ژیانی ئیسحاق لە سێبەری ئیبراهیمدا

چیرۆكی پێغەمبەران، یان چیرۆكە نەمرەكان - 27

بەبێ ئەوەی هەست پێ بكەین تەورات دەمانباتە ناو چیرۆكی ژیانی ئیسحاقەوە، من ئەو بەشە ناو دەنێم ژیانی ئیسحاق لە سێبەری ئیبراهیمدا. چونكە ژیانی ئیسحاق نزیكەی ئەوەندەی ژیانی ئیبراهیم فراوان و كاریگەر و هەمەلایەنە. شوێنپەنجەی ئەو ژیانە بەسەر تەواوی بیركردنەوە و مانەوەی قەومی ئیبراهمەوە دیارە. كەواتە ژیانی ئیسحاق:
- لەدایكبوونی، لە پیاوێكی سەد ساڵە و ژنێكی نەوەد ساڵەوە، چیرۆكی ئەفسانەی لەدایكبوونە.
- ململانێی ئیسحاق لەگەڵ ئیسماعیلی برای، بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی تێدابێ، (بێ دەسەڵاتی خۆی) تا ئەو ڕۆژەی پێغەمبەرایەتی، كە مافی ئیسماعیلە لە براكەی دەستێنێ. ڕاستە هەموو قۆناغەكانی ژیانی ئیسحاق گرنگن، بەڵام چۆن لە چیرۆكی بوونە پێغەمبەریدا بەتەواوی كەسایەتیی ئەو ڕەنگی داوەتەوە و داوا لە ئێوەش دەكەم بەوپەڕی شەوقەوە چاوەڕێی ئەو بەشەی بكەن، (بوونە پێغەمبەریی ئیسحاق) كە دواتر ڕەنگی لەسەر تەواوی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەناو هەموو قەوم نەتەوەكاندا داوەتەوە و هەژموونی تا ئەمڕۆ ماوە. تەنیا بوونە پێغەمبەری یاقووب لە هی ئەو نهێنیی زیاترە. (ئەوە قسەی تەوراتە).
- ئیسحاق لە سارا و براكەی (ئیسماعیل) لە هاجەری كەنیزە لەدایك دەبن.
- گەورەبوونی: دڵخۆشبوون بە لەدایكبوونی و دەركردنی ئیسماعیلی برای لە ماڵی باوكی.
- چیرۆكی قوربانی، كە سەختترین ئەزموونە ئیسحاق پێیدا تێپەڕیبێ.
- چیرۆكی ژنهێنانی، من ناوی دەنێم، ژنهێنانی ئیلاهییانە. ژنهێنانێك كە تەواوی وردەكارییەكانی لەژێر فەرمان و بەشداریی یەزداندا بووە.
- دوا چیرۆكی ژیانی ئیسحاق لە سێبەری ئیبراهیمدا چیرۆكی بوونە پێغەمبەریەتی كە بەتەواوی كەسایەتیی ئیسحاقی تێدا بەرجەستەیە.
- هەموو چیرۆكەكانی ژیانی ئیسحاق شكۆیەكیان تێدایە، ئەویش بەشداریی ڕاستەخۆی خودایە لە هەموو بەشەكانی ژیانیدا، هەر لە لەدایكبوونیەوە تا قوربانیكردنی و تا ژنهێنانیشی. وردەكارییەكانیشی لەناو چیرۆكەكاندا بە بەڵگەی تەواوەوە باس كراون.

ژنهێنانی ئیلاهییانە، یان ژنهێنانی پیرۆز
ئیسحاقی كوڕی ئیبراهیمی كوڕی تارخ،
ڕقفەی كچی بتوئێلی كوڕی میلكە.
زەمەن ڕەوتێكی بازنەیی هەیە و هەرگیز ناگۆڕێ، بەلای كەمەوە لە دیدی ئێمەی مەخلوقانی سەر زەوی نەگۆڕاوە، كەواتە ئەوە چییە ئاستی ئینسان و شێوەی ژیانی سەر زەویی گۆڕیوە؟ خودایەك، كە بەپێی لۆژیكی تەوراتی، تەواوی كەونی دروست كردووە، بەو هێزە مەزنەیەوە ئەوەندە لە مرۆچە نزیك بووە، بەشداریی ژنهێنان و ڕازیكردنی كچ و سازكردنی دڵیانی بۆ یەكتری كردووە؟ ئەوە چ شتێكە لەو سەر زەوییە نەگریسە ڕووی داوە؟ خودا بەو نزیكەیەی لە مرۆوە لە وێرانكردنی هیرۆشیما و ناكازاكی و كیمیابارانی هەڵەبجە و ژەهرخواردكردنی منداڵانی ئەم دنیایەی ئێستادا تێكەڵ نابێت و ڕاستەوخۆ بەشداریی ناكات؟ تاكە وەڵام بۆ ئەوە، هەر بەپێی لۆژیكی تەوراتی ئەوەیە، كە سەردەمی پێغەمبەران كۆتایی هاتووە و مرۆی ئەو سەردەمە لە ریزی بۆق و مشك و مارن.
