بۆچى هه‌ندێ له‌ دايكان دواى منداڵبوون تووشى خه‌مۆكى ده‌بن؟

هۆشیاریی سێکسی.. پرسیار و وەڵام

كۆمه‌ڵێك هه‌ست و هه‌ڵچوونى جياواز هاوكاتن له‌گه‌ڵ منداڵبووندا. هه‌ر له‌ هه‌ستى خۆشى و شانازييه‌وه‌، تا ده‌گاته‌ دڵه‌ڕاوكێ و ترس. وێڕاى ئه‌م هه‌ستانه‌، هه‌ندێ له‌ دايكان تووشى حاڵه‌تێكى ديكه‌ ده‌بن، كه‌ پێى ده‌گوترێ خه‌مۆكیى دواى منداڵبوون.

پ: خه‌مۆكیى دواى منداڵبوون چييه‌؟
و: زۆربه‌ى ئه‌و دايكانه‌ى بۆ يه‌كه‌م جار منداڵيان ده‌بێ، يان زۆر گه‌نجن، تووشى دڵته‌نگى و تێكچوونى مه‌زاج ده‌بن. هه‌ندێكيان به‌ گريان ده‌رى ده‌بڕن، وه‌لێ هه‌ندێ دايك ته‌نيا خه‌مبارييه‌كى بێده‌نگ له‌ ڕووخسارياندا به‌دى ده‌كرێ و نايانه‌وێ قسه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سدا بكات. ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ زۆربه‌ى دايكاندا ده‌شێ ڕوو بدات. ماوه‌ى دوو ڕۆژ بۆ دوو هه‌فته‌ ده‌خايه‌نێ. وه‌لێ له‌ هه‌ندێ حاڵه‌تدا درێژه‌ ده‌كێشێ.

