بیرەوەرییەكانى كچەکەی ستالین

سڤێتلانا ناڕازییەکی سیاسی نەبوو

(6)

ئۆشاكۆف دواى تێپەڕبوونى ماوەیەك بەبیریدا هاتەوە "من ئەركى سەرۆكایەتیكردنى یەكێك لە كۆبوونەوە حزبییەكانى نێو دەزگاى گۆركیم لەسەر شان بوو. سینیافسكى كتوپڕ دەسگیر كرابوو.. ئێمە لەمبارەیەوە دەبوو هەڵوێستى خۆمان دەرببڕین. سینیافسكى یەكێك لە هاوكارەكانى ئێمە بوو لە دەزگاكە. من بە ئەندامانى حزبم گوت: ئێمە نابێ وا بیر بكەینەوە كە لەم كێشەیەدا سووچبار یان كەمتەرخەمین. لە وڵاتى ئێمەدا هەموو شتێك دووچارى شپرزەیی بووە و هەمووشتێك شێواوە و "ئاندرێ"ش هەر لەم بوارەدا كارى دەكرد و دەژیا. بە واتاى ئەوەى كە سینیافسكى دەیزانى كە بە بڵاوكردنەوەى كتێبەكانى لە دەرەوە خۆى دەخاتە نێو تونێلێكى چەند ترسناكەوە".


ئۆشاكۆف لە پڕێكدا نیگاى كەوتە سەر سڤێتلانا كە لە هێكڕا خۆى كرد بەنێو كۆبوونەوەكەدا. سڤێتلانا وەژوورێ كەوت، ئەو ئەندامێك نەبوو لە رێكخراوە حزبییەكەى ناو دەزگاى گۆركى، بەڵام هاتبوو گوێ لە قسەوباس و بۆچوونەكان بگرێ. ئۆشاكۆف دەڵێ: "من دواى هاتنى سڤێتلانا، درێژەم دا بە وتەكانم و ئاوها لێكدرایەوە كە من لەگەڵ ئەوەدام ئەو هەواڵ و رووداوانەى پەیوەندییان بە دەزگاكەكەمانەوە هەیە، لەناو خودى دەزگاكەدا بمێنێتەوە و نەچێتە دەرێ. لە هێكڕا سڤێتلانا لە شوێنى خۆى هەستایەوە و وتەیەكى بۆ پاڵپشتى لە سینیافسكى پێشكەش كرد. پێم گوت: "كێ بانگهێشتى كردی بێیتە نێو ئەم كۆبوونەوەیە؟ ئێمە خۆ تۆمان بانگهێشت نەكردووە. ئەوەتا دەرگاى چوونە دەرەوە، دەى فەرموو". پاشان ئەو، سڤێتلانا بە یەكێك لە هاوڕێ هاوبەشەكانى گوتى: "ساشا – ئۆشاكۆف – ئەدەبسز بوو، ئەو بە شاپ منى لە كۆبوونەوەكە كردە دەرێ". بەڵام ئەو باشتر لە هەموو كەسێك دەیزانى من مرۆڤێكى بێ ئەدەب نەبووم. ئەو دەیتوانى بچێتە گۆڕەپانى سوور یان نامەیەك بۆ "كۆمیتەى ناوەندى" بنێرێ و بەرگرى لە سینیافسكى بكات. ئەو بەشێوەیەك ئاخاوت وەك ئەوەى دەسگیركردنى سینیافسكى سووچ و خەتاى ئێمە بێ!


سڤێتلانا ناڕازییەكى سیاسی نەبوو. خۆى لە هەموو بوارە سیاسییەكان لادەدا و دەپاراست. كەچی بۆ دووەم جار لە ژیانیدا بە ئاشكرا ناڕەزایی دەربڕی. ئەو لە كۆبوونەوە حزبییەكەى كارمەندانى دەزگاى گۆركى بۆ بەرگریكردن لە سینیافسكى گوتى كە دەزگا دەبێ بە ئاشكرا بەرگریى لێ بكات و قەت نابێ كارمەندانى دەزگا ناچار بكرێن واژۆ لەسەر راگەیانراوى بەكۆمەڵ لە دژى ئەودا بكەن. هەروەها سڤێتلانا ئەوەشی گوت كە مایەى شەرمەزارى و شوورەییە ئەوانەی ئامادە نەبوونە واژۆ لەسەر راگەیانراوى تاوانباركردنى سینیافسكى بكەن، بكەونە بەر تانە و تەشەر و رووبەڕووى ئازار و ئەشكەنجەى حكوومەت ببنەوە. سڤێتلانا كە میزاج و سەرودڵى لەو هەموو ساختەكارییە بێ بەزەییە تێكچوبوو، لە هاوینى هەمان ساڵ دەستى لە كاركردن لە "دەزگاى گۆركى" كێشایەوە.


