ژمارەكان بۆ پاشەڕۆژ زەنگی مەترسیدارن

ژمارەكان بۆ پاشەڕۆژ زەنگی مەترسیدارن

شەماڵ نووری

شرۆڤەكردنی داهات و خەرجییەكانی هەرێم، كارێكی هەروا ئاسان نییە تاوەكوو هەر بابایەك و پەرلەمانتار، یان كەسایەتییەكی ناپرۆفیشناڵی ئەو بوارە، هاوشێوەی بەندبێژ دەنگی زوڵاڵی لێ هەڵبڕێت و بە ڕیتمی بەندبێژییەوە ئەم بابەتە زانستی و حساباتە وردە بكاتە ئاهەنگی شەوانەی سەر تەلەڤزیۆنەكان، خۆهەڵقورتاندنی فەتاحفاڵانەی بەناوی پێشبینی و پێشهاتەكانی ئابووری و داراییەوە لەسەر بگوترێتەوە، بەتایبەتی لە بواری ئابووريیەكدا، كە نە حكوومەتەكەی عێراق عەیارە بیست و چوارە، نە حكوومەتەكەی ئێرەش، هەردوو حكوومەت پشتیان بە ئابووری و داهاتی فرۆشتنی نەوتێك بەستووە، كە ئابووریی رەیعی پێ دەگوترێت، كەس ناتوانێت زەمانەتی سەقامگیریی بەها و نرخەكانی بەرمیلێك نەوت بكات، لەنێوخۆی كوردستانیشدا ئێمە تەنیا چەند ژمارەیەكمان لەبەردەستدایە و داتا و زانیارییەكانی ناو ئەو ژمارانە ونن، بە حوكمی شارەزاییم لە بواری ئابووریدا، ئەو مافە بە خۆم ئەدەم ئەو ژمارانە هەندێك تاوتوو بكەم، تا بزانین چیمان پێ دەڵێن:
- 522 ملیار دیناری مووچە لە بودجەی عێراقەوە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم و هێزەكانی پێشمەرگە.
- 378 ملیار دینار داهاتی نەوتی هەرێم.
- 150 ملیاری دیناری داهاتی ناوخۆ.

كۆی هەموویان دەگاتە 1 تریلیۆن و 50 ملیار دینار؛ ئەگەر وا دابنێین، هەموو مووچەی فەرمانبەران و هێزەكانی پێشمەرگە 879 ملیار دینار بێت، ئەوا حكوومەتی هەرێمی كوردستان 153 ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە.. واتا حكوومەتی هەرێم دەبێ بەم بڕە پارەیە هەرێمێك بەڕێوە ببات، كە ژمارەی دانیشتووانەكەی بەم شێوەیە قەبڵێنراوە:
- 2 ملیۆن و 251 هەزار – هەولێر.
- 2 ملیۆن و 500 هەزار سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان.
-1 ملیۆن دهۆك.
-1 ملیۆن ئاوارە و پەناهەندە.

واتە 7 ملیۆن و 251 هەزار كەس، كە پێویستیان بە دابینكردنی كارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی و فراوانبوونی پرۆژەكان و نوێكردنەوە و چاكسازی و سەدان ئەرك و بەرپرسیارێتیی دیكەیە، كە مەحاڵە بە 153 ملیار دینارەكە بەڕێوە بچێت.
قەرزەكانی حكوومەتیش لەولاوە راوەستێت:
- 10 ملیار دۆلار قەرزی مووچەخۆرانی هەرێم.
- 2 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار پارەی بانكە ئەهلییەكان.
- 1 ملیار دۆلار پارەی بەڵێندەران.
قەرزی دەرەكی و كۆمپانیا نەوتییەكان و غازییەكان و كارەباش، كە هەر هەموو قەرزەكان بە 17 ملیار دۆلار قەبڵێنراوە .
دانەوەی ئەم بڕە پارەیە لەكاتێكدا، كە حكوومەتیش نزیكەی 6 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار قەرزی خانووبەرە و پێشینەكان و باج و رسووماتەكانی لای خەڵكییە و كاتێكی زۆری دەوێت تا وەری دەگرێتەوە، بۆیە دانەوەی قەرزەكان كارێكی ئاسان نییە، بەڵام ئاستەمیش نییە، مەترسییەكە لەوەدایە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتی بە عێراق و فرۆشتنی نەوت بەستووە، لەكاتێكدا عێراق خۆی 130 ملیار دۆلار قەرزارە و 4 ملیۆن ئاوارە چاوەڕوانی گەڕانەوەن بۆ شار و شارۆچكە و گوند و شوێنە وێرانبووەكانیان، وا چاوەڕوانیش دەكرێت لە هاوینی ئەمساڵدا لە مووسڵەوە تا بەسڕا خەڵكی بڕژێنە شەقامەكان و دۆخێكی ناسەقامگیریی خراپی لێ بكەوێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی حكوومەت نەیتوانیوە لانی كەمی داواكاریی خۆپیشاندەرانی ساڵی رابردوو جێبەجێ بكات و پەرلەمانی عێراقیش پەرلەمانێكی شڵۆقە و پێویستی بە پشتگیریی شەقامە، ئەگەر لەسەر حسابی سەقامگیریی حكوومەت و دۆخەكەش بێت، ئەمە وێڕای زەنگی مەترسیدارانەی سەركردەكانی جیهان، لە ئەگەری دابەزینی بەهای نەوت.
باشە پاش روونبوونەوەی ئەم ژمارانە، ئەوە چ جورئەتێكە هەندێ لە حزبەكان سەرقاڵی شەڕی دۆنكیشۆتانەن و هەوڵی دواخستنی وادەی دامەزراندنی كابینەی نوێی حكوومەت دەدەن! ئەوە چ متمانەیەكە كە تاك و خێزان لەگەڵ پێدانی مووچەیەكی بێ پاشەكەوت، قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە و كەوتنەوە زێدەڕۆیی لە خەرجییەكانیاندا! دوێنێیان لەبیر كردەوە كە چۆن پارە لەسەر پشتی كیسەڵ دەهات و وەكوو ئاسكی سرك لە بندەست ڕایدەكرد، لەوە ناچێت قەیران و مەینەتییەكانی ژیان هیچی فێر كردبین، ئەمە چ بەدبەختییەكە؟
لەكاتێكدا پێشینان دەڵین: (پارەی سپی بۆ رۆژی رەش – پێ بەقەد بەڕەكەی خۆت راكێشە..) خوای گەورەش لە ئایەتەكانی قورئاندا دەفەرمووێت: ”وكلوا وتساهلا بالاموال..“ و ”ولاتسرفوا انە لا یحب المسرفین..“.
ئەمڕۆ تا ڕادەیەك لە قەیرانی دارایی رزگارمان بووە، بەڵام بۆ ڕزگاربوون لەدەست دێوەزمەی قەیرانی ئابووری، پێویستە حزبەكانی كوردستان لەپێناوی ئینتمای گەل و نیشتمانە بێدۆستەكەیاندا سازش بۆ گەلەكەیان بكەن، هەر هیچ نەبێت پێكەوە دەست بدەنە باڵی گەلەكەیان و بەسەر پشتی ئەم كەشتییەی كابینەی نوێوە، هەمووان بەرەو كەناری ئارامی ببەن.