانەوە ماڵئاواییان لێ بکرێت؟ ئەوەیان چ چارەنووسێکە کە شاگرد و قوتابییە هەرە بلیمەتەکان بچنەوە ناو کوڵبەی خەمان و خەڵوەتکێشی، کەچی شاگردێکی بێنموود و کەسنەناس ببێت بە جێگری مەزنە مامۆستای زەمان: بۆدیدارما؟


بەڵام مەرجە بزانین و وریای ئەوە بین، کە خودی سادەیی و ئاساییبوون و خاکەرایی بۆ خۆی گەورەترین پەرجوو/ موعجیزە و ئەفسوونە، بگرە ئەوەیان بۆ خۆی بە منداڵبوونەوە و پاکی و خۆڕسکی و ئەوپەڕی بلیمەتییە، زۆر سەرووترە لەو گەنجینە فیکری و لۆژیکەی کە عاریفە گەورەکان شانازیی پێوە دەکەن. رۆحی سەرسامی شاگردی چوارەم بۆ خۆی گەوهەری هەر هەموو زانین و گەنجینەی پەنهان و شاراوەی منداڵێکە، کە پاکی و سادەیی وای کردووە ئەم بەو کەمئەزموونەی خۆی سیحر لە گەورەترین عاریف و سۆفی و پەیامبەری زەمانە بکات. کەواتە ئەوەیان هۆشمەندییەکی پاک و نەشێوێندراوە. ئەوێک کە لە کانگای جوانی و جاویدانییەوە هاتووە و هێشتا بە هەناسە و هەوای پیسی چواردەوری خۆی ژەهراوی نەبووە.