گورگه‌كه‌ى دوێنێ هه‌ڕه‌تى ته‌مه‌نى ئاینده‌شمانى خوارد

بەدرەدینی موتەسەڕف

(5)

ــ دواى هه‌ڵـگیرسانى شۆڕشى ئه‌یلوول، ئیتـر گه‌لى كورد ده‌بێ چاوه‌ڕوانى چى بكات، ڕۆژ و مانگ و ساڵه‌كان به‌سه‌ر یه‌كدا ده‌كه‌وتن، ده‌بێ له‌دواى خۆیاندا چیان جێ هێشتبێ، جگه‌ له‌ شه‌هیدى سه‌ربه‌رز و زیندانیكردنى تیكۆشه‌ران و پشكنینى ماڵان و داواكردنى پێناسه‌ى گه‌نجان و وێرانه‌یى و سه‌ركوتكردنى كوردانى کوردستانپەروەر.


چالاكییه‌كانى تێكۆشه‌ران و شەڕی پارتیزانى له‌نێو شاردا، كه‌ به‌و باره‌دا كه‌وتبوو، ڕژێمێك ده‌ستى خستبووه‌ خنخنۆكى دیموكراسیه‌ت و ئازادیى تاك و چاندنى ترس و تۆقاندن، هه‌روه‌ها جێگیركردنى كارمه‌ند و ده‌سه‌ڵاتدارانى سه‌پێندراوى عه‌ره‌بى ڕگه‌زپه‌رست له‌پاڵ سیخووڕانى زۆڵه‌ كورد و جاش. یه‌كێك له‌وانه‌ى وه‌ك والـى شارى هه‌ولێر، كه‌ بۆ لیواى هه‌ولێر دامه‌زرا به‌ موته‌سه‌ڕف، به‌ ناوى (بەدرەدین عەلى) كه‌سێك بوو عه‌سكه‌رى به‌ پله‌ى سه‌رهه‌نگ (عقید) خه‌ڵكى ته‌له‌عفه‌ر بوو، گوایه‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك توركمان بووه‌، به‌ڵام به‌ وته‌ى خۆى گوتوویه‌تى من عه‌ره‌بم، كه‌سێكى زۆر ڕه‌گه‌زپه‌رست و توندوتیژ بوو به‌رامبه‌ر به‌ كورد. پێشتر قایمقامى ڕواندز بوو، له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ى سه‌رۆك هۆز و ئاغا و میـر و به‌گ و ده‌ره‌به‌گه‌كانى ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌ولێر په‌یوه‌ندیى هه‌بووه‌. له‌ نیسانى 1961 وه‌ك موته‌سه‌ڕف له‌ لیواى هه‌ولێر ده‌ستبه‌كار بووه‌، ماوەیەک لەوی نەما و له‌ 8 /ى شوباتى 1963 كه‌ كودەتاى به‌عسى ئه‌نجام درا، جارێكى دى كرایه‌وه‌ موته‌سه‌ڕفى هه‌ولێر، له‌ شوێنی خۆىدا مایه‌وه‌ تا ساڵى 1964، ئەو پیاوێکی دەست و داوینپیسیش بوو، بۆیه‌ له‌ مانگى ڕه‌مه‌زانى 1965، ڕۆژێك به‌ر له‌ جه‌ژن، له‌ناو جه‌رگه‌ى به‌غدا به‌ سزاى گه‌لیان گەیاند و كوژرا، ئەودەم ئه‌و هه‌واڵه‌ش له‌ هه‌ولێر ده‌نگى دایه‌وه‌ و بوو به‌ دوو جه‌ژن له‌ هه‌ولێر و كوردستان به‌گشتى، هه‌ندێك له‌و كرده‌وانه‌ى كه‌ موته‌سه‌ڕفى ناوبراو ئه‌نجامى داون، له‌ ماوه‌ى ده‌ستبه‌كاربوونى:


1 ــ له‌به‌ر شاره‌زایى و په‌یوه‌ندییه‌ به‌هێزه‌كانى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك هۆزه‌ كورد و به‌رژه‌وه‌ندخواز و ده‌ره‌به‌گ و عه‌شایره‌كان، ده‌یكردن به‌ جاش و سیخووڕ و چه‌كدار دژ به‌ شۆڕش و پێشمه‌رگه‌ و كوردایه‌تى، هه‌روه‌ها دواتر له‌گەڵ عه‌شایرى عه‌ره‌بى ناوچه‌كانى ده‌شتى هه‌ولێریش په‌یوه‌ندیى به‌هێزى هه‌بوو، كه‌ (فرسان صلاح الدین و فرسان ولید)ى لـێ كه‌وته‌وه.


2 ـ گواستنه‌وه‌ى كاربه‌ده‌ستان و فه‌رمانبه‌رانى دڵسۆز، ئه‌وه‌ى بۆنى كوردایه‌تیى لـێ بهاتبووایه‌ بۆ خوارووى عێراق و دوورخستنه‌وه‌یان له‌ كوردستان، یان له‌ شاره‌وه‌وه‌ بۆ شارۆچكه‌ و شوێنه‌ دووره‌كانى دى، بۆ نموونه‌، ئه‌گه‌ر له‌ خێزانه‌كه‌ى خۆمانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌م، براكه‌م (جه‌لال ره‌شید) له‌ دادگاى هه‌ولێر فه‌رمانبه‌ر بوو، به‌ فه‌رمانێكى ئیدارى له‌ هه‌ولێره‌وه‌ گواسترایه‌وه‌ بۆ رواندز، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى گومانى لێ ده‌كرا له‌ رێكخستنه‌كانى پارتى بێت، له‌ حه‌قیقه‌تیشدا هه‌ر وابوو‌.