سینگ زۆر شپرزە و نیگەران بوو "پۆلیتبیرۆ"ى حزب بڕیارى دابوو شێوازە كۆنپارێزییەكانى پێشوو زیندوو بكاتەوە و حزبی كۆمۆنیستى سۆڤیەتى بگەڕێنێتەوە سەر رێڕەوی ئۆتۆدۆكسە باوەكەى بەرێ. ئاڵۆزى و گرژییەكان لە مۆسكۆ لەنێوان پاسەوانە كۆنەكان و چاكسازیخوازەكان بەرەو هەڵكشان دەڕۆیی و درز و كەلێن و ناكۆكى لەنێوان ئەندامانى خێزانەكان و پەیوەندییە هاوڕێیەتییەكان سەرى هەڵدا، پێكدا هەڵپژانى ئایدۆلۆژى هەموو لایەكى گرتەوە. سینگ كە بە بەردەوامى هانى سڤێتلاناى دەدا بۆ نووسین پێی گوت ئەو دەبێ دەستنووسەكانى كتێبەكەى "بیست نامە بۆ هاوڕێیەك" بنێرێتە دەرەوەى وڵات. پۆلیس بێ هیچ مۆڵەت وەرگرتنێك بۆى هەبوو راكوتى هەر ماڵێك بكات و سەرلەبەرى ماڵەكە بپشكنێ و دەست بەسەر هەر جۆرە نووسین و دەستنووسێكدا بگرێ. ئێستە هەمووان دەیانزانى پۆلیسە نهێنییەكانى دەزگاى هەواڵگرى KGB هەڵیانكوتاوەتە سەر شوقەى "ڤاسیلی گرۆسمان" و نەك هەر دەستنووسەكانى رۆمانى ژیان و بەسەرهاتى، بگرە لاپەڕە كۆپیكراوەكانى بە كاربۆن و دەفتەرى یاداشتەكانى و تەنانەت شریتى ئامێری چاپی دەستییەكەیشیان دەست بەسەردا گرتبوو و بردبوویان. "مایەى دڵخۆشییە نوسخەیەك لە دەستنووسەكانى رۆمانەكەى گروسمان وێنەى مایكرۆفیلمی لەسەر هەڵگیرابوو و لەرێگەى قاچاخ نێردرابووە دەرەوەى وڵات و لەسەر ئەو تاك نوسخە بەجێ ماوە، رۆمانی ژیان و سەرهاتى ئەو لە ساڵى 1980، واتە 16 ساڵ دواى مردنى گرۆسمان لە رۆژئاوا چاپ كرا" سینگ هەوڵێكى سەركەوتووى دا تا نوسخەیەك لە دەستنووسەكانى كتێبەكەى سڤێتلاناى گەیاندە دەستى "كانۆل"ی باڵوێزى هیندستان لە یەكێتیى سۆڤیەت. كانۆلیش ئەو نوسخەیەى لە مانگى كانوونى دووەمى 1966 خستە نێو جانتا دیپلۆماسییەكەى و بێ ئەوەى هیچ گرفتێكى بۆ بێتە پێش گەیاندییە هیندستان.


دوابەدواى دادگاییكردنى سینیافسكى و دانیێل، لانى كەم 10 رۆشنبیری ناسراوى مۆسكۆیی دەسگیر كران و رۆشنبیرێكیش بێ سەروشوێن كرا.


