بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ناوەڕۆکى دەستوور بکەنە سەنگى مەحەك

لەدوای هەڵبژاردی ١٢ی ئایاری پارساڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ستافێکی نوێ لە باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەستبەکار بووە ، وا دەردەکەوێ جیاواز لە ستافەکانى پێشوو ئەم ستافە نوێ یە تێڕوانینێکی ئەرێنیان بەرامبەر بە ماف و داخوازیەکانی کورد ھەبێ ، ئەم تێڕوانینە پاڵنەری سەردانە گرینگ و پڕ بایەخەکەی سەرۆک بارزانی بوو بۆ بەغدا ،ئەمەش وای کرد کەشێکی ئەرێنی لەنێوان هەرێم و بەغدا بێتە ئاراوە ،ئەم کەشە ئەرێنی یە پاڵنەرە تا بەستەڵەکی ناکۆکی نێوان ھەولێر و بەغدا بەرەو توانەوەى یەکجارەکى بڕوات ئەگەر سەردان و گفتووگۆکان بە ئاراستەى گەیشتن بە رێککەوتنى یەکجارەکى بەردەوام بێت , وەک یەکەم هەنگاو و پیشاندانى نیەت پاکى لە جێبەجێ کردنى ماف و داخوازیە سیاسى و سەربازى و ئابوریەکانى هەرێمى کوردستان حکومەتى ناوەندى پابەند بوو بە ناردنى موچەى فەرمانبەران و پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان کە مالیکى و ستافەکەى لە حکومەت لە چوارچێوەى بڕینى بەشە بودجەى هەرێم ماوەى پێنج ساڵە فەرمانبەرانى هەرێمیان توشى نیو موچەیی کرد و بەو هۆیەشەوە هەرێمى کوردستانیان خستە ژێر ئابلوقەیەکى سەختى ئابوری , لەیاساى بودجەى ئەمساڵى عێراق ماددەى ١٠ میکانیزمەکانى ناردنى بەشە بودجە و موچەى هەرێمى کوردستانى تێدا جیگیر کراوە , ئەوەى جێگاى داخە دواى ناردنى بەشە موچەى سێ مانگ لە ئێستادا چەند پەرلەمانتارێکى کورد لە چوار چێوەى ئەو بانگەشە سیاسیە – ئیعلامیەى لیستى اصلاح کە سەرۆک وەزیرانى پێشوو حەیدەر عەبادی راستەوخۆ سەرپەرشتى ئەو حەملە سیاسى- ئیعلامیە دەکات ئەویش بە مەبەستى ئاستەنگ دروست کردن لە بەردەم هەوڵەکانى عادل عەبدولمەهدى کە ئامانجەکەى بنیاد نانەوە و راستکردنەوەى پەیوەندیەکانە لەگەڵ هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى دەستورى هەمیشەیی عێراق, ئەو نەهجە شەڕانگێزیە هەمان نەفەسى پێنج ساڵ پێش ئێستایە , بیانوەکە ئەوەیە هەرێم پابەند نەبووە بە بڕگەى (أ ) لە ماددەى ١٠ لە یاساى بودجەى ٢٠١٩ ى عێراق وبڕى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتى ڕادەستى بەغدا نەکردووە , بەمەش عێراق دەتوانێ موچەى فەرمانبەرانى هەرێم نەنێرێ , ئەم پڕ و پاگەندانە هاندانە سیاسیە نەیارەکانى کورد لە عێراق بەهەمان نەفەسى پێنج ساڵ پێش ئێستا بکەونە خۆ وهەوڵ بدەن پەیوەندیەکانى نێوان بەغداو هەرێم بە هەڵواسراوى بهێڵنەوە و هەرێم توشى هەمان دەردى قەیرانى ئابوورى بکەنەوە کە پێنج ساڵ پیش ئێستا بە ڕاوێژى مەرحومێکى کورد مالیکى بێ قەید و شەرت زەربێکى بە سەر بودجەى هەریم داهێنا و عەبادیش وەک کاراکتەرێکى خراپتر لە مالیکى دەرکەوت و درێژەى بە بڕینى بەشە بودجەى هەریم دا لە کاتێکدا پێشمەرگەى کوردستان هاوکارى هێزە عێراقیەکانى کرد بۆ رزگار کردنى موسڵ و چەندین ناوچەى گرینگ و ستراتیژى تر کە لە ژێر دەستى داعش بوون , گەر پێشمەرگە نەبوایە ئاستەنگێکى گەورە بۆ هێزە عێراقیەکان درووست دەبوو لە کاتى ڕزگار کردنەوەى موسڵ , ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزانە نەدەبوو پەلە بکەن لە وروژاندنى بابەتى وا ئەگەر لە چوارچێوەى بانگەشەى لیستى ئیصلاحیش بێ , چونکە پرسى ناردنى موچەى فەرمانبەران و پێشمەرگە بۆتە یاسا , بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو یاسایەش پێویستى بە تانە لێدانە , لە ئێستاشدا ئەو تانە لێدانە ئەگەر ئاستەنگیش دروست بکات , لەمپەرەکان لە بەردەم تانەکە زیاترن لەوانە سەرۆک وەزیرانى عێراقە کە خۆى لەمپەرێکى گەورەیە لە بەردەم تانە لێدان لە مادەکانى یاساى بودجەى ئەمساڵى عێراق, نەناردنى ئەو بڕە نەوتەى هەرێم کە لە بڕگەى أ ى خاڵى دووەم لە ماددەى ١٠ ى یاساى بودجەى عێراق جێگیر کراوە کە هەرێم پابەند دەکات بە ڕادەست کردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا پەیوەست نیە بە ناردنى موچەى فەرامنبەران و پێشمەرگە , ناردنى ئەو بڕە نەوتە لە ڕۆژێکدا پەیوەندى بە ناردنى بودجەى هەرێمەوە هەیە لە لایەن حکومەتى عێراقەوە , واتا ئەگەر هەرێم پابەندی رادەستكردنی نەوت نەبێت، بەغدا بودجەى هەرێم نانێرێت کە بڕەکەى %١٣ یە , تەنیا ئەو بەشە دەنێرێت كە بۆ مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە رێككەوتنی لەسەر كراوە , ئەمەش لە بڕگەى (ج) لە ماددەى١٠ ئاماژەى پێ کراوە ,بۆیە پرسى دواخستنى ڕادەستکردنى نەوتى هەرێم پەیوەندى بە بڕگەى (أ ) هەیە کە پرسى ناردنى بودجەى هەرێمە ئەمەش پێویستى بە گفتووگۆ و لێک تێگەیشتنى زیاترى نێوان هەردوولا و پیشاندانى نیەتپاکى حکومەتى ناوەندیە تا گەیشتن بە ڕێککەوتنێکى کۆنکرێتى لە نێوان هەولێر و بەغدا , لە ئەگەرى رێککەتن هەرێمیش ڕۆژانە پابەند دەبێت بە ناردنى ئەو بڕە نەوتە .