یان نهێنییە گەورەكە جارێ خۆی نیشانی ئێمە نەداوە؟
{ئیبراهیم پیر بوو و چووە ساڵەوە، یەزدانیش ئیبراهیمی لە هەموو شتێكدا بەرەكەتدار كرد، ئینجا ئیبراهیم بە خزمەتكارە گەورەی ماڵەكەی گوت، كە هەر چییەكیشی هەبوو بەدەست ئەو بوو،
- دەست بخەرە ژێر ڕانم، سوێندت دەدەم بە یەزدان، خودای ئاسمان و خودای زەوی كە هیچ ژنێك لە كچانی كەنعانەیەكان بۆ كوڕەكەم ناخوازیت، كە خۆم نیشتەجێی نێوانیانم. بەڵكوو دەچیتە خاكەكەم بۆ لای كەسوكارەكەم و لەوێ ژنێك بۆ كوڕەكەم بۆ ئیسحاق دەهێنیت. تەورات، پەیدابوون، ٢٤}
- سوێندان: ئیبراهیم بۆ دڵنیابوون، خزمەتكارە گەورەكەی سوێند دەدات، سوێند بە چی؟
- { دەست بخەرە ژێر ڕانم، سوێندت دەدەم بە یەزدان} ڕاستە بە یەزدان سوێندی دەدات، بەڵام دەستی پێ دەخاتە ژیر ڕانی، ئەوەش جۆرێكە لە سوێندانی سەمیمی، سوێندانی پڕ متمانە، لە نەبوونی كتێبێكی پیرۆزدا.
- كچانی كەنعان چین؟ كە دوا وەسیەتی پێغەمبەری گەورە دووركەوتنەوەی كوڕەكەیەتی لێیان؟ دەشێ ئەو ڕستەیە كە {هیچ ژنێك لە كچانی كەنعانەیەكان بۆ كوڕەكەم ناخوازیت} یەكەم ڕستەی جیاكاریی نەتەوەیی بێت لە مێژووی ئاییندا بەكار هاتبێ. دیارە ڕەگی كەنعانییەكان چۆن درێژ بووەتەوە.
- دوای ئەو هەموو ساڵە، لە دووركەوتنەوە لە خاكەكەی، لە كەسوكاری، كاتێك دەیەوێ ژن بۆ كوڕەكەی بهێنێ، پەنایان بۆ دەباتەوە، چ دووربینییەك لە كۆچی خۆی و ناردنەوەی كوڕەكەیدا هەیە؟ ئەوە چ خراپەیەكە خۆی لە بەری كۆچ دەكات و چ فەزیلەتێكە كە كوڕەكەی دەنێرێتەوە ناوی؟
{خزمەتكارەكەش پێی گوت:
- ئەی ئەگەر ئافرەتەكە نەیویست دوام بكەوێت بۆ ئەو زەوییە؟ ئایا كوڕەكەت بگەڕێنمەوە ئەو خاكەی لێوەی هاتوون؟ تەورات، ٢٤}.
ئەوەی جوانە لە وتەی خزمەتكارەكەدایە، كە باس لە ڕازیبوونی كچەكە دەكات، بەڵام ئیبراهیم بە ئومێدی هێزێكی ئەفسانەیی گومانەكەی ئەو دەڕەوێنێتەوە.
ئیبراهیمیش پێی گوت:
{ئەو فریشتەی خۆی لە پێشتەوە دەنێرێت و لەوێ ژنێك بۆ كوڕەكەم دەهێنێت}.
ئەوە بەشداریی ڕاستەوەخۆی خودایە لە خواستنی ژن بۆ ئیسحاق.
خودا ئەوكاتە فریشتەی خۆی دەنێرێ، كە تۆ دەستت بە كارەكەت كردووە، تا ئێرە ئەوە بەرنامەی ئیبراهیمە، هەم بۆ خزمەتكارەكەی و هەم بۆ فریشتەی خودا.
بۆ دڵنیابوونی خزمەتكارەكەی دەڵێت:
{خۆ ئەگەر ئافرەتەكەش نەیویست لەگەڵت بێتەوە، ئەوە گەردەنت ئازاد دەبێت لەو سوێندەی من، تەنیا نەكەی كوڕەكەم ببەیتەوە ئەوێ} مەبەستی ناو كەنعانییەكانە.