پ: نيشانه‌كانى ئه‌م خه‌مۆكييه‌ چۆنه‌؟
و: ئه‌و حاڵه‌ته‌ ده‌روونييه‌ى زۆربه‌ى دايكان له‌دواى منداڵبوون ئه‌زموونى ده‌كه‌ن، كورتخايه‌نه‌ و كۆمه‌ڵێك نيشانه‌ى هه‌يه‌، وه‌ك: تێكچوونى مه‌زاج، دڵه‌ڕاوكێ، گريانی بێ هۆ، هه‌ستكردن به‌ شه‌كه‌تى، تێكچوونى خه‌و، نه‌مانى ئاره‌زووى خواردن، هه‌ستيارى و تووڕه‌بوون بێ هۆ، يان له‌به‌ر هۆكارى ساده‌. ئه‌م حاڵه‌ته‌ خۆى ده‌ڕه‌وێته‌وه‌ و پێويستى به‌ چاره‌سه‌ر نييه‌. چه‌نده‌ زياتر هاوبه‌شى ژيان و كه‌سانى ده‌وروبه‌ر دڵنه‌وايى دايكه‌كه‌ بكه‌ن و به‌رگه‌ى بگرن، واته‌ به‌رپه‌رچى نه‌ده‌نه‌وه‌ و گاڵته‌ى پێ نه‌كه‌ن، هێنده‌ زووتر بارى ده‌روونیى ئه‌و دايكه‌ هێور ده‌بێته‌وه‌ و بۆ بارى ده‌روونیى سروشتى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
وه‌لێ هه‌ندێ جار ئه‌م خه‌مۆكييه‌ درێژه‌ ده‌كێشێ، له‌م باره‌دا كۆمه‌ڵێك نيشانه‌ى زياتر له‌خۆ ده‌گرێ، وه‌ك:
- هه‌ستكردن به‌ خه‌مۆكیى توند.
-تێكچوونى مه‌زاج به‌ شێوه‌يه‌كى توندتر له‌ سه‌ره‌تا.
- فه‌رامۆشكردنى كۆرپه‌ ساواكه‌ و منداڵه‌كانى ديكه‌شى ئه‌گه‌ر هه‌يبن.
- دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ هاوبه‌شى ژيان و كه‌سانى ده‌وروبه‌ر.
- گۆشه‌گيرى و گريانى به‌كوڵ، بێ هيچ هۆيه‌كى ئاشكرا.
- تێكچوونى ئاره‌زووى خواردن، كه‌مخواردن، يان زۆرخۆرى نائاسايى كه‌ پێشتر وا نه‌بووه‌.
- تێكچوونى سيستمى خه‌و، خه‌وزڕان، يان زۆرخه‌وتن.
- شه‌كه‌تى زۆر و بێهێزى.
- دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و چالاكى و كارانه‌ى، كه‌ پێشتر كردوونى. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ئاره‌زوويه‌كى هه‌بووبێت وه‌ك وێنه‌كێشان، خوێندنه‌وه‌، وه‌رزش، يان چێشتلێنان.
- به‌رده‌وام هه‌ڵچوون و نه‌وبه‌ى تووڕه‌بوون.
- لۆمه‌كردنى خۆى و وه‌سفكردنى خۆى وه‌ك دايكێكى خراپ، هه‌ستكردن به‌ گوناه.
- له‌ده‌ستدانى تواناى ته‌ركيز، بيركردنه‌وه‌ و بڕياردان.
- نه‌وبه‌ى دڵه‌ڕاوكێ، يان ترسى بێ بنه‌ما.
- بيركردنه‌وه‌ له‌ ئازاردانى خۆى، يان هه‌ندێ جار منداڵه‌كه‌شى. چونكه‌ له‌ حاڵه‌ته‌ تونده‌كاندا ئه‌و بيرۆكه‌يه‌ به‌سه‌ر مێشكيدا زاڵ ده‌بێت، كه‌ ژيان بێ بايه‌خه‌.
- باسكردنى مردن و نائومێدیى له‌ ژيان، هه‌ندێ جار باسكردنى بيرۆكه‌ى خۆكوشتنيش.
ده‌شێ خه‌مۆكى دواى منداڵبوون چه‌ند مانگێ، يان زياتريش بخايه‌نێ ئه‌گه‌ر بێ چاره‌سه‌ر مايه‌وه‌. له‌ هه‌ندێ حاڵه‌تى ده‌گمه‌ندا، دايك تووشى جۆرێ له‌ وڕێنه‌ ده‌بێت، كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ وه‌سواسيدا، بيرۆكه‌ى سه‌ير و هه‌ندێ جار مه‌ترسيدار به‌ مێشكيدا دێ، ئه‌گه‌ر هيچ كه‌سێ له‌ چوارده‌ورى نه‌بێت و ئاگادارى نه‌كات، ئه‌وا ده‌شێ مه‌ترسیى بۆ سه‌ر ژيانى خۆى و منداڵه‌كه‌ش دروست بكات.

پ: كه‌ى سه‌ردانى پزيشك پێويسته‌؟
و: له‌م حاڵه‌تانه‌دا ده‌بێ به‌ زووترين كات سه‌ردانى پزيشك بكرێ، هه‌روه‌ها نابێ ئه‌و كه‌سه به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك به‌ته‌نيا له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه‌ى جێ بهێڵرێ.
- درێژه‌كێشانى خه‌مۆكييه‌كه‌ له‌ دوو هه‌فته‌ زياتر.
- له‌به‌ره‌وه‌ خراپتربوونى بارى ده‌روونیى دايكه‌كه‌، له‌جياتى ورده‌ورده‌ باشبوونى.
- ئه‌سته‌مى نواندن له‌ چاودێريكردنى منداڵه‌كه‌ى.
- شكستهێنان له‌ ئه‌نجامدانى كاره‌ ئاساييه‌كانى ڕۆژانه‌ى، له‌ بايه‌خدان به‌ خۆ و به‌ منداڵه‌كه‌ى.
- سه‌رهه‌ڵدانى بيرۆكه‌ى ئازاردانى خۆى، يان منداڵه‌كه‌ى.