هاوژینى ڤ.ڤ. كۆزینتسۆف راپۆرتى دا كە مێردەكەى كاتژمێر شەشى سەرلەبەیانیى رۆژی یەكەمى تشرینى دووەم دەسگیر كرا و بە ئۆتۆمبێلی پۆلیس و برایە شێتخانەى ناوچەى مۆسكۆ. لەوە بەدواوە هیچ هەواڵێكى لە مێردەكەى پێ نەگەیشت. سینگ هۆكارى بەجێی بۆ نیگەرانییەكانى هەبوو. ئێستەش نۆرەى سینگ بوو كە گۆشەگیر و پەراوێز بخرێ. حكوومەتى سۆڤیەت لە سینگ دڵگران و ناڕازى بوو، ئەو نیگەرانى و ناڕازیبوونەشی بە شێوازى جۆراوجۆر دەرخستبوو. هاوڕێ كۆنەكانى سینگ – هیندییە كۆمۆنیستەكانى نیشتەجێی مۆسكۆ – چیدی نەهاتن بۆ سەردانیكردنى "دینیش سینگ"ی برازاى كە لە حكوومەتە هیندییە لایەنگرەكەى سۆڤیەتى ئەندێرا گاندى كرابوو بە بریكارى وەزیری كاروبارى دەرەوە چیدی وەڵامى نامەكانى "سینگ"ی مامى نەدەدایەوە. تەنیا "سورێش سینگ"ی براى بە ناردنى نامە بۆى لە لگوندی زێدی خۆیان "كالاكانكار" درێژەى دا بە پەیوەندییەكانیان. تەنیا لە دۆست و هاوڕێ كۆنەكانى سینگ، باڵوێز "كانۆل" و "موراد غالب" باڵوێزى كۆمارى یەكگرتووى عەرەبی لە مۆسكۆ بەردەوام بوون لە سەردانیكردنى سینگ.


هەر زوو كاركردنى سینگ وەكوو وەرگێڕ لە وەشانى حكوومى پرۆگرۆس كەوتە ژێر پرسیارەوە. بەرپرسی بەشی داڕشتن و زمانەوانى لە بەشی "ئینگلیزى" وەشانى پرۆگرۆس ڤلادیمیر پاڤلۆڤ كە لە كۆنفرانسی یالتاو لە هەموو جێیەكى دیكەشدا وەرگێڕی "ستالین" بوو، نامەكانى ستالینى بۆ چەرچەڵ لە ساڵەكانى جەنگدا وەرگێڕابوو كەوتە گومان لە توانا پیشەییەكانى "سینگ". ئەو ئەركەیان خستە سەرشانى بەرپرسی داڕشتن و زمانەوانى "بەشی هیندی" دەزگاى وەشانى پرۆگرۆس بۆ ئەوەى بەسەر وەرگێڕانەكانى سینگدا بچێتەوە و سەرلەنوێ دایانبڕێژێتەوە و هەڵەچنیان بۆ بكات.


روون و ئاشكرا بوو هەوڵێك لە ئارادابوو "سینگ" بە كەسێكى ناشایستە و نەشارەزا لە كارەكەى بخەنە بەرچاوان. ئامانجى سەرەكیش لەم هەوڵەیاندا ئەوەبوو كە مافە دەستوورى و یاساییەكەى سینگ بۆ مانەوە لە سۆڤیەت، بە پاساوى ئەوەى دەزگاى وەشانى پرۆگرۆس چیدی پێویستى بەو نییە بۆ كاركردن هەڵوەشێننەوە. دەركەوت سڤێتلانا لەسەر هەق بوو. ئەگەر ئەو بە شێوەیەكى فەرمى هاوسەرگیریی لەگەڵ سینگدا بكردایە، ئیدی هیچ كەسێك نەیدەتوانى ئەو لە خاكى سۆڤیەت دەربكات. بەڵام هێندەى پێ نەچوو هەموو ئەو فرت و فێڵە سیاسییانە بێ سوود مایەوە. دەركەوت كە "سینگ" زۆر بە سەختى ناساغە و لە سەرەمەرگدایە. ئەویان گواستەوە بۆ نەخۆشخانەى ئینتۆرسیف و لەوێش بە هەڵە نەخۆشییەكەیان بە "سیل" ​دەستنیشان كرد.