جێبەجێکردنی دەقەکانی دەستور کێشە ھەڵواسراوەکان چارەسەر دەکات .
هەر گفتووگۆیەک لە نێوان بەرپرسانى هەرێمى کوردستان و حکومەتى ناوەندى بێتە ئاراوە گرینگە بڕگە و مادەکانى دەستور بکرێتە سەنگى مەحەک بۆ یەکلایی کردنەوەى پرسە هەڵواسراوەکان , ئەگەرچى لە لایەن بەرپرسانی کابینەکانی پێشووی عێراق پرسى کارکردن بە بنەماکانی دەستور ھێندە زیادەڕەوی تێدا کراوە بە جۆرێک وەک موزایەدەی سیاسی چاوی لێ دەکرێ ، لە سەر ئەرزی واقیعیش پشتگوێخستنی بڕگەو مادەکانی دەستور بۆتە نەریتێک کە کابینەکانی پێشوو وەک عورفێک ئەو نەریتەیان پەیڕەو کردووە ، ھۆکارەکەشی بۆ ئەو حقد و کەراھیەتە دەگەڕێتەوە کە بەشێک لە بەرپرسانی سیاسی عێراق بەرامبەر بە ماف و داخوازیەکانی کورد ھەیانە لە لایەک ، لە لایەکی تر لە پێناو مانەوە لە دەسەڵات و ڕاکێشانی سۆزی بەشێک لە شەقامی عەرەبی عێراق کە ھەر ھێزێک بانگەشە دژ بە خواستەکانی کورد بکات ئەوان پاڵپشتی دەکەن , بەڵام ئەم هەڵبژاردنە پڕ بوو لە موفاجەئە کە بینیمان پێكهاتەكانی عێراق لە هەڵبژاردنەکەى ١٢ ى ئایار هەموو ئەوانەیان سزا دا كە پێگەکانیان دژ بە خواستەکانى هەرێمى کوردستان بە کار دەهێنا.
لە ئێستادا نیەتێک هەیە لە لایەن بەرپرسانى بەغداوە تا کێشەکان چارەسەر بکرێن و هەولێریش ماوەى ١٤ ساڵە چەخت لە سەر جێبەجێ کردنى دەقەکانى دەستوردەکاتەوە کە بە هەماهەنگى هەموو لایەنەکان نوسراونەتەوە و ئەرک و ماف و داخوازیەکان دەستنیشان کراون , بۆیە پابەند بوون بە دەستور سەقامگیرى سیاسى لە نێوان هەولێر و بەغدا دەهینێتە کایەوە , باشترین بژاردەش بۆ دانوستانکارانى کورد شەرى بەدەستهێنانى مافە دەستوریەکانە لە سەر مێزى گفتووگۆ.
ئەو مادە دەستوریانەى کە ماف و داخوازیەکانى کوردى تێدا جێگیر کراوە و بەرپرسانى بەغداش ماوەى ١٤ ساڵە پێشێلى دەکەن , کە بریتین لە پرەنسیپەکانى شەراکەتى ڕاستەقینە, جێبەجێکردنى هەنگاوەکانى مادەى ١٤٠, پرسى مەلەفى نەوت و گاز و سامانە سروشتیەکان, پرسى بودجەى پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستەمى بەرگرى عێراق, دووبارە نەبوونەوەى بڕینى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان و ناردنى موستەحەقاتى هەرێم لە لایەن بەغداوە , ڕێگە گرتن لە بەکارهێنانى سوپا و هێزە چەکدارەکان بۆ یەکلایی کردنەوەى ململانێ سیاسیەکان لە گەڵ هەرێمى کوردستان , ئەمانە و دەیان بڕگە و مادەى ترى دەستورى کە لە ئەگەرى جێبەجێ کردن کەشى سیاسى نێوان هەرێم و بەغدا دەباتە قۆناغێکى نوێ کە قۆناغى تێپەڕینى کێشە و ئاستەنگەکانى ساڵانى ڕابردووە کە لە ئەنجامى پشتگوێ خستنى ناوەڕۆکى دەستور هاتبوونە ئارا .