قوربانیی خودایانە بە ئیمانە، نەك عەقڵ

چیرۆكی پێغەمبەران، یان چیرۆكە نەمرەكان - 24

چیرۆكی قوربانی

من بەنیازم چیرۆكی پێغەمبەران بنووسمەوە، بە جیا و دوور لە ڕووداوەكانی دیكە، هەر چەندیش گرنگ بن، دەبوو ئەم چیرۆكە، چیرۆكی قوربانی، لەپاڵ ژیانی ئیبراهیم یان ئیسحاق باس بكەم، بەڵام لەبەر ئەوەی:
- بەشێكە لە ژیانی هەردووكیان.


- لە ڕووی مێژوویی و بەشدارییەوە موڵكی هەردووكیانە.


لەوانەش گرنگتر، خودی ڕووداو و بابەتەكەیە كە بە جۆرێك چووەتە ناو مێژووی ئینسانیەت و هەموو ئایینەكانەوە، بە جۆرێك بووەتە بەشێك لە كولتووری هەموو ئایینەكان و كولتوورەكان. وام


بە باش زانی، كە بەتەنیا بیخەمە ڕوو. هەرچەندە جیاكردنەوەی چیرۆكێك لە چیرۆكەكانی ئیبراهیم سەختە.


ئیسحاق تاكە منداڵە، خودا ڕاستەوخۆ بەڵێنی لەدایكبوونی دابێ، چەندان جاریش دووبارەی كردبێتەوە، بە جۆرێك ئەركی نەمركردن و بەردەوامیی خێزانی پێغەمبەرانی خستووەتە سەرشان. هەر لەبەر ئەوانەشە، هەر لەبەر گرنگیی لەدایكبوونی ئیسحاق و شوێنیەتی لە دڵی دایك و باوكیدا، یەزدان بڕیاری تاقیكردنەوەی ئیبراهیم دەدات.


ڕاستە قوربانیكردن، خۆ پاكکردنەوە و ماڵ و سامان حەڵاڵكردن! زۆر لە چیرۆكی قوربانیی ئیبراهیم كۆنترە، ئیبراهیم بۆ خۆیشی، بە قوربانیكردن دەستی بە خوداپەرستیی كردووە، بەڵام قوربانیكردن بە كوڕەكەیەوە، تەواو سەرنجڕاكێش و جێگای بایەخ پێدانە.


{ لەدوای ماوەیەك خودا ئیبراهیمی تاقی كردەوە. پێی فەرموو:
- ئیبراهیم!


ئەویش گوتی:
- ئەوەتام.


ئینجا خودا فەرمووی:
- كوڕەكەت، تاقانەكەت، ئەوەی كە خۆشت دەوێت، ئیسحاق، بیبە و بڕۆ خاكی مۆریا، لەوێ بیكە قوربانیی سووتاندن، لەسەر یەكێك لە كێوەكانی، كە خۆم پێت دەڵێم. تەورات: پەیدابوون:٢٢}.


زیاد لە هەموو پێغەمبەران، ئیبراهیم زۆرترین جار كەوتووەتە بەر تاقیكردنەوەی خودا. من ناوێرم و ناشپرسم، ئەوە كێیە تاقی دەكرێتەوە؟ مەبەست لە تاقیكردنەوە چییە؟ تاقیكردنەوەی یەزدانیش تاكە تاقیكردنەوەیە، كە بەدوای زانیاریدا ناگەڕێت، بەڵكوو بەدوای ئیماندا دەگەڕێت، ڕادەی باوەڕ تاقی دەكاتەوە، هێزی ئیمانی دەوێت؟


دیوی دووەمی تاقیكردنەوەكە، پەیوەندیی بەو دەسەڵاتەوە هەیە، یان بەوانەوە هەیە، كە خەڵك تاقی دەكەنەوە، یان توانای تاقیكردنەوەی خەڵكیان هەیە: ئەوەیان پرسیاری دەربارە ناكرێ، تۆ كە یەكێك تاقی دەكەیەوە، تەنها لەبەر ئەوەیە تۆ ناتوانی بچیە ناخیەوە.