3 ـ قه‌ده‌غه‌كردنى زۆر له‌و خۆراك و پێداویستییانه‌ى ده‌برانه‌ ده‌ره‌وه‌ى شارى هه‌ولێر بۆ گوندان، ئه‌و دوكاندارانه‌ى له‌ شار بوون، ده‌بوایه‌ كارتى بایعیان هه‌بوایه‌ بۆ وەرگرتن و فرۆشتنى بۆ نموونه‌ (چا).


4 ـ فه‌رمانى سه‌یر سه‌یرى ده‌رده‌كرد، بۆ نموونه‌، له‌وانه‌ مایین و گوێدرێژه‌ بارهه‌ڵـگره‌كان، كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌ولێر بۆ ناو شار ده‌هاتن و ده‌گه‌ڕانه‌وه‌، ئه‌وه‌ بوو به‌ ده‌یان كه‌روبارى له‌ قشڵه‌ى پۆلیسى سواره‌ به‌ند كردن، ڕۆژانه‌ خاوه‌نى كه‌ره‌كان به‌ خۆ و جۆڕكێك (كا و جۆ)وه‌ ده‌هاتنه‌ مواجه‌هه‌ى كه‌ره‌كان، نه‌وه‌ك له‌برسان بمرن، شه‌وانیش كه‌ ڕێكه‌وتى وه‌رزى هاوین بوو، خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ سه‌ربان ده‌خه‌وتن، دانیشتوانى گه‌ڕه‌كى عاره‌بان و ده‌وروبه‌رى قشڵه‌، له‌ به‌ر زه‌ڕه‌زه‌ڕى كه‌ره‌كان خه‌ویان لـێ نه‌ده‌كه‌وت.


5 ـــ دواى كوده‌تاكه‌ى 8ى شوبات 1963، حوكمڕانیى به‌عس، كه‌ توندوتیژى و گرتن و ڕاوه‌دوونانى خوشك و برایانى كه‌سانى نێو ڕكخستنه‌كانى حزبى شیوعى له‌ هه‌موو عێراق ده‌ستى پێ كرد (حه‌ره‌س قه‌ومى) رۆڵى كاریگه‌رى هه‌بوو له‌و قۆناغه‌دا، كه‌وتبوونه‌ وێزه‌ى تێكۆشه‌رانى پارتییش، بۆیه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى فراوان، جگه‌ له‌ كوردانى دڵسۆز و پارتى، هه‌تا عه‌ره‌به‌كانیش ئه‌وانه‌ى كه‌شف بوون له‌ ریزه‌كانى ڕكخستنه‌كانى حزبی شیوعین، زۆربه‌یان چوونه‌ ڕیزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان و په‌یوه‌ندییان به‌ شۆڕشى ئه‌یلوولەوە كرد، بۆ نموونه‌ له‌وان كه‌سان كه‌ له‌ بیرمه‌ (عه‌قید كافى) عه‌ره‌ب بوو و شیوعیى خزمى مام وادى كه‌شاف بوو، ماڵى مام وادى دراوسێمان بوو له‌ گه‌ڕه‌كى عاره‌بان، دواتر ده‌ركه‌وت 1963 له‌ شه‌ڕى هه‌ندرێن پێشمه‌رگه‌ى پارتى و حزبى شیوعى ده‌رسێكى وایان دایه‌ داگیركه‌رانى كوردستان، قه‌ت له‌بیرى نه‌كه‌ن.


6 ـ ئه‌و موته‌سه‌ڕفه‌ هه‌تا به‌دواى هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ران و كه‌سایه‌تییه‌كانى هه‌ولێرى ده‌نارد تا پێیان ڕابگه‌یەنێ، كه‌ خۆیان بپارێزن له‌ ڕێكخستنه‌كانى پارتى و شیوعى و په‌یوه‌ندییان به‌ شۆڕشى ئه‌یلووله‌وه‌ نه‌بێ، ده‌نا سزاكانیان قوڕس ده‌بێت، به‌دواى باوكى ئه‌و كه‌سانه‌یدا ده‌نارد، كه‌ بۆنى شیوعیاتییان لێ ده‌هات، بۆ نموونه‌ جارێكیان به‌دواى باوكى مامۆستاى وه‌رزشوان (ره‌مزى وه‌لـى)دا ده‌نێرێت، گوایه‌ ره‌مزى له‌گه‌ڵ حزبى شیوعى په‌یوه‌ندیى هه‌بووه‌، باوكى ره‌مزیش پیاوێكى ساده‌ و كه‌مزان بووه‌، به‌دره‌دین عه‌لى به‌ باوكى ره‌مزى ده‌ڵێت (أبنك تقدمى؟) ئه‌و وشه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ شیوعییه‌كان به‌كار ده‌هات، باوکی رەمزییش بۆیه‌ به‌ ساكارى و نه‌زانیى خۆیه‌وه‌ وه‌ڵامى ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت: ”لا ووڵا مو تەقەدومى مسلەك رەجعى“ موته‌سه‌ڕفیش تووڕه‌ ده‌بێت و ده‌ڵێت: ”گه‌واد لێش ئانى رەجعى؟“ دواتر موته‌سه‌ڕف ده‌زانێ پیاوێكى كه‌مزان و ساده‌یه‌، له‌ ژووره‌كه‌ى وه‌ده‌رى ده‌نێ و پێى ده‌ڵێت بڕۆ لێره‌ و كوڕه‌كه‌ت بۆم بنێره‌.


7 ــ ئه‌و (به‌دره‌دین عەلى)یه‌ ته‌نیا یه‌ك ئیشى باشى كردبێ له‌ هه‌ولێر، ئەوە بوو گڵكه‌ندى كرد به‌ پاركێكى جوان و سیماى هه‌ولێرى پێ جوان بوو.