ئەوە تەنیا سوێندێكی ئاسایی نییە، ئەوە مۆركردنی پەیماننامەیەكی نەنووسراوە، گرێبەستێكی وتووێژ لەسەر كراوە، كە ئیبراهیم و خزمەتكارەكەی تێدا بەشدارن، لەگەڵ ئیرادەی خودا لەسەر زمانی ئیبراهیم و چارەنووسی كوڕەكەی بەدەستی ئیبراهیمەوە. دوای ئەو ڕێكکەوتنە، ئینجا خزمەتكارەكە دەست دەخاتە ژێر ڕانی ئیبراهیمەوە و سوێند دەخوات.
بۆ جێبەجێكردنی ئەو پەیماننامەیە هەر كەسە و كاری خۆی دەكات.
{خزمەتكارەكە دە وشتری لە وشترەكانی گەورەكەی برد و ڕۆیشت، هەموو شتە باشەكانی گەورەكەشی بەدەستیەوە بوو، هەستا و چوو بۆ میسۆپۆتامیا}.
(میسۆپۆتامیا: عیبری، ئارامی دوو ڕووبار، بە واتای ئارام كە دەكەوێتە نێوان دجلە و فوراتەوە)،
دەكرێ پرسیاری گرنگە ئەوەبێ، ئەوە ژنهێنان و چیرۆكی ئایینییە، یان دیاریكردنی جواگرافیا و سنووری نەتەوەیەك؟
ئەو بڕیارەش دەمانباتەوە بۆ سەر بابەتێكی مەترسیدار، كە هەموو ئایینەكان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، كە دەكرێ هەر ئایینە و بۆ مەبەستی داگیركاری و سڕینەوەی ئەوانی دیكە هاتبن و خودایان كردبێتە ئەو ئامڕازە كاریگەرەی كە رەت ناكرێتەوە، كە لەپشتیەوە هەموو ڕەوایەتییەك بەدەست دێت. بە واتایەكی دیكە، دەسەڵاتە عەقڵییەكان، خودایان كردووەتە ئەو چەكەی كە دنیایان پێ داگیر كردووە و ئینسانیان پێ كۆنتڕۆڵ كردووە. هەمووشیان بەو بڕاویەی (كە خودا فریشتەی خۆی لە پێشیانەوە دەنێرێ).

میسۆپۆتامیا خەونی نەتەوەكەی ئیبراهیم
سەرەڕای ئەو ئومێدەی، كە ئیبراهیم لە دڵی خزمەتكارەكەیدا دەیچێنێ، كەچی ئەو هەموو پێداویستییە گرنگەكانی ڕۆژگارەكەی لەگەڵ خۆی دەبات.
{هەستا و چوو بۆ میسۆپیۆتامیا بۆ شارەكەی ناحوور. لەدەرەوەی شارۆچكەكە، لەلای بیرێك وشترەكانی خست. دەمەو ئێوارە ئەو كاتەی كچەكان دەهاتنە دەرەوە بۆ ئاوكێشان}.
تاكە مەبەستی پشت ئەو ڕستەیە ئەوەیە كە نەتەوەی ئیبراهیم لە هەر شوێنێك بن، دەبێ بگەڕێنەوە میسۆپۆتامیا، بگەڕێنەوە ناحوور، بە خاكی خۆیانی دەزانن.
خزمەتكارەكە دەستی كرد بە پاڕانەوە:
{ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم ئەمڕۆم بۆ ئاسان بكە، من لەلای ئەو كانییە وەستاوم، كچانی خەڵكی شارەكە دێنە دەرەوە بۆ ئاوكێشان، دەبا ئەو كچەی پێی دەڵێم ”گۆزەكەتم بۆ لار بكەرەوە با ئاو بخۆمەوە“ ئەویش بڵێت: ”بخۆرەوە هەروەها حوشترەكانیشت بۆ ئاو دەدەم.“
با ئەوت هەڵبژاردبێت بۆ ئیسحاق. تەورات، پەیدابوون، ٢٤}
- ئایا ئەوە نزا و پاڕانەوەیە یان گێڕانەوەی چیرۆكە؟
- ئەگەر نزا و پاڕانەوەیە، ئەوە خودا باش دەزانێ كە ئەو لای كانییەكە وەستاوە، كە كچان دێن بۆ ئاو هەڵێنجان.
- خودای ئیبراهیمی گەورەم، خودایەك كە تاقانە و تاك و تەنیایە، چۆن پێناسە دەكرێ بە خودای (ئیبراهیمی گەورەم) لە كاتێكدا لە خۆی تەواوی ئینسانیەت و خالقی كەونە.