حزب ئەندامەكانی خۆی تاقی دەكاتەوە، باوك كوڕەكەی، ژن پیاوەكەی یان بەپێچەوانەوە، برا براكەی، چونكە هەموو ئەوانە ئاست و توانا و زانیارییان بەرامبەر یەكتری یەكسانە. بۆیە دەبێ ڕووداوێك خەلق بكەن تا بەرامبەرەكەیان باشتر بناسن.


هەر زوو خوێنەر خەیاڵی بۆوە دەچێ، چۆن خودا ڕادەی ئیمانی ئیبراهیمی نەزانیوە، كە ئەو غەیبزانە، كە ئەو هەموو شتزانە؟ چۆن دوای ئەو ماوە دوور و درێژە لە پێغەمبەرایەتی لەو پیاوە دڵنیا نەبووە؟ بۆچی پێش لە پێغەمبەربوونی تاقی نەكردووەتەوە؟ هەموو ئەوانە ڕاستن، بەڵام بە بیركردنەوەیەكی ئیلاهییانە. سیفەتەكانی خودای تەوراتی لە مرۆڤەوە نزیكترە تا غەیبزان. ئەو لە ئاستی مرۆدا تاقیكردنەوەكان دەكات. یان چوونە ئاستی مەخلووق.


تاقیكردنەوە پاداشتی لەگەڵە، كەسێك ئەوانی دیكە تاقی دەكاتەوە، كە توانای بەخشین و سزادانی هەبێ، ئەو كەسەش، ئەو دەسەڵاتەش یەزدان خۆیەتی.


ئیبراهیم بە چی تاقی دەكرێتەوە؟


ئایا تۆ هاوڕێكەت بەوە تاقی دەكەیەوە، كە لە كاتی تەنگانەدا سەردانت بكات؟ یان هاوكاریت بكات، یان فیداكارت بێ؟ كاتێك هاوڕێكەت نەخۆش دەبێ، تۆ بچیە لای، یان دڵنەوایی بكەی، یان هاوكاریی بكەی، یان گورچیلەیەكی بدەیێ؟ هەموویان تاقیكردنەوەن، بەڵام ئاستیان جیاوازە.


یەزدان هەرگیز بە تاقیكردنەوەیەكی ڕواڵەتی ڕازی نابێت. ئەو دەیەوێ لە ناخەوە پێغەمبەرەكەی تاقی بكاتەوە، بڕیارێكی دەوێت كە هەرگیز عەقڵ ڕێگای پێ نادات، تەنها ئیمانی دەوێت، بەڵام چۆن؟


ئیبراهیم سەد ساڵ چاوەڕێ دەكات، ئاوارە دەبێت و خودا چەندان جار بەڵێنی منداڵی پێ دەدات، سارا بێ ئومێد دەبێت و پێدەكەنێ. ئیبراهیم هەموو ئەوانە تێدەپەڕێنێ و خودا كوڕێكی دەداتێ و بۆ خۆیشی ناوی دەنێت ئیسحاق.


خودا فەرمانی پێ دەكات:
{كوڕەكەت، تاقانەكەت، ئەوەی كە خۆشت دەوێ، بیبە و بڕۆ خاكی مۆریا لەوێ بیكە قوربانیی سووتاندن}.