پ: بۆچى هه‌ندێ له‌ دايكان تووشى ئه‌م خه‌مۆكييه‌ ده‌بن؟
و: هۆكاره‌كان تا ئێستا ئاشكرا نين، وه‌لێ ئه‌م هۆكارانه‌ له‌وانه‌يه‌ كاريگه‌رييان هه‌بێت:
- گۆڕان له‌ شێوه‌ى جه‌سته‌دا. زيادبوونى كێش، گه‌وره‌بوونى سنگ و هه‌ندێ جار گۆڕانى پێست كاتێ كه‌ ماڵه‌ى لێ ده‌دات.
- گۆڕان له‌ هۆرمۆنه‌كاندا. كه‌مبوونه‌وه‌ى هۆرمۆنى ئه‌سترۆجين و پڕۆجيسترۆن. هه‌روه‌ها كه‌مبوونه‌وه‌ى ئه‌و هۆرمۆنانه‌ى، كه‌ ڕژێنى ده‌ره‌قى ده‌ريان ده‌دات و ده‌بنه‌ هۆى هه‌ستكردن به‌ شه‌كه‌تى، ته‌مبه‌ڵى و بێتاقه‌تى.
- كێشه‌ى ده‌روونى و سۆزدارى، فشارى كۆمه‌ڵايه‌تى و ئابوورى.
- نه‌بوونى پاڵپشتیى سۆزدارى و خێزانى.
- ڕوودانى ڕووداوێكى ناخۆش، وه‌ك مردنى كه‌سێكى نزيك هاوكات له‌گه‌ڵ منداڵبوونه‌كه‌دا.
- ئاره‌زوونه‌كردنى ئه‌و دووگيانيیه‌ و هاتنه‌دنياى ئه‌و منداڵه‌ هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌.
- ناته‌واویى منداڵه‌كه‌ و بوونى جۆرێ له‌ كه‌مئه‌ندامى.
- تووشبوون به‌ خه‌مۆكیى جووت جه‌مسه‌ر له‌ ڕابردوودا.
- تووشبوون به‌ خه‌مۆكى له‌ كاتى دووگيانى و دواى منداڵبوون له ‌ڕابردوودا.
- بوونى حاڵه‌تى خه‌مۆكى و تێكچوونى مه‌زاج له‌ بنه‌ماڵه‌كه‌دا.

پ: چۆن خۆم له‌م خه‌مۆكييه‌ بپارێزم؟
و: ئه‌م خه‌مۆكييه‌ هيچ په‌يوه‌ندیى به‌ ئاستى هۆشيارى و خوێنده‌واریى دايكه‌وه‌ نييه‌. وه‌لێ فاكته‌رى بۆماوه‌ و بوونى حاڵه‌تى خه‌مۆكى له‌ خێزانه‌كه‌دا جێگه‌ى سه‌رنجه‌ و پێويسته‌ به‌ هه‌ند وه‌ربگيرێ. ئه‌گه‌ر وايه‌ هه‌ر له‌ كاتى دووگيانييه‌وه‌ به‌ئاگا به‌ له‌ ده‌ركه‌وتنى هه‌ر نيشانه‌يه‌كى دڵته‌نگیى ناسروشتى و پزيشكه‌كه‌تى لێ ئاداگار بكه‌ره‌وه‌، به‌رله‌وه‌ى خه‌مۆكييه‌كه‌ ته‌شه‌نه‌ بسێنێ. له‌دواى منداڵبوونيش به‌ هه‌مان شێوه‌.
ئه‌و دايكانه‌ى كه‌ تووشى ئه‌م خه‌مۆكييه‌ ده‌بن، خۆيان هيچ كۆنترۆڵێكيان به‌سه‌ر حاڵه‌ته‌كه‌ياندا نييه‌، تا داواى ئه‌وه‌يان لێ بكرێ به‌هێز بن و خۆيان به‌سه‌ر باره‌ ده‌روونيه‌كه‌ياندا زاڵ ببن. گرنگى له‌وه‌دايه‌ دايكه‌كه‌ به‌ر له‌ ته‌شه‌نه‌كردنى حاڵه‌ته‌كه‌ى، درك به‌ مه‌ترسييه‌كانى بكات و خۆى چاره‌سه‌ركردن بخوازێ، ئه‌مه‌ش به‌ پله‌ى يه‌كه‌م پێويستى به‌ پشتيوانیى هاوبه‌شى ژيان و پاشان كه‌سانى نزيك له‌ دايكه‌كه‌وه‌‌ هه‌يه‌.

پرسياره‌كانتان له‌ ڕێى ئه‌م ئيمه‌يله‌وه‌ وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه:
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.