- داڕشتن و دیالۆگەكان زیاتر لە شانۆ دەچن تا چیرۆك.
بۆ ئەوەی بزانین خودا فریشتەی خۆی لەپێش ئەوەوە ناردووە، نزاكەی وەك خۆی دێتە دی.
بەو شێوەیەیە:
{پێش ئەوەی لە داواكارییەكەی ببێتەوە، ڕڤقە بە گۆزەكەی سەر شانیەوە هاتە دەرەوە. ڕڤقەی كچی بتوئێلی كوڕی میلكە بوو. بتوئیل ژنی ناخۆری برای ئیبراهیم بوو. كچێكی زۆر جوان بوو، پاكیزە بوو، دەستی هیچ پیاوێكی بەرنەكەوتبوو، هاتە خوارەوە و بۆ لای كانیە و گۆزەكەی پڕ كرد و سەركەوتەوە}.
- نزیكیی خودا لە مرۆچە، ڕێكخستنی بەرنامەكان پێكەوە، مرۆچە بەرنامەكان دادەڕێژێ و خودا جێبەجێیان دەكات، بەو مانایەی خودا قەڵەمی لێ داوە.
- ژنهێنان لە خزم و كەس، هاوخوێن، ڕەنگی بۆ دادەڕێژرێ:
ڕاستە كوڕ و كچانی ئادەم، كە خوشك و بران، دواتر دەبنە هاوسەر، ڕەنگی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە، كە ناوی دەنێم هاوسەرگیریی ئادەمی، بەیەكجاری نەسڕاوەتەوە و میسڕییە كۆنەكانیش بە بیانووی پاراستنی ڕەچەڵەکی خێزانی پاشایەتی و پاكیی خوێنی بنەماڵە پەیڕەویان كردووە، بەڵام لە ڕۆژگاری ئیبراهیمدا ژنهێنان لە هاوخوێن، دەبێتە ڕەسم و عادەت. سەرمەشقیشیان ژنهینانە بۆ ئیسحاق.
- لەو دەقەدا ژنهێنان بەتەواوی كراوە بە بابەتێكی بەرژەوەندیی كەسوكار و خێڵ، (تاك) هەستوهۆش، خۆشەویستی هیچ بەهایەكی بۆ دانانرێ.
- پاكیزەیی:
پاكیزەییە كە بابەتێكی هێجگار گرنگە و دەكرێتە ماڵ بەسەر ژنەوە، پاكیزەیی كۆمەڵگە كورت دەكرێتەوە لە پاكیزەیی كچدا، ئەویش تەنیا لە یەك روانگەوە (هیچ پیاوێك دەستی بۆ نەبردووە)، واتا هونەرەكانی ژیان، داهێنان، هیچیان بەرامبەر دەستبەرنەكەوتنی پیاو گرنگ نیین.
بەبێ ئەوەی باس لە پاكیزەیی پیاو بۆ نموونە ئیسحاق، بكرێت، ئەوەش فەرامۆشكردنی ئەو لایەنە زۆر گرنگەیە، كە پارسەنگی دادپەروەری ئەشكێنێ، كۆمەڵگەی ئایینی بە نادادپەروەرییەكی قورسی ئەخلاقیدا تێدەپەڕێ. تا ئەمڕۆ شكۆی كۆمەڵگەی ئایینی بە تاكە باڵێك دەفڕێ، كە باڵی ئافرەتە، بۆیە هەمیشە خوێنی لێ دەتكێ. تا ئەمڕۆ پاكیزەیی كۆمەڵگە نەبەستراوەتەوە بە ڕەوشتی پیاوەوە. لەو كاتەوە پاكیی كۆمەڵگەی ئایینی دەبەستنەوە بە پاكیزەیی ژنەوە، بەبێ ئەوەی لەبەرامبەر ئەوەدا هیچ پاداشتێك بكرێت. كەواتە پاكیزەیی بۆ ژن بەرپرسیاریەتییەكی بێ مافە. چونكە هیچ بەرپرسیایەتییەك نییە، مافێكی لەگەڵدا نەبێ. لەو رۆژەوە شەرەفی كۆمەڵگەی ئایینی لەسەر ژن تاپۆ كراوە، بەبێ ئەوەی نە لەم دنیا و نە لە دنیاكەی دیكەدا، جگە لە ژیانێكی دیل ئامێزانە هیچ پاداشتێكی درابێتێ. دوا ڕستە لەسەر پاكیزەیی ئەوەیە:
- جەستەی ئافرەت چ سیحر و نهێنییەكی تێدایە، كە تەواوی ئایینەكان ئیلهامی مانەوەیان لە كۆتكردنی ئەو جەستەیە وەرگرتووە.