ئەوە قوربانیی خودایانەیە، ئەوە قوربانی و بەخشینە، ئەوەی كە خۆشت دەوێ، ئەوەی كە لە سەد ساڵیدا لەدایك بووە، ئەوەی كە تاقانەیە، دەبێ ئەو بكەیتە قوربانی. قوربانیی خودایانە ئەو قوربانیكردنەیە ئیمان دەتوانێ بەسەریدا زاڵ بێ، نەك عەقڵ.
بۆیە دەبێ بزانین:
هەموو ئەوەی دەیبەخشین، دوای ئەوەی پێویستمان پێ نەماوە، با بەكەڵكیش بێ، ئەوە لە كۆڵ خۆكردنەوە و فڕێدانە نەك بەخشین. بەخشین (وەك بچووكترین مانای قوربانی) لە بچووكترین مانای خۆیدا، ئەوەیە كە چاكەتكەت، ئەوەی كە هەر ئەمڕۆ كڕیوتە و جارێ دڵگەرمی كڕینەكەتی پێوەیە، بیدەی بە سەرمابردوویەكی نەناس. ئەو خواردنەی تازە لەپێشت دانراوە، بێ ئەوەی دەستت بۆ بردبێ، بیدەی بە برسییەك، بیر لەو بەخشینە بچووكانە بكەوە، كە هەر بەراورد ناكرێ بەرامبەر بەخشینی ئەندامێكی جەستەت، یان قوربانیكردنی كوڕە تاقانەكەت.


قوربانیكردن لەنێوان ئیسحاق و ئیسماعیلدا:
سەرچاوەی ئەو چیرۆكانەی من تەوراتە، تەورات هۆ و بیانووی تەواوی داوینێ، كە خودا بۆچی ئیسحاقی دەوێ بۆ قوربانی و ناوی ئیسماعیل ناهێنێ، من لە میتۆلۆژیا و فەنتازیا و گێڕانەوەدا تەسلیمی تەورات بووم.


ئیسماعیل كوڕە دەركراوەكە:
تا ئەو كاتەی خودا فەرمان بە ئیبراهیم دەكات، كە كوڕەكەی بكاتە قوربانی، ئیسماعیل دوو جار دەركراوە. خوێنەرانی ئەو وتارانە شارەزای لەدایكبوونی ئیسماعیلن.


خودا داوا دەكات، كە كوڕە خۆشەویستەكە، تاقانەكە، بكرێتە قوربانی.


یەكەم: ئیسماعیل و ئیسحاق هەردووكیان تاقانەی دایكی خۆیانن، بەڵام ئیسماعیل لە هاجەری كەنیزەكە و ئیسحاق لە سارای ژنی ئیبراهیم و خاوەن كەنیزەك. ئەو سارایەی گوتی:
- خودا منی هێناوەتە پێكەنین.


دووەم: دەركردنەكانی ئیسماعیل.


كەسێك بە هەر هۆكارێك دەركرابێ، یان باوكێك بە هەر هۆكارێكەوە كوڕەكەی دەركردبێ، ئیدی ناكرێ لەپێناوی خودادا ببەخشرێ، چونكە بەبێ داواكردنی خودا ئەو كوڕە فڕێ دراوە، بەخشراوە.


ئەوە بەشێكە لە چیرۆكی ئیسماعیل، بەڵام ناكرێ بۆ تەواوكردنی هۆیەكانی بەقوربانیكردنی ئیسحاق بەسەریدا باز دەم.


هەر لەسەرەتاوە ئیسماعیل دیارییەكی ئاسایی نەبووە، لە نەبوونی، یان لە نەوە نەخستنەوەی ساراوە و بەناچاری لە هاجەری كەنیزەك هاتووەتە دنیاوە.


- هەر كە هاجەر سكی بە ئیسماعیل پڕ دەبێ، لەجیاتی خۆشی و مزگێنی، سارا بەرچاوی تەنگ دەبێت، كێشە لەسەر كۆرپە نەبووەكە، لەنێوان ئیبراهیم و سارادا دروست دەبێت، خودا دەكەن بە دادوەر و خوداش لایەنگریی سارا دەكات و سەرپشكی دەكات، كە هەرچی پێی خۆشە لە هاجەر و كۆرپەكەی ناوسكی بكات.


{ئیتر سارا هاجەری زەلیل كرد، ئەویش لە دەستی هەڵات: تەورات، پەیدابوون:١٦}


ئەوە یەكەم دەركردنی ئیسماعیلە، كە هێشتا لەدایك نەبووە.


- دووەم دەركردنی ئیسماعیل:
{ئیسحاق گەورە بوو و لە شیر بڕایەوە. لەو ڕۆژەی ئیسحاق لە شیر بڕایەوە، ئیبراهیم خوانێكی گەورەی ساز كرد، بەڵام كوڕەكەی هاجەری میسڕی بینی، كە لە ئیبراهیم بوو، گاڵتەی دەكرد، جا بە ئیبراهیمی گوت: ” ئەو كەنیزەیە و كوڕەكەی دەربكە، چونكە كوڕی ئەو كەنیزەیە لەگەڵ ئیسحاقی كوڕی من نابێتە میراتگر. تەورات:١٢}


دیسانەوە، پاش دادەوەریی یەزدان:
{سبەی بەیانی زوو ئیبراهیم لە خەو هەستا و نان و مەشكەیەك ئاوی هێنا و دایە هاجەر. خستییە سەر شانی، لەگەڵ كوڕەكەی بەڕێی كرد، ئەویش ڕۆیشت و لە چۆڵەوانی بیری شابەع وێل بوو.}


ئەوە دوو ڕووداوی بچووكن، بەڵام ڕێڕەوی ژیانی كەسێك دیار دەكەن، كە ئیبراهیم و سارا و ئیسماعیل و ئیسحاق تێیدا هاوبەشن، هاجەر كە هەموو ڕووداوەكان لەسەر پێشێلكردنی مافی ئەو ڕۆ نراون، تێیدا بابەتە و ڕای وەرناگیرێ، حەز حەزی سارایە، ویستی سارا بە ئیرادەی ڕاستەوخۆی یەزدان جێبەجێ دەكرێ. ئەو وردە ڕووداوەش بەڵگەی تەواوی ئەوەیە كە ئیسماعیل پێشتر دوو جار لەلایەن ئیبراهیمی باوكیەوە دەركراوە، یان دەستی لێ هەڵگیراوە. ئەوەش یەك مانای هەیە، كە ئیسماعیل ئەو قوربانییە نییە، كە خودا داوای دەكات، چونكە داواكارییەكە ڕوونە.


{كوڕە خۆشەویستەكەت، تاقانەكەت بكە قوربانی}.


خۆشەویستەكە، ئەو كوڕە نییە كە دوو جار دەركراوە، هەر كەسێك یان هەر شتێك دوو جار توانیبێتت دەستی لێ هەڵگری، بۆ ئەوە نابێ پێی تاقی بكرێیەوە، بۆ ئەوە نابێت شانازیی بە بەخشینیەوە بكەی، ئەوە بەشێكە لە چیرۆكی ئیسماعیل، دواتر چۆن نیوەی ئەفسانەی دنیای لەسەر بنیات دەنرێ.


لۆژیكی تەورات بەڵگەی تەواومان دەخاتە بەردەست كە ئەوە ئیسحاقە دەكرێتە قوربانی، ئەوە ئەمە داری قوربانییەكەی دەخرێتە سەر پشت. ئەو بابەتە سوودی بۆ تەكنیكی چیرۆك هەیە، بۆ بەیەكەوە بەستنەوەی ڕووداوەكان و درێژەدان بە گێڕانەوە هەیە.


ئەوەی بۆ ژیان گرنگە، ئەوەی بۆ فەرهەنگی ئینسانیەت جێگای شانازییە، ئەوە ناوەڕۆكی چیرۆكەكەیە، ئەوە كاریگەریی چیرۆكەكەیە بەسەر ڕەوتی مێژووەوە.


با بزانین، چیرۆكی قوربانیكردن بە ئیسحاقەوە، چۆن لەسەر ژیانی هەموومان ڕەنگی داوەتەوە، ئەگەر ئەو چیرۆكە نەبا، خێزان ڕەنگی چۆن دەبوو؟ پەیوەندیی باوك و كوڕ لە چ ئاستێكدا دەبوو؟ دڵڕەقی چۆن مۆخی مرۆڤەی دەئاخنی؟ لەوەوە دەزانین، چ پەیوەندییەك لەنێوان قوربانیكردنی ئاژەڵ و ئینساندا هەیە.